ئەیلول 19, 2018

چی بکەین؟ هانا ئارێنت (Hannah Arendt) لە کتێبی "دۆخی مرۆیی"ـدا ئەم پرسیارە جەوهەرییەی وەک ئایدیایەکی ئاراستەکەری خۆی کردووە. ئەوە پرسیارێکی سادەیە، بەڵام لە دوورمەودادا غەمی ئەخلاقی و سیاسی هەڵگرتووە. پرسیارێکە پێویستی بە هەڵوێستەیەکی جددی بیرکردنەوە و وردبوونەوە هەیە، پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی ئەو بەرهەم و ناوکۆییانەیە کە پێی تایبەتمەندن. شێوازێکی مامەڵەکردن دەنوێنێتەوە کە دەرگیرە لەگەڵ ئەوەدا وا لە سەردەمی ئێستاماندا دەگوزەرێت، هەروەها هەستکردن بە نیگەرانیی هەڵگرتووە بەرامبەر بە هۆکارەنی بوونی ئەم ئێستایەمان بەو شێوەیەی کە دەیبینین و تێیدا دەژین. ئارێنت لەمیانەی ئەم پرسیارەوە لە مەترسییەکانی مومارەسەی تووندوتیژی و تۆتالیتاریزم بەئاگاهاتەوە کە ئەوەتا دەبینین لە کۆنتێکستی لیبراڵیستی کاتی ئێستاماندا دووبارە دەرکەوتوونەتەوە. ئەشکەنجە و گرتن بۆ کاتێکی نادیار و بە بێ پاساو، کوشتنی بە پلان کە لە ساڵی 2001ـەوە پیادە دەکرێت و پێویستی بە پاساو و ڕەوایەتییە، بە ناوی ئارامی و ئاساییشی مرۆڤایەتی (ڕۆژئاوایی)ـەوە بووە. خەریکبوون بەم مژارەوە پرسیاری زۆر دەوروژێنێت: ئەم ئێستایە چییە؟ چۆن دەتوانین ئەو کارانە دەرک بکەین و شیکار بکەین و لێیان تێبگەین کە لە کاتی ئێستادا دەیانکەین؟
کاتێک کردەوەکانی تووندوتیژی سیاسیی نا-ئەخلاقیی وەک مومارەسە پاساودارەکانیان لێدێت، ئەوا دیسانیش هەست دەکەین پێویستە بنچینەکانی سیاسەت و ئەخلاق و هەڵوێستیان بەرامبەر بە تووندوتیژی بخەینەوە بەر پرسوباس. لەلایەکی دیکەیش، لۆژیکی بایۆ-پۆلەتیک (Biopolitics) کاری لەسەر گونجاندنی سوبێکتیڤیتەی مرۆڤ کردووە، ئەمەیش پرسیاری ئەخلاقیی دیکەی لەژێر ڕۆشنایی مومارەسە و پاساوە هەنوکەییەکانی تووندوتیژیی سیاسیدا بەرهەم هێناوە. لەم بوارەدا، کارەکانی میشێل فۆکۆ (Michel Foucault) خزمەت بە هەوڵەکانی لێکۆڵینەوە لە تیۆرەکانی بایۆپۆلەتیک و پەیوەندییەکەی بە تووندوتیژییەوە دەکات، چونکە تەرکیزی خستۆتە سەر سیاسەتەکانی ژیان؛ بە پاڵ ئەمەیشەوە کارەکانی هانا ئارێنت خزمەت بە هەمان هەوڵ دەکات کە جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە ژیان بەرەو ناوەندی سیاسەت بجوڵێت. ئارێنت کە بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانی سیستەمە تۆتالیتارییەکانی سەدەی بیست دەکات، سەرنج لەو وێنە ڕاستەهێڵییە دەدات کە ئەم سیستەمانە، چ لە جیهانی ڕۆژئاواییدا و چ لە دەوڵەتانی جیهانی سێیەمدا بەرهەمیان هێناوە، چونکە مومارەسەی توندوتیژییەکی بە پلانیان کردووە و هەوڵیانداوە کۆنترۆڵی دەوڵەت و کۆمەڵگە بکەن؛ ئەمە ئەو بەرەنجامەیە کە ئارێنت بە جەختکردنەوەی لەسەر توێژینەوەی مرۆڤ و خواستە تۆتالیتارییەکانی پێی گەیشتووە؛ هەمان ئەنجامە کە فۆکۆیش لە شیکاریی بایۆپۆلەتیک و پیادەکردنی ئەم سیاسەتەوە، کە لە جیهانی ڕۆژئاواییدا هەر لە سەدەی حەڤدەوە مومارەسەکراوە و ئینجا بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی کۆمەڵگە لە دیسپلینەوە بۆ کۆنترۆڵ، پێیدەگات.
