ئاب 18, 2018

بستان سەفەرنامەیەکی کۆڵان بە کۆڵانی قــــــــاهیرە

شێرزاد هەینی

بەشی دووەم
بەیانی لەبەردەم گەلەرییەکە، بەیەکەوە سواری یەکێک لە پاسە قەڕەباڵغەکان دەبن، کە هەرزەکارێک بۆ دۆزینەوەی نەفەرێک هاوار دەکات و بەخشەخشی نەعڵە گەورەکەی پێیەکانی بەدوای پاسەکە رادەکات، یەک یەک و دوو دوو نەفەری ماندوو، جەستەی خەواڵوو لەناوەندی شەقامە سەرەکییەکە، سەرشۆستەکان، بەر عارەبانەکان هەڵدەگرێتەوە و سواریان دەکات و دەستی پێوەدەکات و دووبارە سواردەبێتەوە، هەر هاواریش دەکات و دەیەوێ پاسەکە نیوەی خەڵکی شەقامەکە سوار بکات و جێگای خۆیان بکەنەوە. ئەوان نایانەوێ بە تاکسی بچن. بەیەکەوە دەچنە ناو پاسێک: بیست کەس، پیر و گەنج و ژنی مونەقەبە و گەنجی قەڵەوی پێ بەنەعڵ، ژن بەجوبەی گەورە، پیر بەریشی سپی، هەموو لەناو کۆشی یەکتری، شان بەشان لەگەڵ دەنگی بەتەشویشی رادیۆ و قورئانەکە بەرەو جیزە دەڕۆن! پاسەکە پڕ بوو، هەردووکیان بەپێوەدەبن، دەستیان بە شیشە ژەنگاوییەکەی ناوەند و تەنیشتی کورسییەکان دەگرن. بەڕێکەوت رانیان دەکەوێتە تەنیشت یەکتری. بەخۆشی شانیان لەیەکتری دەخشاند، دەستیان دەکەوتە سەر دەستی یەکتری، بەڵام قسە زۆر دەکەن، نەک ئەوان، هەموو قسەیان دەکرد. شوفێرەکە لەگەڵ

لێخوڕینی پاسە کۆنە ماندووەکە، زۆر کاری تریشی دەکرد، وەڵامی هەمووانی دەدایەوە، پێناسەی شوێن و شەقام و بارەگاکانیشی بۆ نەفەرەکان دەکرد، ئەگەرچی دەنگی گەورە بوو، بەڵام تووڕە و هەراسان نەبوو.کەس لەو شارە، لەناو ئەو شەقامە جەنجاڵانە تووڕە نییە! بەڵام هەموویان رەنگی ماندووبوون و ئارەقەکەی رۆژ و شەوە درێژەکانیان، بەیەخە و گەردەن و بەرچاویانەوە دیاربوو. پاسە کۆنەکە زۆر بەخێراییش دەڕوات، ئینجا زۆریان دەمینێت بگەنە ئەهرامەکان، شارەکە گەورەیە و شوێنەکەش دوورە.قاهیرە گەورەیە. دیارە زۆر ئاوەدانە، یەکجار جەنجاڵە. خەڵک بەلێشاو و چالاکانەهاموشۆدەکەن و تێدەپەڕن، کەس ناوەستێت، راوەستان نییە! لەو شارە سەبرببیتەوە و هەڵوەستەش بکەیت جێدەمینێت. شەو لەسەر شەقامێک، لەبن پەنادیوارێک و لەبەر سمێڵی فشی دەرگاوانی باڵەخانەیەک دەمینێیتەوە. خەڵک بەکۆمەڵ سەردەکەون. بەکۆمەڵ دادەبەزن. دیارە زۆریش دەمرن و زۆریش زیاد دەکەن. تەواو نابێت، مێژووی مردن و بوونی ئەو شارە. چەند دەمرن، زۆرتر لەدایکدەبن، زۆرتر منداڵ دەردەپەڕن.دیارە جووتبوون و منداڵبوون زۆرە. لەبەر ئاوی رووبارینیل نەبێت، ئەو میللەتە دەخنکێن. پێشتریش ئەو رووبارە پێغمبەری زۆریان دەربازکردووە! نۆ وڵاتی ئەفریقیای بوژاندوتەوە، نیل مەزنە، خودایە، فەرعۆنییەکان بە خودایان ناوبردووە، کیژی رازاوەیان پێشکەشکردووە. ئەگەر نیل نەبێت میسرییەکان و زۆر لە ئەفریقییەکانلەبرسانا دەمردن. نیل دەماری زیندووی ژیانی ئەو میللەتانەیە، ئەوانەی لە خوارووی ئەفریقیاش دەژین. لە جیزە دادەبەزن، لەناو پیادەیی و خێرایی ئۆتۆمبێلە ماندووە شکاوەکان، لایتە بریندارەکان، جامە قەڵشتووەکان، دەعامییە شکاوەکان عارەبان و دەستفرۆشەکانی زۆرتر لە خەڵکەکە، بەراکەراکە دەگەنە پاسێکی تری گەورەی هەموو رەنگەکانی پێوەبوو، هەموو ئایەتەکانی لەسەر نووسرابوو، سوار دەبن، تا بگەنە ئەهرامەکان.
