تشرینی دووەم 12, 2019

ئەو نووسەرانەی ئـــــــەوڕۆیان پێشبینی کرد

ئاخۆ بە بڕوای ئێوە، پێشگۆیی و پێشبینیی ئایندە، ڕاستە؟ ئەگەر ئێوە لەو کەسانەن کە دەڵێن ئەمە کارێکی مەحاڵە، دەبێت ئەم وتارە بخوێننەوە کە هەشت نووسەری بەنێوبانگی چیرۆکە زانستی ـ خەیاڵییەکان، باسی ئەمڕۆیان کردووە و بەمەش دڵنیا دەبنەوە کە ئەم کارە مەحاڵ نییە!
ئەم هەشت نووسەرەی چیرۆکە زانستی ـ خەیاڵییەکان، لە ژوول وێرن ـەوە کە واپێدەچێت پێشبینی ئەنتەرنێتی کردووە تا ئارتوور سی کلارک کە پێشبینی پرێنتەرە سێ ڕەهەندییەکانی کردووە، هاوکارن بۆ ئەوەی ئێوەش کەمێک لەم بارەوە ڕامێنن. ئەم نووسەرانە، بە شاهیدی بەرهەمەکانیان، ئایندەیەکیان بینیوە کە ڕووکاری ڕاستەقینەی ئەورۆی ئێمەیە.
ژوول وێرن: تەکنەلۆژیای سەدەی ٢٠
ژوول وێرن لە یەکەم ڕۆمانی خۆیدا بە ناوی "پاریس لە سەدەی بیستەم"، ڕێک بەشێکی گەورەی ئەو سەدەیەی پێشبینی کردووە. ژوول لە ساڵی ١٨٦٣ لەو کتێبە بڵاونەبووەوەی، نیشانی داوە کە لە سەردەمەکەی خۆی زۆر لەپێشتر بووە.
لە کتێبەکەیدا بە درووستی، ئاماژەی بە ژیان لە پەراوێزی شارەکان و کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ و مۆسیقای ئەلیکترۆنی سینتی سایزێر و تۆماری جۆرەها دەنگ بۆ فرۆش و هەروەها شارگەلی ئاسانسەردار (ئاسانسۆڕ) و ڕووناکی ئەلیکتریکی لە سەراسەری شار و شەوانە و ئۆتۆمبێل بە سووتەمەنی سرووشتی و زۆر شتی دیکە، کردووە.
لە ساڵی ١٨٦٥ی زایینی کتێبی "سەفەر بۆ سەر مانگ"ـی نووسی و تیایدا، وەسفی ئەو مووشەکانەی کرد کە دەتوانن مرۆڤ بۆ سەر مانگ بگوازنەوە. مووشەکەکان بیرخەرەوەی ئەو مانگی دەستکردەن کە لە ساڵی ١٩٦٩ بە ناوی ئاپۆلۆ ١١، گەیشتە سەر مانگ. هەر لەم کتێبەدا باسی باگیرە هەتاوییەکانی کردووە کە دواجار لە ساڵی ١٩٧٠ی زایینی و لە لایەن ناساوە بۆ تاوتوێکردنی ئەستێرە کلکدارەکان دیزاین کرا و لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ یەکەم جار بەکار هێنران. ژێردەریایی ئەلیکتریکیش یەکێکی دیکەیە لە پێشبینییە وەدیهاتووەکانی ژوول وێرن.
ژوول لە بەنێوبانگترین ڕۆمانی خۆی بە ناوی "بیست هەزار میل لە ژێر دەریا"، ژێردەریاییەکی کارەبایی ناساند کە کەسایەتییە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم ڕۆمانە واتە "کاپیتان نمو" لە ژێردەریاییەکی گەورە و کارەبایی دەژیا.
ئاڵدۆس هاکسلی: وێرانشار یا دیستۆپیای ئایندە
پێشبینییە نهێنی و ڕەمزاوییەکان "ئاڵدۆس هاکسلی" لەبارەی ئایندە لە کتێبی "دونیای جوانی نوێ"، زۆر سەرنجڕاکێش و جێگەی قسەلێکردن و وردبوونەوەن. لەم کتێبەدا ئاڵدۆس باسی "کۆمەڵگەیەکی پاد ـ ئامانجی" دەکات کە خاڵی بەرامبەری کۆمەڵگەی یۆتۆپیایی یا کۆمەڵگەی وێرانشاری لە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئامانجشارییە.
