نیسان 07, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

دڵـم بـه‌هیـچ شتێ خـۆش نـیـه‌ تـۆ نـه‌بـێـت

بێکەس حەمە قادر

 


هه‌ورەكان به‌ چیادا هه‌لده‌زنێن و تابڵۆیه‌كی جوان ده‌نه‌خشێنن
ئێمه‌ گومان له‌ گومان ده‌كه‌ین
مێژوو چه‌ند باره‌ و سه‌د باره‌
خراپ و خراپتر
شكسته‌كان به‌ شكست ده‌سپێرن
كاتێ له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌ڕوانم
هه‌وره‌كان تابڵۆی جوان ده‌نه‌خشێنن
دڵم به‌ هیچ شتێك خۆش نیه‌
هه‌تا به‌و فرمێسكانه‌ی بۆ قه‌ده‌ری خۆمانی دەڕێژین
ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ خه‌و داین
خه‌ونی كورت كورت ده‌بینین
له‌ شه‌وی درێژ دا
وه‌ك مێژووی دووری شكسته‌كانمان
میژووی گۆڕستانه‌كان و
نووسراوی سه‌ركێلی گۆڕه‌كان
ده‌مه‌وێ هه‌ندێك دوور بكه‌ومه‌وه‌
دوور و دوورتر بڕۆم
وه‌ك ئه‌و هه‌ورانه‌ی سپی سپین
بەقه‌دی چیاكاندا به‌رز ده‌بنه‌وه‌
به‌په‌نجه‌ فرمێسكم لاده‌به‌م
سێبه‌ری ڕه‌ش له‌ كوڵمه‌ سوره‌كه‌ دوور ده‌خه‌مه‌وه‌
من ده‌ڕۆم و رێگه‌ ده‌بڕم
گوێم له‌ گۆرانییه‌كی غه‌مگین گرتووه‌
خه‌مه‌كان زیاتر له‌ روحمدا په‌رت ده‌بن
ده‌سته‌كانم سڕ بوون و په‌نجه‌كانم بۆ ناقرچێته‌وه‌
ده‌ماره‌كانم له‌ بن پێستی ده‌ستم بزربوون
هه‌ست به‌ بوونی وه‌ستانی خوێنی ده‌ماره‌كانم ده‌كه‌م
چیمه‌نی حه‌وشه‌كه‌ جمه‌ی دێ له‌ قه‌له‌بالغی
ژنێك گوڵێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و
پۆلیسێك به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا هاوار ده‌كا
منیش هاوار بۆ كه‌سێك ده‌كه‌م
پیاوێك به‌ دوو په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاسته‌ی
كۆتایی جگه‌ره‌كه‌ دوور فڕێده‌دا
شه‌و له‌ تاریكیدا
ئه‌ستێره‌ له‌ سینگی ئاسمان جوانتر و
مانگ گه‌شتر ده‌رده‌كه‌وێ
من دڵ ته‌نگ ترو
گیا له‌ ژێر پێیه‌ گه‌وره‌كان
به‌ ڕقه‌وه‌ ده‌ژاكێن
سه‌یری ئاوێنه‌ ده‌كه‌م و
چاوه‌كانم وشك ده‌كه‌مه‌وه‌
چراكه‌ داده‌گیرسێ و
سێبه‌ره‌كه‌ بزر ده‌بێ
كاتێ ڕێگاكان درێژ ده‌بنه‌وه‌
هه‌وره‌كان وه‌ك گریانی ژن
پر ده‌بن له‌ جوانی
ڕێگای گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی چیا
ده‌ماره‌كان شین شین ده‌رده‌كه‌ون
ئێمه‌ش سه‌د جاری دی له‌ ڕێگای دوور دوورەوە
له‌ هه‌وره‌كان ڕاده‌مێنین
كه‌ چڕنووك له‌ چیا ده‌گرن
له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ته‌ماشای لوتكه‌كان ده‌كه‌م
هه‌ورەكان به‌ چیادا هه‌لده‌زنێن و
تابڵۆیه‌كی جوان ده‌نه‌خشێنن
ئێمه‌ گومان له‌ گومان ده‌كه‌ین
شكسته‌كان به‌ شكست ده‌سپێرن
ژنێك به‌ باوه‌شێك خۆشه‌ویستییەوە
خۆشه‌ویستی ده‌به‌خشێته‌وه‌
منیش به‌ ناوله‌پی ده‌سته‌كانم
ده‌م و چاوم ده‌شارمه‌وه‌
دڵم به‌ هیچ شتێك خۆش نیه‌ تۆ نه‌بیت

© 2017 Hawler