ئەیلول 19, 2018

هەموو شەوێك عەلی چوارچێوەی وێنەكەی جێدەهێڵێ

چل ڕۆژ زیاترە لەم دنیایە پایدۆزی كردووە، بەڵام بۆتە بابەتی بێهاوتای هەموو چركەسات و كاتژمێر و شەو و ڕۆژەكان، تەنانەت كە تەلەفۆنێكیشم بۆ دێت، هەر لە دەستپێكەوە قسە و باس بادەداتەوە سەر ئەو و مەینەتییە بێدواییەكانی. دەتوانم بڵێم مەینەتییەكانی ئەو هاوكات مەینەتی عاشقێك و دوژمنێكیش بوو، چونكە ئەوەی وای لێكرد هەموو شەوێك، درەنگوەخت، كاتێك تاریكیی بەتڵەكانی خۆی دەكات بە كلیلی پیانۆیەكی كۆن و سیمفۆنیای بێدەنگیی لێدەدات، چوارچێوەی وێنەكەی خۆی بەجێ بهێڵێ و لە تەنیشت جێ بالینگەكەمەوە بۆنی ژەنگ هەڵهێنانی خۆیم بەسەردا هەڵوەرێنێ و یەك یەك ساڵنامەی دوورودرێژی ئازارەكانی هەڵبداتەوە، وەكو داهۆڵێكی شڕپۆش و ناڕێكیش مەلی وردیلەی وەنەوزەكانم بتارێنێ و جڵەوی ئەسپە كێوییەكانی خەم و پەژارەم بەرهەڵدای دەشتاییە كاكی بەكاكییەكانی ناوەوەم بكات و كارێكی وا ئەنجام بدات كە لە درەنگانی شەودا كانیاوی كوڕژنەكان لە چاوەكانمدا بتەقنەوە و بۆم ببێتە ئەو گێڕەرەوەیەی كە لە ڕاستییدا جاران زمانی ناپاكیی لێ دەكرد و هەرگیز متۆ و هۆگری قسە ڕووتەكانی نەدەبووم، لەبەر ئەوەی جاران هەر شتێكی بگێڕابایەتەوە سەرچیغی بە بابەتەكەی دەكرد و دەیهێنایە سەر نوكتەگەلێكی ئەوتۆ كە من بە هیچ كلۆجێك كەیفم پیێان نەدەهات. بەڵێ ناپاكیی ژەنگی پێ هەڵهێنا و بوو بە گێڕەرەوەیەكی چاو و دلأ و دەروون توێنەرەوە. ئەو بۆڤاری ناو ڕۆمانەكەی فلۆبێر نەبوو، بەڵام بۆڤاری ئاسا بە بێئەوەی پێ بزانێ كڵاوێكی قۆچداری لەسەر نرابوو. هەر ئەوەیش بەو ئاكامەی گەیاند و لە كەسێكەوە كە هەرگیز زاری بەوە هەڵنەدەهێنا باسی خەم و ئازارەكانی خۆی بكات، بوو بەو بوونەوەرە هەڵەوەڕەی لە سەربردەی ئا ئەو دڕندە جوانە چاو شەیتانییە بەولاوە، كە بیست و دوو ساڵی ژیانی لە پاڵیدا بوارد و نەبوو بەو خەڵقەندەیەی هەموو ئومێدێكی ئەو، ئەوە بوو تۆزێك، تەنها تۆزێك لیزگی خۆشنوودیی بەسەر تاریكاییەكانی زیندەگییەكەی و ماندوێتی ڕەنجە بەردەوامەكانیدا بدرەوشێنێتەوە..
