تشرینی دووەم 12, 2019

شێرزاد هەینی لە بەڵگەنامە کۆنەکان هەولێر شکۆدار دەکات

ماوەماوە، شەش حەوت مانگ جارێک پیاوە سەر سپییەکەی هەولێر بەرگێکی نوێ رۆمانی هەولێر، بەناو و دەنگ و کەسایەتی و رووداوی نوێ، بەڵام تایبەت بە هەولێر دەنووسێت و چاپ دەکات، لە هەولێر لە مەراسیمێکی جیاواز لەوانی تر بڵاودەکاتەوە!

لە کۆڕی بڵاوکردنەوەی رۆمانەکەی لە هۆلی کۆنفراسی زانکۆی جیهان، گوتی، ئاسان نەبوو کەسایەتییە کۆنەکانی هەولێر، ئەوانەی لەسەردەم و حوکم و دەسەڵات و هەژموونی عوسمانییەکان ژیاون بکەمەوە پاڵەوان، ئاسان نەبوو، بزانم جلوبەرگ و شێوە و هەڵکەوت و رووداوەکان چۆن بووە! بۆیە زۆرتر ماندوو بووم، زۆرتر دوودڵ دەبووم بەڵام نووسیم و تەواوم کرد!
دیسان رۆژنامەی هەولێر بۆ بڵاوبوونەوەی بەرگی دوازدەهەم، هەولێر ئەستنبۆل دیمانەی دەکات و پیرۆزبایی پێ دەڵێت:
پرسیار: پیرۆزە پێشەکی بەرگی سێزدەم کەی و چۆن و ناوی چی دەبێت!
وەڵام: ئەگەرچی ژمارەکە لەکۆنەوە شوومە، بەڵام لە زۆر دید و خوێندنەوە ئەو دوورە لە راستی، بۆیە لەبەر ژمارەکە نییە نازانم کەی و چۆن و چ دەبێت، بۆ هەموو بەرگەکان، لەسەرەتاوە تا دەگاتە دوازدە بەرگ نەمزانیوە و نەمتوانیوە بزانم بەرگی ئایندە چییە و ناوی چی دەبێت. نەمزانیوە کام کوڕ و کیژی ئەو هەولێر دەبنە پاڵەوانی نووسینەکەم! بەڵام شتێک لە بیر و نیگا و هۆشم هەیە، دەتوانم بنووسم و هیوام وایە بتوانم بەردەوام بم!
پرسیار: بۆ هەولێر ئەستنبۆل؟
وەڵام: رۆمانەکە، رووداوەکان، لەناو بەڵگەنامەکانی عوسمانییەوە دروست بوون، قائیمقامێک زۆرتر لە سەد و هەشتا ساڵ زووتر، مەلایەک لەوەش کۆنتر، قەشەیەک، جووتیارێک، ئاغا و چەند کەسایەتی یاخی و دژ بە سەلتەنتی عوسمانی و والی و ژەندرمەکان بوون بە پاڵەوانەکە، رووداوەکە دروست دەکەن، دەوڵەمەندی دەکەن! هەموویان لە بەڵگەنامەکانی ناو و رووداو و مێژووەکەیان دیارە!
پرسیار: کەسایەتییە کۆنەکان چۆن باس لە هەولێری سەردەمی عوسمانییەکان دەگێڕنەوە، چییان پێ بووە؟
وەڵام: ئەگەر بەوردی هەردوو بەرگی کتێبەکە هەولێر لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا کە لەلایەن مامۆستا ئاشتی رەحمان، ئەو کیژە هەولێرییە لە زمانی تورکی عوسمانی و خەتی کۆن، کراون بە کوردی و شاناز و سەربەرزیش زانکۆی جیهان ئامادە و چاپیکردون، بخوێنیتەوە، یەک یەک کوردییەکە جوانەکە، دەقە کۆنە عوسمانییەکە، چاپە نایابەکە ورد ببیتەوە، زۆر رووداو، ناوی زۆر، قسە و سەربردەی زۆریش هەر لە یاخیبوونی هەمەوەندەکان، لە تەقەتەق و شەڕەکانی ئاغای دزەییەکان و هەڵاتن و گەڕانەوەیان لە ئێران بۆ سنووری قەڵەمڕەویی عوسمانییەکان، ئیشوکاری کۆمەڵایەتی و کەم و زۆریش باسی بازاڕ و خوێندن و قوتابخانەی روشدییە و رەوشی خانەقا و مزگەوتەکان، هەموویان بابەتی زۆرن، نەک بۆ ئەو رۆمانە، بۆ رۆمانی زۆرتر و نووسین و توێژینەوەی گەورەتر دەگرێتەوە! دیارە زانکۆیەکی زانست و زانیاری، وەک زانکۆی جیهان ئەوەی بەخۆڕایی و سەرپێی نەکردووە، ئەوە لەسەر بڕوابوون و پێویستییەکی زانستی کردووە و ئێستاش بەردەوامە، کتێبە چاپکراوەکانی تایبەت بە ئەرشیفی عوسمانییەکان، تایبەت بەکوردستان تا ئیمڕۆ گەیشتووتە دە بەرگ، هەزارەها بەڵگەنامەی تایبەت بە کورد و کوردستان، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەو بەردەوامە و هەموو پێویستییەکانی بەردەوامی هەیە و سازە.