***
دیسان هەردووکیان سواری پاسێکی تر دەبنەوە. لەناو شەقامێکی بەرینی گەورەی درێژدا پاسەکە دەڕوات. شەقامەکە تەواو نابێت، بۆ تەواو بێت، ئەو ژنێکی دۆزیوەتەوە، ئازادە شەویش نەچێتەوە، سینگی تابلۆیە، ئاکاری رەنگە، تابلۆێکە و بەسینگی هەڵواسراوە، جزدانیان تێکەڵبووە، دەستیان لەناو دەستی یەکترە، بەیەکەوەش دەچنە یەک شوێن. لەو شەقام و گۆڕەپانە، لەو شارە تەنیا ئەوان بەیەکەوە سواردەبن و بەیەکەوەش دادەبەزن. ئەگەرنا خەڵک لەو شارەبەتەنیایە، هەموویان بەتەنیان، راکەراکە دەکەن، هەریەکە بەئاراستەیەک رادەکات، کۆشش دەکەن، غاردەدەن و پێراناگەن، ماندوودەبن و پشوونادەن، وەردەگرن و بەشیان ناکات. هەموو ئەندامەکانی خێزان کۆشش دەکەن، ئینجا دەتوانن بژین. هەموو بەپەلەن زوو بگەن. ئەوان نەبێت، پەلەیان نییە با رێگاکە دووریش بێت، چی تێدایە ئەوان چ کارێکیان هەیە! دەیانەوێ لە شوێنی تەسک بن. یان بکەونە ناو بۆشایی بیابانەکەی بەرامبەریان، ئەوێ باشە، دەڕۆن و دەبنە سەراب و ون دەبن! دەگەنە دواشەقامی ئەهرامەکان، لەوێ دادەبەزن، پیاوە کوردەکە، بەگوێیەکانی خۆی،دەبینێت و گوێی لێ دەبێت سڤنکس دەپەیڤێت و سەری بەخێرهاتنی بۆ رادەوەشێنێت. بیرەکانی پشت پەیکەرەکە پڕئاودەبنەوە. پەرستگاکەی بناری پڕدەبنەوە لە خەڵک. هەموو بەجلی سپی، بە پۆشاکی بوردی و قامیش سەمادەکەن و کاردەکەن و نوێژ بۆ گەورەیی ئەهرامەکان دادەبەستن.هەموو ئامادەن و چاوەڕوانی نفرتیتی و دڵە سووتاوەکەی دەکەن. هەموو دەستەوەستان بۆ سەردانەکە زیندووبونەتەوە! بە ژنە میسرییەکە دەڵێن:
ئەو پیاوەت لەکێ دۆزیوەتەوە، ئەو سەروقژەت لەکێ هێناوە، ئەوە رمسیسە.
