تشرینی دووەم 28, 2020

بێکاریی لە سەردەمی کۆرۆنادا

پەتای کۆرۆنا تەنها لە ڕووی تەندروستییەوە ژیانی نەخستووینەتە بەر هەڕەشەی لە ناوچوون، بەڵکو لە ڕووی ئابووریشەوە بەشێکی زۆر لە ژیانی ئێستا و ئایندەی هاوڵاتیانی خستووتە مەترسییەوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت و بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت بێکارکردنی ئەو دەیان ملیۆنە کەسەیە لە جیهاندا کە بەهۆی ئەم پەتایەوە بێکاربوون و بۆ ماوەی کاتی، یان بە یەکجاریی کارەکانیان لەدەست داوە.

ئەگەر نموونە جیهانییەکە بەجێبهێڵین و تەنها باس لە هەرێمی کوردستان بکەین. سەرەتا دەبێت ئاماژە بەو قەیرانە سەختە داراییە بکەین، کە بەهۆی ئەم پەتایەوە ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتەوە و داهاتی ناوخۆیی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، ئەمە بێجگە لەوەی سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی وەستاندووە. هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە بە سەدان و بگرە بە هەزاران کەس ئەگەرچی (خۆشبەختانە) تا هەنووکە لە پەتاکە پارێزراون، بەڵام تووشی پەتای بێکاریی و لەدەستدانی کارەکانیان بوون. ئەو سەدان و هەزاران شوێنە گەشتیارییەی هەرێم لەمساڵدا بەهۆی ئەم پەتایەوە بەشی هەرە زۆریان داخراون، یان تەنها گەشتیاری ناوخۆی شارەکانی هەرێم سەردانی کردوون نموونەیەکی دیارن. هەروەها سەدان هۆتێل و ڕێستۆرانت و خواردنگە و نووسینگەی گەشتیارییەی، کە بە هەزاران کەس کاریان تێدا دەکرد سەرجەمیان، یان 90%یان کارەکانیان وەستاوە، یان لە لێواری وەستاندایە. بەمەش ژمارەیەکی زۆر بێکار، کە بە هەزاران کەس مەزەندە دەکرێت تەنها لەپاش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەم سێ مانگەدا بێکار بوون و ژمارەی ئەوانەشی کە بەردەوام کارەکانیان (بە شێوەی کاتی، یان هەمیشەیی) لە دەست دەدەن لە زیادبووندان.
ئەگەر بەر بەبڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە نەگیرێت و پەتاکە بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوامی هەبێت، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەگەر تا هەنووکە 50% بێت لەسەر هاوڵاتیان لە چەند مانگی ئاییندەدا بەرزتر دەبێتەوە بۆ 75% بەو پێیەی چەندین شوێن بۆ هەمیشەیی ڕەنگە نەتوانن دەست بە کارەنیان بکەنەوە بەتایبەت باخچەکانی ساوایان (ئەهلی و حکومی)، نووسینگەکانی گەشتیاریی و کۆمپانیا گەشتیارییەکان. مۆڵ و بەشێک لە خواردنگەکان کە هەنووکە هێدی هێدی بەهۆی ئەم پەتایەوە لە داخراندان. ئەمە بێجگە لەوەی کە دۆخی جوڵەی بازاڕیش لە لێواری سستبووندایە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چی بکەین بۆ ئەوەی بێکاری لەسەردەمی کۆرۆنادا تەنگمان پێ هەڵنەچنێت؟ گرنگترین هەنگاوێک کە پێویستە هەنووکە بنرێت خۆڕاهێنانە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا. کۆمپانیا و کارگە و شوێنە گەشتیارییەکان و هەموو سێکتەرەکانی دیکە پێویستە لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا گۆڕانکاریی لە کار و شێوازی خزمەتگوزارییەکانیان بکەن. ڕەنگە کۆرۆنا تەنها پەتایەکی یەک مانگ و چەند مانگی نەبێت، بۆیە دەبێت خۆمان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بکەین کە ڕەنگە پەتایەک بێت چەند ساڵێک بەردەوامی هەبێت، بۆیە لەگەڵ ئەم پلانەدا کە پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەی کەرتی تایبەت هەیە، بەڵام گرنگە حکومەتی هەرێمیش خۆی بۆ ئەم ئەگەر نوێیە ئامادە بکات و دەزگا خزمەتگوزارییەکانی بە ڕێوشوێنی نوێی ئەم سەردەمەوە بکەونەوە کار و لەم قەیرانی بێکارییەشدا پێویستە هاوکار و پشتیوانی کەرتی تایبەت بێت بۆ ئەوەی قەبارەی بێکاری گەورەتر نەبێت، چونکە گەورەبوونی ئەم قەبارەیە هەژاری بەدواوەیە. بۆیە بۆ بەرگرتن لەمە پێویستە هەر لە ئێستاوە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بێکارییەی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە.

 

© 2017 Hawler