نیسان 06, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

پێویستە سیاسەتی پەروەردەی كوردستان لە دەقە ئاینییەكانەوە پرۆگرامێكی مەدەنی و پێشكەوتوو و كراوە دابڕێژێت

هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

 


هـ. ف: توێژینەوەكەم "شیكردنەوەی دیسكۆرسڤی كتێبەكانی پەروەردەی ئیسلامی و ئاینناسی" قۆناغی ئامادەیی بوو. بە پشتبەستن بە مێتۆدی شیكردنەوەی گوتاریی رەخنەیی نۆرمەن فركلاف و لە سەر سێ ئاستی "وەسفكردن، تەفسیر و تەبیین" هەر سێ كتێبی ئاینی قۆناغی ئامادەییم شەنوكەو كرد.
•  چۆن بوو بڕیارت دا کە دەست بەو لێکۆڵینەوەیە بکەی؟ ئەو بابەتە لای تۆ چۆن بوو بە گرفتێک بۆ لێکۆڵینەوە؟
هـ. ف: ئاین تازە بووە بە یەكێك لە سترەكچەرەكانی كۆمەڵگەی كوردیی. بەردەوامیش جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕی هێز و گروپەكان بووە، چ ئەوانەی كە سەر بە گوتاری ئیسلامین، چ ئەوانەی كە نەیارن. لە ناو سیستمی پەروەردەشدا هەر لە كابینەی پێنجەمەوە قسە لەسەر ئەوە دەكرا كە ئەم وانەیە لاببرێت. چوار ساڵێك لەمەوبەر بوو كە لە لایەن رێكخراوێكەوە پێشنیازی ئەوە بۆ من كرا كە توێژینەوەیەك لەو بارەیەوە بكەم. پرسیاری سەرەكی ئەوان ئەوە بوو كە ئایا كتێبی پەروەردەی ئیسلامی قوتابی هەڵگری بیری داعشیی بەرهەم دەهێنن یان نا؟
• چ بنەمایەکت بۆ هەڵسەنگاندنی مەنهەجەکانی وانە ئایین بەکارهێنا و پێودانگەکانت کامانە بوون؟
هـ. ف: بنەمای هەر توێژینەوەیەك بۆ شیكردنەوەی دەقەكان تەنیا لە رێگەی شیكردنەوەی خودی دەقەكانەوە دەكرێت. بەداخەوە لە ناو كایەی ئەكادیمی و هزریی ئێمەدا زۆركەسی یار و نەیاری گوتاری ئیسلامی لە مامۆستایانی ئاینییەوە تا ئەكادیمی و سیاسییەكان قسە لەسەر گوتار و دەقەكان دەكەن، بەڵام هەڕەمەكی و بە بێ ئەوەی شارەزای چەمك و رێباز و مێتۆدی شیكردنەوەی گوتار بن كە سەرچاوەكەی لە كانیاوی میشل فۆكۆوە هەڵدەقولێ. یەكێك لە باشترین مێتۆدەكان، مێتۆدی شیكردنەوەی رەخنەیی نۆرمەن فركلافە كە من وەك و تیۆر و مێتۆد پشتم پێ بەستووە.
•  دوا پرسیارم دوولایەنەیە: لە وانەی ئایینی قوتابخانەکاندا تەنیا پەروەردەی ئیسلامی دەخوێنرێت. ڕەنگە پاساوەکە بەلای پیاوانی ئاینییەوە ئەوە بێت کە کۆمەڵگەی ئێمە زۆرینە موسوڵمانە، بەڵام ئەم پاساوە بۆ بواری پەروەردە لاوازە، ئایا بۆ ڕێگریکردن لە پەروەردەی تاکڕەوی و دروستبوونی تاکێک کە پێیوابێ تەنیا ئایینەکەی ئەو ڕاستە، باشتر نییە "پەروەردەی ئیسلامی" بگۆڕدرێت بۆ "ئاییناسی" تاوەکو قوتابی هەندێ زانیاریی لەسەر ئایینەکانی تریش هەبێت و پەروەردەیش مەدەنییتر بێت. لایەنەکەی دیکە کەمێک ڕادیکاڵترە: ئایین لە کۆمەڵگەی ئێمە لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی تونددا سەبارەت بەم سەردەمە دەژی، بۆیە بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی بە کۆنەپارێزانەترین شێوە، بە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک پیاوی ئایینی داخراو، لە گەشەکردندایە، پێتوایە هیچ ئیمکانێک هەبێت بۆ دروستبوونی گوتارێکی ئیسلامیی کراوە؟
هـ. ف: خۆی ئەمە پرسیارە جەوهەرییەكەوە بەڵام وەڵامەكەی فرە رەهەند و هەستیارە. وانەكە بكرێت بە ئاینناسی زۆر گرنگە، بەڵام لەبەر نەبوونی زەمینە و تەنانەت پاشەكشێی گوتاری ئیسلامی بە گشتی، وادیارە گوڕین یان نەهێشتنی وانەكە، لەبەر هەندێك خاڵ لایەنی نێگەتیڤی زۆر زیاترە. من ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم:
یەكەم، كاتێك كە تۆ وانەی پەروەردەی ئیسلامی دەكەیت بە ئاینناسی، ئەوكاتە قوتابی ناچار یان هان دەدرێت بۆ ئەوەی كە لە شوێنی دیكەوە و لە هەندێك سەرچاوەی دیكەی وەك وتار و تەلەفزیۆن و سایت و كتێبدا بە دوای وەڵامی پرسیارە ئاینییەكانیدا بگەڕێت. دەی چ گەرەنتییەك هەیە كە لەم شوێنانەوە گوتارێكی میانەڕەوی مەدەنی و نیشتیمانی بەردەست و گوێ دەكەوێت. هیچ گەرەنتییەك نییە.
دووەم، بریاردان لەسەر ئەوەیكە ئەم بابەتە نەمێنێت یان بكرێت بە ئاینناسی پێویستی بە دەیان توێژینەوە و كۆنفرانس و لە باشترین حاڵەتدا پێویستی بەوە هەیە كە رای تێگڕای دایبابان و قوتابیان لەم بارەیەوە وەر بگیرێت. كێ دەڵێت ئەوان بەم گۆڕانە رازی دەبن.
سێیەم، گوتاری ئاینی كۆمەڵگەی كوردی تا هەنووكەش گوتارێكی نەریتی و زۆركاتیش سەلەفییە. هەر ئەم خاڵە خۆی بۆ خۆی بەڵگە و پاساوێكی گونجاوە بۆ ئەوەی كە سیاسەتی پەروەردەی كوردستان نەك بە گۆڕینی وانەی ئاین، بەڵكو بە پێچەوانەوە بە هەڵێنجانی چەپكێك چەمك و بەهای گەردوونی و سەردەمیانە لە نێو دەقە ئاینییەكاندا پرۆگرامێكی مەدەنی و پێشكەوتوو و كراوە دابڕێژێت و لەم پێناوەدا پەروەردە باشترین دەستكەلا دەبێت بە دەستمانەوە بۆ ئەوەی گوتاری ئاینیی چەقبەستوو و نەریتی تێپەڕێنین. ئەوەشمان بیر نەچێت كە جگە لە پرۆگرام دەبێت ئەو كەسانەش كە ئەو وانەیە دەڵێنەوە خۆیان خاوەنی ئەو جیهانبینییە بن كە لە سەرەوە باسمان كرد.

© 2017 Hawler