ئەویش دەڵێت:
لەناو رەنگی تابلۆکانی ناو گەلەرییەکەم، ئەو دروست بوو، خوڵقا و بوو بە پیاوێکی دڵخوازم. ئەو شاناز هاتەدەرەوە، ئاگام لێی نەبوو، لەبەر سێبەری بەلەمێکی ناو تابلۆیەکی گەلەرییەکەم، بەبزەیەکی شیرین خۆی داتەکاند و هەڵسایەوە و منی راچڵەکاند. بیرم لەسەر هەڵگرتنی کلیلی جامخانەکە بووم، هەڵسم بڕۆمەوە، بچمەوە ناو شوقەکەم، وەک هەموو شەو و رۆژگارەکانم خۆم بپێچمەوە. ویستم بڕۆم، ئەو لەناو گوفتار و نازی ژنێکی چاوگەورەی تابلۆیەک هەڵوەری! ئاگام لێی نەبوو، تابلۆیەکمان رووی لە شەقامە سەرەکییە بوو، ئاماژەیەکی بۆم کرد: هەڵسە ئەوە رمسیسە دەرگای لێ بکەوە و دەربازی مەکە!
***
لەبەر هەتاو و ئاوێنەی ئەهرامەکان، سەیرە سێبەریان نەبوو، هەموویان لەبەر هەتاوەکە رووت و دەرەوشاوە دیاربوون، دەستەدەستە کیژان زۆرتر کوڕانیش، وێنەی لەگەڵ دەگرن، بە مستر و میوانی شیرینەکەیان دەڵێن با دەستت لەسەرشانمان بێت. بۆیەش بستان، لەدوورەوە دیمەنەکان دەبینێت، ئارەزووی شەو و دەستلەملانێی بەجۆشتر دەبێت. لەدڵەوە بڕیارێک دەدات، قبووڵ دەکات، ئەگەر میوانەکەی پێشنیارێکی سووک و ئاسانی بۆ بکات. بەزاری خۆی بڵێت: دەمەوێ هەنارێک، هێشووە ترێیەک لە بستانەکەت بکەمەوە. ئەو زوو نەوەک پەشیمان و دوودڵ بێت، یان زارەکیی گاڵتە بێت، ساز و سۆزدار خۆی بۆ دەنوێنێت.
من لەبەژنی بەرزی هەرەمەکە دەترسام، ئەو زوو هەست بە شلەژان و ترسەکەم دەکات، منی لەباوەشکرد! لەو بیابانە تینووم بوو، ئەو زوو حوشتر، نا ئەسپێکی نارد ئاوم بۆ بهێنن، نا زووتر دەمی لەناو دەمم نا و خوناو و شیلەی قوورگی لە هەناسە و دەمم کرد! ژنەکە زیرەک بوو، دەیزانی منی پیاو و جەستە و دەمارەکانم بیابان نییە، ئاوی دەوێ!

***
ئەسپیان بۆمان هێنا، تا بچینە ناو بیابانەکەی نزیک ئەهرامەکان، دوور لە سێبەری بەردەکان، ئەو یان من،هەستمان کرد سواربوونی ئەسپ بەترسە:
بۆیە بڕیاردەدەین، بەیەکەوە بچینە سەر پشتی ئەسپێکی عەرەبی شارەزا لە گونجاندن و ئاشنابوون. ئەسپ لە بیابان زیندەوەر و بونەوەری کەمیان دیوە، بۆیە ئارام و بەخشندە و پشتیوان هەڵدەکەون. بەیەکەوە من لەپێشەوە ئەو هاتە پشتم. هەردوو دەستی لە سینگم ئاڵاند، بەیەکەوە بووینە هەرەمێکی کۆنتر لە دوو سێ هەزار ساڵی تەمەن. لەسەر زینە کۆنەکەی بووین بە بەرد، سەرکەش، شاناز، بەرەو بیابان و باوەشی تەنیایی رۆیشتین. لەناکاو کوڕە عەرەبەکەی دشداشەیەکی بۆری هێڵدای لەبەردابوو، کوڕە ئەسمەرەکە، چاو گەورەکە، میسرییەکان چاویان دەگەڕێتەوە سەر چاوی گەورەی فەرعۆنەکان، کوڕە باڵابەرزەکەی نەعلێکی پێستی کۆنی لەپێدابوو، جلەوی ئەسپەکەی بۆمان بەردا، ئەسپەکە ئاسوودە، نەرم نەرم لەناو لمەکە، لەناو گەرمایی بیابانەکە دەڕۆیشت. ئێمەش بەیەکەوە ببووینە بەردێکی رەقی تاشراوی هەرەمێک. ئەدی هەرەمەکانیش بە بازوو و جەستەی ماندووی مرۆڤ دروستنەکراون و بەرزبوونەتەوە!؟
لەناو ئیمپراتۆریەتی پیرامێردەکان ژنێکی ئەڵمان، شۆرتێکی کورت، زۆر کورتی لەبەردابوو، باسکی رووت، دەڕوات و سەیری هەرەمی خۆفۆ دەکات، دەم نادەمێ کوڕەکەی تەنیشتیماچ دەکات. ئەوان هاوشان دەڕۆن و دەستی یەکتری توند دەگرن، تا لەسەر رێڕەوە لووسە سپییەکە بەرنەبنەوە، بۆیە، بە ژنەکەم گوت:
تۆم دەوێ بەو جۆرە! با لاسایی ئەوانە بکەینەوە!