لە ڕاستیشدا ئەوەی ڕووینەدا و ئەوەی ڕوویشیدا، شتێك نەبوو من چاوەڕوانم نەكردبێ. بەڵكو هەموو شتێك وەكو دەركەوتنی دیاردە سروشتییەكان ڕوون و ئاشكرا بوو. بەڵام ئەوەی منی ڕاپێچایە ناو ئەم كەینوبەینە مسیبەت ئامێز و فەلاكەتبارە و وەنەوزەكانمی گۆشاوگۆش سەربڕی ئەو ڕاسپاردەیە بوو كە كچە ورد و خنجیلەكەم دوای تازییەكە بە چەند ڕۆژێك گوێم لێبوو بە پووری دەگوت، منیش دزدەكییانە لكێكیم لێ قۆزتەوە و بێ ئەوەی خولیای ئەوە بم گوێ بۆ هیچ گفتوگۆیەك شل بكەم، ناواخنم بوو بە گۆڕەپانی جەنگێكی ئەوتۆ كە ملیۆنەها بۆمبای بێ ئامان تیایدا كۆتاییان بە تەواوی سرەوت و داسوكنانەكانی ناوەوەم هێنا و ئالوودەی وێرانییەكی كاكی بە كاكییان كرد. ڕەنگە بۆ زۆر كەس دەستەواژە و ڕستەیەكی تراژیدی لە وێنەی:"وەسیەتی بۆ كردم و وتی ئەگەر شووت كرد ڕاستگۆ بەو قەت قەت بەڵای وا بەسەر مێردەكەت مەهێنە، قەت قەت غەدری واش لە كەس مەكە"شتێكی بێبەها و كەمبایەخ بێت، بەڵام بۆ من بوو بە دەستپێكی تێكدانی هەموو هاوسەنگییەكانی ناوەوەم. ئیدی ئەو نیومشتە پیتە پێكەوە لكاوەی شەباقەیان خستە ناوجەرگەی زەمەنێكەوە و بوو بەو ڕستە پڕ زایەڵەیەی ختووكەی شەونخوونییەكانی دام و بووە مایەی ئەوەی ئەو دوو وێنەیەی گەورە بكەمەوە كە لە یەكێكیاندا هەر دەتگوت ئەلەن دیلۆنی ئەكتەری فەڕەنسیی بەناوبانگە و لەوی تریشیاندا دەقاودەق تۆفیق ئەلدەقنی ئەكتەری میسری دەموسیما شەڕانیی و نەگریس لە چاویدا خوشكی خۆی حەیرانی دەبوو! چونكە بەدگۆڕانەكەی سێبەری لەسەر ترۆپكێكی بێپایاندا دەبینرا. بۆیە دەڵێم بەدگۆڕان، لەبەر ئەوەی دوا وێنەی هیچ هاوبەشییەكی تەنانەت دووریشی لەگەلأ وێنەكانی پێشوویدا دەستەبەر نەدەكرد، تا ئەو ڕادەیەی ببوو بە دوو كەسی ئاسمان و ڕێسمان لێك جیاواز و لە مرۆڤ بوون بەولاوە هیچ شتێك نەیدەگێڕانەوە سەر یەك سەرچاوە.
هەر یەكەم شەو، كە چوارچێوەكەی خۆی بەجێهێشت و هاتە خوارەوە، بە دەم خەواڵووییەوە زۆر بە وردیی دیقەتم دا، ئەمە ئەو بەدگۆڕاوە نییە كە لە وێنەی دووەمدایە، بەڵكو ئەمە ئەوی دییە. ڕێك وەكو ئەو ڕۆژانەی پێكەوە دادەنیشتین و دەمەتەقێمان دەكرد، دەمودەست لێم كرد بە سوعبەت:"ئەرێ پێم ناڵێی تۆ فاڵچیت، یان جنۆكەیت؟" ئەویش وەك خووخدەی جارانی، ئۆفێكی درێژخایەنی بۆ دەرپەڕاند و وەك بڵێی تاڵترین پێك هەڵبقووڕێنێ وتی:"بۆ؟"منیش وتم:"چونكە زۆر دەمێكە ئەم شێوەیەت ماڵئاوایی لێكردوویت ". وەك جاری جاران نەیكردە گەڕەلاوژە، قورسایی خەمێكی دیودەر لە چاوەكانی درەوشانەوە، نیگا گازاندەبارەكانی كرد بە گژما و وتی:"من هەمیشە هەر وەك خۆم بوومە، بەڵام ئێوە منتان بە دەعەجاوی بینیووە و وەكو دەعبا تەماشاتان كردووم..."ئیتر تەریق بوومەوە، سوعبەتم بیر چووەوە و بوومە گوێگرێك بۆ ئەو گێڕەرەوە بەهرەمەندە شەهرەزادئاسایەی لەبریی سەدان حیكایەت تەنها حیكایەتێكی هەبوو، بەڵام بە سەدان شێوە بە"من خێرم لە ژیانی خۆم نەبینی" دەستی بە هەڵڕشتنی دەكرد و كاتێكیش بۆ ناو تانوپۆی چوارچێوەكەی خۆی دەگەڕایەوە، شەو لەتاریكیی، گوێ لە گوێگرتن، چاو لە تەماشا و زمانیش لە گۆكردن وەڕز دەبوون و ئەویش لە پێشوو دڵشكاوانەتر چاوە دەرپۆقیووەكانی دەبڕییە بەتاڵییەكەی بەردەمی و بێدەنگییەكی پرسەبارانە لە خۆیەوەی دەپێچا.
