تەمموز 10, 2020

"رووداو" و "نوكتەكانی ژیژەك" دوو كتێبی فه‌لسه‌فین و سه‌رساممان دەکەن!

دانـا شوانی - هه‌ولێر

 

سڵاڤۆی ژیژه‌ك یه‌كێكه‌ له‌ فه‌یله‌سوفه‌ پڕكار و ناسراوه‌كانی دنیای فه‌لسه‌فه‌، به‌م دواییانه‌ چه‌ند كتێبێكی ناوازه‌ و پڕده‌نگه‌ ده‌نگی چاپ و بڵاو كرده‌وه‌.
رووداو
كتێبی یه‌كه‌می ژیژه‌ك به‌ناوی رووداوه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن بڵاوكراوه‌ی په‌نگوین وه‌ك كتێبێكی گیرفانی چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ ژێر زنجیره‌ كتێبێكدا كه‌ هه‌ر كتێبێ له‌ لایه‌ن فه‌یله‌سوفێكه‌وه‌ ده‌نوسرێت، ژیژه‌كیش كتێبی رووداوی نووسیوه‌ و له‌ شه‌ش به‌ش پێك دێت. لای ئه‌و ناشێ هیچ رێیه‌ك بدۆزرێته‌وه‌ تاوه‌كو به‌سه‌ر پێناسه‌ی رووداو زاڵ نه‌بین. بۆیه‌ ده‌بێ ریسك بكه‌ین و سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر بین و گه‌شته‌كه‌مان به‌ پێناسه‌یه‌كی گریمانه‌یی ده‌ست پێ بكه‌ین. هه‌ر به‌م هۆیه‌یه‌ ئه‌و له‌ شه‌ش وێستگه‌ پێناسه‌ی رووداو ده‌كات. به‌ بڕوای ئه‌و، رووداو، ئه‌و واقیعه‌یه‌ كه‌ ره‌وتی ژیانی رۆژانه‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌. كتێبه‌كه‌ 224 لاپه‌ره‌ی بچووكه‌ و ده‌زگای چاپی په‌نگوین بڵاویكردۆته‌وه‌.
نوكته‌كانی ژیژه‌ك
كتێبه‌كه‌ی تر كه‌ خراوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌، نوكته‌كانی ژیژه‌كه‌. یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژیژه‌ك، نوكته‌ و نوكته‌بازییه‌ كه‌ له‌ هه‌موو وتار و گفتوگۆكانییدا خوێنه‌ر له‌ نوكته‌ر بێبه‌ش ناكات. ئه‌و له‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی په‌لاماری وشه‌ و چه‌مكسازی وا ئه‌دات كه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ به‌ یه‌كجار خوێندنه‌وه‌ لێی تێبگه‌یت، ئه‌م به‌رفراوانی و قووڵ نووسینه‌ له‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی ده‌بینرێت و هه‌ر یه‌ك له‌و كتێبانه‌ هێنده‌ نوكته‌یان تیایه‌ كه‌ ئه‌شێ له‌ كتێبێكدا كۆ بكرێنه‌وه‌.
كتێبی نوكته‌كانی ژیژه‌ك به‌ ناونیشانی لاوه‌كی ئایا ئه‌مه‌ت له‌باره‌ی هێگڵ و نیگه‌یشن بیستووه‌؟ له‌ پاشكۆی كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌: ژیژه‌ك له‌ كاتێكدا له‌باره‌ی شتێك له‌ جیهانی واقیعی بیر ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر له‌خۆوه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌یت كه‌ هه‌مان بونیادی به‌رایی وه‌ك ره‌وشێكی پووچی و بێمانا له‌و نوكته‌یه‌ی بیستووته‌، هه‌یه‌. ژیژه‌ك له‌ پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا نووسیویه‌تی یه‌كه‌مین نوكته‌ خوا به‌ مرۆڤی گووتوه‌. به‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ئیزاك ئاسیمۆف نووسه‌ری ئینگلیزی خه‌یاڵی، ده‌نووسێت بۆ گه‌شه‌دان به‌م گریمانه‌یه‌ كه‌ خوا مرۆڤی له‌ مه‌یمونه‌كانه‌وه‌ درووستكردووه‌، ئه‌مه‌ دایكی نوكته‌كانه‌، وێڕای ئاماژه‌ی ئه‌و به‌ میوه‌ی دره‌ختی مه‌عریفه‌ مه‌خۆ. به‌ دیدی ژیژه‌ك، یه‌كه‌مین به‌ربه‌ست، نوكته‌یه‌ك بووه‌. ژیژه‌كیش به‌ هۆی بواره‌ پسپۆرییه‌كه‌ی له‌ ده‌روونشیكارییدا ئاماژه‌ به‌ فرۆید ده‌كات كه‌ پێیوابوو نوكته‌ هه‌میشه‌ ده‌رباره‌ی سێكس، نه‌ژادپه‌رستی و دژه‌ژنی بووه‌. ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، كتێبه‌كه‌ی ژیژه‌ك له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپی ئێم ئای تی به‌شێوه‌ی گیرفانی له‌ 168 لاپه‌ره‌ به‌ چاپی گه‌یاندووه‌.

 

© 2017 Hawler