ئەویش گوتی:
کە گەڕاینەوە ناوشار، لەوانە خۆشتر و باشتر دەکەین.
من گوتم: لێرە ئەوە ناکەیت، نەوەک یەکێک بتناسێت؟
ئەو گوتی: لەو شارە گەورەیە کەس کەس ناناسێت!
من گوتم: من بەرگە ناگرم ناتوانم، با زوو بچینەوە.
ئەو گوتی: باشە، ئاساییەلەوسەرە با بە تاکسی بگەڕێینەوە؟ منیش چیتر بەرگە ناگرم.بابچینەوە، شوقەیەکی تەنیام هەیە، پەنجەرەیەکی باریکی دەڕوانێتە سەر ئاوی مەندی رووباری نیل و بەشێکی زۆری چراکانی لێوە دیارە! دیوارەکانی رەنگ و گوڵزارە، هەموو جۆرە موزیکێکم هەیە، جلەکانم لەوێن، رەنگەکانم لەوێ داڕشتووە، بۆنەکانم لەوێ پرژاندووە، دەچینەوە. یەکسەر لەبەردەم دەروازەی ئەهرامەکان، یەکەم کەس بانگی کرد، تاکسی، من بانگی دەکەم قسەی لەگەڵ دەکەم پێیدەڵێم بڕۆ، بۆ موهەندیس شەقامی شەهید ئەحمەد عەبدولعەزیز ژمارە ٥٧، لەوێش دەچینەوە گەڕەکەکەی خۆمان و ناو شوقەکەم. دەرگاوانەکە، ئەوەی بە دشداشە سەعیدییە فشە رەساسی و مێزەرە سپییەکەی سەری، لەسەر کورسییەکی شکاو دانیشتووە، بێ ئەوەی گومان لە من بکات پێشوازی گەرمت دەکات. ئەو ئامادەیە وەڵامی پرسیاری هەموو رێبوارەکان بداتەوە، کێ بپرسێت کام شەقام دەچێتە فلانە شوێن! ئەو بۆی هەڵدەستێتەوە،

دشداشەکەی وەک چارۆگەی بەلەم شەقەشەقی دێت و وەڵامی دەداتەوە.
