کانونی دووەم 29, 2020

دووەم ڕۆمانی میران ئەبراهام بە کوردی بڵاوکرایەوە

ئارام کۆشکی

 

نیشتمانی سارا، ناونیشانی دووەم ڕۆمانی نووسەر و وەرگێڕ میران ئەبراهام، لە ماوەی ڕابردوودا لە ناوەندی ئەندێشە بە کوردی بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە کارکردنە لەسەر تێمەیەکی سەرنجڕاکێش و گرنگ، ئەویش تێمەی پێکەوە ژیان و پێکەوە گونجاندنە. رۆمانەکە پەیامی ئەوە بە خوێنەر دەدات کە ئەو نیشتمانەی لەسەری دەژین تەنها موڵکی ئایین و نەتەوە و ڕەگەزێکی دیاریکراو نییە. بەڵکو لانەی هەموو ئەوانەیە کە تێیدا هەناسە دەدەن و ڕۆحیان تێیدا سەوز بووە. بەواتایەكی دیکە نیشتمانی سارا،  دایك دەگەیەنێت و نووسەر دەیەوێت لەم رۆمانەوە مێژووی كوردستان بە گشتی و بەتایبەتی شاری سلێمانی بەتایبەتی بنووسێتەوە، كە پێمان دەڵێت ئایین رەگەزنامە نییە.

میران ئەبراهام نوسەری رۆمانی "نیشتمانی سارا" دەڵێت "من وەكو نووسەرێك باوەڕم بەوە هەیە كە رۆمانێك دەتوانێت كولتوور و زمانی نەتەوەیەك نەك هەر دەوڵەمەند بكات، بەڵكو ڕێكیشی بخات، بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد، چونكە دابڕانێكی مەترسیدار لەنێوان كەمە نەتەوایە‌تییەكاندا هەیە، كە لە ڕابردوودا زۆر لە ئێستا باشتربووە. كە لەم ڕۆمانەدا كەسایەتییەكانی ئەوسا بە دەنگی خۆیان دەماندوێنن و چیرۆكی خۆیانمان بۆ ئەگێڕنەوە، جیاواز لەو كتێبانەی كە مێژوویین، نیشتمانی سارا ڕۆمانە و دیمەن و كەسایەتییەكان رەنگ كراون، ڕۆحیان تێدایە".

نیشتمانی سارا رۆمانی دووەمی نووسەر و وەرگێڕ میران ئەبراهامە و پێشتر رۆمانی شەوگەڕەكان بڵاوکرایەوە، بەڵام پێشوازییەکی زۆری لێ کرا و ئێستا هاوکات لەگەڵ ئەم رۆمانەدا چاپی دووەمی بڵاوکراوەتەوە و ئێستا لە کتیبفرۆشییەکاندا بەردەستن.

میران ئەبراهام، نووسەری کوردی خەڵکی شاری سلێمانییە و لە هۆڵەندە دەژی و بە هەردوو زمانی کوردی و هۆڵەندی دەنووسێت و بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.

© 2017 Hawler