نیسان 06, 2020

زۆرترین بینراو فه‌رهه‌نگ

Error: No articles to display

وەلید عومەر: نەست خۆی نەمرە، بۆیە دەروونشیکاری و فرۆدیش نامرن

ئارام كۆشكی - سلێمانی

 

هەفتەی ڕابردوو نووسەر و وەرگێڕ وەلید عومەر دوو کتێبی نوێی بڵاوکردەوە بەناونیشانی "نەست، لە دەروونشیکاری فرۆید و لاکاندا" و "وانەکانی فرۆیدی بۆ ژیان"، کە دوو دەروونشیکاری جیهانی نووسیویانە و ئەم وەرگێڕە کردوونی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند بەچاپی گەیاندوون. بۆ قسەکردن لەسەر گرنگی دەروونشیکاری و بایەخی بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئەم دیدارە کورتەکان لەگەڵ وەرگێڕی هەردوو کتێبەکە ئەنجامدا.

* هەفتەی پێشوو دووکتێبتان سەبارەت بە دەروونشیکاری بڵاوکردەوە، پاڵنەری وەرگێڕانی ئەم دوو کتێبە چی بوو؟
-دەروونشیکاری، بە مانایەک لە ماناکان زانستێکی ڕیشەیی و ڕادیکاڵە. ڕادیکاڵ واتە ڕیشەی پشتەوەی هەموو چالاکییەکانی مرۆڤ وەردەگریت تا تێبگەیت چیی دەوێت و کێیە و چۆن دەجووڵێتەوە. لای خۆمان دەروونشیکاری وەک ناوێکی پچڕپچڕ هاتووە، بەڵام هێشتا خودئاگاییەکی تۆکمە لەسەر کایەکە درووست نەبووە. ئەوەی دەرهەق بە دەروونشیکاری دەکرێت، کورتکردنەوەی دەروونشیکارییە بۆ دەروونناسی، کە فرۆید و لاکان خۆیان ڕەخنەیان دەکرد. من وەک ئەرکێکی مەعریفی و پاشان ئەخلاقی بە باشم زانی هەندێ ئیش لەو ڕووەوە بکەم. خۆم بڕوایەکی زۆرم بەو جیهانبینییە هەیە، کە دەروونشیکاری دونیای پێ دەبینێت، هەتا زۆرجار ئایدۆلۆژیاکانیش بە پلەی دووەم تێدەگەم، کە دەیانەوێت چۆن بەپێی چەمکە دەروونشیکارییەکان واقیع و دونیا ڕێکخەنەوە.

* لە سەردەمێکدا کە قسەیەک هەیە گوایە دەروونشیکاری مردووە، گرنگی ئەم جۆرە لە کتێب و خوێندنەوەی چییە؟
-فیکر، چ فەلسەفە بێت، یان دەروونشیکاری نامرێت. بەهۆی کات و سەردەمەوە، ڕەنگە هەندێک لە ڕەهەندی فیکرەکان بەسەربچن، بەڵام فیکر بە زاتی خۆی نەمرە. سەیرکە تا ماوەیەک پێشووتر کۆمەڵگای داخراو دەدرایە پاڵ ئەفلاتوون، بۆ؟ چونکە ئەفلاتوون پاش بیست سەدە زیاتر نەمردبوو و کاریگەریی هەبوو. فرۆیدیش کە زۆر نزیکە لێمانەوە، نەمردووە. نەست خۆی نەمرە، بۆیە دەروونشیکاری و فرۆدیش نامرن. ڕەنگە پێناسەمان لە سیاقێکی تایبەتدا بۆ نەست بگۆڕین و شتێک لەو پێناسەیە بمرێت، بەڵام ئایدیای نەست خۆی نامرێت. هەتا سەرباری ئەم تەکنۆلۆژیا تازانەش، تازە بە تازە ئەو پرسیارە درووستدەبێت، کە ئەنتەرنێت و کۆمپیوتەر نەستی هەیە؟ ئاخۆ ئەوان نەستی ئێمە نین؟ ئەمە جگە لەوەی چەمکەکانی فرۆید و لاکان هێجگار ئاڵۆز و دەوڵەمەندن و وەک پێویست نەژیاون تا بمرن. دونیای ئێمەش کە زۆر دەرگیری ئاڵۆزی نابێت، حەزدەکات هەموو شت بمرێت سادەیی نەبێت. پێموایە دەبێت دەروونشیکاری بەشێک بێت لە خویندنەوەکانمان تاکو خۆمان و پەیوەندییمان بە جیهانەوە بناسین، ئەویش لە قۆناغێکدا کە مرۆڤی ئێمە نیگەرانە و لە قووڵاییشدا شارستانیەت خۆی نیگەرانیی بەرهەمهێناوە. فرۆید کتێبە سەرەکییەکەی خۆی ناونابوو، شارستانیەت و نیگەرانییەکانی. دەروونشیکاری جۆرێکە لە جیهانبینی و بەردەوام لە خۆرئاوا ئیشی نوێی لەسەر دەکرێت. مردن بە مانا دیالەکتیکییکەی ئاساییە، بەشێکی شتەکان لەناو کاتدا دەکرن بەڵام مردنی سەرتاپاگیر بۆ ئەم کایانە درووست نیە.