ئەوان دەچنەوە، لە شەقامە بەرینەکە دەچنە ناو کۆڵانێکی باریکی نێواندوو ریزە باڵەخانەی بەرز. رووبەندی هەموویان خامۆش. هەموویان بەرز بۆ دزینی هەناسە و باوەشێک رووناکی پێویست. هەموویان بەرتەسک و هاوشان تا گەرم ببنەوە، سەرمایان نەبێت. دەرگاوانەکان پیر و کەساس،بەو کەساسییە هەموو سەرنشین و میوان و زەوق و ئارەزووەکانیان دەناسن. دەرگاوانەکان: دەزانن، ئەگەر ژنێک پیاوێکی رەشتاڵەی لەگەڵ بێت و بیەوێت بچنەوە شوقەکەیان. پیاوەکە هاتووە ژنەکە شەو سپی بکاتەوە، بیخەوێنێت، جلە بۆرەکانی بۆ خاوێن بکاتەوە. دەزانن، دەرگاوانە نەخوێندەوارەکان باش دەزانن، دوو کەس یەک ژنی ئەستووری برۆ رەشی روومەت گەشیان لەگەڵدا بێت، ژنەکە پاش ئەوەی سەردەکەوێت، پاش دوو سەعات بەپەلە و بەڕاکردن بەرەو شەقامە سەرەکییەکە بۆ تاکسییەک رادەکات، دەیەوێ زوو بگاتەوە ماڵەوە، نان و خواردن و جلوبەرگ و کارتی تەلەفۆن و شتی زۆری کڕیوە و دەستکەوتووە و بیباتەوە ماڵەوە، بەڵام ماڵیان ئەوەندە دوورە، شتە گەرمەکان ساردەبنەوە، ساردەکات دەتوێنەوە، کورتەکان دەپوکێنەوە، گەورەکان دەبنە پەنجە و قەڵەمێکی باریک. ئەو جۆرە ژنانە، هەموویانماڵیان دوورە، لەو گەڕەکانە دوورن، ماڵیان یەک ژوورەی بێ پەنجەرەیە، یەک دوو سیسەمی شکاوە، ئاوێنەیەکی تەڵخە، بۆ دیتنی هەموویان لەبەردەرگاکە هەڵواسراوە. سەیرە، لەو کۆڵانانە، لەو ئاوەدانییە، لەناو ئەو هەموو باڵەخانەیە، منداڵێک بۆ هێنانەوەی تۆپێک راناکات. لەناو ئەو هەموو شوقانە، چرای بەرپەنجەرەکان هەموو ترساو و کزن! باڵەخانەکان لەوەتی دروستکراون، راگیراون، بەکرێدراون، خەڵکی تێدا دەخەویت و دەچنە سەرکار و گۆرانیش دەڵێن، بۆیە نەکراونەتەوە، نۆژەننەکراونەتەوە. لەو شارە، ئەوەی کۆن بێت، دەمرێت. ئەوەی خوار بێت هەر دەشەڵێت، ئەوەی مرۆڤ بێت ماندووە، ئەوەی ماندووە پشوونادات!
***
پیاوە ئەسمەرەکان، ئەوانەی دەرگاوانن، لە هەموو شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە پیر و لاوازن. لە فیلمەکانیش، سمێڵی هەموو دەرگاوانەکان فش و سپی و فڕیوە، دشداشەکانیان، پێی و نەعڵە گەورە پانە دڕاوەکانیان، بۆرن. دەموچاویان رەش و خۆڵاوییە. ئەوان لەکێ ئاوێک بەدەموچاوە خۆڵاوییەکانیان دابکەن. ئەوان رۆژانە بوونەتە دەرگا و کلیل و ناو و وەڵام بۆ پرسیاری ئاڵۆزی سەدان کەس. کەس نازانێت ئەو شارە، لەو وڵاتە بۆ باڵەخانەکان، دەرگاوانیان زۆرە. بۆ پیاوە سمێڵ زەردەکان هەموو دشداشەیان بۆر و فش و مێزەریان گەورەیە! چاویان کزە و چۆن بەرچاویان دەبینن!؟ ئەوان، کەساس و کڵۆڵ لەو حەشاماتە کێ دەناسن؟ خەڵکەکە هەموو رەنگیان بۆرە. ئەوان، شەوانە وەنەوزدەدەن و چۆن خەڵک جیادەکەنەوە؟ ئەوانە بۆ شەورۆژ دانیشتوون، بۆ ناچنە ناو باڵەخانەکە. لەسەر کورسییەکانیانماندوو نابن؟ کورسییەکانیان چەند ساڵە لەبەر ئەو دەرگایە نەگۆڕاوە؟ کورسییەکان نامرن، ناکوژرێن، ناگۆڕێن، بۆیە ناکرێنەوە، پایە نایلۆن و دارە کۆنەکانیان

ناشکێت!؟ نارزن، ناخورێن، بزمارەکانیان ناجوولێن، کاشییەکانی ژێرەوەیان بێزار نابن!
