ئاب 12, 2020

ئازاد پێنجوێنی

 

لە مەزادێکی ئاشکرادا کابرای دەڵاڵ نرخی ئەو دە دۆنم زەویەی کە بڕیار وابوو نرخەکەی بڵێ بە وتنی تکایە بێدەنگی و چەند نەرمە کۆکەیەک ئەو خەڵکەی بێدەنگ کرد کە هاتبوون بۆ کڕینی ئەو زەویەکە.
خەڵکەکە لەناو خۆیاندا مقۆمقۆ و مشتومڕیان بوو، دەڵاڵەکە بە دەنگی بەرز یەکەم نرخی زەویەکەی وت: پێنج دەفتەر...
کابرایەکی چوارشانەی باڵابەرز کە لەوە ئەچوو بە تایبەت هاتبێت بۆ کڕینی ئەم زەویەزۆر بە جدی و خۆشحاڵیەوە بە دەڵاڵەکەی وت:من پێنج و نیوی پێ ئەدەم.
یەکێکی تر لە ئامادەبووان وتی من بە شەشی دەکڕم؛ بەم جۆرە نرخی زەویەکە بەرز بووەوە تاکو سەرەنجام نرخەکەی گەیشتە 15 دەفتەر.
بێگومان ئەوانەی لەوێدابوون هەموویان خاوەن‌پارە و خوداپێداو بوون،بەڵام ئیتر هیچکامیان خۆیان نەدا لە قەرەی پانزە دەفتەر و زیاتر، تەنها کابرای چوارشانە نەبێت؛ دەڵاڵەکە چەند جارێک دووپاتی کردەوە پانزە دەفتەر ..
پانزە دەفتەر. تەواو؛ کەس نیە؟ بیبڕێنمەوە؟ دەنگێک لە دوای خەڵکەکەوە هاتە بەر گوێی هەمووان کە هاواری کرد پانزە و نیو؛ کابرای چوارشانە سەری سوڕما! دەڵاڵەکە بە دڵێکی خۆشەوە وتی: ئەهاپانزە و نیو. پانزە دەفتەر و نیو...
کابرای دەڵاڵ ناهەقی نەبوو دڵخۆشبێت تا نرخەکەی بەرز بوایەتەوە پارەی دەڵاڵانەی زیاتر وەردەگرت؛ بۆیە خۆی شین و مۆر کردبووەوە.
ئەو دەنگە لە ڕاستیدا کوڕێکی گەنجی چاکەت و پانتۆڵ لە بەر بوو؛ جانتایەکی ڕەشی گەورەی بە دەستەوە بوو؛ئەوەندە تەڕوپۆشتە (شیک) دەهاتە بەرچاو دەتوت بە دەکەس ڕازاندوویانەتەوە؛ دڕی دا بە خەڵکەکە و هاتە تەنیشت کابرای چوارشانەوە؛کابرای چوارشانە دڵی خۆش نەبوو؛بەبینینی بە گرژیەکەوە بە دەڵاڵەکەی وت: شانزە دەفتەر...
دەڵاڵەکە هاواری کرد شانزە دەفتەر...
کوڕە گەنجەکە زۆر بێپەروا بە دەڵاڵەکەی وت حەڤدە دەفتەر..
خەڵکەکە سەریان سوڕما! یەک دوانێک لە بەر خۆیانەوە دەیانوت:ئەم مردوومراوە لەوە ئەچێ زۆر دەوڵەمەند بێ!ئاوەها بێ ترس نرخەکە بەرز دەکاتەوە..
کابرای چوار شانە کە زۆر مەبەستی بوو ئەو زەویە ببێ بە مڵکی خۆی بە ناچاری دەستی خستە سەر شانی کوڕە گەنجەکەو چپانی بە گوێیدا و پێی وت کە ئامادەم دەفتەرێکت بدەمێ بەس بکشێرەوە لە کڕێنی ئەو زەویە؛ کابرای دەڵاڵ هەر هاواری بوو..حەڤدە دەفتەر؛حەڤدە دەفتەر..