ئەگەر هەڵگەڕانەوەکانی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ بە گوێرەی سەرکەوتنی نووسەران لەبەرچاو بگرین، ئەوا یەک پێدراوی ڕوون دەبینین، ئەویش گۆڕانی ئاراستەی بایەخدانەکانی ئەم دواییەیە لە فەلسەفەی سیاسیی هانا ئارێنتەوە بەرەو فەلسەفەی میشێل فۆکۆ. ئەگەر بشێت ئەم گۆڕانە لە ڕوانگەی گروپی چەمکییەوە وەربگێڕین، ئەوا دەتوانین جەخت لەسەرئەوە بکەینەوە کە گۆڕانەکە لە مۆدێلی "تۆتالیتاریزم"ـی کتێبەکەی ساڵی 1951ی ئارێنتەوە، بەرەو مۆدێلی "بایۆپۆلەتیک"ـی فۆکۆ ڕوویداوە کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەرەی پێداوە. بەڵام ڕەگەزی گرنگ لەم گۆڕانەدا ئەو دۆخە ڕاستەهێڵی و بەردەوامەیە کە تایبەتمەندییەکەی بە جوڵەی ئەم ئایدیانەوە دیارە . هەردوو مۆدێلی تۆتالیتاریزم و بایۆپۆلەتیک وەک دوو زمانی چەمکسازیی لێکدابڕاو دەرناکەون، بەڵکو لە ڕێگەی جۆرێک پەیوەندیی هێرمینۆتیکییەوە، هەر دەڵێی لە دۆخێکی پێکهاتەیی لێکجووتدان کە مۆدێلی دووەمیان وەک درێژکردنەوە و کامڵکردنی مۆدێلی یەکەمیان پیشان دەدات. مامەڵەی بایۆپۆلەتیک جگە لەوەی ئامرازێکی شیکاریی ئەڵتەرناتیڤە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆتالیتاریزم، یەکێکە لە زنجیرە نەریتی و مێژووییەکانیشی، بۆیە تۆتالیتاریزم بە ڕێگای جۆراو جۆر ئاوێتەی دەکات و جەختی لەسەر دەکاتەوە. زۆر توێژینەوەی گرنگ هەن کە هەردوو زاراوەکە لە هاوبەندییەکی تەواودا بەکاردەهێنن و هەردووکیان دەکەنە دوو وشە بۆ یەک مانا؛ چ بە ئاراستەی تۆتالیتاریزمی بایۆپۆلەتیکدا، یان بە ئاراستەی بایۆپۆلەتیکی تۆتالیتاریزمدا.
جیاوازیی تێرمینۆلۆژییانەی نێوان مۆدێلی بایۆپۆلەتیک و مۆدێلی تۆتالیتاریزم، چەندین لێکۆڵەری بەرەو یەکتربڕینێکی ڕوانگەکان بردووە تاوەکو لای ئارێنت بەدوای بایۆپۆلەتیکدا بگەڕێن و لای فۆکۆیش بە دوای تۆتالیتاریزمدا. لە بواری ئەسڵی چەمکی بایۆپۆلەتیکدا ڕەوشێکی ئوبێکتیڤی دوولایەنە هەیە؛ چونکە فۆکۆ زاراوەی تۆتالیتاریزمی بۆ گوزارشتکردن لە سروشتی ئاشکرای بایۆپۆلەتیکی نازیزم بەکارهێناوە. وەسفکردنی نازیزم بە بایۆپۆلەتیک شتێکە وایکردووە ئاسان بێت لە چەمکی کۆمۆنیزمیش نزیک بکرێتەوە، دواتریش ماناکەی لە چەمکی تۆتالیتاریزم نزیک بکرێتەوە

 

موراد بن سەعید
.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.