ئاب 05, 2020

ئازاد پێنجوێنی

 

 

سەرتاپای لەشی بە جلەکانی بەریەوە. خووسابوو بارانەکە بە ڕەشەباوە بوو؛ دەتوت لە هەموو لایەکەوە تکەی ئاوی بارانەکە بەر گیانی ئەم دەکەون لە ڕوخساریدا تەڕبونێکی جوان و سەرنجڕاکێشت بەدی دەکرد.
بەرامەی چاوەکانی لەگەڵ ئەو کەشەدا هێمنی یەکی دەروون پاراوی لە هەنگاوەکانیدا ئاوێتەی ئەو ئێوارەیە بوبو. بە هەڵەداوان و ڕاکە ڕاکە بە نێو کۆڵانەکاندا دەڕۆیشت. جگە لە خۆی کەسێکی تر لە نێو ئەو تۆفان و بارانەدا بەدی نەدەکرد. تەنها لە نێو. پەنجەرەی باڵەخانەکاندا نەبێت جار جارە. سەری زەلامێک بەدی دەکرا. کە سەیری دیمەنی باو بۆرانەکەی دەکرد. دوو عەلاگەی بە دەستەوە بوو؛ عەلاگەی دەستە ڕاستی لە بەر ئەوەی ئاوی بوو. چەند پرتەقاڵێکی تێدابوو. تەڕبونی عەلاگەکە ئەوە ندە جوانی بەخشیبوو بە ڕەنگی پرتەقاڵەکان. دەتوت تیشکی خۆر لێی ئەدات و لەنێو تەڕبونی ئەو عەلاگە ئاویەدا تەواوی پرتەقاڵەکان ڕەنگی تراویلکەیان وێنا کردبوو. عەلاگەکەی دەستە چەپی ئەوەندە توند گرتبوو. لە بەر ئەوەی ڕەش بوو نەزانرا چی تێدایە. هەڵبەتە خۆشم گرنگ نەبوو بە لامەوە بزانم چی تێدایە. هەرچۆنێک بوو لە ژێر لەوحەو ستارەی ماڵەکاندا خۆی گەیاندە بەردەرگای ماڵەوە. لە شوێنی خۆیدا وچانێکی دا و ئاوی بارانەکەی لەسەر دەموچاوی لا برد.
سەری هەڵبڕی لە جێگەی خۆی هەڵوەستەیەکی کرد و کەمێک سڵەمیەوە و کشایە دواوە. لە بەردەم دەرگاکە. سەگێکی بینی کەسەری نابوو بە دەرگاکەوە. سەگەی داماو ئەوەندە باران لێی دابوو، پەراسووەکانی بە باشی دەبینرا. کابرا لە شوێنی خۆی هەنگاوێک هاتە پێشەوە و بەردێکی هەڵگرت بۆ دوورخستنەوەی سەگەکە. بەڵام دیمەنێکی ئازار چێژی بینی سەرنجی دا قاچی سەگەکە شکابوو. خوێنی پیادا دەهاتە خوارەوە. لە سەگەکە تەواو نزیک بوویەوە سەگەکە لەتاو ئازاری قاچی جوڵەی نەدەکرد بەڵکو لە شوێنی خۆی هەرچوار پەلی ڕاکێشا. کە بە سەروکەلەیەوە دیار بوو ئازاری زۆرە. کابرا بە شێوەیەکی بەزەییانە چاوی بڕیە سەگەکە دەستێکی هێنا بە سەریدا بە مەبەستی دوورخستنەوەی قروسکەیەکی توندی سەگەکە پیاوەکەی داچڵەکاند و بە تەواوەتی ترسا.. دوای هەڵوێستەیەک بڕیاری دا. سەگەکە بباتە ژورەوە هەرواشی کرد؛ لە سووچێکی حەوشەی ماڵەکەیاندا بە چەند بلۆکێک زڕە کولانەیەکی بۆ چاک کرد.
بە شەلەشەل چووە ناو کولانەکە و کابرا بە عەلاگەکانەوە خۆی کرد بە ژوردا؛ کەمێک هێواشتر باران دای‌دەکرد بەڵام ڕەشەباکە تا دەهات زیاتر دەبوو؛ کابرا بە خۆی و بەتانیەکی شڕەوە بەرەو کولانەکە ڕۆی دای بە سەر بلۆکەکاندا؛ پارچەیەک چەوری و گۆشتی هێنا و دای بە سەگەی بریندار. خولاسە دەدانە ڕۆژ کابرا لە خزمەتکردنی سەگەکە نەوەستا سەری دەیەم ڕۆژی کەشوهەواکە فرە لە بار و تا ڕادەیەک ساماڵ بوو. سەگەکە لە کولانەکەدا بە پێی خۆی هاتە دەرەوە بە سەر و سیمایدا دیار بوو زۆر خۆشحاڵە و هیچ ئازارێک لە قاچیدا نەماوە. چووە بەردەم کابرا و لمۆزی بردە پێشەوە. بۆ قاچی کابرا هەروەک گەمەی لەگەڵدا بکات و بە ئاماژەیەکی سەروکەللەی دیار بوو دەیویست لە دڵەوە سپاسی کابرا بکات؛ کابرا بە کاوەخۆ ڕۆیشتە بەر دەرگای حەوشە. سەگەش بە هەمان شێوە بە دوایدا ڕۆیشت؛ سەیرێکی سەگەکەی کرد کە ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە بڵێت بڕۆ ئیتر چاک بویت و هەرئەوەند دەتوانم خزمەتت بکەم. هەرواشی کرد سەگەکەی کردە ئەودیو دەرگای حەوشەوە؛ سەگە ویستی دوبارە بگەڕێتەوە بۆ لای کابراو بە دوایدا بڕوات بەڵام دەرگاکەی بە ڕوویدا داخست؛ سەگەکە لە دووری چەند مەترێکەوە چاوی دەگێڕا بەو ناوەدا. دوایین جار سەیری ماڵەکەی کرد و بە خێرای دەرچوو.
