تەمموز 14, 2020

وانەکانی سەرکەوتن چیرۆکەکانی دروستکردن و پێشکەوتن

یەکێک لەو شتانەی بۆ من جێگەی سەرسوڕمانە، چیرۆکەکانی دروستکردن و پێشکەوتن و وڵاتێکی وەکو ئیماراتە، کە لە ماوەی کەمتر لە پەنجا ساڵدا بووە یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی دیارترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و هێڵی گواستنەوە و بەرزترین باڵەخانەی جیهان و ناوازەترین پارک و زۆر شتی دیکە. ساڵانێکە لە دوورەوە چاودێری پێشکەوتنەکانی ئەم وڵاتە دەکەم. ئەگەرچی تا ئێستا لە نزیکەوە ئەم وڵاتەم نەبینیوە، بەڵام بینینی ئەم وڵاتە و ئەو پێشکەوتنانەی بەتایبەت لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا بەدەستی هێناون، گەلێک جێگەی سەرنجن. هەر ئەمەش وایکردووە بەردەوام چاوم لەسەری بێت و ناوە ناوە بەرنامەی تایبەت لەبارەیەوە سەیر بکەم.

لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا کتێبی "چیرۆکی من"ی محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوومم خوێندنەوە، کە 50 چیرۆکی لە خۆگرتووە و بەناوی چیرۆکی سەرکەوتنەوە، کە ئەم پیاوە یەکێکە لە بونیادنەرانی ئەم وڵاتە و خۆی باوکی لە ڕیزی ئەو کەسانەدان کە بە کۆششی ئەوان، ئیمارات بووەتە ئەو ئیماراتەی ئێستا و دوبەی بووەتە نیۆرکی بچووککراوە. ئەم کتێبە گەرمیان محەمەد کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 429 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کۆی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە باسکردنە لە بونیادنانی وڵاتی ئیمارات و گەشەسەندن و سەرکەوتنی ئەو وڵاتە لەنێو ئەو هەموو ئاڵۆزی و نائارامییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. بەڵام ئەم وڵاتە ساڵ لە دوای ساڵ هەر لە پێشکەوتن نەوەستاوە.
چیرۆکەکانی ئەم کتێبە، چیرۆکی ئەو وڵاتەیە کە لەسەرزەمینێکی ڕووتەن و لە بیابانێکی کاکی بە کاکیدا وڵاتێکیان چێ کردووە، کە ئێستا هەموو جیهان چاوی لەسەریەتی و ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار لە هەموو لایەکی جیهانەوە سەردانی دەکەن. چیرۆکی ئەم سەرکەوتنە لە کارکردن و ئیرادە و بڕواوە سەرچاوەی گرتووە، کە بنەماڵەی ئال مەکتووم بڕوا و ئیرادەیان بەوە هەبووە، کە ئەو حەوت هۆزەی لەو ناوچەیە بوون ڕێکبخەن و دواجار دەست بە دەوڵەتداری بکەن. وەک لەم چیرۆکانەدا دەردەکەوێت، کە کۆی چیرۆکەکان بیرەوەرییەکانی محەمەد بن ڕاشدن. باس لەو هەوڵ و تەقەلا بەردەوامانە دەکەن کە ئال مەکتوومییەکان داویانە بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەو گەلەی زۆربەی نەخوێندەواربووە و لە گەلێکی ژێردەستەی بەریتانییەکانەوە بووەتە گەلێکی نێوداری خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و وڵاتێکی قەشەنگ. بێگومان من لێرەدا قسەم لەسەر سیستمی سیاسی و ئابووریی و چۆنێتی حوکمڕانی نییە لەم وڵاتەدا، کە دەشێ من لەگەڵ زۆربەیدا ناکۆک بم و من قسەم لەسەر دیوێکی دیکەیە کە کارکردنە بۆ بونیادنانی وڵات و دروستکردنی واقیعێک کە تاڕادەیەک لە فەنتازیای نێو فیلمێکی هۆلیود دەچێت.
