ئایار 26, 2018

بستان سەفەرنامەیەکی کۆڵان بە کۆڵانی قاهیرە

شێرزاد هەینی

بەشی یەکەم

لە گەڕەکی موهندسینی قاهیرە، بەتەنیا لەناو ژاوەژاوی هاتوچۆ و بۆری رەنگی جلوبەرگی خەڵک و ئەپارتمانە بەرزە کۆنە ئاوەدانەکانی، لەناو جەنجاڵی و رەنگی دیاری هەژاری رێبوارەکانا دەڕۆیشتم: هەموو دەنگەکان، وێنەکان، هاتوچۆ و رووناکی بوتیک و کافتریاکانی شێلو و بەئاڵۆزیی لەبەرچاوم هەڵدەپەڕین. ئاسۆکە پارچەیەک تەم، دووکەڵێکی خۆڵاوی نیمچە سپی، گران و وەستاو، یان بڵێم مەییوو بوو. دووکەڵی وەستاوم بینی، تەم نەبوو، هەڵمیش نەبوو، هەناسەی دەریاش نەبوو، قاهیرە لە دەریاوە دوورە. لەسەر شۆستەکانی، کەلە دوو مەتر پانایی، راست و

گونجاو و یەک ئاست و رێکوپێکی زۆرتری تێدا نەبوو، دەڕۆیشتم.
لەو ژاوەژاوە، لەناو جامخانەیەکی بەرین و بەرزی یەک بەرووبەندی شوێنەکە، رەنگ و رووناکییەکی جوانم لێوە دیاربوو. بەرەو دەرگا داخراوە شووشییەکەی رۆیشتم، کە ژوورەوەی لە من دیاربوو. ژنێک و هەموو تابلۆ و گەلەرییە سپییە ئارامەکەم لێوە دیاربوو. دیارە ئەویش لە ژوورەوە، ژنەکەی لەسەر کورسی و بەرامبەر مێزێک هیچی لەسەر نەبوو، دانیشتبوو. مێزێکی ڤاڵا، تەنیا دەست و

پەنجە باریکەکانی ژنەکەی لەسەر بوو. بێگومان دەموچاویشی لەسەر شووشەی مێزەکە دەدرەوشایەوە. ئەو هەڵساویەوە و بەگەرمی پێشوازیکردم. زوو سەیری پەنجەکانیژنەکەی ناو گەلەرییەکەم کرد، پەنجە باریکە نەرمەکانی،ئەنگوستیلەی باریک و بەمورووی ورد و گەورەی لە پەنجەکانی نەبوو، تێگەیشتم پەیوەندی و هاوسەرگیریشی نییە. بەڵام گومانیشم هەبوو رەنگە ژنەکە تازە دەست و پەنجەکانی شووشتبێت،ئەنگوستیلەکانی، باریک و گەورەکانی، سەر بەموروو و بەنەخشەکانی، یان یەکێک لەوانەی داناوە و بەنیازە دوایی لەپەنجەیان بکاتەوە.تا پەنجەکانی بۆ کارکردن ئازادتر بکات:بەوەیان ژنەکە ئازادەجوانتر کاربکات، یان دەیەوێ چاوی پیاوێکی وەک من رابکێشێت، رازی بکات، هەڵخەڵەتنێت. پەنجەکانی وەک ریشی باڵی کۆترێکی سپی، لووس و نەرم و بەشەوق بوون. چەند بە دیمەن و پێشوازییەکە گەشامەوە، ئەوەندەش بە پەنجە لووس و باریکە ئازادەکانی سەرکەش بووم.

***
تابلۆکانی ناو گەلەرییەکە رەنگیان سیس دەردەدکەوت، زۆریان چوارچێوەیان خاوببووەوە.زۆریان داوی بەستناوەیان شلبووەوە. دیارە تابلۆکان بازاڕیان کزبوو، دووکەڵ و غوباری ناوچەکە چاوی

کوێرکردبوون، هاتوچۆی بێزارکەر، دیمەنی پێچراو، هەموو ئەوانە خامۆشییان دەنواند!
"هەستم دەکرد و دەمویست لەناو جینزەکەم بێمەدەرەوە، سینگم بۆ تابلۆکان بکەمەوە. رەنگەکان لە سینگم هەڵسووم. سوورەکان لە لێوم بدەم. رەنگە شینەکان، پەپوولەکانی خەونمی پێ رەنگ بکەم. ویستم رەنگ لە خۆم هەڵسوم. لەناکاو ئەو پیاوە، وەک ماسییەکی سپی، وەک کەڵەشێرێکی سەرکەش و مل قیتی بەردەنووک سوور، لێم بەژوورێ کەوت: گوتی لەناو بەستەڵەکی بەفرەوە هاتووم، دڵم گەرمە، هەناسەم کوورەیە، دەست و پەنجەکانم لقی داربەڕووە. هاتووم دەمەوێ تۆ بەرەو بەژنی ئەهرامێکی ئەو شارستانیەتییە بەرزبکەمەوە، وەک کۆتر بتفڕێنم، بەڵام نەیدەزانی لەو شارە ئاسمان نییە، داپۆشراوە، گیراوە، وەرە سێ ساڵ و زۆرتریش لەو شارە بمینێەوە، ئەستێرەیەک بۆ سەماکردن و ئاسوودەیی نابینیت!".

***
ئەولەبەرم هەڵسایەوە. جینزەکەی بەری زۆر توند و بە رانەکانی وەنووسابوو، تەسک، نەرم واتدەزانی گۆشتی رانی بەدەرەوەیە. ماسولکەکانی رانیدەلەرینەوە، ئەگەر دەسووڕایەوە، جوان و بەسۆزتر سمتی دەردەخست، دیارە سمتیشی وادەردەکەوت. چاکێتە تەنکە یەخەکراوەکەی لەسەر پشدێنەکەی دانەبەزیبوو. قەمیسەکەی کورت بوو، بۆیە باش نیوەی باسک و دەستە شیرینەکەی بەدەرەوە بوو. لەبەر کورتی و بڕینی پشتەوەی چاکێتەکەی، یان بڵێم سوخمەکەی سمتی بەدەرەوە بوو، بەڵام پشتی لە من نەبوو. ژنێکی باڵابەرز، دەموچاو ورد، لووتی نەرم و فستقی، قژە نەرمە کورتەکەی گەیشتبووە سەرشانی، بەڵام شۆرنەبووەوە، کەمەرباریک، سینگی پان نەبوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ گەمەی پەنجە و سۆزداری گونجاو بوو. بەیەکەوە گەرم و شیرین و راشکاوانە قسەمان کرد.خۆمان بەیەکتری ناساند.ئەو کەسی لەلای نەبوو.سالۆنەکە، بەپەیژەکەی دیاربوو نهۆمێکی تری لەسەرەوە هەبوو، لەوێش دەنگ و خشپە و بۆنی کەسی تر نەدەهات. لێم پرسی:
_ سەیرە!
_ چ سەیرە! "خێرا ژنەکەی ناوی بستان بوو گوتی".
منیش، زۆر نەمدەویست کاتی دیمانەکە بەو وەڵامە تەواوبکەم، هەر ئەوەندەم گوت:
لەو شەقامە جەنجاڵەی داپۆشراو بە غوبار و کەساسی ناو قاهیرەی ماندوو و هیلاک و نەخۆشی تازە دەربازبوو لە مەترسی مردن، ئەو گۆشە جوانە هەبێت، ئەو هەموو رەنگەی تێدا پێدەکەنی. چوارچێوەی تابلۆیە گەورەکان وەک چرا دەدرەوشێنەوە، لەدەرەوە شەوقی ئەوانەم بینی!
_ بۆ قاهیرە، شوێنی هونەر و شارستانیەتییە. "بستان سەرکەشانە گوتی".
"منیش بەشەرم و پەشیمان گوتم" دەزانم بەڵام، باس لە بۆری ئەو شەقامە دەکەم، جیاوازی لەگەڵ رەنگە سپییە رووناکەکەی ناو سالۆنەکەتان!
***
ئەوان بەتەنیابوون، هەردووک بەپێوەبوون. دیارە ژنەکە، کاتی دەرچوون و کۆتایی دەوامی ئاسایی بوو، بۆیە دانەنیشتن.لەگەڵ ژنەکە ماوەیەک قسە دەکەن و بەپەلەش چەند بابەتێک دەگۆڕن،

