ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پاڵەوان لە رۆمانی شەوانی ئادەمدا

شەوانی ئادەم، ڕۆمانێکی خاتوو "بەیان سەلمان"ـە و چەند ساڵێک لەمەبەر لە ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە کارکردنە لەسەر تراژیدیا و کاریگەریی لەسەر تاک، لەنێویشدا تراژیدیای ئەنفال کراوەتە سەنتەری ڕووداوەکان سەرزەمینی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە کاتی تراژیدیاکان نییە، بەڵکو پاش تراژیدیاکانە، ئەوکاتەی تراژیدیاکە کۆتایی هاتووە و مرۆڤەکان هێشتا لەنێو گەرد و تەپوتۆزی تراژیاکەدا ون بوون، یان خۆیان ون کردووە. ئەم ڕۆمانە ئەو چرکەساتە دەنووسێتەوە، کە مرۆڤ لەنێوان تراژیدیای و دوای تراژیدیادا گیری خواردووە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان ون بووە. نووسەر ئەم ونبوونە دەنووسێتەوە، کە لە ڕێی نووسینەوەی حیکایەتی ئەم فیگەرانەوە دەیەوێت بڵێت کاتێک مرۆڤەکان وا هەست دەکەن تراژیدیا کۆتایی هاتووە و شەڕ و کوشتار وەستاوە، ئەوە کۆتایی هاتنی یەکجارەکی نییە، چونکە ئاسەواری نەرێنی ئەو تراژیدیایە هێشتا لە دەروونی مرۆڤەکاندا نەسڕاوەتەوە و بەردەوامی هەیە.

لەم نووسینە کورتەدا ئێمە تەنها سەرنجمان لەسەر پاڵەوانە لە رۆمانەکەدا، نامانەوێت باس لە چەمکی پاڵەوان بکەین بە شێوەیەکی تیۆری، چونکە لێرەدا بواری ئەوە نییە.
سەرەتا و بەر لە هەرشتێک ئەگەر سەرنج لە ناونیشانی ڕۆمانی "شەوانی ئادەم" بدەین، دەبینین "ئادەم" وەکو سەنتەر و لە ناونیشانی ڕۆمانەکەدا زەق کراوەتەوە. بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، هەست بەو سەنتەرییەی ئادەم ناکەین، بەڵکو بەر شتێکی دیکە دەکەوین، کە جیاوازە لەوەی ناونیشانی ڕۆمانەکە پێماندەڵێت، یان با بڵێین فریومان دەدات. ئەو شتەش ئەوەیە کاتێک دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە دادەخەین لە خۆمان دەپرسین کێ پاڵەوانە؟
ئەگەرچی "ئادەم" وەکو فیگۆری سەرەکی، یان لە هەندێک جێگەدا وەکو فیگۆری سەرەکی دەردەکەوێت و نووسەریش (وەک لە ناونیشانەکەدا زەقی کردووەتەوە) دەیەوێت وەکو فیگۆری سەرەکی بیناسێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەست بەوە دەکرێت کە تێکستەکە، ڕۆمانێکە دژ بە پاڵەوان و دەشێ ئەم رۆحیەتەشی لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەوە وەرگرتبێت، چونکە ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، لە هەوڵی تێکشکاندنی سەنترالیزمدایە، واتە ناوەندگەرایی بە هەموو شێوەکانییەوە تێکدەشکێنێت بە پاڵەوانیشەوە. هەر بۆیە کاراکتەری لاوەکی و کاراکتەری سەرەکی هەمان ئەو مانایەیان نییە، کە پێشووتر هەیانبووە. هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەی بنیاتی ئاسایی کاراکتەر تایبەتمەندی ئەدەبی پۆستمۆدێرنە و دەشێ ئەم نووسەرەش بە ئیلهام وەرگرتن لە پۆستمۆدێرنەکان ئەم خاڵەی بەکارهێنابێت، بەڵام ئایا ناشێت نووسەر بەهانەیەکی دیکەشی هەبێت، کە ئەویش ئەوەیە، کە لە دوای تراژیدیاکان پاڵەوان بوونی نییە؟
بەدەر لەوەی کە نووسەر خۆی ئاگادارییەکی تەواوەتی لە تیۆرەکانی گێڕانەوە هەیە و خۆیشی دانیشتووی وڵاتێکە کە شەپۆلی نوێی ڕۆمانی فەڕەنسی لەوێوە سەری هەڵداوە و هەر ئەوانیش بە سەرمەشقەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن دەژمێردرێن، بۆیە ئاساییە کە گەمەی بە لە پاڵەوانخستنی پاڵەوانەی ڕۆمانەکە کردبێت، بەڵام لێرەدا پرسیارێکی دیکە سەر هەڵدەدات. بۆچی لە ناونیشانی ڕۆمانەکەدا ناوی "ئادەم" وەکو پاڵەوانی ڕۆمانەکە زەق بووتەوە. نووسەر بەم هەنگاوە دەشێ بیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەو هێشتا پێیەکی لە ناو کلاسیکیاتی گێڕانەوەدایە، کە لە کلاسیکیاتی ڕۆماندا باوبوو کە ناوی کاراکتەری سەرەکی لە ڕۆمان بنرێت، دەتوانین ژمارەیەکی زۆر ڕۆمانی ناودار ڕیز بکەین وەکو "دۆن کیشۆت، گەشتەکەی گەلیڤەر، مادام بۆڤاری، ئانا کارنیکا....هتد "، کە هەموو ئەمانە ناوی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە لە ناونیشانەکەیاندا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم نووسەرە مەبەستێتی لەبەر پیشاندانی قووڵایی تراژیدیاکە گەمەیەک لەگەڵ خوێنەر بکات، گەمەی ئەوەی وا بزانێت لە ڕۆمانەکەدا پاڵەوانێک هەیە. بەڵام لە دوای خوێندنەوەی 572 لاپەڕە خوێنەر هەست بەوە دەکات کە لە سەردەمی تراژیدیاکاندا هەموان قوربانین و کەس پاڵەوان نییە، بۆیە ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێکە پاڵەوان تێیدا ونە، یان دروستتر بڵێم دژ بە پاڵەوانی تەقلیدییە.  
بێگومان دەکرێت شیکاری زیاتر بۆ چەمکی پاڵەوان و پێگەی سەرجەم کاراکتەرەکانی نێو ئەم رۆمانە بکرێت. بەڵام لێرەدا ئێمە تەنها مەبەستمان لەو دیدە بوو کە لە سەردەمی تراژیدیاکاندا کەس پاڵەوان نییە و نووسەر بە وردەکاریی و ئاگاییەکی زۆرەوە کاری لەسەر ئەمە کردووە و جێگەی دەستخۆشییە.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی