ئایار 26, 2018

دە کتێبی دیــــــــــاری ساڵی ٢٠١٧

جۆن سیلبێر، باشبوونەوە

(سیلبێر)ی لاو، ڕۆمانێکی نوێی بە پێکهاتەیەکی تایبەتەوە نووسیوە. ئەو بە هەندێک ڕێگەی تایبەت، چیرۆک و کەسایەتییەکانی لە نێو نەوە و قارەمانە جیاوازەکان دەگێڕێتەوە. ساڵی ١٩٧٠یە، (کی کی) دەچێتە ئەستەنبوڵ و لەگەڵ عوسمانی فرۆشیار زەماوەند دەکات. کە کی کی لەگەڵ مێردەکەی دەچێتەوە بۆ زێدەکەی کە گوندێکی دوورەپەرێزە، پەیوەندییەکانیان خراپ دەبێت. لەوێ ژنە تووشی وەسوەسە دەبێت و بڕیار دەدات لەگەڵ سێ لاوی ئەڵمانی کە قاچاخی ئەنتیکە دەکەن، هەڵێت. هەشت ساڵ دواتر ئەو بە نۆ فەرشی تایبەت دەگەڕێتەوە بۆ نیۆیۆرک..

مین جین لی، پاچینکۆ

ڕۆمانەکەی پاچینکۆ لە نێو پاڵێوراوانی خولی کۆتایی خەڵاتی میللی کتێبی ئەمەریکا بوو، چیرۆکی چوار نەوە لە بنەماڵەیەکی کۆریایی لە یاری زەمەندا دەگێڕێتەوە. گێڕانەوەکەیش بۆ ساڵی ١٩١٠ دەگەڕێتەوە کە ژاپۆنییەکان کۆریایان داگیرکردبوو و زۆرتر ساڵانی سەدەی بیستەم دەگرێتەوە. ماسیگرێکی بەتەمەن و ژنەکەی شەو و ڕۆژێک لە گوندێکی نێزیک بەندەری پوسان دەمێننەوە. کوڕەکەیان هەرچەندە بە ڕووکار و جەستەیی بە شەلەلی لەدایک بووە، بەڵام ئاخری ژنی هێناوە. سونجا کچێکی جەحێڵی ئەم پیاوە لە بازرگانێک کە بۆ گوندەکەی ئەوان نێردراوە، دووگیانە..

مارگارێت ویلکرسۆن سکستۆن، جۆرێک ئازادی

یەکەم ڕۆمانی سکستۆن بەرهەمێکی کاریگەرە کە چەندین جار پاڵێوراوە بۆ خەڵاتەکانی میللی کتێب. ئەو لەم بەرهەمەیدا دەکەوێتە گێڕانەوەی چارەنووسی ئاڵۆز و بەرەو لەنێوچوونی بنەماڵەیەکی رەشپێست لە نیوئۆرلان لە شەڕی جیهانی دووەم تا پاش زریانی کاترینا. یەکەمین، کچێکی دووڕەگەی ئەورووپایی ـ ئەفەریقایی لە چینی فرادست حەز لە ڕێنارد لە بنەماڵەیەکی هەژار دەکات. ساڵی ١٩٤٤ە و سەردەمی جێبەجێکردنی یاسای جیاکردنەوەی ڕەگەزییە. بنەماڵەی کچەکە ناڕازین، بەڵام رێنارد خەریکە دەچێتە شەڕ و پەیوەندییەکەیان بەهێزتر دەبێت.

جۆرج ساندێرس/ لینکۆڵن لە باردۆ

ساندێرس کە مامۆستای نووسینی کورتە چیرۆکە، ئەمساڵ خەڵاتی مێن بوکەری بۆ یەکەم ڕۆمانی خۆی پێ بەخشرا. چیرۆکەکە لە ساڵی ١٩٦٢ دەست پێ دەکات کە ویلی کوڕە ١١ ساڵەکەی لینکۆڵن بە هۆی نەخۆشییەوە مردووە. ئاگری شەڕی نێوخۆیی کڵپەی سەندووە بێ ئەوەی کە کۆتاییەکی ڕوون لەدوورەوە دیار بێت و تا دێت کوژراو و زیانەکان زیاتر دەبێت. ئابراهام لینکۆڵن لە نێو شەڕی خوێناویدا، لە گۆڕستانی باردۆ لەسەر گڵکۆی مناڵەکەی داخدار و تازیەبارە.

جێنیفێر ئیگەن، لێوارەکانی مانهاتتان

لێوارەکانی مانهاتتان، ڕۆمانێکی چەند ڕەهەندییە کە لە بڕۆکلین و ساڵانی ٤٠ ڕوودەدات. ئیگەن لە نێزیک ئادی کریگان، باسی ئیرلەندییەکی نەمر و کچەکەی دەکات. ئادی بۆ دەرچوون لە پیری دەبێتە بەرپرسی شوێنگۆڕکێی باری گرووپە خیلافکارەکانی دیکستێر ئیستایلز. پێنج ساڵ پاش ونبوونی، ئانا کچەکەی بووتە یەکەم مەلەوانی ژن لە شوێنی چاککردنەوەی کەشتی بڕۆکلین. ئەو کە کارەکەی چاککردنەوەی کەشتییەکانی شەڕە، دەست بە گەڕانێکی ورد و کونجکۆڵانە لە "دەمارگرژی بێگەرد"ی ئەوانەی سەرەوەی خۆی دەکات و چێژ لە کاری غەریب و سەیر و سەمەرە لە بن ئاو وەردەگرێت.

