تشرینی یەکەم 17, 2019

ئەدەبیات و گرافیک دوو ڕەهەندی لێکجیانەکراوەن

زەهرا ئەحمەدی دەرچووی بەشی هونەری زانکۆی سورە ـی تاران و ماستەری لە گرافیک هەیە. کوردە و خەڵکی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و زیاتر دە ساڵە بە شێوەی پسپۆڕی خەریکی کاری نێگارکێشان و وانەوتنەوەیە لە بواری گرافیکدا. سەرەڕای وتنەوەی وانەی هونەر لە هونەرەجوانەکان و زانکۆکان، لە خوڵقاندن و ئەفڕاندن بەرهەمگەلی هونەریش زۆر سەرکەوتوو بووە. لێرەدا سەرەنجتان بۆ گفتوگۆیەک لەگەڵی ڕادەکێشین:

ـ چۆن بوو کە ڕووتان لە گرافیک کرد؟
زەهرا:لە مندناڵی و مێرمنداڵییەوە حەزم لە نیگارکێشان و وێناسازی بوو و کەیفم بە کێشانی شتەکان بە شێوەی جیاواز و ڕێکلام بوو، بەڵام تا کۆتایی ناوەندی کە بەشی بیرکاری فیزیکم خوێند، ڕێگەی خۆم نەدۆزییەوە. لە کاتی پێش زانکۆ واتە لە حوێندنی ئامادەیی بووم کە ڕووداوێک بووە هۆی ئەوەی بتوانم چارەنووسی خۆم دیاری بکەم. مامۆستای کیمیام دوو زندیرە کتێبی کونکوری هونەری بە ئەمانەت پێدام و منیش بڕیارم دا سەرەرای تاقیکردنەوەی بیرکاری بۆ زانکۆ، تاقیکردنەوەش لە بەشی هونەر بکەم و چێژی خوێندنەوەی ئەو کتێبانە بووە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی گشتی ڕێگە و ژیان و چارەنووسی خۆم بگۆڕم.

ـ لەم پانتاییەدا، پێشانگات کردووەتەوە و یا پلەیەکت لە فێستیڤاڵەکان بەدەست هێناوە؟
زەهرا:زۆربەی چالاکییەکانی من لە بواری نیگارکێشانی ڕێکلام و وانەوتنەوە بووە تا بەشداربوون لە کێبەرکێکان و یا بەڕێوەبردنی پێشانگا، بەڵام لە چەند پێشانگەی گرووپی و پێشانگەیەکی تایبەت بۆ بواری پۆستەر بەشداریم کردووە و نزیکەی ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا بەرگی کتێبی هونەری قوتابخانەی پارێزگای کرماشان بوومە یەکەم. لە کتێبی گرافیکی ساڵی بابان، چەند بەرهەمێکم چاپ و بڵاو بووەوە.

ـ جگە لە نیگارکێشان و گرافیک لە چ بەشێکی دیکە کار دەکەن؟
زەهرا: جگە لە گرافیک و نیگارکێشان، لە بوارەکانی فۆتۆگرافیش کاری جوانم هەیە.

ـ سەرنجدان بەوەی کە کارەکەی ئێوە داهێنانێکی باش و ئاڵۆزییەکی تایبەتی دەوێت، چۆن ئەنگیزە و پاڵنەری کارکردنی خۆنان لە ژیاندا ڕادەگرن؟
زەهرا: لە وەڵامی پرسیارەکەتان دەبێت بڵێم کە حەزی فێربوون و گۆڕانکاری بەردەوام لە کارکردندا تەنگم پێ هەڵدەچنێت و هەمیشە لە مندا لێوڕێژە. هەرڕۆژەیببوون و گۆڕانکاری سات بەسات کە لەم بەشەمدا واتە گرافیک هەیە، هەیەجان و پاڵنەرێکی گەورەی بۆ دروست کردووم. ئەفڕاندن بۆ هەمووکەس پێناسێکی جێگر و هاوسەنگی نییە. لە هەر تاکێکدا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی تایبەت ڕوو دەدات. جاری وایە بە وەرگرتنی بیرۆکە بە بەرهەمی کەسانی دیکە، جاری واشە بە خوێندنەوە و جاری واشە بە بینینی دیمەنێک یا ڕەنگە بە ڕوودانی کارەساتێکی تایبەت ئەمە ڕوو بدات و خۆی ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵنەرێکی زۆر بۆ کارکردن.

ـ هونەری گرافیک لە پارێزگا کوردییەکەی ئێوە لە چ ئاستێکدایە؟
زەهرا:هونەری گرافیک لە کرماشان سەرەڕای زانکۆ و چالاکی گرافیستە کرماشانییەکان، لە ئاستێکی خوازراودایە، بەڵام بەداخەوە بۆ ئێمەی کرماشانی هەمیشە جیاوازی پارێزگاکان دڵگرانکەر بووە و هەر لەبەر ئەمەیشە کە کۆمپانیا و خوازیارانی گرافیست بۆ بەرهەمەکانیان زیاتر داوای کاری گرافیستەکانی دەرەوەی کرماشان دەکەن کە ئەمەش جیگەی داخە.

ـ دەزانم کە ئێوەش دەخوێننەوە. ئاخۆ موتاڵا و خوێندنەوە چەندە کاریگەری لەسەر کاری هونەریتان داناوە؟
زەهرا: ئەدەبیات و هونەر دوو ڕەهەندی جیانەکراوەن لە یەکتری و لە وڵاتەکەی ئێمە پێکەوەبەستراوییەکی دوور و درێژی مێژووییان هەیە. دیارترین نمونەکەشی، لە شانامەکانی سەردەمی سەلجووقییەکان تا قاجارییەکان دەتوانین بدۆزینەوە، هەروەها کتێبەگەلە بەهادارەکانی دیکەی وەک ئەرژەنگ مانی، کلیلە و دمنە، بوستانی سەعدی و .. دەتوانین نێو بەرین. ئەدەبیات، وێنای زەینی نوسەر پراکتیکیانە فۆرموولە دەکات و گرافیست دەیهێنیتە سەر کاغەز و درکی بابەتەکە بۆ خوێنەر سادە و سانا دەکاتەوە. ئەو گرافیستەی کە حەزی لە خوێندنەوە بێت، وێنا زەینییەکانی بەهێزترن و ئەمەش دەبێتە هۆی دەوڵەمەندی بەرهەمەکانی.

ـ چ پێشنیارێکت بۆ گرافیستەکان و ئەهلی گرافیک هەیە؟
زەهرا:پێشنیارم بۆ ئارەزوومەندان گرافیک ئەوەیە بۆ چرکەساتێک دەست لە فێربوون و موتاڵا و بەدواداچوون هەڵنەگرن، هەر چرکەساتێکی ئێستایان بۆ پێشکەوتن بەکار بهێنن و هەوڵ بدەن کە لە قافڵەکە بەجێ نەمێنن.پێویستە لەسەرەتای کارەکە بە شێوەی پسپۆڕانە و پیشەییانە فێری گرافیک بن و تا دەتوانن بەرهەمی گرافیکی زۆر ببینن بۆ ئەوەی زەینیان دەوڵەمەند بێت بە وێنا و کارە گرافیستییەکان.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler