ئاب 05, 2020

هۆکارە کاریگەرەکانی سەر دەروونی مرۆڤ؛ پێش و پاش لەدایکبوون

(٢)
لە شەقامدا کە تووشی کابرایەکی کەمئەندام دەبی، پێدەچێ لە هەڵسوکەوتدارەچاوی کەمئەندامەتیەکەی بکەی؛ لەو ژیانەی خۆماندا تووشی زۆر کەس دەبین بە رواڵەت ساغن، بەڵام دەروونیان نەساغە و دەغەزدارن؛ کێشەکە ئەوەیە نەخۆشینی دەروونی دیار نیە و، ئێمەی دەوروبەر لەبیرمان دەچێ لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو خەڵکە دەغەزدارەدا رەچاوی کێشە دەروونیەکەیان بکەین.

لەچاو کەمئەندامەتی، مەترسیەکانی کێشەی دەروونی، بۆ کەسەکە خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەیشی زیاترە؛ هەربۆیە روونکردنەوەی ئەو بابەتە و ئامۆژگاری، پرسێکی پێویستە و، بۆتواناکردنەوەی تووشیارانیش باشە؛ بە تایبەت لە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێیەمدا کەتووشیار لە ترسی لۆمەی خەڵک و لەبەر ئەوەی نەکەوێتە سەر زاریان،ناوێرێ سەردانی پزیشکی دەروونناس بکات؛ بە گشتی خەڵک ئەو کارەیان پێ شتێکی ئاسایی نیە.
دەروونی مرۆڤ، بە درێژای تەمەن، لە زۆر لاوە تووشی ئێش و پەلامار دەبێت؛ هەرکامێکمان و بە چەشنێک دەروونمان کەوتووەتە بەر پەلام و ئەو دەردەمان چەشتووە. هەندێک زیان وپێکران، تەنانەت بەر لەوەی لەدایک ببین، پێکاومانی (پێکاوینی) و، ئێمەی دایک و باوک ئەگەر فێر کرابێتین و مۆچیاری کرابێتین، دەکرێ کۆرپەلەی خۆمان بپارێزین و لێ نەگەڕێین بپێکرێت؛ بۆ نموونە بابەتی خوازران و نەخوازرانی کۆرپەلە،یەک لەو پرسە هەرە گرینگانەیە و، کار دەکاتە سەر دەروونی کۆرپەلە و کۆرپەی مرۆڤ تووش دەکات و پاشانیش کار دەکاتە سەر خۆبەنرخ‌زانینوپەرموون (لەخۆڕادیتن) و لایەنە زایەندیەکەی منداڵ؛ [واتە وا لە منداڵەکە دەکات لە سەردەمی هەراشیان و باڵغبووندا لە خۆی دڕدۆنگ ببێت و لە کچ و کوڕیەتیی خۆی بکەوێتە گومانەوە یان کەیفی بە خۆی نەهێت؛ ئەگەر کچە بریا بە کوڕبوون بخوازێت، ئەگەر کوڕە مەیلی کچانەی لێ پەیدا ببێت.]؛ هۆکار زۆرە بۆ ئەوەی دایک و باوک دڵیان بە دووگیانی خۆش نەبێ، یان بڕیار بدەن لە باری ببەن؛ لەم بابەتەدا بە کورتی دەپڕژێینە سەر ئەو هۆکارانە.
•لە هەموو کۆمەڵگایەکی بەرەو پێشکەوتندا، حەڵاڵزادەییبابەتێکی گرینگ و ناسکە؛ واتە زۆربەی
ئەو ژنانەی بە ناشەرعی سکیان کردووە،

دووگیانیەکەیان لێ دەبێتە مۆتەکە و پێیان ناخۆشە و ترسیان لێ دەنیشێت؛ ئاخرچ بە نەویستن و بەرخستن بێ، چ بە زایین وسکدانان، بۆ خۆیان و کۆرپەکەیشیان هەر زەرەرە.