ڕۆکسانا گەی/ ژنی هەستیار
دەنگی کاریگەر و بەهێزی ڕۆکسانا گەی لە شوێنگەی ڕۆماننووسی و ڕەخنەگری فەرهەنگی، لە یەکەم کۆمەڵە کورتە چیرۆکەکەی کە ٢١ چیرۆک بوو، بەرز و بە باشی بیسترا. ئەو، باسی جۆرە ئاکارێکی شەخسی دەکات کە بە تێپەڕین پێیدا دەکرێت بەسەر ئازار و ترسەکان زاڵ بیت و دواجار بگەیتە هێوری. لە چیرۆکی "من بەدوات دەکەوم"، دەستی داوەتە گێڕانەوەی چیرۆکی دوو خوشک کە لە منداڵییەوە قوربانی دەستی خراپکەڵوەرگرتنێکی تۆقێنەرن کە مرۆڤ تاقەتی بیستنی نییە. ئێستا گەی لەبارەی ئەوانەوە دەنووسێت کە چۆن لە گەورەساڵی پارێزگاری لە یەکتری دەکەن. "من چەقۆیەکم"، باسی ژنێک دەکات کە ئەو شتەی لە دەستی داوە زۆر هەستیاری کردووە...

جیسەمین وارد/ بخوێنەوە بێگۆڕ بخوێنەوە

جیسەمین وارد، خەڵاتی میللی کتێبی بۆ ئەم ڕۆمانە لەبیرنەکراوەی بردەوە. بەشێک لە ڕۆحی ئازارچێشتووی ئەم بەرهەمە، چیرۆکی جوجوی ١٣ ساڵە لە قۆناغێکی چارەنووسسازە لە ژیان. هۆشیاریەکەی لە نادادپەروەری و لە خۆشەویستییەکەی بۆ باپیر و داپیر و خوشکە ٣ ساڵییەکەی کایلا تێکەڵ بووە. باپیرەی بیرەوەرییەکەی ساڵانی زیندانیبوونی لە زیندانە ترسناکەکەی پارچمێن لە میسیسیپی دەگێڕێتەوە و فێری جوجو دەکات کە چۆن ناوی بە باشی بمێنێتەوە و بە باشە بژیت.

لویس ئیردریچ، ماڵی داهاتوو خوای ئەوڕۆ

ئیردریچ کە کتێبە سێ بەرگەکەی ئەم دواییەی واتە (ماڵی بازنەیی، تاعوونی کۆتر، ڕۆز) خەڵاتێکی پێ بەخشرا، لەم بەرهەمەیشیدا بە پەخشانێکی غەزەلئاسا دەستی داوەتە شیکردنەوەی واتای دادپەروەری.ئەو لە گۆڕینێکی سەرسووڕهێنەردا، لە دوا کتێبی خۆی چیرۆکی شارێکی وێرانبوو دەگێڕێتەوە. دونیای چیرۆکەکە پڕیەتی لە خاڵخاڵۆکەی زلی هێندەی پشیلەیەک و خشۆک و باڵداری زۆر زل و بێچووی بە مردوو لەدایکبوو. ترس لە دونیای مرۆ بەرەو ئاشووب دەڕوات. حکومەت ژنە دووگیانەکان دەگرێت و چاودێریان دەکات. هاک سانک مەیکەری جەحێڵ کە چوار مانگە دووگیانە، بە یارمەتی دایک و باوکی منداڵەکەی و زڕباوکەکەی هەوڵی هەڵاتن دەدات.

کریستینا گارسیا/ لێرە لە بەرلین

ڕۆمانە نوێیەکەی گارسیا پێکهاتەیەکی خاوێنی هەیە و گێڕانەوەکەی بە ئاوازێکی خێرا لە نێو غەم و هەڵکەوتە سەرسووڕهێنەرەکان لە نووسانە. ڕاوییەکی کووبایی ـ ئەمەریکی لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ کۆکردنەوەی چیرۆکەکان دەچێتە بەرلین. ئەو چیرۆکەکانی لە شوێنگەلی چاوەڕواننەکراو دەدۆزێتەوە: پارکەکان، مۆزەخانەکان، کافەکانەی سەر شەقامەکان، ئاکواریۆم، و لە تەنیشت ڕووبار. لە زمانی منداڵێکی پاسەوانی باخچەی ئاژەڵانەوە پەی بە چارەنووسی ٧١٥ ئاژەڵی باخچەی ئاژەڵانی بەرلین لە کاتی شەڕی جیهانی دووەم دەبات. گوێ لە چیرۆکی کەسێک دەگرێت کە بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی بەرنامەی زاوزێی نازیەکانە...

شێرمن ئالێکسی، پێویست بەوە ناکات پێت بڵێم خۆشم دەوێی

دەڵێن، ماسی سەلەمۆن بۆ خەڵکە خۆماڵییەکەی ئەمەریکا کە ئالێکسی چیرۆکەکەیان دەگەڕێتەوە و بە زمانی سالیش دەدوێت، خۆراکێکی ماددی و مەعنەوی بووە. لە ساڵی ١٩٣٨، پێنج ساڵ پاش ئەوەی کە بەنداوی گراندکۆلی لە ویلایەتی واشنگتۆن دروست بکرێت، ئەم ماسییە نەماوە. دایکی ئالێکی کە لە شاری ئیسپۆکن بوو و باوکی لە کۆردلین، و هەردووکیان بە زمانی سالیش زۆر باش دەدوان، یەکەم نەوە بوون بێ ماسی سەلەمۆن دەژیان. "خەمی سەلەمۆن"، لە لاپەڕە بە لاپەڕەی ئەم بیرەوەریە تاڵ و ناخۆشەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو لە وەسفی گەورەبوون لە ناوچەی پارێزراوی ئیسپۆکن دەنووسێت: "بوونەوەرێک کە نوێنگەی قیبلەی ئێمە بوو، هەژاری بوو."

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.