تشرینی یەکەم 17, 2019

ئـەفــــۆریــــــزم

ئاگر دەستی لە سەر شانی كێ دانا
بزانە بێ دوكەڵ نییە وەڵامی
   ***
بارانە و هەر دڵۆپێكی دەنكە گەنمێكی تیا
ئەمە وتەی مێروولەیەك بوو
   ***
یاخە و بەرۆكی كراوەیە واتە سایدێكە
بە سەدان چاوی بە سەردا تێپەڕ دەبێت
    ***
كە تێكدەشكێین،       
هێندە لە خەمی پارچە تێكشكاوەكانمان نین
بە قەد ئەوەی لێیانەوە دەدوێین
    ***
زەوی دەستاڕێكی گەورەیە و گۆڕیش گەروومەی
وەك مشتێ دانەوێڵە، گیانلەبەری تێدەكرێ
كۆلۆمبس دەسكی گرتووە و دەیسوڕێنی
    ***
داو لە سەرەتاوە
گوێچكەی دەرزی دەگرێ و هەڵدەواسێ
دواتر هەمان دەرزی
داوەكە پەت دەكات و بە دوای خۆیدا رایدەكێشێ
    ***
لە نێوەندی حەیوان كڕ و حەیوان فرۆش
قەساب لە سەر چەقۆ تیژ كردنی خۆیەتی
    ***
كێشەی نێوان جوتیار و شێرەكڵۆ
لە سەر گوڵەگەنمی هەڕەت و عازبە
    ***
بە ناوپۆشراویت هێشتووتەوە
بۆیە لە گەڵ ناخی خۆتدا
لە جەنگێكی هەمشەیی دای
    ***
بەرامبەر بە جوانان دەمی كراوە و حەپەساو
سەر دەكاتە فڕفڕۆك
بە ئاڕاستەی ئەوەوە دەخولێتەوە
    ***
ئا، بۆیە وا دڵم قڕس بووە
تومەز تۆم لە ناو دڵدا هەڵگرتووە
    ***
ئەگەر هێندە تاریكیت نەڕژاندبایە سەرم
ئەوەندە عەوداڵی رووناكی نەدەبووم
    ***
بەڕائەتێك پەیتونەكەی ڕاگرت
فرشتەیەكی خەیاڵی سەر خست
بەرە و بەهەشتێكی یۆتۆپیایی رۆیشت
    ***
گوێچكەی ڤان كۆخ
تەنیا تیلمە گۆشتێك نەبوو
خستیە نێو لەپی كچێك
گوڵ جوان نەبووایە
هەنگ دڕكی لە سینە نەدەچەقی
    ***
رۆیشتم لە رووباری جوانان مەلە بكەم
كەوتمە نێو كەمینی بۆقە هەڵەوەڕەكان
دەورەیان دام ناشیرینەكان
    ***
زوقم و كڕێوە و زریان
لە ئاو ڕادەخوڕن، دەیكەنە بەستەڵەك
خۆ هەتاویش هەیە لێیان بسووڕێتەوە
لە كەللە رەقی پەشیمانیان كاتەوە
    ***
شانەی هەنگوین بە زمان مەلێسەوە
نەكا هەنگێكی خەوتوو لە نێو شانەكانیدا
 لە خەو هەڵسێ و بە زمانتەوە وەدا
    ***
ماندوو و برسی
بە سەر دۆخی ئاهەنگێ داكەوتم
بنكڕ مابوو
گەر نەگەڕابوومایەوە بەرەو دواوە
وەك بنی مەنجەڵ هەستم ڕەش دادەگەڕا
    ***
گڵۆلەیەكی ئاڵۆزە
مەیدە دەست هەژارێك
پێیی ناكرێتەوە
    ***
ژیان لە سەر دوو تەوەر وەستاوە
یەكێ بە رووخسارییەوە خەندەبارە
ئەوەی دی لە ناوەوەی خۆیدا دەگری
گریانی نادیارە
    ***
پەڕەشووتێك بۆ كرانەوە
مرۆڤێك بۆ ژیان
    ***
وەك بانگی ناوەختی كەڵەشێری ئەو زەمانە
سەرچیغ چووە هەنگاوەكانم
    ***
ئاو دەڕۆیشت زیندوو بوو
وەستا، لە گۆمێكی مەنگدا خنكا
    ***                 
 كە تۆ جوان نی، تاوانی ئاوێنە چی بێت
ورد و خاشی دەكەیت ؟!!
    ***
فستقێكی دەم كراوەم، لەتەوشكێن كرد
توێكل رەق و ناوك نەرم
زانیم ژیان بە هەردوو سەرییەوە دەخوێندرێتەوە
    ***
لە یەكەم وێستگەدا سواری شەمەندەفەرێك كرا
ناوی ( ژیان ) بوو
لە دوا وێستگەدا دابەزی
ناوی ( تابووت ) بوو
    ***
ئەوەی بە سەر سەهۆڵبەندێكا گوزەر بكا
دەستەكانیشی لە گیرفاندا بێت و هەڵخلیسكێ
وەك تۆپ گڵۆر دەبێتەوە
    ***
دوای هەڵكشان و هەڵشاخانم
گەیشتمە ترۆپك
حەزێكم مرد، حەزێكم ناشت
حەزی بینینی نەدیاری ئەو دیوی شاخ
    ***
چەند بە گریانە ئەم گۆڕستانە
مردووانی قوت داوە
كێڵەكانیشی،
فرمێسكە شكاوەكانی زیندوانی پێیەوە لـكاوە
    ***
ئاشەوان بە خۆیەوە نازانێ چەند جارەی بەرداش سوڕاوەتەوە
 بێ ئاگایشە، ژمارەی تەمەنی لە ئاسمانی ( ترمۆپێودا )
چەند جار باڵ لێك دەدا و بەرز دەبێتەوە
    ***
ئەگەر ئاشی ئاشتی، زوو زوو قایشی بپسێ
دەبێ رەنگی ئاردەكەی چۆن بێ ؟!!

 

موحسین ئاوارە

© 2017 Hawler