ئاب 05, 2020

ژیانی "سۆهراب سپێهری" دەكرێتە فیلمێكی سینەمایی

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

 

فیلمی سینەمایی "خەونی سۆهراب" دەرهێنانی "عەلی قەوی تەن" سەبارەت بە "سۆهراب سپێهری" شاعری ناوداری ئێرانی دوای دوو ساڵ و بە یارمەتیی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئامادەی نمایشكردنە.

لەم بارەیەوە "عەلی قەوی تەن" سەبارەت بە سازكردنی ئەم فیلمە بە میدیاكانی گوتووە: "خەونی سۆهراب" سەبارەت بە شاعیرێكی ناودار و خۆشەویستی ئێرانە و بێگومان خەڵكی پێیان خۆشە كە فیلمێك سەبارەت بە "سۆهراب سپێهری" ببینن كە لە خەیاڵیاندا هەیە و لە زۆر بەشیشدا ئێمە ناچار بووین كە لایەنی نەبینراویی كەسایەتییەكی وەكوو سۆهراب نیشان بدەین و ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە كاری فیلمساز تووشی گرفت دەكات.
ئەم دەرهێنەرە گوتیشی: ساڵی 2012 لە خەیاڵما بوو و پێمخۆش بوو فیلمێك سەبارەت بە "سۆهراب سپێهری" ساز بكەم، وا بوو لە كۆتایی ساڵی 2018ـدا دەستمان بە وێنەگرنی فیلمی سینەمایی "خەونی سۆهراب" كرد و وێنەگرتنی فیلمەكە لە شاری (كاشان) زێدی "سۆهراب سپێهری" و هەروەها دەورووبەری ئەم شارە كۆتایی هات. ئاماژەی بەوەش داوە: هەستیاریی سازكردنی ئەم فیلمە، بە پێی دەسكەوتە توێژینەوەییەكانم و ئەوەی كە دەتوانم لەم شاعیرە بەناوبانگە وێنەیەكی دروست نیشان بدەم، زۆرترین خەیاڵی من لە "خەونی سۆهراب" بوو. لە لایەكی دیكەشەوە هەوڵمان دا تاكوو كاری ئەكتەرەكانی ئەم فیلمە لە ماوەی دیاریكراویی وێنەگرتن كە لەبەرچاومان گرتبوو كۆتایی پێبێت؛ بەڵام قۆناغی وێنەگرتن كۆتایی نەهات.
ئەم دەرهێنەرە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: لە ساڵی 2019 دەرفەتێكمان بۆ هاتە پێشێ تاكوو گرووپی ئەكتەرەكان و ستافی تەكنیكی فیلمەكە بۆ جارێكی دیكە بانگهێشت بە كار بكەین و 12 ڕۆژ كاتمان بۆ دیاریی كرد تاكوو دەست بە قۆناغی دووهەمی وێنەگرتن بكەین. پاشانیش مونتاژ، دەنگدانان و چاككردنی ڕەنگ و بەشەكانی دیكەش ئەنجام بدەین و لە ئەنجامدا فیلمەكە ئامادەی نمایش بوو.
لە كۆتایدا ڕایگەیاندووە: ناوەندیی سینەمایی فاڕابی لە قۆناغی پێش بەرهەمهێنان تاكوو ئێستا، دڵسۆزانە هاوڕێیەتی ئێمەی كردووە. باسی من تەنیا پشتیوانی ئابووریی نییە. بەرپرسانی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی برایانە هاوكارییان كردین و سەلماندیان كە بە شوێن بەرهەمهێنانی فیلمی پڕبایخ و فەرهەنگییەوەن، لە كاتی سازكردنی فیلمی سینەمایی "خەونی سۆهراب" ئێمەیان هاندا و هەستمان دەكرد یارمەتیدەرێك لە پشت ئەم جۆرە سینەماوەیە، هیوادارم كاربەدەستانی هۆڵە سینەماییەكانی ئێران و هەروەها بەرپرسانی فێستیڤاڵە ناوخۆییەكانیش، فیلمە فەرهەنگییەكان بە هەند وەربگرن، چونكە ئێمە دەبێت بینەر پەروەردە بكەین.
جێگەی باسە: "سۆهراب سپێهری" لە ئاسمانی ئەدەبیاتی ئێراندا پێگەیەكی تایبەت بە خۆی هەیە كە بەشێكی بۆ سازكردنی وێنە و شێوازیی گێڕانەوەی ئەو و بەشێكیشی بۆ چۆنیەتیی گێڕانەوەی نزیكانە و زمانی نەرم و پاكی ئەو دەگەڕێتەوە، ئەو بەرهەمانەی كە بۆ سەر زمانە جۆراوجۆرەكان وەرگێڕدراوە و تایبەتمەندییەكی كاریگەریی هەیە و ڕووبەڕووی پەیوەندییەكی جیهانی بۆتەوە.
كەشفە شاعیرانەكەی "سۆهراب سپێهری" لە شێوەكارییشدا خۆی دەرخستووە و ئەویی بە كەسایەتییەكەی خاوەن شێوازێكی جیاواز نیشان داوە، بە جۆرێك كە ئەمڕۆكە، بێجگە لەوەی كە لایەنی شاعیریی سۆهراب پێگەیەكی مومتازیی پێبەخشیوە، بەرهەمە شێوەكارییەكانی ئەو هەروەها تایبەتە و ناویی ئەم هونەرمەندەی لە ڕیزبەندی نرخی شێوەكاریی مودڕێنی ئێران لە هەڕاجە هونەرییەكاندا تۆمار كردووە، عەشق بە ڕیشە شوناسەكان لە تەنیشت جووڵان بەرەو ڕوانینی مۆدێڕن، نهێنییەكە كە بۆتە هۆی هۆگرانی زۆریی سۆهراب لە نێوان جیلی نوێدا و هەروەها بەرەو هەڵكشانە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: بەرهەمهێنانی فیلمێك سەبارەت بە "سۆهراب سپێهری" لە سینەمایەك كە كەمتر گرینگی بە خەزێنەی شیعر و ئەدەبی خۆیداوە، ڕووداوێكی دڵخۆشكەرە كە دەتوانێت دەلاقەیەكی نوێی لە پەیوەندیی لەگەڵ جیلی نوێدا لەگەڵ سینەما بكاتەوە.

© 2017 Hawler