ئەیلول 29, 2020

نووسەرى باش کەسێکە کە لە وشەى دووبارە نەترسێت

وەرگێڕانى شۆڕش غەفوورى

 

ماڵپەڕى لیت هاب بە گفتوگۆ و میتینگ و وتاردانەکانى نووسەرى گەورەى ژاپۆنى هارۆکى مۆرکامیدا چووەتەوە و هەندێک تایبەتمەندى و ڕاسپاردەى دەستنیشان کردوون کە بۆ نووسەران زۆر گرنگن. ئەم نووسەرە بۆ لیت هاب زۆر گرنگە، چونکە ڕۆمانەکانى بۆ سەر ٥٠ زمانى زیندووى دونیا وەرگێڕدراون و بە ملیۆنان دانەى لێ فرۆشراوە و هەتا دێت زیاتریش دەبێت. هەرچەندە نووسینەکانى لە لایەن پسپۆڕانى ئەدەبی وڵاتەکەیەوە بە ناژاپۆنى تاوانبار دەکرێت، بەڵام خۆى بڕواى وایە کە نووسین بە هەر زمانێک بێت بەهادارە. ئەو لە نێو وتار و گفتوگۆکانیدا هەندێک ڕاسپاردەى بۆ نووسەرانى لاو هەیە کە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە گرنگییەوە بڵاوى دەکەنەوە. ماڵپەری لیت هابیش هەندێک کۆکردوونەتەوە کە لە خوارەوە دەیانخوێننەوە:

 

بخوێننەوە:

من پێم وایە یەکەم ئەرکى هەر ڕۆمانووسێک ئەوەیە کە ڕۆمانى نووسەرانى دیکە بخوێنێتەوە. بەداخەوەم کە ئەمە دەڵێم کە بۆ نووسینى ڕۆمانێک پێویستمان بە هیچ فێرکارییەک نییە. تەنیا هێندە بەسە کە سەیر بکەین و بتوانین ئەنجامى ئەم تێڕوانین و سەیرکردنانەمان بخەینە سەر کاغەز؟

 

لە وشەى دووبارە مەترسن:

نووسەران پێیان وایە ئەگەر لە لاپەڕە جیاوازەکانى کتێبەکەیاندا سوود لە وشەى دووبارە وەربگرن، ئەوا کەسانى دیکە بە نەخوێنەوار هەژماریان دەکەن، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم بەم شێوەیە نییە. نووسەرى باش کەسێکە کە بتوانێت زۆر بە باشى سوود لە وشەى دووبارە وەربگرێت. من هاوڕێیەکى پیانیستم هەیە. ئەو دەڵێت کاتێک سەیرى دوگمەکانى پیاونۆکە دەکەم هەموویان لێک دەچن، بەڵام بێ کۆتا و فراوان دەکرێت سوود لەم دوگمانە وەربگرین و ئاوازێکى نوێ دابهێنرێت. وشەکانیش هەروەک ئەم دووگمانەى پیانۆ وان. دەبێـ بتوانین لەم وشە دووبارەبووانە ڕستەى نوێ و کاریگەر دروست بکەین.

 

خۆتان ساغ بکەنەوە:

دەبێت هەر لە سەرەتاوە دیارى بکەن کە بۆ خوێنەرى چ جۆرە چیرۆکێک دەنووسن. واتە ژانرى چیرکەکە دیارى بکەن و لەسەر ڕەوتێکى گونجاو درێژە بە چیرۆکەکە بدەن. بە واتایەکى دیکە کاتێک چیرۆکێکى تاوانکارى دەنووسن، سوود لە وشەگەلێک وەرمەگرن کە بە گشتى لە ڕۆمانە عاشقانەکان بەکار دەبرێن.

 

هاوبەشى بە خەیاڵەکانتان بکەن:

خەیاڵ گرنگترین ئەرک و بەرپرسیاریەتى سەرەکى ڕۆماننووسە. هەوڵ بدەن ئەم خەیاڵ و ڕوئیایانەیان لەگەڵ زەینى خوێنەر هاوبەشى پێ بکەن و ئەم چێژەى پێ ببەخشن. هەموو کەسێک ناتوانێت خەیاڵاوى بێت، بەڵام تەنیا نووسەرە لێزانەکانن کە تواناى ئەوەیان هەیە ئەم خەیاڵانەیان لەگەڵ کەسانى دیکە هاوبەشى پێ بکەن.

 

دووبارەکردنەوە هاوکارە:

کاتێک دەمهەوێت ڕۆمانێک بنووسم، بەیانى کاتژمێر چوار لەخەو هەڵدەستم و ڕۆژى پێنج یا شەش سەعات دەنووسم. واتە بۆ نووسین دەبێت بە دڵ و گیانەوە بە کاغەز و قەڵەمەوە بنووسێن. هەموو ڕۆژێک چەندین کارى هەرڕۆژەیی ئەنجام دەدەم و لەم دووبارەبوونەوەیە ناترسم، چونکە خووم بە نووسینەوە گرتووەو هەر ئەمەش هاوکار و یارمەتیدەرمە.

 

لەسەر شتێک وردبننەوە:

کاتى نووسینى چیرۆکێک نابێت لەسەر پرس و بابەتى جیاواز کار بکەن. هەمیشە هەوڵ بدەن لەسەر یەک شت ورد ببنەوە و کار بکەن و چیرۆکەکەتان لە دەوروبەرى ئەو شتە بسووڕێتەوە. وردبوونەوە یەکێک لە لێزانى و توانا گرنگەکانە کە بەرەبەرە دەگاتە نێو دەستى نووسەرانەوە.

 

تەماشاى دونیاکەتان بکەن:

بینین، تەماشاکردنى دەوروبەر نییە. بەڵکو بینەرى ڕاستەقینە، ئیحساسات و فەرهەنگى خەڵکى دەوروبەرى خۆى درک پێ دەکات. چیرۆکیان لێوە دروست دەکات و بۆ کەسانى دیکەیان دەگێڕێتەوە. هەرگیز دەرەنجام لە ئیحساساتى کەسەوە وەرناگرێت چونکە ئەو شتەى گرنگە پێناسکردنى هەڵکەوتەکانە بێ قەزاوەتکردن. ئەو شتەى کە جوان بێت، ئەوەیە کە نووسەر تەنیا سەیر بکات و جوانییەکان بخاتە سەر کاغەز.

© 2017 Hawler