هەموو شەوێك كە دەهاتە تەنیشتم، گەرچی ئەو پێی وابوو من حەوزەمانە خەوتووم، بەڵام بۆنی ئارەقەی كەسكوونی سەرە كەچەڵەكەی هێڕی دەكردم و تابڵێی پێی قەڵس دەبووم. ئیتر بە تووڕەییەكی میهرەبانانە دەنگی لێ هەڵدەبڕی:"ئێ دە هەستە، دە هەستە عومەر موختار، دەهەستە هەی لە...نەختێ قسەی خۆشم بۆ بكە"گەرچی وای دەگوت و مرخی لەوە خۆش بوو كە وەكو جاران كاتێ سەرخۆش دەبووم نوكتە و قسەی قوت و نەستەقی بۆ بكەم، كەچی خۆی وەكو لە داردراوێك دەكەوتە چەنەلێدان و هەڵڕشتنی نەهامەتیی و مەینەتییەكانی ئەم دوا دوایییەی و دەیگوت: من باسی ئەو هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵانە ناكەم كە ئەو وەكو تێزاب كردوونی بە گەروومدا و پێم نەزانیووە، من باسی ئەو شتانە ناكەم كە كردوونی و من لێیان بێئاگا بوومە، من باسی ئەو ڕۆژە دەكەم، تەنها ئەو ڕۆژە..ئەو ڕۆژەی پیاوێكم بە تەكسییەكەم هەڵگرت و وتی: بمبە بۆ گەڕەكی حەمام عەلی بەگ..ئیتر هەر كە دابەزی، بە ڕێكەوت، تەنها بە ڕێكەوت ئەوم بینیی خۆی بە ماڵە بەدناوەكەی ئوم مەجیددا كرد، پیاوەكەیش، سەراسۆیەكی بۆ كرد و ئەویش خۆی پیادا كرد. ئەو هەموو ساڵە!...ئەو هەموو ساڵە من لە پالأ...یەكدا ڕۆژم كردبووەوە و نەمزانیبوو. ئاخ خ خ..كە ڕۆیشتمەوە ماڵێ، پێم وت: لەو ماڵە بەدناوە چ ئیشێكت هەبوو؟ وتی: چووم دەموچاوم هەڵبگرم. ئاخر من دەمزانی دەموچاو هەڵگر لەو ماڵەدا هیچ بوونێكی نییە، دوایی، سوور ئەوەشم دەزانی چەند ڕۆژێك لەوەوبەر ئەڵماسی خوشكم هاتبوو بۆ لامان و دەموچاوی پاك كردبۆوە. ئوم مەجیدیش مەدام بوو، عومەر موختار ئەمەندە ڕاتكردووە خۆ پێویستت بەوە نییە پێناسەی مەدامت بۆ بكەم و پێت بڵێم یانی چی! بەڵێ..لەو ساتە بەدواوە دڵم بوو بە گۆڕی هەموو ئەو ڕۆژانەی لە ماڵەوە دەمایەوە و سەریشم بوو بە دڕكستانی ئەو پێنجشەم و هەینییانەی بۆ ماڵی دایكی دەمبرد و وامدەزانی لەوێ دەمێنێتەوە، كەچی. تومەز بەشێكی ئەو وەختە لە خانووی ژمارە...ی گەڕەكەكەی حەمام عەلی بەگدا بەسەر دەبات..