گەنجەکە بە کابرای چوارشانەی وت بۆم بکە بە سێ واز دەهێنم؛کابرای چوارشانە بە نەرمێکەوە وەک ئەوەی لە گەنجەکە بپاڕێتەوە، وتیپێی: تۆزێک ویژدان! دەیکەم بە دەفتەرێک و نیو؛ ئیتر واز بێنە؛گەنجەکە زۆر بە دڵێکی خۆشەوە وتی:ناچارم؛ هەرچۆن بێ مادام دڵت چووە لە کڕینی ئەم زەویە، ناکرێ دڵت بشکێنم؛پیرۆزە براکەم.
کابرای چوارشانە لە جانتاکەی دەفتەر و نیوێکی دەرهێنا و کردی بە گیرفانی گەنجەکەدا. دەڵاڵەکە هاواریحەڤدە دەفتەرەکەی دەکرد . ئەوەندە هاواری کرد تاکو دەنگی نووسکا؛ خەڵکەکە هەمووی بێدەنگ بوون؛دەڵاڵەکە ڕووی کردە کوڕە گەنجەکە و ویستی پێ بڵێ پیرۆزە! تەواو ئەمزەویە بوو بە مڵکی جەنابتان. کابرای چوارشانە بە دەنگی بەرزبە دەڵاڵەکەی وت: حەڤدە دەفتەر و پێنج گەڵا؛ئەو خەڵکەی لەوێدابوون هەموویانی بەو نرخە پێکەنینیان هات؛ تەنانەت دەڵاڵەکەش کە هاواری دەکرد بە پێکەنینەوە دەیوت:حەڤدە دەفتەر و پێنج گەڵا.
زەویەکە ئاخری بوو بە مڵکی کابرای چوارشانە؛ خەڵکەکە بڵاوەیان لێ کرد؛کابرای دەڵاڵ گرێبەستێکی دایە دەست کابرای چوارشانە و چەند لاپەڕەیەکی بە تاپۆکراوی ئەو زەویەی پێ دا و دەستی خستە ناو دەستی و زۆر بە گەرمی پیرۆزباییەکی لێ کرد و پێی وت:بەڕێز ئێستە ئەم زەویە فراوانەی کە دەیبینی هی خۆتە؛ دەتوانی بیکەیت بە کارگە؛دەتوانی بیکەیت بە دەواجین؛کورە چوزانم ئەگەر بیکەیت بە چەند وارخان (ئاپارتمان)ـێکی دە نهۆمی بۆ بانەرۆژ خراپ نابێ.
کابرای چوارشانە بە مۆڕەیەکەوە دەستی خستە سەر شانی دەڵاڵەکە و وتی پێێ:سپاس بۆ ئەو مۆچیاریەت؛ هەڵبەت هەروانایهێڵمەوە؛ شتێکی هەر لێ دەکەم و، ئینجا بەرەو ناو زەویەکە ڕۆیشت.
