ئەیلول 29, 2020

گەڵا جاف: بە هۆکاری سیاسی ئاوارەی شاخ و باشووری کوردستان بووین

خانمە ڕاگەیاندکار گەڵا جاف ناوی تەواوی شەیدا عەبدوڵایە و تەمەنی ٣٥ ساڵە و لە هەڵەبجەی شەهید لە دایک بووە. لەم دیمانەیەیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ، بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران باوکم پەیوەندی بە ڕێکخستنی حزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەبوو، دواتر بە هۆکاری سیاسی ئاوارەی شاخ و باشووری کوردستان بووین، دەڵێتیش،" دوورکەوتنەوەم لە راگەیاندن بە حەز و ئارەزووی خۆم نەبووە."

چەند ساڵ ئەزموونت لە راگەیاندن هەبوو؟
نزیکەی ١٠ ساڵ لەبواری ڕاگەیاندندا لە بینراو و بیستراو کارم کردووە و لەدرێژەی ئەم ماوەیەدا چەندین کار و پڕۆژە و پڕۆگرامم پێشکەش کردووە لە هەردوو بواری تیڤی و ڕادیۆ.

ماوەیەکە دوور کەوتوویتەوە لە ڕاگەیاندن، بۆچی؟
نزیکەی چوارساڵ دەبێت لە ڕاگەیاندن دوور کەوتوومەتەوە؛ ئەویش بە حەزو ئارەزووی خۆم نەبووە، هوکاری زۆر هەبووە بۆ ئەم مەبەستە، وەکو ئەو بارودۆخەی کە بەسەر کوردستانی باشووردا هات، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە کە کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندن ڕاگیران بەهۆکاری ئابووری، منیش لە یەکێک لەو دەزگایانە کارم دەکرد، پاشان هەندێک ئاڵوگۆڕ بەسەر ژیانی شەخسیمدا هات، ئەوانە هۆکاری سەرەکیی دوورکەوتنەوەی من بوون لە ڕاگەیاندن.

جگە لە ڕاگەیاندن بەشداری چەند فیلمت کردووە؟
جگە لە ڕاگەیاندن لە بواری هونەری کارم کردووە، وەکو نواندن و فیلمی درێژ و کورتە فیلم و دراما، کە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییان بەدەست هێناوە بەم بەرهەمە هونەریانە و چەند جارێکیش پێشنیارم پێ دراوە بەشداری شانۆ بم، بەڵام قبووڵم نەکردووە.

ڕاگەیاندن و سینەما، کامیان زیاتر خۆشەویستییان بە تۆ بەخشی؟
هەردوو بوارەکە زۆر گرنگ و پێویستن بۆ ژیان و منیش لە هەردوو بوارەکەدا کارم کردووە و هەردووکیان گرنگ و خۆشەویستن بۆمن، هەر یەکەیان جێگە و پێگەی خۆی هەیە، بۆیە من ناتوانم لە نێوانیاندا یەکێکیان هەڵبژێرم.

بڕیارت نەداوە دووبارە دەست بە کاری ڕاگەیاندن بکەیتەوە؟
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کە دوور کەوتوومەتەوە بە حەز و ئارەزووی خۆم دوور نەکەوتوومەتەوە، ئێستاش ئەگەر دەرفەتێکی باش و گونجاوم بۆ بێتە پێش دەگەڕێمەوە بواری ڕاگەیاندن، چونکە ڕاگەیاندن لە خوێنمدایە.

هاوسەرەکەت پشتت دەگرێت؟
بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەم لە ڕاگەیاندنی حیزبدا کار دەکات، بۆیە پاڵپشتمە و بەردەوام دەڵێت:" بگەڕێوە نێوکاری ڕاگەیاندن و بەردەوام بە لە کارەکەت،"

ماوەیەکە پەیوەندیت کردووە بە حیزبی دیموکراتەوە، چی وای لە تۆ کرد بچیتە ناو ئەم حیزبە؟
بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران، باوکم پەیوەندیی بە ڕێکخستنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەبووە و، دواتر بە هۆکاری سیاسی ئاوارەی شاخ و دواتر باشووری کوردستان بووین، بۆیە من لە ناو حیزبی دیموکراتدا چاوم بە دونیا هەڵێنا، پەیوەندیی من و حیزبی دیموکرات شتێکی تازە نییە، رەنگە بۆ هەمووکەس ئەوە ڕوون نەبێت و تەنیا منیان وەکو کەسێکی ڕاگەیاندکار بینیبێت و هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبووبێت دەربارەی ژیانی تایبەتی من.

ئامانجی تۆ لە ناو حیزبی دیموکرات چییە؟
درووستبوونی هەر حیزبێک ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵێک هیوا و ئامانج و دەسکەوت، حیزبەکەی منیش هەمان ئامانجی هەیە، کەوا بوو ئامانجی منیش لەڕێگەی حیزبەکەمەوە بە دەستهێنانی ئازادی و ماف و خۆشگوزەرانییە بۆ نەتەوەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

© 2017 Hawler