پرسیار: لە پێشەکی رۆمانە نووسیوتە: "دەقی دۆکومێنتەکان، بەڵام ئاوێزان بە خەیاڵ. کەسایەتییەکان، بەڵام هاوشان بە سەرابی ئاکاری زۆر نزیک لە واقیع. ناوی دروستی شوێنەکانی رۆژگارەکە و سەرچاوەی زۆرتری ئیمڕۆ، لەوەدا ئاوێتە بوون و کڵافەی ئەوانە بوون بە رۆمانەکە. دیارە رۆمانیش؛ رووداو و رۆژگار و روو و رەفتار و رووانگەیە" پوختەی کارەکەیە؟
وەڵام: پوختەی نووسینەکەم وا پێناسە کردووە، ئەوەش مانای ئەوە نییە دەقی بەڵگەنامەکان، هەموو بەرگەکانی زانکۆی جیهان چاپی کردووە، یان بڵێن سەرەتا لە ئەرشیفخانەی عوسمانییەکان دەیکڕن و دوایی دەیکەنە کوردی و چاپ دەکەن، بابەتی زۆری تێدایە، ئەوەی ئیشیان لەناو بکات زۆر بابەتی مێژوو و ئەرشیفی هەمەجۆر دەدۆزێتەوە، من کەرەستەی رۆمانم تێدا هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی ئەو دوو بەرگەی تایبەتن بە هەولێر زۆرتر لە پێنج شەش جار ورد ورد دەیانخوێنمەوە، بۆیە دڵنیام بابەت و کەرەستەی هەموو ژانراکانی تێدایە، توێژەران، مێژوونووسان، ئەوانەی لەبواری کۆمەڵاتی و ئابووریش کاردەکەن، دەتوانن سەرە داو وحەقیقەتی زۆری تێدا بدۆزنەوە و زۆریش ماوە!
پرسیار: کەسایەتییەکانی ناو بەڵگەنامەکە بێگومان راستەقینەیین، بوونیان هەبووە، هەستت بەوە نەدەکرد ناوی خەڵک و عەشیرەت و پیشەوەر دەبەیت دوور نییە باش و خراپ کاردانەوەی دەبێت؟
وەڵام: بەدڵنیاییەوە ناوەکان راستیین، بوونیان هەبووە، کەسەکان ژیاون، بەڵگەیە بەناو و بەروار نووسراون و هەڵگیراون، دووریش نییە هەندێک لە خێزان و بنەماڵە دێرینەکانی شارەکەش بەڵگەنامەی لەو جۆرەیان هەبووە و هەیە، خۆیان لەناو دەدۆزنەوە، هەستم بەوە دەکرد ناوهێنانیان زۆر ئاسایی نییە، بەڵام نووسیومە و من مێژوو و راستییەکانم تۆمارکردووە، منیش نەینووسم، زووتر و پێش من بڵاوبوونەتەوە. مەبەستیش مێژوو و گێڕانەوە و شانازکردنی هەولێر و خەڵکەکەیە و بەس.
پرسیار: بۆ ئەو نووسینە چوویتە ئەستنبۆل، سەردانەکە چەند خزمەتی بە رەوت و بابەت و نووسینەکە کرد؟
وەڵام: سەرەتا سەفەرەکەم بۆ ناسینی زۆرتری ئەستنبۆل بووە، زۆریش بە چاوی نووسەر و رۆمانەکە چاوم دەگێڕا، راوەستام، دەمامەوە، دەمخواردەوە، شتم دەکڕی، هەموو کاتەکانی رۆژم تاقیکردەوە، باران و سەرما و پیاسەی زۆر و بەلەم و دەریا و زۆرتریش شەیدابوون، بە پاسەوان و دان و بەخێوکردنی جووجەلەی نەورەس لەلایەن گەورەکان، چۆن لە دیاریان دەمانەوە و لەسەر دووکەڵکێش و سەربانەکان پاسەوانیان دەکردن! سەفەرەکەم وەک بەڵگەنامەکان، وەک ئەزموونی خۆم لە نووسین سوودبەخش بوو.
پرسیار: برگەیەک لە رۆمانە بکە بە دیاری دیمانەکە و سوپاس؟
وەڵام: "من میری میرانم، چیتر قائیمقام نییم، بەڵام زۆر دڵسۆزی کاروباری سادەی ناو شار و ناو گوندەکان دەبم. خەم لە کەمی ئاوی کاریزەکان دەخۆم. بریکار و بەردەستم زۆرە، ئەوان دەنێرمە ناو کارێزەکان. کە نەخۆشیەک بڵاودەبێتەوە، من میری میران دەیان میر لەبن دەستم هاتوچۆیانە، ئەوان بۆ چارەسەرکردن دەچنە موسڵ، دکتۆر و دەرمان بۆ نەخۆشەکان دەهێنن! چەکداری زۆرم لەبن دەستە، سەرۆک عەشیرەتەکان، چەتەکان، رێگرەکان، هەمەوەند و دزەییەکان، هەموویان پاسەوان و هاوکاری من دەبن. من میری میرانم، کەس پێش من ئەو نازناوەی نەبووە!". ئەوە برگەیەکە لە رۆمانە باس لە شانازی چاک و ئازایەتی کەسێکی هەولێری دەکات و سوپاس و هەولێرەکەی ئێوەش بەردەوام و هەولێریش ئاوەدان.

 

دیمانە: هێمن خەلیل

© 2017 Hawler