•خاڵی دووهەمی ئەوەیە ژن و مێرد لە نێوانەکەی خۆیان دڵنیا و دڵقایم نەبن؛ کەوابوو دڕدۆنگ دەکەون و لە دووگیانی و وەچەخستنەوە دەسڵەمێنەوە.
•هەروابێتەوە رەگەزی کۆرپەلەیش بابەتێکی گرینگە بۆ زۆرینەیەکی زۆری خەڵکی ئەو چەشنە کۆمەڵگایانە؛ ئەگەرچی ئەو 'کوڕکوڕکردن'ـە هەتا دێ کاڵ دەبێتەوە بەڵام هەندێکیش وەکو بابەتێکی ئابووری سەیری رەگەز دەکەن و لەبەرئەوەی هەر کوڕیان پێ ئیشکەر و نان‌پەیداکەرە، پێیان خۆش نیە کچیان ببێ.
•دیارە بارودۆخی ئابووری کار دەکاتە سەر هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و بابەتی زاوزێ و کەم و زیادکردنی دانیشتووان.زۆر بنەماڵە، لەبەر کێشەی ئابووری، بە جوانیمنداڵی خۆیان پێ بەخێو ناکرێت.
•کێشەیەکی بنەڕەتی و گەورەی ئافرەتی دووگیان شێوە ژیانێکی ژیرانەی نیە؛ ئیتر لە بەرنامەی خەو و خۆراس (خۆراک)ـەوە بیگرە هەتا دەگاتەوە بەرنامەی جووڵە و وەرزش؛ ئەوەش کار دەکاتە سەر تەندروستیی دایک و سکەکەی. لە بنەماڵە هەژارەکاندا دایک تێرسک نابێ و لەناو دەوڵەمەندەکانیشدا لەبەر خواردنی زۆر، خەمەرە دەکات؛ هەردووکی هەر خراپە بۆ منداڵەکە. ئینجاکەیش دایک بە بۆنەی دووگیانکەوتن و زایین و شیردانەوە لەشولاری دەگۆڕێت و رەنگە کار بکاتە سەر دەروونی و دۆش دامێنێت؛ کەوابوو کار دەکاتە سەر منداڵەکەیشی.
•ئەگەر ئافرەتی دووگیان خووکارەی تلیاک و بەنگەمەنی ببێت، ئەو خووکاریەی خراپ کار دەکاتە سەر سکەکەی و منداڵە ساواکەیشی دەخاتە مەترسیەوە؛ زۆر منداڵی ساوا بە هۆی دایکە خووکارەکەیانەوە، هەر لە سەرەتای ژیانەوە تووش و خووکارەی بەنگەمەنی دەبن و هەتا مابێتن، پێوەی دەتلێنەوە.
ئەو چەند خاڵەی خرایە روو، هەرکامێکیان و بە جۆرێک بیری نەویستن و لەباربردنی کۆرپەلە دەخاتە مێشکی دایک و باوکەوە.
بەشێکی شوناسی مرۆڤ نەگۆڕە و هەر ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی بە دەستی خۆی نەبووە و دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش لەدایکبوون؛ بەڵام خۆ دەکرێ ئێمەی دایک و باوک بیرێکی قووڵتری لێ بکەینەوە و، هەندێ بابەتی دیاریکراوی بۆ رەچاو بکەین هەتا دوارۆژێکی گەشتر و نەوەیەکی پێگەیشتووتر بخەینەوە.
دواڕۆژی رۆڵەکانمان بڵێی‌نەڵێی وەکو ئێستای خۆمانە؛ منداڵ نابێتە ئەو شتەی هیوایەتمانە، بەڵکو وەکو ئاوێنەیەک رەنگی خۆمان هەڵدەگرنەوە؛ با لە ئێستاولاوە ئیتر واز لە رێکار و بەرنامەی تایبەتی پەروەردەکردنی منداڵ بهێنین و، بە پەروەردەکردنی خۆمانەوە خەریک ببن؛ جا بزانە چۆن دواڕۆژێکی گەش و دنیایەکی باشتر پێشکەش دەکەینە نەوەی دابێ.
ژمارەی دابێتەوە دەپڕژێنە سەر هەڵەی باو لە پەروەردەکردنی منداڵاندا.

بۆ بەرسەرنج
لە هەموو کۆمەڵگایەکی بەرەو پێشکەوتندا، حەڵاڵزادەیی بابەتێکی گرینگ و ناسکە؛ واتە زۆربەی ئەو ژنانەی بە ناشەرعی سکیان کردووە، دووگیانیەکەیان لێ دەبێتە مۆتەکە و پێیان ناخۆشە و ترسیان لێ دەنیشێت؛ ئاخر چ بە نەویستن و بەرخستن بێ، چ بە زایین و سکدانان، بۆ خۆیان و کۆرپەکەیشیان هەر زەرەرە.

© 2017 Hawler