دەڵاڵەکەش هەر تێی دەڕوانی وەک ئەوەی بەزەییەکی پێدا بێتەوە؛ئاخر کاکی دەڵاڵ تەواو شارەزای ئەو زەویە بوو؛ئەیزانی هەرگیز ئەونرخە ناکاتکە ئەم کابرایە پێی داوە؛ سەرێکی لەقاندەوە وەک ئەوەی بڵێ من چم داوە لێی؛زۆری پێداوە یان کەم، بە من چی؟ملی ڕێگەی گرت و بەرەو دواوە ....کوڕەگەنجەکەی بینی کە پاڵی دابوو بە دیوارێکی لاڕووخاوەوە؛ زۆر بەشادمانیەوە پارەکەی دەژمارد؛چوە لایەوە سڵاوێکی لێ کرد؛گەنجەکە خێراپارەکەی خستە گیرفانی چاکەتەکەیەوە؛ دەڵاڵەکە وتی پێی: چۆن بوو وا بەگەرموگوڕی هاتیتە مەزادەکەوە و خێراش کشایتەوە؟!بۆ ئەو زەویەت نەکڕی؟گەنجەکە دای لە قاقایپێکەنین و گوتی:
پیاوی باش من تا ئەو ساتەی پێش ئەوەی ئەم پارەیە وەرگرم توانای کڕینی یەک میزەڵدانم نەبوو؛چ جای بگات بەوەی ئەو زەویە فراوانە بکڕم! ئینجا هەزاریەکی دڕاوی تیپ‌لێ‌دراوی دەرهێناو پیشانی دەڵاڵەکەی دا و وتی: من کە هاتمە ئەو مەزادەوە، لەو هەزاریە نەبێ هیچم لە گیرفاندا نەبوو؛ ئەوەندە دڕاوە بنێشتێکیشی پێ نەدەهات! ئەو جلانەی بەریشم ئامانەتە!
دەڵاڵەکە واقی وڕمابوو؛ وتی:
ماڵوێران! ئەی ئەگەر کابرا بکشایەتەوە وبۆتۆ دەرچوایەئەوسا چیت ئەکرد؟گەنجەکە بە زەردەخەنەیەکەوە وتی. هەموو ئەگەرێکم بۆخۆم دانابوو، ئەوپەڕەکەی زیندان دەکرام..
ـئێ ئاخر بۆتۆ خۆتت دۆزیوەتەوە؟
ـ من لانەواز و بێگوزەرانم؛ هەر شەوەی پەنا دەبەمە بەر میوانخانەیەکی هەرزانبایی؛ شەوی واهەیە بە سکی برسی ڕۆژ دەکەمەوە؛ تا ئێستا هەر بە ڕسوایی ژیانم بەڕێ کردووە؛ خۆ هەر هیچ نەبێ دەتوانم بەم پارەیە مانگێک بە خۆشی بەرمەسەر.
دەڵاڵەکە وتێ:کاکی خۆم! تۆ لە جیاتی ئەم فڕوفێڵە دەتوانی خۆت سەرقاڵ کەیت بە کارێکەوە؛وا ئەم پارەیەشت تەواو کرد؛ ڕۆژێک دەکەوێتە ئەوەی کاڵەک بە ئەژنۆ بشکێنێ، هەر ئاشکرا ئەبیت ئەمڕۆ نا بەیانی؛ئەی چی لە ویژدانت دەکەیت؟ تۆ ئەمڕۆ زەرەرت دا لەو کابرایە؛ پێت وایە هەناسەی خۆشبەختی هەڵدەمژیت؟
گەنجەکە وتی بێگومان نەخێر . ئەی بۆ ناچی لەو بپرسی بزانە جەنابیان ئەو پارەیەی لە کوێ هێناوە؟ ناشی بە کرێکاریو نانەوایی و پاچوەشاندن!خۆت بۆ ناڵێی تۆزێک لەمەوبەر بۆ پارە پڕ بەم ناوە هاوارت دەکرد! وەخت بوو قوڕگت دەرێ!ئەگینا بڵێ وانیە!. براکەم ئێ خۆتۆ لای خۆی ویژدانت هەیە بۆ ڕەچاوی ئەوەت نەکرد کە کابرا ئەو زەویەی بە گرانتر نەکڕیایە؟
کێشەکە ئەوەیە هەموومان یەکتر ئامۆژگاری دەکەین بەڵام یەک لە یەک خراپترین!دەڵاڵەکەنقەی لێوە نەهات! پارەی دەڵاڵانەکەی دەرهێنا و دەیژماردەوە و تاو ناتاوێکیش پارەکەی ماچ دەکرد و لەبەرخۆیەوە دەیوت:چی لە ویژدان بکەم؟ با وەکو وردە بەردانەی ناو ئەو زەویە فڕێی دەمە لایەکەوە!

© 2017 Hawler