تشرینی دووەم 18, 2019

و: زانا خەلیل

 

ئاشتی لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان
لە دایک نابێ بەڵکو لە دڵ و فکری
خەڵک لە دایک دەبێ.

کاتێ کتێبخانە لە ماڵدا وەک مێز و
قەروێڵە و کورسی و ناندین بووە
پێویستیێک ئەو کاتە دەتوانین
بڵێین: ئێمە میللەتێکی شارستانین.

قسەکردن تێکەڵەیەکە لە راستیی و درۆ،
بەڵام بێدەنگیی راستیێکە فێڵی
لێناکرێ، بۆیە بێدەنگبە با خەڵک
قسە بکا.

لە باخچەکەی ماڵمدا گوڵێکم
ئاودا تێنوویەتی تووڕەی کردبوو،
پێینەگوتم: سوپاس، بەڵام ئەو
بوژایەوە و منیش بوژامەوە.

خولەکێک ئازار کاژێرێکە و
کاژێرێک چێژیش خولەکێک.

رەگی چێژ لە ئازارە و
رەگی ئازاریش لە چێژ،
بەڵام بەختەوەریی ھەرگیز
ھیچ رەگێکی نییە.

جنێودانت بە رۆژگار بە کەلکت
نایە، چونکە رۆژگار گوێی نییە
تا بتبیستێ.

مرۆڤ کۆیلەی خووەکانیانن.

دڵی كەسی ساویلکە،
لە چاوەکانیدایە.

راکردن لە ژان بەرەو لەززەت
دیوەکەیتری ژانە.

سەرم لەو کەسە سوڕدەمێنێ
کە لە رۆژێکدا چەندین جار
رووخساری دەشوا و ساڵێ
جارێکیش دڵی ناشوا!

مەڵێ ژیان ھیلاکییە بەر لەوەی
یەقین بیت کە مردن حەسانەوەیە
گەرنا برادەرایەتی ھەردووکیان
لە دەستدەدەی.

بۆچی دەنووسم؟
تا خۆت لە مندا ببینی و
منیش خۆم لە تۆدا ببینم.

خەڵک چ خێران لە درووستکردنی
ھۆکارەکانی ناکۆکیی و چەند
لەسەرخۆشن بۆ درووستکردنی
ھۆکارەکانی کۆکیی.

ئای برادەر
ژیان چییە جگە
لە سەرکێشیێکی بەردەوام؟

چۆن لێمدەپرسی من کێم،
کە خۆت نازانیت تۆ کێیت؟

چ سەیرە!
دڵم لەسەر کاغەز دەچێنم و
لە دڵی کەسانی دیکەدا دەڕۆێت.

مادەم ئامانجت لە مەزھەبەکەت
گەیشتنە بە خوا و ئامانجی منیش
لە مەزھەبەکەم گەیشتنە بە خوا
چ کارێکت بە منە کام رێگە دەبڕم
بۆ گەیشتن بە ئامانج.

فرانترین و جوانترین و ئاسانترین
زمان، زمانی فکر و دڵەکانن،
بەڵام زمانی لێو و زمانەکان
پەیژەن، مرۆڤ بەرەو زمانی
فکر و دڵەکان سەردەخەن.

سەقفی ماڵم لە ئاسنە، گۆشەی
ماڵم لە بەردە، دەی دە ھەڵکەن
ئەی _با_یەکان.

ھەموو تۆبەکارێک پەشیمانە
بەڵام ھەموو پەشیمانێک تۆبەکار نییە.

ھەر کات چوارچێوەی
خۆشەویستیت فراوانتربێ
چوارچێوەی جوانیی لە ژیانت
فراوانتر دەبێ، چونکە تۆ ناتوانی
ناشرینی لە یەکێ ببینی
کە خۆشتدوێ و جوانیش
لە کەسێ کە رقت لێیەتی.

قەناعەتی جەستە كارێکی چاکە،
بەڵام قەناعەتی رۆح تاوانە.

جەنگ کۆتایی ھات، لە رۆژەدا
بە ملیۆنان کەس لە ھەموو
شوێنەکانی جیھان گۆرانیان
چڕی و مەستبوون و بەزمیان
نایەوە جگە لەوانەی تامی
جەنگیان چەشتبوو، ئەوان
بە بێدەنگیی مانەوە.

لە نەزان ھەڵمێن
بەڵکو لە نەزانیی ھەڵێن
چونکە کاتێ ئێوە لە نەزان ھەڵدێن
یانی لە خۆتان ھەڵدێن
بەڵام راکردن لە نەزانیی یانی:
نزیکبوونەوە لە زانین.

ھەندێ کەس وەک پەیژە وان
ئەوانەی دەچنە سەرەوە
پێیدا سەردەکەون و
دابەزیوەکانیش پێیدا دادەبەزن،
بەڵام بە خۆیان نە سەردەکەون و
نە داشدەبەزن.

ئەوانە چ فەقیرن
کە ھیچ سەروەتێکیان نییە
جگە لە پارە.

_سەرچاوە:
‏xn--sgb8bg.net

 

© 2017 Hawler