تشرینی دووەم 12, 2019

‏مێزێكی سێگۆشه‌ ئێمه‌ له‌ شه‌وێكی سارد كۆده‌كاته‌وه‌

‏‎ئێمه‌ دوور ده‌ڕۆین
‏‎دۆل و چیا دەبڕین
‏‎هه‌وره‌كان نزیك نزیك ده‌بنه‌وه‌
‏‎ته‌م له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ماشێنه‌كه‌مان ده‌نیشێ
‏‎له‌به‌رزی و نزمی ڕێگا
‏‎له‌ ناسینه‌وه‌ی دره‌خته‌كان
‏‎من زمانم وشك ده‌بێ و
‏‎ده‌سته‌كانم ده‌له‌رزن و
‏‎جگه‌ره‌كه‌م بۆ داناگیرسێ
‏‎چاوه‌كانم ڕێگای دوور ئازاری داون
‏‎كاتێ له‌ ڕێگای دوور كه‌سێ باسی عیشق بكا
‏‎له‌ كاتی بیانۆهێنانه‌وه‌ی جێهێشتنی
‏‎من په‌نجه‌كانم توند لێك گیرده‌كه‌م
‏‎كاتێ په‌یكه‌رێك ده‌بینم چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه‌
‏‎ئێواره‌یه‌كی سارد
‏‎مێزێكی سێگۆشه‌
‏‎له‌ ژوورێكی لاچه‌پی شار
‏‎به‌ ده‌م ژاوه‌ ژاوی با
‏‎ژنێك گۆرانی بۆ عیشق ده‌ڵێ
‏‎ئێمه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ته‌ماشای تاریكی شه‌و ده‌كه‌ین
‏‎ده‌مانه‌وێ له‌ خه‌ونه‌كانماندا له‌سه‌ر قه‌دی دره‌ختێ بنووسین ژیان
‏‎له‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌ستێره‌كانی به‌ ئاسمانه‌وه‌ تیشك ده‌رده‌ده‌ن
‏‎له‌ عاشق بوون ڕووناكی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌په‌مان بنه‌خشێنن
‏‎سێبه‌ری تۆ له‌ شه‌وی تاریك دا
‏‎له‌ نێو ڕه‌نگی بێ ڕه‌نگی مندا
‏‎له‌ ئێواره‌یه‌كی سارد دا
‏‎ته‌نیایی ده‌خه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌نیایی
‏‎ئێواره‌یه‌كی سارد
‏‎له‌ مێزێكی سێگۆشه‌ دا
‏‎من ده‌ستی ڕاسته‌م له‌ ده‌ستی چه‌په‌ی تۆ گرێ ده‌ده‌م
‏‎چه‌ند منداڵانه‌ خه‌ونی گه‌وره‌ ده‌بینم
‏‎حه‌زم له‌ كاتژمێره‌ كۆنه‌كه‌ته‌
‏‎ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ی دوێنێ ناكه‌م
‏‎ده‌مێكه‌ عیشق قیبڵه‌نمای منه‌
‏‎ئێواره‌ ئاواده‌بێ
‏‎سبه‌ینه‌ پێده‌كه‌نێ
‏‎من چ جوان خه‌یاڵان ده‌كه‌م
‏‎چ جوان خۆشمده‌وێی
‏‎ژاوه‌ ژاوی با
‏‎سه‌مایه‌كی جوان به‌ پرچی گه‌ڵاكان ده‌كا
‏‎ئێمه‌ له‌ مرۆڤ بوونماندا
‏‎چه‌ند جوانین
‏‎ئێواره‌یه‌كی سارد
‏‎مێزێكی سێگۆشه‌
‏‎كۆمان ده‌كاته‌وه
***
‏‎له‌ ده‌مێكی بچوك