*کۆمەڵگەی کوردی بە حوکمی داخراوی کۆمەڵگەی شتە چەپێنراوەکانە؟ کتێبی نەست چ کۆمەکێکی کۆمەڵگەیەک دەکات کە پڕە لە چەپێنراو؟
-هەموو کۆمەڵگایەک بەشێک چەپێنراوی تیایە بۆ ئەوەی یاسا و کولتوور و پانتایی ڕەمزی و کۆمەڵایەتی درووست ببێت. چەپاندن لەبنەڕەتدا میکانیزمێکی سەرەکیی دەروونییە تاکو مرۆڤ بتوانێت بەشی خۆی بەرگەی دونیا بگرێت و پاشانیش مرۆڤەکان بتوانن پێکەوە بژین. ئەو چەپاندنەی ئێوە باسی دەکەن، چەپاندنێکە کە سەردەکێشێت بۆ نەخۆشکەوتن. بەتایبەت ئەو کاتەی کە بەر دونیای مۆدێرن دەکەوین و ناکۆکییەک لەنێوان تاکی ئێمە و دونیای مۆدێرندا درووستدەبێت. ئەم تاکە، بەپێی پێویست دونیای نوێ ئەزموونناکات و ئەزمووننەکردنەکە ناودەنێین چەپاندن. نەست گەر بە مانا فرۆیدییەکەی وەریگرین، ئەوا بەشێک لە شەڕەنگێزی و فاشیزمی کەلتوری و سیاسیی ئێمە بۆ چەپێنراوەکان دەگەڕێتەوە. شەڕەنگێزییەکە زۆرجار خودی چەپێنراوەکانە و دێنەگۆ. بەڵام ئەمە ئاستە زۆر سادەکەی ئیشکردنی نەستە. تۆ کۆمەڵگایەکی چەندە پێشکەوتووشت هەبێت بە مانا باوەکەی، ئەوا هێشتا کێشەی نەست کۆتایینایەت. نەست زەروورەتێکی شارستانی و مرۆییە. نەست پێویستی بە شێوازی مامەڵەکردنە. ڕەنگە لە ئاستی کۆدا پێویستی بە کۆمەڵگایەکی لانیکەم عەقڵانی و دادپەروەر تا کەمترین زیان بۆ سەر ئیگۆی کەسەکان و دەروونی کەسەکان درووست ببێت. ئێمە دەبێت لەڕێی کۆمەڵگەوە بێت یان تاک، شتانێک بچەپێنین کە هەڕەشەی گەورە بووبن بۆ سەر دەروونمان. ئەمەش بەپێی سەردەم و سیاقەکان دیاریدەکرێت. لەمڕۆدا بەگشتی فشار و زیان بۆ سەر ئیگۆی مرۆڤەکان زۆرە، کە جۆرێک لە ناجێگیریی زیاتری درووستکردووە بەراورد بە ڕۆژگاری کۆنتر. دیارە کتێبێک بەتەنیا ناتوانێت شتی گەورە بکات، بۆیە ڕەنگە جارێ پێویستبکات لە چەمکەکان تێبگەین و بزانین چۆن ئیشدەکەن. ڕاکردن لە ئاڵۆزی و تیۆر خۆی پرسێکی نەستەکییە و ڕەنگە بیسەلمێنیت تاکی ئێمە لە کۆنەوە بۆ ئێستا ناتوانێت لە نیگا کۆمەڵایەتییەکە دوورکەوێتەوە و بپەرژێتە سەر خۆی. نەست بەتایبەت لە پێناسە لاکانییەکەیدا، لە کۆمەڵگاوە دەدرێتەوە بە ئێمە. نەست مانایەکی شۆڕشگێڕانەشی هەیە و ئاماژەیە بۆ تێکچوونی ڕیزبەندیی باوی شتەکان.