لە یەکەم چیرۆکی ئەم کتێبەدا وانەیەکی گرنگ دەخرێتە ڕوو ئەویش ئەوەیە کە نووسەر دەنووسێت: "بڕوام بەوە هەیە ئەوەی گەلان بەرەو گەشەسەندن دەبات تەنها هەبوونی پارەوپول نییە، بەڵکو هەبوونی هیواوئاواتی گەروەیە".
یەکێکی دیکە لە وانە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەوەیە کە نووسەر باس لەوە دەکات کە دوای ساڵانێک لەوە تێگەیشتم ئەو دەسەڵاتدارانەی خۆیان لەگەلەکانیان دوورەپەرێز دەگرت و تێکەڵی هاوڵاتییەکانیان نەدەبوون، ئیدی هاوڵاتییەکانیانیشیان ئەوانیان لە دەسەڵات دوورخستەوە. لەم وانەیەدا پێمان دەڵێت تا لەگەلەکەتەوە نزیک بیت، ئەوانیش لێتەوە نزیکن و دەتوانن لە هەموو کاتێکدا پشتگیر و هاوکارت بن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و هەر تەنگوچەڵەمەیەک کە بێتە ڕێگەی وڵات. بن ڕاشد، لەم چیرۆکانەدا بە وردی ئەوەی لەبەرچاوە کە وڵاتانی هاوزمانی بەهۆی ئەوەی لەگەلەکەیانەوە دووربوون چۆن یەک لە دوای یەک کەوتن.
یەکێکی دیکە لە وانە سەرنجڕاکێشەکانی دیکەی ئەم کتێبە ئەوەیە کە نووسەر دەنووسێت "ناتوانیت لە گیانلەبەرێک بگەیت، بەبێ ئەوەی بەتەواوی لەو ژینگەیە بگەیت کە لێی دەژی، ئەو پلەوپایەی لەو ژینگەیە کە هەیەتی، بەهەمان شێوە مرۆڤیش ڕەنگە ئەو ژینگەیەی لێی دەژی بیکاتە فریشتە، یان ئیبلیسێک، بۆیە پێویستە شارەزای ئەو ژینگەیە بیت کە تێیدا پەروەردە بووە". کەواتە پەروەردە گرنگی تایبەتی هەیە لەوەی چۆن حکومڕانییەکی دروست و سەرکەتوو پێشکەش دەکرێت و پلانی ئاییندەش دەکرێت هەر لەوێوە بۆ سەرکەوتن و گەشەسەندنی وڵات دیاری بکرێت. هەر بۆیە لە جێگەیەکی دیکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کاتێک بووەتە وەزیری بەرگری و لەو بوودجەیە بۆ ئەو وەزارەتە تەرخان کراوە بەشێکی بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان کردووە، چونکە هەستی کرووە، کە ئەو کەرتە پێویستی زیاتری بە خزمەت هەیە و کۆمەڵگەکەی و هاوڵاتییەکانی زیاتر پێویستیان بە خوێندەوارکردن و وشیارکردنەوە هەیە.
چیرۆکەکانی ئەم کتێبە تەنها چیرۆکی ئاسایی نین، بەڵکو وانەکانی سەرکەوتنن، کە گرنگی تایبەتیان هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت رۆژێک لە جێگەیەک ببنە بەرپرس و بەرپرسیارێتی وەربگرن، وانەی ئەوەمان پێ دەڵێت وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کارێکی سەختە و ئاسان نییە و بەرپرسی ڕاستەقینە خزمەتکاری هەمیشەیی گەلەکەیەتی و هەموو ساتێک بۆ خزمەتکردن تەرخان دەکات، نەک لە کاتی بەرپرسیارێتیدا دەست بە پشووی هەمیشەیی بکات، وەک ئەوەی زۆرێک لە بەرپرسان لە رۆژهەڵاتدا دەیکەن.

 

© 2017 Hawler