ئامانجشارەکان کۆمەڵگەیەکی خەیاڵین کە تیایاندا هەموو شتێک ئەرێنی و ئایدیاڵە. وێناکردنی کۆمەڵگەیەکی پادئارمانی یا وێرانشار لە لایەن ئەو نووسەرە ئایندەبینانەوە دەهێنرێتە گۆڕێ کە زۆربەیان لەگەڵ جۆرێک لە ڕەشبینی سەبارەت بە ئایندەی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا سەروکاریان هەیە.
"دونیای جوانی نوێ" لە ساڵی ١٩٣٢ی زایینی نووسراوە کە چیرۆکەکەی باسی سەدەی بیست و شەشی لەندەن دەکات. وتارێکی بەنێوبانگیشی بە ناوی "دەروازەکانی تێگەیشتن" لە ساڵی ١٩٥٤ بڵاو کردەوە کە باس و شڕۆڤەی ئەزموونەکانی خۆی پاش بەکارهێنانی مسکالین دەکات. ئاڵدۆس هاکسلی، بەکاربردنی ئەو حەبانەی کە خوڵق و خووی خەڵک باشتر دەکەن و تەکنەلۆژیای نوێ و کێشەی زیادبوونی دانیشتووانی دونیاشی پێشبینی کردبوو. ئەو لەبارەی دونیای ئایندەی وێنەی دیستۆپیایی خۆی کردووە کە بەرچاوگەیەکی سەرنجڕاکێش و پێشگۆییەکی سەیرە لە وێنای ٥٠ ساڵ دوای ساڵی ١٩٥٠.
هاکسلی لەم کتێبەیدا تەنانەت باسی دۆخی پۆستمرۆڤ و ڕۆبۆت و تەنانەت شێوە مرۆڤی تەواو ڕۆبۆتێک دەکات و هەندێک پێشبینی لە ئایندەی دونیا کردووە کە شتێکە هاوشێوەی دونیای ساڵی ٢٠٠٠ بەم لاوە. ئەو دەڵێت:دونیا لە ٥٠ ساڵی ئایندە لەگەڵ سێ کێشەی گەورە ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە بریتین لە:
یەکەم: بوونی شەڕی بەردەوام
دووەم: کێشەی دەستکەوتنی خۆراک و پۆشاک بۆ ئەو دوو یا چوار ملیۆن کەسەی کە تا ساڵی ٢٠٠٠ بۆ زیاتر لە ٣ ملیار کەس زیاد دەبێت.
سێیەم: کێشەی دابینکردنی پێویستییەکانی ئەم ژمارە زۆرەی مرۆڤ بێ ئەوەی کە سەرچاوە و خەزێنەیەکی جێگرەوەی دیکەی هەسارەییمان هەبێت.
لە کاتێکدا کە پێشبینییەکانی ئەو دروست بوون، بەڵام دەرەنجامی بیرکردنەوەی ئەو بۆ گەشەی مرۆڤ زۆر باش بووە هەرچەندە ئێستا ژمارەی مرۆڤەکان زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینی کردووە.

مارک توین: ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
 لە چیرۆکێک کە لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینی نووسراوە، نووسەرکەی "مارک توین" توانی نەتەنیا تەلەڤزیۆن بەڵکو دەرکەوتنی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشبینی بکات. ئەم چیرۆکەی توین بە ناوی "سەردەمی لەندەن لە ساڵی ١٩٠٤"ە کە باسی دەرکەوتنی ئەم شتە نوێیانە دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە تەلەڤزیۆن لە دەیەی ١٩٢٠ی زایینی دروست کرا. ئەو لەم کتێبەیەدا باسی تەکنەلۆژیایەکی سەیر لە دونیای ئایندە دەکات کە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لە تەلەڤزیۆن و یا تەنانەت سکایپ دەچێن.