* فرۆید وەکو یەکێک لە گەورە زانایانی بواری دەروونشیکاری چی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە پێیە؟
-فرۆید و مارکس دوو دالی شووم بوون بۆ خوێنەواری ئێمە. یەکەمیان، ناوێک بووە، کە لەگەڵ سێکسدا هاوشوناسکراوە و دووەمیشیان ناوێکی تر بووە کە خودا ڕەتدەکاتەوە و بە مانا باوەکەی، ئەخلاق ناهێڵێت. لێرەدا ڕۆڵی نەست بە هەند وەردەگرم: وتم بۆ خوێنەوارەکان نەک تەنیا نەخوێنەوار. فرۆید لای ئێمە سەرکوتدەکرێت، چونکە پێمانوابووە دەزانین باسی چی دەکات. بەڵام ئەم سەرکوتە خۆی شتێکی بێگوناهـ نەبووە و پێدەچێت هۆکارەکە ئەوە بێت کە فرۆید خۆی تابۆیەکە بۆ نەستمان و پێشوەخت بێت، یان دواتر تووشی سەرکوتی مەعریفی هاتووە. بە هەند وەرنەگرتنی فرۆید، خۆی سەرکوتکردنی فرۆید بووە و سەرکوتیش مەرامێکی تیایە. مارکسیش بە هەمان شێوە لە نەستماندا ئیشی خۆی کردووە و ئەمەشە وایکردووە فەیلەسوفێکی مۆدێرنی زانستی، وەرگەڕێت بۆ کابرایەک کە دەست و دڵێکی باشی هەیە و هەژاری خۆشدەوێت. ئەی دیوە ئاڵۆزەکەی؟ ڕەنگە بۆ داهاتوو قەدەری ئەوانیتریش بە جۆری تر بکەونەوە. سەیرکە شۆپنهاوەر بەگشتی وەک پیاوێکی خەفەتبار وێنادەکرێت، بەڵام دەرگیری ئەو دیوە ئاڵۆزەی ئەو نابین، کە ئەو دەبەستێت بە فەلسەفەی کانت و چەمکی نۆمینە و هتدەوە. هیچ بیریارێک وەک خۆی ناگاتە شوێنانی تر، بۆیە بەپێی ئەو شوێنە و ئەو سیاقە وێنەیەک وەردەگرێت. لەبنەڕەتدا ئەمە گرفتێکی تیا نییە و شتەکان لە کۆنتێکستی جیاوازدا ڕۆڵی جیاواز دەگێڕن. بەڵام ڕۆڵی بیریارەکان لای ئێمە، ڕۆڵێکی کورتگەرا و سادەکراو بووە. من نامەوێت فرۆید بەتەواوی چارەسەری پێ بێت، خۆشبەختانە بەو مانا باوە کلینیکی و دۆعانووسە چارەشی پێ نیە. گەرچی هاوکات کتێبی وانەکانی ژیانی ئەویش بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەم وانانە پتر بۆ ئەوەن ڕووبەڕووی تراوماکانت ببیتەوە، نەک ساڕێژیان بکەیت. بەهەرحاڵ هیوامە فرۆید تیۆر و ئاڵۆزیی پێ بێت، ئەویش لەکاتێکدا کە ماشێنێکی گەورەی سادەکردنەوە ئیشدەکات. من نەمویستووە فرۆید بناسێنم، بەڵکو هیوام خواستووە وێنە باوەکەی تێکچێت و سیما نامۆکەی دەرکەوێت.

© 2017 Hawler