ئەیلول 19, 2018

هەڵبژاردەیەک لە:
رۆژهەڵاتی عەدەن، خۆراوای خوا


جیهان نەتەوەی منی خۆشناوێ
نەتەوەم نیشتمانمی خۆشناوێ
نیشتمانم شارمی خۆشناوێ
شارم لادێمی خۆشناوێ
لادێم گەڕەکمی خۆشناوێ
گەڕەکم ماڵمی خۆشناوێ
ماڵم ژوورمی خۆشناوێ
ژوورم قەروێڵەمی خۆشناوێ
قەروێڵەم سەرینمی خۆشناوێ
سەرینم سەرمی خۆشناوێ
سەرم نێوچەوانمی خۆشناوێ
نێوچەوانم شیعرەکانمی خۆشناوێ
شیعرەکانم پەنجەکانمی خۆشناوێ
پەنجەکانم یەکتریان خۆشناوێ
هەمووشیان قەڵایێکی خۆڕاگر و
چیایێکی سەرکەش لە مندا
رووبەڕووی زەمەن دەبینن و
ئەو کوخە دارووخاوەی ناخم نابینن
هەموویان حیلەی ئەسپ و
هاواری جەنگ و
نەخشەکانی سەر زین و
غوباری نوقمبووی
سمەکان لە هەوادا دەبینن و
پێی هەڵواسراوی منیش
لە رکێبدا نابینن.


بۆ ئاشتەواییم نووسی
جەنگ داگیرسان
بۆ سیستەمم نووسی
فەوزا بەرپابوو
بۆ ئومێدم نووسی
خۆکووشتن زیادی کرد
بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانم نووسی
ئاستی گەشەسەندن دابەزی
بۆ رێکخستنی خێزانم نووسی
شەقامەکان پڕبوون لە یاخی و شێت
بۆ خۆشەویستییم نووسی
تەڵاق و منداڵ لەبار بردن زیادیکرد
بۆ ژینگەم نووسی
خاشاکی ئەتۆمیان
لەنێو ماڵاندا ناشت
بۆ خۆڕاگریم نووسی
باڵیۆزخانەکان پڕبوون
لە داواکەری لجوئی سیاسی و ئابووری و سێکسی و ئاینی
پێدەچێ من بە درێژایی ئەو ساڵانە
قولابم هەڵدابێ و
پەنجەرەم لە دەریای مردوودا
جێگیر کردبێ.

ئەو شەوە لە سەرما و
دەسەڵات و مامۆستاکان
رامکرد و خۆم لەنێو
درەختی سنۆبەردا حەشاردا
لەوێ بۆ یەکەمجار
گوێم لە دەنگی عەبدولوەهاب و
ئوم کەلسوم و
ئەسمەهان و
فەیرۆز و
عەبلە خووریی و
لە سێدارەدانی بە ئاشکرای دەریا و
مانەوە لە بیابان بوو.


جووتیاربووم و کێڵگەم نەبوو
کرێکاربووم و کارگەم نەبوو
وەرزشوانبووم و تیپم نەبوو
هونەرمەندبووم و جەماوەرم نەبوو
دوای چەندین توێژینەوە و ژمارە و
ئامار و راوێژ و تێڕوانین زانیم
کە من کۆیلەم و
پێویستە زنجیرەکانم بپسێنم
دوای پەنجا ساڵ لە ژمارە و
ئامار و راڤە و رامان و گفتوگۆ و
پێداچوونەوە و راگۆڕینەوە و
راسپاردە و هاوار
واملێهات شانازی پێوە بکەم.


پاکیزەیی رەها
بەرائەتی رەها
خۆشەویستیی رەها
ئەوانە هەموویان
ئامانجی گەورەن و
گەردییان لەسەر نییە
بەڵام رقم لەو ئامانجانەیە
دەبێ لە هەر دەریایێ
خنکاوێ هەبێ
لە هەر دارستانێ تەڵەیێ
لە هەر بیابانێ تینوویێکی هیلاک
دەرکراوێ لە هەر شەقامێ
گەرنا ناگونجێ ژیان ببێتە
ژوورێکی ئەشکەنجەدانی جیهانیی.

فڵان سەری خوشکەکەی بڕی
لە پێناو بەرگریکردن
لە شەرەفی خێزان
فڵان سەری کچەکەی بڕی
لە پێناو بەرگریکردن
لە شەرەفی عەشیرەت
فڵان سەرۆکەکەی خۆی تیرۆرکرد
لە پێناو بەرگریکردن
لە شەرەفی وڵات،
عەرش، سیستەم، دابونەریت و
کێشەکە ئەوەیە
ناکرێ شەرەف
وەسف بکرێ
ناکرێ شێوەی
یا رەنگی
یا بۆنی
یا تەمەنی
یا وجودی
دەستنیشان بکرێ
چونکە وەک رووتیی و خوا وایە.


هەموو بە دوای ناوبانگ
پارە
خۆشەویستیی
سێکس
وەرزش
ئەسپسواریی و
خواردندا
رادەکەن و
منیش بە دوای هەژاراندا
ئەوە لە بەدبەختیی من و ئەوانە.
تەنیا هەژارەکانن
بەر لە هەموو کەس
لە خەو رادەبن
تا هیچ کەس
بەر لەوان نەگاتە عەزاب.

ئەگەر پێغەمبەرایەتی پێویستی
بە شارەزایی و
مومارەسەکردنی
کێشە دژوارەکانی مرۆڤ بێ
ئەوا شارەزایی من
بۆ نمونە: لە برسییەتیدا
هێندە لەبارە،
بمکاتە خوا

 

و: زانا خەلیل

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.