هەروەها لەم چیرۆکەیدا ژیانی داهێنەرێکی لاو باس دەکات کە توانیویەتی دەزگایەک دروست بکات بە ناوی "Telectroscope" و ئەم دەزگایە واپێدەچێت بۆ زۆرێکمان ئاشنا بێت کە پێشی دەڵێن "تلکترۆسکۆپ" و یەکەم مۆدێلی مەفهوومی سیستەمێکی تەلەڤزیۆنی و ڤیدیۆفۆنە. ئە دەستەواژەیە لە سەدەی نۆزدەیەم بۆ وەسفی ئەو سیستەمە زانستییە بوو کە بۆ بینین لە ڕێگەی دوورەوە بەکار دەهات.
ناو و واتای ئەم دەزگایە تا پاش دروستکردنی تەلەفۆن لە ساڵی ١٨٧٦ی زایینی بەرگوێ نەکەوت و مانا سەرەکییەکەی پاش داهێنانی ئامێرگەلێکی وەک فاکس لەسەر کاغەز و بینین و بیستنی ڤیدیۆەی زیندوو لە ڕێگەی دوورەوە، کامڵ و فۆرموولە بوو. دەگوترێت کە خەیاڵ و تێهزرینی مارک توین لەم کتێبە، بیرخەرەوەی تۆڕگەلی کۆمەڵایەتی هاوشێوەی تویتەرە. ئەو گوتبووی کە تلکترۆسکۆپ دەتوانێت کاروبارەکانی هەرڕۆژەیی دونیا بۆ هەمووان و بە شێوەی ئازاد و بە ڤیدیۆ بگوازێتەوە.
ئایزاک ئاسیمۆف: ژیان لەگەڵ ڕۆبۆتەکان
 مووشەکی "فالکۆن هوای"ـی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، لە سەفەرە فەزاییەکەی خۆی، نووسخەیەک لە کتێبی سێ یاساکەی ئاسیمۆفیان پێ بوو، ئەمەش نیشاندەری گرنگی و تایبەتمەندی بەرهەمەکی ئاسیمۆفە لە دونیای ئەوڕۆدا.ئایزاک ئاسیمۆف، کۆچەری ڕووسی لە ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینی پێشبینیگەلێکی سەرنجڕاکێشی لەمەڕ دونیای ئەورۆ خستووەتە ڕوو. ئەو لەمبارەوە باسی کۆمپیوتەر و کاریگەری لە ژیانی ڕۆژانە، بڵاوبوونەوەی پەیوەندییەکان و هاوکارییە جیهانییەکان، کاتی بەتاڵە و گەڕان بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکان لەسەر مانگ کردووە.
ئایزاک ئاسیمۆف، ڕەنگە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە، لەبەر سێ یاسای ڕۆباتەکەی ناسراوە کە ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: کاری ڕۆبۆتێک چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، نابێت ببێتە هۆی مەترسی لەسەر مرۆڤ.
دووەم: ڕۆبۆتێک دەبێت بە پێی یاسا و فەرمانی مرۆڤ بجووڵێتەوە مەگەر لە بوارێکدا کە بەدەر بێت لە فەرمانی یەکەمی.
سێیەم: ڕۆبۆتێک دەبێت بەرگری لە خۆی بکات تا ئەو کاتەی کە دژایەتی لەگەڵ یاسای یەکەم و دووەم نەبێت.
"منی ڕۆبۆت"، کۆمەڵە کورتیلە چیرۆکەکە کە لە ساڵی ١٩٥٠ی زایینی چاپ بووە و یەکێکە لە بەنێوبانگترین بەرهەمەکانی ئاسیمۆف. ئاسیمۆف لەبارەی ڕۆبۆت و بەرهەمی لەسەر دۆخی کارکردن و هێزی ئینسانی و چۆنیەتی کارکردنی مرۆڤ، دیاردەی "ئاتۆماسیۆن" و نەهێشتنی هەندێک کار و دروستبوونی بێکاری پێشبینی زۆری کردووە کە تا ئێستاش مرۆڤایەتی وەک حەقیقەتێک ڕووبەڕووی بوووەتەوە.
پێشبینییەکانی ئاسیمۆف لەبارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی دونیا و زیاتر پیسبوونی هەوا ئێستا هاتوونەتە دی، بەو جیاوازییەی کە ئەو بەهیوا بوو تەکنەلۆژیای نوێ ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری ئەم کێشانەی مرۆڤ. ئەو پێشبینی کردبوو کە مرۆڤەکان بە دروستکردنی وێستگەی ئاسمانی و فەزایی، بواری ئەوە دەدۆزنەوە کە لەسەر مانگیش بە دوای سەرچاوە سرووشتییەکاندا بگەڕێن. ئێستا هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەڕان بە دوای سەرچاوە سرووشتییەکان لە هەسارەکانی دیکە کاری لەسەر دەکرێت.