‏‎هێنده‌ی ده‌نوكی چۆله‌كه‌یه‌ك
‏‎ده‌توانی باسی به‌خته‌وه‌ری بكه‌یت
‏‎ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ونیش دا
‏‎بیبینی بۆ ئه‌و
‏‎ئێواره‌یه‌ و ته‌م چیا سپی پۆش ده‌كا
‏‎ئێمه‌ ده‌ڕۆین و شار جێ دێلین
‏‎ئێواره‌ به‌ قاوه‌یه‌كی تاڵ ده‌سپێرین
‏‎ژنێك به‌ ڵێوێكی سور
‏‎مژێكی قوڵ له‌ جگه‌ره‌ی نێو په‌نجه‌كانی ده‌دا
‏‎پێكێكی خه‌ست له‌ شه‌وێكی سارد
‏‎بۆمن مشتی شه‌راب ده‌كات
‏‎له‌ ده‌مێكی بچوك په‌یڤ ده‌بارن
‏‎ژیان و خۆشه‌ویستی
‏‎په‌رش ده‌بن
‏‎ئێمه‌ چه‌نده‌ جوان ته‌ماشای ته‌می ڕێگا ده‌كه‌ین
‏‎چه‌نده‌ جوان چاوه‌ڕوانی له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌هێلینه‌وه‌
‏‎بۆ ئه‌وه‌ی ژیانمان خۆشبوێ
‏‎باران ده‌كه‌ینه‌ بیانۆ
‏‎دڵته‌نگی به‌ رێگا ده‌سپێرین
‏‎پێكه‌وه‌ بریارمان دا
‏‎ژیانمان خۆشبوێ
‏‎ئێمه‌ بیانۆ ناهێڵینه‌وه‌
‏‎تاله‌ عاشق بوونی خوناوی سه‌ر گوله‌كان بكه‌ین
‏‎له‌ ده‌مێكی بچوك وشه‌ی خۆشمده‌وێی
‏‎ده‌كه‌ینه‌ قیبله‌نمای جێگه‌ی ژووانمان
‏‎ره‌نگه‌ تۆ گۆچانێك
‏‎له‌ ده‌سته‌كانت بگری
‏‎منیش پاسه‌وانێكی خراپی
‏‎ڕێگای هیلاكی گه‌یشتنی تۆ بم
‏‎دابڕانت كۆتایی ته‌مه‌نی من بێت و
‏‎ده‌ستپێكت چله‌ نێرگزێك بێت
‏‎ڕه‌نگه‌ من خۆشم نه‌وێی
‏‎به‌لام وشه‌یه‌كم پێویسته‌
‏‎بۆ هاتنی تۆ
‏‎بۆ ناسینه‌وه‌ی تۆ
‏‎هه‌موو ئه‌و شتانه‌م پێویستن
‏‎چاوه‌كانت كه‌ دوور دوور ده‌ڕوانێ
‏‎پێیه‌كانت كه‌ له‌ ئه‌رزدا چه‌قیوون
‏‎له‌ ته‌ماشاكردنی ئاسمان
‏‎كه‌ باران چاوه‌كانم ته‌ڕ ده‌كات
‏‎له‌ بیری من دا
‏‎عیشق هێزه‌
‏‎بۆ له‌ بیركردن
‏‎ره‌نگه‌ گۆچانێك
‏‎یان چه‌ترێك بۆ پیاوێكی پیری وه‌ك من
‏‎پێویستی بێت بۆ په‌ڕینه‌وه
‏‎ده‌سته‌كه‌تم بدێ تا ته‌می ڕێگا
‏‎نه‌ڕۆیشتووه‌
‏‎بۆ ئه‌وه‌ی ئاوێته‌ی ته‌م و باران و رێگا و
‏‎سه‌فه‌ر و ژیان ببینه‌وه‌
‏‎چه‌تره‌كه‌ت فڕێ بده‌
‏‎با باران له‌م ڕێگایه‌
‏‎به‌نێو پرچی تۆدا
‏‎ڕێگا و په‌نجه‌كانی من
‏‎ته‌ڕ ته‌ڕ بكات
‏‎تا له‌ ده‌مێكی بچوك دا
‏‎گوێ له‌ گۆرانیه‌كی تازه‌ بگرین
‏‎ئێمه‌ له‌ سه‌فه‌ره‌كانمان دا جوانترده‌بینه‌وه‌
‏‎ده‌سته‌كانمان هۆگری رێگا بوون

 

بێکەس حەمە قادر

© 2017 Hawler