لە شەقامە سەرەکییەکە، تاکسییەکی فیاتی مۆدیلە حەفتاکان رادەگرن. ژنەکە، سەری لە شوفێرەکە دەباتە ژوورەوە و قسەی لەگەڵ دەکات.هەردووکیان سواردەبنئەو لە پێشەوە، ژنەکەش لەدواوە.ئیتر بەزمی هۆڕن و قەڕەباڵغی و هاتوهاواری شوفێر و مەترسی لێخوڕینەکە دەست پێدەکات. سەیرە ئەو کۆنە تاکسییە چۆندەتوانێت لەو شەقامە جەنجاڵە، لەو ئاوەدانییە چڕە دەربازی

بێت؟ چۆن لەسەر پردەکانی بەدرێژایی شەقامە سەرەکییەکان راگیراوە، ناکەونە خوارەوە؟
رمسیس و نفرتیتی دەگەڕێنەوە ناو شوقەکە.بەر لەوەی بگەڕێنەوە، ژنەکە پێیدەڵێت بۆ کرێی هوتێل دەدەیت، دەچین جانتا و لاپتۆپ و دەرمان و جلەکانت بێنە ماڵەکەی من. شاناز و خۆشحاڵ وەرە ناوماڵەکەی من. لەگەڵ من سەفەرەکەت تەواو بکە! سەفەرەکەی بەدرێژکردنەوە لەگەڵ ژنە تینوو و کەساسەکە تەواو دەکات.
***
هەر ئەو شەوەی دەچنە ناو شوقەکە دەبنە ژن و مێرد. دەبنە یەک جەستە و یەک رۆح! ئەگەرچی لە دیمانە و شەوی یەکەم ژنەکە زۆر ستایشی سەدام حوسێن دەکات، باسی پاڵەوانیەتی سوپای عیراقی دەکات! ئەویش بەتوندی و کوردانە وەڵامی دەداتەوە. ئیتر لە شەوکانی تر، لە دانیشتنەکانی تریان، باسی بۆن و زەوق و سمت و ئارەزوو و خەوتنی ناو باوەشی یەکتری دەکەن و بەس.لە شەوی یەکەمی، ئەوان لەو شوقەیە، سەدام حوسێن لەناو قاهیرەش لەسێدارە دەدەنەوە. ئەوجارە سەدام لە قاهیرە نەحەوایەوە. وەک چۆن پاش لێدانی زەعیم لە قاهیرە سەرکەشی کردووە، گوایە خوێندویەتی، بەڵام لەناو شوقەی ژنەکەی ناوی بستان بوو، نامینێت، رەشدەبێتەوە. شوقەی ژنەکە بچووک نەبوو، زۆریش گەورە نەبوو. لایەکی پەنجەرەیەکی باریکی دەیڕوانییە ئاوێنەی ئاوەکەی نیل. تێدا جاروبار بەلەمێکی گەورە، کەشتییەک وەک باڵەمێش، وەک پەڕێکی فڕیووی باڵندەیەک دەردەکەوت و زووش ون دەبوو. سێ ژوور بوو، بۆ ئەو گەورە بوو، بەڵام نەدەکرا، بیگۆڕیت، بیفرۆشێت. ئەو دیوار و پەردە و کەلوپەلەکانی شوقەکەی خۆشدەویست. هەموویان بۆنی دایکوباوک و براکەی لێ دەهات! دەیگوت چەند "بواب" و دەرگاوانمان گۆڕی. چەند خێزان و کەسانی بێگانە هاتن و رۆیشتن، من و خێزانەکەم لێرە ماینەوە. ئەوەتەمەنێکە لەو رووبەرە بەرزە و لەبەر ئەو پەنجەرە دەژیم.تەنیائەوەندە ساڵەی شووم کرد! دوورکەوتمەوە، ئەگەرنا ژیانم بە جوانی و کەساسییش لێرە بەڕێکردووە.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.