دەیانەوێ زۆرتر بچنە ناو قەپێڵکی یەکتر،ئەو دەڵێت:
من کوردی عیراقم، سەفەر دەکەم،هاتووم بزانم بۆ قاهیرە ئەوەندە گەورەیە! چۆن رووبار و ئاوی نیل بەو خەڵکە تەواو نەبووە؟ چۆن خەڵکەکە ئەهرامەکانیان نەخواردووە، بەردەکانیان نەکردووە بە زەنج و سێبەر؟هەمووتان، ژنەکان وەک نفرتیتی ملتان درێژە، گەردەنتان بلوورییە!؟ بەر لەوەی ژنەکە داوای لێبووردن و دەرچوونی بکات، بەیەکەوە و بەدڵی هەردوولا ژووانێک بۆ دیمانەیەکی

شیرین دادەنێن.
***
کە دەزانێت بەیانی دەوامی نییە، کاتی هەیە، حەزدەکات و پێی خۆشە بەیەکەوە بچنە ئەهرامەکان، بەرامبەر سەرە گەورەکەی سڤنکس، سەری گەورەی شێرێکی ئەفسوناوی هەڵکەوتەی سەر بەرزاییەکانی جیزە، بناری هەرەمەکان وێنەیەک، یان زۆرتر بەیەکەوە بگرن. شاناز بچنە ناو پەرستگاکەی ژێرەوەی، سەر بۆ بیرەکانی جاران فرعۆنەکانیان ئاودەدا شۆربکەنەوە. بەرامبەر بەردی پیرامێردەکان، ریزە بەرزەکانی بۆ یەکتری بژمێرن. پێیدەڵێت، بەیانی چاوەڕوانت دەکەم، با بەیەکەوە قاهیرەی کۆن و دڵی نوێی تۆ ببینم. حەزدەکات بەیەکەوە بچن،چونکە ژنەکە میسرییە،

زوو وەڵامی خاوەن حوشتر و پەیتون و ئەسپەکان دەداتەوە، پێیاندەڵێت:
ئەو پیاوە میوانێکی شیرینە، دەمەوێ بەتەنیابین، کەسمان لەگەڵ نەبێت، کەسیش وشە پەپولەکانی زارمان هەڵنەگرێتەوە! وەک ئەو شوێنەوارانە پەیوەندییمان کۆنە، چەند سەعاتێکە یەکترمان ناسیوە، بەڵام تەمەنێکی زۆرمان لەو چەند سەعاتە شەیدا و شیرین بەڕێکردووە. وادەزانم دە ساڵە دەستم لەناو دەستی دایە. وادەزانم لەیەک کۆڵان گەورەبووین. ئەویش وادەزانێت لە گەڕەکێکی ناو قاهیرە ژیاوە. دیارە زۆرتر لە من شارەزای "تەها حوسێن"ە. ئەو زووبە منی گوت گەردەنت وەک نفرتیتی درێژە. منیش دەستم لە گەردەنم دا، شانازبووم. بڕۆن تکایەلێمان دووربکەنەوە با هەر تەنیابین. لەو تەنیاییە زۆر و جوان سەیری گەردەنم بکات. ناوم بستانە، با بچێتە سەر دارە بەرزەکەی بەژنم! ناوم بستانە و دەتوانێت، چەپەر و پەرژینم بکاتەوە، بۆنم بکات، ئارەزوومەندە، سەربەستە، لق و باسک و گوڵ و بەر و سێبەرم بۆ ئەو کراوەیە، ئامادەیە، پەرۆشیشە.

لەو سەیرانە، ژنەکە لەو گەشتەدا، باسی خاڵێکی بۆ کردم:
خاڵێکی ئەندازیاری گەنج بووە، لەگەرمەی شەڕەکانی ناو عێراق هاتووتە ئەو وڵاتە. لەبەر نەمانی گەنج و پیاوەکانی وڵاتەکە، لەوێبەئاسانی کاری باشی دەستدەکەوێت. ئاسانیش ژنی تەڕ و خۆشی دەستدەکەوێت. هەموو پێویستییەکانی ماڵ و خانوو و بەرگ و خۆشییەکانی لەگەڵ ژنەکەش بۆ مەیسەر دەبێت. ژنەکە بە ماڵەوە شوو بە خاڵی دەکات! زوو لە نەشئە و تامە خۆشەکانی ناو رۆژانی شەڕە قوورسەکان، جەنازە زۆرەکان، کوژرانە بەکۆمەڵەکان، خاپوورکردنی گوندەکانی کوردستان و وشککردنی ئەهوارەکان، خۆش دەژیت. بەدوودڵی، دوایی شانازی پێوە دەکات، رەگەزنامەی عیراقیش وەردەگرێت.

 

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.