ئەو ئێوارەیە، ماندوێتییەكی ڕۆحییانە سەردانیی كردم و ئیتر دەرگای ئەو ماڵەم بەدوای خۆمدا خڕداخست و جارێكی دی دەستم بەو وایەرە نەكەوتەوە كە لە سورگییەكە بەستبووم و ڕامكێشابووە دەرەوە تاكو ئەزیەتی كەس نەدەم دەرگام لێبكاتەوە. چی بڵێم؟ باسی تەمەنێك فریوو خواردن ناكەم، باسی وێڵبوونی سەرجادەكان ناكەم، باسی ئەو هەموو ئەلكۆڵە ناكەم كە بە سكی بەتالأ ئاودیوم كردووە، باسی ئەو نیمچە شێتییەیش ناكەم كە دەستی لێ وەشاندم، باسی ئەو میز بە خۆدا كردن و...یش ناكەم كە تەنانەت نزیكترین كەسیشیان لێ دوور خستمەوە، تەنها باسی ئەوە دەكەم چۆن كاتێ لە لای دووكانەكەی نوورە قەسساب ڕاوەستام، نوورە و موحی شەشتەڵاق منیان لەناو ترومبێلە بەرازیلییەكەمدا بینی سەرم وەكو شەقشەقەی لێهاتووە و وەكو ماسیی ناو تۆڕ پەلەقاژەمە، ئیتر بە پەلەپڕووزێ بۆ نەخۆشخانەی كۆماریی فڕاندیانم و لەوێ..لەوێ دڵم بۆ هەتاهەتایە كۆڵی دا...كۆڵی دا و بیست خولەك كارەبایان لە سنگم دا كەچی من جارێكی تر نەهاتمەوە ئەم دنیایە...نوورە قەسساب ڕاستی دەكرد، بیرمە كە جوانەگا قوربانییەكەی بۆ دایكم سەربڕی پێی وتم: دەبینی چاوەكانی چۆن دەجووڵێنەوە، ئێستا ئاگای لە دەوروبەری خۆی هەیە. مێردمنداڵیش بووم، كە لە ڕەشەی موزەمید بیستم كاتێ ڕۆحلەبەرێك دەمرێت، مێشكی بۆ شەست چركە زیندوو دەمێنێتەوە و ئاگای لە هەموو ئەو كەینوبەینەیە لە دەوراندەوریدا ڕوودەدەن، كە بە گوێرەی منیش هەموو شتێك كۆتایی هات، گوێم لێبوو نوورە قەسساب بە ئەڵماسی خوشكمی وت: تازە تەواو..عەلیمان لە دەست دا. ئیتر دایە كوڵی گریان و منیش فرمانم بە پێڵووەكانم دا دانەهێزرێن و هەروا بە داپچڕاوی بمێننەوە، هەرچی چەنێك تەقەللایاندا چاوەكانم دانەخران و دانەخران. ئینجا گوێم لە موحی شەشتەڵاق بوو گوتی: هەبێ و نەبێ چاوەڕێی عومەر موختارە، ئاخر بێڕادە عومەر موختاری خۆشدەویست و هەمیشە دەیووت: عومەر موختار زاوام نییە نا، برامە برا..لێرە بوایە بەو پەنجە وەستایانەی كە زەڵاتەی نایابی بۆی دەكرد، دەیتوانی ئەو یاخی بوونەی پێڵووەكانی دەستەمۆ بكات و بەیەكجاریی دایبخات. ئیتر هەروا منیان برد و ڕێوڕەسمی دەركردنم لەم دنیا كاتییە دەستی پێكرد و بە چاوكراوەیی كەوتمە ژێر گڵكۆوە..ئەو خولەكەی پێش مردنی مێشك نەگەیشتمە فریای هیچ شتێك..تەنها بیرم لای ئەو پرسیارە بوو ئاخۆ كێ تۆڵەم بستێنێتەوە و..ئیدی بەلەز بەخۆم وت: تەمەنێك بەشی ئەوەی نەكرد تۆڵەی زۆر شت بكەمەوە، ئێستا خولەكێك..ئیدی نەمتوانی تەواوی بكەم و بڵێم بەشی چی دەكات و هەموو شتێك كۆتایی هات.
ئەو بەرەبەیانە دوای ئەوەی بێدەنگییەكی مەنگ و ویقارئامێز قەڵەمڕەوی خۆی بەسەرمدا ڕاگەیاند، دیسان خەڵتانی لافاوی گریانێكی بێئامان بووم، هەستم كرد میوەی بڕیارێكی ڕاستەقینە لە ناخمدا پێگەیشت و بە شێتگیرییەكی بێ پێشینە ویقاری بێدەنگییەكەم شێلو كرد و پێم گوت: عەلی گیان تۆ چیتر خەوەكەی خۆت مەزڕێنە، با هیچ نەبێ لەوێ ئاسوودە بیت و چوارچێوەكەشت بەجێ مەهێڵە، خاترجەمبە هێندە نابات لە گۆشەی زیندانێكدا پشت بە دیوارێكەوە دەدەم و بیر لە دنیایەك دەكەمەوە كە چیدی ئەو دڕندە جوانە چاو شەیتانییە هەناسەی تێدا نادات.       
ئۆگستۆسی2017: هەولێر

 

      ئەدیب نادر


© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.