حەفتەیەک زیاتر بە سەر ئەم ڕووداوەدا تێ پەڕ ببوو؛ کابرا لە بەردەم پەنجەرە دارینەی حەوشەکەدا دانیشتبوو چاوی بڕیبوە کولانەکە حۆشحاڵیەکی زۆر بە سیمایەوە دیار بوو شنەی شەماڵ کە جار جارە پەردەکەی ئەلەراندەوە لایەکی پەردەکە بە ڕوومەتی لای ڕاستی کابرا دەکەوت. بە دەستی پەردەکەی لادەبرد بۆ ئەوەی چاو هەڵنەگرێت لە سەر کولانەکە. چونکە ببووە مایەی بەختەوەری ئەم کە کارێکی جوامێرانەی ئەنجام داوە. هەرواشە مرۆڤێک زۆر مەزن و دڵگەورە نەبێت هەرگیز بە خەیاڵیدا نایەت کاری وا بکات جارجارەش خەیاڵی دەچوو بە لای ژنەکەیدا کە تۆراندنی ئەو بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەم چاکەیە؛ دەنا هەرگیز قبووڵی نەدەکرد بۆ چرکەیەکیش سەگێک لە ماڵەکەیدا بێت گوێی لە خشەی دەرگای دەرەوە بوو خەیاڵی پچڕا گوێی پێ نەدا، وای دەزانی منداڵانن و لە بەردەم دەرگاکەدا یاری دەکەن. خشەی دەرگاکە چەند جارێک دوبارە بویەوە کابرا ئەمجارەیان بە ناچاری هەستاو هاتە دەرەوە دەرگای کردەوە لە شوێنی خۆی وەستا چاوەکانی ئەبڵەق بون. سەیری کرد هەمان سەگە کە قاچی شکابوو ئەم بە هانایەوە هاتبوو؛ سەگەکە بە ئیشارەتی سەری هەروەک بە گەرمی سڵاو لە کابرا بکات. سەرێکی بە ئەملاو لادا لەقاند و ئاماژەیەکی بۆ دوای خۆیەوە کرد.پیاوە کە چاوەکانی تەنها لە سەر سەگەکە بوو. چاوی بە تەواوی هەڵبڕی سەگێکی تری بینی کە بۆ بەد بەختی ئەم دەستی شکابوو.
کابرا تاسا تا چەند خولەکێک بە واق وڕماوی سەیری سەگەکانی دەکرد. زەردەخەنەیەکی بۆ کردوو پاشان لەبەرخۆیەوە وتی ئەگەر من ئەم سەگەش بهێنمە ماڵەوە و خزمەتی بکەم ئەوا ئەم گەماڵە پیرە هەرچی سەگی بێ دەست و پێ و نوقسانی ئەم شارەیە بۆ منی دێنێ، وا دەزانێ دکتۆری بەیتەریەم. ویستی دەریان‌کات بەڵام سەگەکەی یەکەم جار کەوتە نووزەنووز وەک ئەوەی بپاڕێتەوە لە کابرا. کابرا هەڵوێستەیەکی کرد و لەبەر خۆیەوە وتی: باشە ئەمڕۆ دوو سەگ بەیانی سیان، دووبەیانی شەش چوزانم مانگێکی تر سەد سەگ من چۆن بتوانم توانای چارەسەری ئەم هەمووەم هەبێت؛ باشە وا ژنەکەم ئێوارە خۆی کرد بە ژووردا من چ قوڕێک بکەم بە سەرمدا. بەڵام کە سەیری سەگەکانی دەکرد بێزمانن و لەو دۆخەدان هیچ شتێک نەیتوانی ڕێی لێ بگرێ زۆر بە خۆشحاڵیەوە دەرگاکەی بە ڕوویاندا کردەوە، ئەو سەگەی دەستی شکابوو بە شەلەشەل هێزی دایە خۆی و چووە ژوورەوە؛ بەڵام سەگی یەکەم جار کە پێشتر تیماری کردبوو نەچوە ژوورەوە سەرێکی سپاسگوزاریی بۆ کابرا لەقاند و دوور کەوتەوە وەک ئەوەی هەستی بەوە کردبێت کولانەکە تەنها جێگەی یەک سەگی تێدا دەبێت کابراش لە توانایدا نیە دوو ئاژەڵ داڵدە بدات. بۆیە کابرا سەرسام بو بەو ڕەفتارەی کە سەگەکە نواندی خۆی پێ ڕانەگیراو چوە دەرەوە بە شوێنیدا سەگەکەش چەند جارێک کلکی بۆ لەقاند و بە خێرایی کۆڵانەکەی بەجێ هێشت و لە چاوان ون بوو.
کابراش چەند ڕۆژێک لە تەنیشت کولانەکەوە بە ئارامی لە چاوەڕوانیدا بوو تا سەگەی دەستشکاویش بە تەواوەتی چاک بوویەوە.

© 2017 Hawler