ئاب 05, 2020

گەی دیبوور

لە ئاخروئۆخریی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئاگاییەک کە هێشتا سەر بە نەزمی کۆن بوو، لە شێوەی نیگەرانی لە مردندا، ئەزموونی زەمەنی لە هەڵگەڕانەوەبەدەری کرد کە کۆمەڵگەی تەنیبوویەوە.

ئەمە مالیخۆلیای دواییهاتنی جیهان بوو، دوایین جیهان کە تێیدا پەناگەی ئارامیی ئەفسانە هێشتایش شانی لە شانی مێژوو دەدا؛ لەم مالیخۆلیایەوە وا بڵاوبوویەوە کە هەموو شتێکی دنیایی بێ ئەملاولا بەرەو داڕمان و هەڵوەشانەوەی خۆی دەچێت. ڕاپەڕینە گەورەکانی جووتیارانی ئەوروپی هەوڵێکی ئەوان بوو بۆ وەڵامدانەوەی مێژوو، مێژوویەک کە ئەوان هەر بە زۆری زۆردارەکی لە پەتووی ئەو سڕبوونە پەترێرکییەی وا نەزمی فیودالی بۆی درووبوون، دایان دەدڕی. خولیای یۆتۆپیای هەزارساڵەخوازان (ئەوانەی بڕوایان بە دامەزراندنی دەسەڵاتی هەزار ساڵەی گەلی هەڵبژێردراوی خودا هەبوو) بۆ وەدیهێنانی فیردەوسی زەمینی، گیانی کردەوە بە بەری خەونێکدا کە هەر لە زووەوە لە ئەسڵی ئایینە نیمچە-مێژووییەکاندا بوو، وەختێ کە کۆمەڵە مەسیحییەکان، هەروەکو ئەو میسیانیزمە یەهودییە Judaic messianism ی لێیەوە پەیدا ببوون، بەوە وەڵامی شڵەژاوی و چارەڕەشی قۆناغەکەیان دایەوە کە گوایە ئاماژەیە بە وەدیهاتنی نزیکەوەختی شانشینی خواوەند و بەوەیش ڕەگەزێکی نیگەرانکەر و وێرانکەریان بۆ کۆمەڵگەی کۆن زیاد کرد. کاتێک مەسیحییەت گەیشتە خاڵی دابەشبوونی دەسەڵات لەنێو ئیمپراتۆرییەتدا، هەر شتێکی بەدرۆداخستنەوە کە لەم ئومێدە مابوویەوە و وەک خورافەیەکی ڕووت دایە قەڵەم. ئەمە هەر ئەو شتەیە قەشە ئۆگەستین کردی وەختێ لە فۆرمولەیەکدا، کە دەشێت وەک نموونەی بنەڕەتی archetypeی هەموو پۆزشسازییەکی ئایدیۆلۆژیی مۆدێرن the modern ideological apologetics دابنرێت، ڕایگەیاند کە لە ڕاستیدا شانشینی خواوەند دەمێکەیە وەدیی هاتووە- ئەمەیش هیچ نییە جگە لە دامەزراندنی کەنیسە. دەستپێکی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی جووتیارە هەزارساڵەخوازەکان بە پلەی یەکەم و بەشێوەیەکی سروشتی ئەوەبوو کە ئامانجی خۆیان وەک خاپوورکردنی کەنیسە دیاریی کرد. بەڵام هەزارساڵەخوازیی نەک لەسەر زەمینی ئەفسانە، بەڵکو لەنێو جیهانی مێژووییدا برەویسەند و بڵاوبوویەوە. ئومێدە شۆڕشگێڕییە مۆدێرنەکان شوینکەوتەی ناعەقڵانیی عاتیفەی ئایینی هەزارەخوازی نین، وەک نۆرمان کوهن بۆیچووە و لە کتێبی هەوڵدان بۆ هەزارەدا ڕوونی کردۆتەوە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، هەزارەخوازی –خەباتی چینی شۆڕشگێڕیی کە بۆ دوایینجار بوو بەزمانی ئایین دەدوا- بە کردەیی خولیای شۆڕشگێڕانەی مۆدێرن بوو، خولیایەک کە تەنیا پێویستی بەوە بوو وەها لە خۆی هۆشیاربێتەوە کە بزووتنەوەیەکی مێژووییە و هیچیتر. دەبوو هەزارەخوازەکان بدۆڕێن، چونکە نەیاندەتوانی وەها لە شۆڕشەکەیان تێبگەن شتێکە خۆیان دروستی دەکەن. ئەوان چاوەڕوانی هەندێ نیشانەی دەرەکیی ویستی خودا بوون تاوەکو بتوانن بڕیاری جموجوڵ بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەرجەمەیەکی ئایدیۆلۆژیانەی پراکتیکێکی جووتیارانی ڕاپەڕیوو بوو، پراکتیکی شوێنکەوتنی ڕابەران لە دەرەوەی ڕیزەکانی خۆیانەوە. چینی جووتیار نەیتوانی بە ڕوونی لە کارەکانی کۆمەڵگە تێبگات، نەیتوانی بە وردی لەوە هۆشیاربێت کە چۆن خەباتەکەی خۆی بەڕێوەببات و بیباتە پێش؛ جا لەبەرئەوەی لە ئەکت و هۆشیارییەکەیدا ئەم هەلومەرجی یەکێتییەی نوقسان بوو، بۆیە لە وێنەیەکی خەیاڵییانەی فیردەوسی زەمینیدا گوزارشتی لە پرۆژەکەی خۆی کرد و جەنگەکانی بەرپاکرد.

© 2017 Hawler