بەرهەمەکەی ئایزاک ئاسیمۆف بە دروستی باسی ئاڵۆزی کۆمەڵگەی ئینسانی کردبووە کە بەرهەمەکەشی پێوەبەستراوی مرۆڤە بە ماشین (ڕۆبۆت)ـەوە. ڕۆژێک کە جیاکردنەوەی کۆمپیوتەرەکان لە سادەترین کاروباری ژیانی ئینسان، دەبێتە کارێکی مەحاڵ. هەر ئەو دیمەنەی کە ئێستا ئێمە لەگەڵی ڕووبەڕووین.
ڕابێرت ئانسۆن هاینلاین: ساڵانی نەهاتوو
(ڕابێرت هاینلاین ـ Robert Anson Heinlein)، نووسەری ئەمریکی کە نووسەری بەرهەمی زانستی ـ خەیاڵییە، یەکێکە لە سێ نووسەری باڵای ئەم ژانرە لە دونیادا. ئەو لە تەنیشت ئایزاک ئاسیمۆف و ئارتۆر سی کلارک، بە یەکێک لە سێ دێوەکەی ئەدەبیاتی زانستی ـ خەیاڵی ناوی دەبرێت. هاینلاین یەکێکە لە کاریگەرترین و لە هەمان کاتیشدا جەنجاڵدروستکەرترین نووسەرەکانی ئەم ژانرە.
لەوەوە کە لە لاویەتی لە نێو هێزی دەریایی ئەمرکیا خزمەتی کرد، پێشبینی زۆر لایەنی سیاسی و سەربازی هەیە. پێشبینی شەڕی سارد یەکێک لە گرنگترین پێشبینییەکانیەتی. لە کۆمەڵەی "مێژووی ئایندە"، هاینلاین دونیای ئایندەی وێنا کردووە. لە کتێبی "شۆڕش لە ساڵی ٢١٠٠"، بە ئاشکرا ئەو هاووڵاتیگەلە نیشان دەدات کە بە پێچەوانەی سیستەمێکی زۆردرا دەردەکەون.
"مووشەکێک بە ناوی گالیلە"، "چاڵە تاریکەکانی لونا" و "ئەستێرەی بێدەنگ" لە کتێبە بەنێوبانگەکانی هاینلاینن. لە بەرهەمەکانی خۆی، پێشبینی خەیاڵی دۆزینەوە لە فەزا دوای چەندین سەدە کردووە. ئەو لە کتێبی ئەستێرەی بێدەنگ قسەی لە سەردەمێک کردووە کە مرۆڤ ساڵیانێکە بە چەندین جار بوونەوەرگەلی زیندووی هەسارەکانی دیکەی بینیوە و لەگەڵیان ڕووبەڕوو بووە، بە شێوەیەک کە هاتوچۆ بۆ مەریخ، ئیتر دەبێتە کارێکی زۆر ڕۆتین.
هەروەها باسی ئەو ساڵانە دەکات کە مرۆڤ یاسایەکیش بۆ چۆنیەتی هەڵسووکەوتەکان دادەنێت و بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ بوونەوەرە ئاسمانییەکان دەبێتە بنەمایەکی کاری دەوڵەت بۆ پاراستنی ئاشتی و پێشگرتن لە شەڕی زەوی و هەسارەکانی دیکە.
هاینلاین بە هۆی دەستڕۆیشتوویی لەسەر زانایانی سەدەی ٢١، بە یەکێک لە سێ ئەندامە دیارەکانە زانستی ـ خەیاڵی دەناسرێت.
فلیپ کی دیک: پێشبینی DNA و چڕنۆبێڵ
 فلیپ کی دیک، یەکێکە لە گەورەترین نووسەرانی ژانری زانستی ـ خەیاڵی لە هەموو سەردەمەکان. زۆرێک لە بەرهەمەکانی، ئیلهامبەخشی نووسەران و خەڵێکی زۆر بوون تا سەردەمی مەرگی لە دەیەی ١٩٨٠ی زایینی.
ئەو کەسێکە کە سەردەمێک پێشبینی کردبوو کە DNAی مرۆڤ بە شێوەیەکی دەستکرد لە لایەن تەکنەلۆژییە نوێیەکانەوە دەستی تێ دەخرێت. هەروەها لە بەرعەمەکانی خۆی باسی کارەساتێکی ئەتۆمی کرد کە دەگوترێت لە ساڵی ١٩٨٥ ڕووی دا. (چڕنۆبێل لە ساڵی ١٩٦٨ ڕووی دا).
ئارتوور سی کلارک: پێشبینی چاپەری سێ ڕەهەندی

لە دەیەی ١٩٦٠، ئارتوور سی کلارک، فیزیازان و نووسەری بەنێوبانگی بەریتانی، پێشبینییەکی زۆر سەرنجڕاکێشی لەسەر ئایندە کردبوو. ئەو کە خاوەن حەوت بڕوانامە لە بەشە جیاوازە ئەزموونییەکان و خاوەن میداڵی پلە یەکی فیزیا و ماتماتیک بوو، زیاتر وەک نووسەری چیرۆکی زانستی ـ خەیاڵییەکان ناسراوە.
ئەو ئاگاداری زۆربەی داهێنانەکانی دونیای مۆدێڕن بوو کە ئەودەمی تەنانەت باسکردنیشیان گاڵتەی بەدواوە بوو. لەوانە دەرکەوتنی ئەنتەرنێت و چاپ یا هەمان پرێنتەری سێ ڕەهەندی. هەروەها بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە، باسی دەرکەوتنی مەیموونی خزمەتکراوی ڕاهێنراو کردبوو. بەڵام پێشبینییە سەرەکییەکەی کلارک، گەڵاڵەی "وێستگە مووشەکییەکان" بوو کە لە ڕاستیدا پێشبینیی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی هاوشێوەی مانگە دەستکردەکانی ئەورۆییە.
کلارک لە ساڵی ١٩٦٤، لە کاتی بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمێکی تەلەڤزیۆنی لە تۆڕی بی.بی.سی، باسێکی بەرچاوگەی خۆی لە ئایندە خستە ڕوو. لە کاتی ڕاپۆرتە بەڵگەفیلمەکەدا، بە وردەکاری ڕوانگە و بڕواکانی خۆی لەسەر ئایندە باس کردن لەوانەش گوتی کە لە ئایندەدا خەڵکی دەتوانن بێ ئەوەی کە لە شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافی یەکتری ئاگادار بن، پەیوەندی پێکەوە بکەن و بە ئاسانی لە هەر شوێنێکی دونیا بن، کارەکانی خۆیان ڕایی و جێبەجێ بکەن.
ئاخۆ ئەم قسەیە ئێوە ناخاتە بیری شتێک بە ناوی ئەنتەرنێت؟!
هەروەها کلارک باسی داهێنانی "دەزگای چاپ" کرد. بە پێی پێشبینییەکانی ئەو، ئەم دەزگایە لە ڕاستیدا تەکنەلۆژییەکی نوێیە کە بۆ کۆپی و لەبەرگرتنەوەی هەموو شتێک بەکار دێت. هەرچەندە کە زۆرێک لە ئێمە ڕاستەوخۆ دەکەوینە بیری سیستەمی کۆپیکردن لە فیلمی (Star Trek)، بەڵام وەها دەزگایەک دەتوانێت لە هەمان کاتدا بیرخەرەوەی پرێنتەری سێ ڕەهەندی بێت کە ئێستا هاتووە و کاری پێ دەکرێت.
کلارک باسی پێشکەوتنی پزیشکیشی کردووە و لەمبارەوە شتی سەیری گوتووە. ڕەنگە پێویست نەبێت بیرتان بخەینەوە ئارتوور سی کلارکی نووسەری بەنێوبانگی بەریتانی، نووسەری ڕۆمانی زانستی ـ خەیاڵی "٢٠٠١: ئۆدیسەی فەزایی"ـیە کە زۆرینەمان لەگەڵ فیلمەکەی ئاشناین.
ئەم فیلمە لە بنەڕەتدا لەسەر ئەم کتێبە و لە لایەن "ستێنلی کۆبرێک" دروست کراوە و خەڵاتی ئۆسکاریشی بۆ ئەو و ئارتوور بە دواوە بوو.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler