ئەیلول 21, 2019

بیری یــه‌كـــه‌م عـــه‌شــقــم ده‌كـــــــــــــه‌م

‎یه‌كه‌مین جارم بوو
‎ژنێكی ئه‌سمه‌ر پێم بڵێ
‎خۆشمده‌وێی
‎خه‌نده‌كانی وه‌ك گوڵ ده‌پشكووتن
‎وه‌ك چرا داده‌گیرسا
‎هه‌موو ئه‌و شتانه‌م له‌و خۆشویستن
‎كه‌ ئێستا پێیانه‌وه‌ ده‌ژیم
‎ئه‌وم ماچ نه‌كردوو
‎ئه‌و ماچی نه‌كردم
‎ئێستاش عاشقی ئه‌وم
‎دووه‌م جارم بیردێته‌وه‌ كه‌ ژنێك عاشقم بوو
‎ئه‌و رۆیشت و منیش به‌زیم
‎یه‌كه‌مین جارم بوو
‎له‌گه‌ل ژنێك شه‌راب بخۆمه‌وه‌
‎ده‌ستی چه‌پی خوێندمه‌وه‌
‎جێی هێشتم و تا ئێستاش نه‌مبینیه‌وه‌
‎جارێك له‌كاتی مه‌ستی گۆرانیم
‎بۆ ژنێك گوت
‎ئه‌وه‌نده‌ پێكه‌نی خه‌ریك بوو
‎ئه‌وشه‌وه‌ رقم له‌ ژن ببێته‌وه‌
‎ئیدی هه‌ر ئه‌و جاره‌ بوو
‎رۆیشت و نه‌مبینیه‌وه‌
‎كه‌ با له‌ ژن ده‌دا
‎حه‌زده‌كه‌م داو داوی پرچی ژن
‎بژمێرم و ژماره‌یانم لێ تێك بچێ
‎تا دووباره‌وه‌ سه‌د باره‌ی بكه‌مه‌وه‌
‎هه‌ندێ جار ئیره‌یی به‌ باران ده‌به‌م
‎كه‌ ژن ته‌ڕ ته‌ڕ ده‌كا
**********
ئه‌و چرایه‌
له‌ ره‌نگی دوێنێی ئێمه‌ ناچێ
تاریكی له‌ بوونی ئێمه دا‌
ڕه‌شێكی چه‌ند جوانه‌
ده‌ستت له‌ نێو ده‌ستمدا بوو
ده‌ستم له‌ نێو ده‌ستتدا بوو
ده‌سته‌كانمان هیلاك نین
له‌ ده‌ست به‌ردانێكی دی ده‌ترسێن
چه‌ترێك كۆی كردینه‌وه‌
حه‌زم ده‌كرد
باران به‌ خوڕتر ببارێ
رێگا دوورتر ببنه‌وه‌
باران مرۆڤ بشواته‌وه‌
باوه‌شێك پڕله‌ خۆشه‌ویستی
ده‌ستێكی گه‌رم
له‌ كه‌مه‌رم گیرده‌بێ
من سینگم
له‌ مه‌مكی ئه‌ودا گه‌رم دادێ
ئه‌و ده‌سته‌كانی نه‌رم نه‌رم
له‌ كه‌مه‌رم دا به‌ نه‌رمی به‌رده‌بنه‌وه‌
لێوه‌كانمان نامۆ نین
له‌ ماچه‌كان دا جه‌ند جوانین
چرا له‌ بوونی ئێمه دا داده‌گیرسێ
ئه‌و خه‌نده‌یه‌ك به‌ رووی مندا ده‌كاتەوە
ئه‌و چرایه‌
له‌ ره‌نگی دوێنێی ئێمه‌ ناچێ
تاریكی له‌ بوونی ئێمه‌
ڕه‌شێكی چه‌ند جوانه
************
‎ده‌ستم له‌سه‌ر دڵم داده‌نێم
‎له‌ سپی ناو ره‌شایی ڕاده‌مێنم
‎كه‌ خۆر ئاوا ده‌بێت
‎له‌ قووڵایی دڵه‌كه‌م
‎به‌دوای خۆم ده‌گه‌ڕێم
‎له‌ دووری تۆ
‎تا دێ له‌ خۆم دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌
‎بێزاری له‌ خۆم داده‌ماڵم
‎ده‌زانم دۆزینه‌وه‌ی تۆ
‎له‌گه‌وهه‌ر گرانبه‌هاتره‌
‎كه ‌له‌نێو ده‌ریایه‌كی قووڵ بیدۆزیته‌وه‌
‎عیشق نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌یه‌
‎مردنێكی ئارامبه‌خشه‌
‎ئه‌و له‌ بێ ده‌نگی من
‎تێده‌گا
‎من ده‌زانم ئاوازەکانی ئه‌و
‎دووبارە نابنه‌وه‌
‎وه‌ك سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی خۆر وایه‌
‎ده‌زانم له‌بیری ئه‌و چ رووده‌دا
‎ده‌زانم شوێنپه‌نجه‌ی ئه‌و
‎دووباره‌ نابنه‌وه‌
‎ده‌ستم له‌سه‌ر دڵم داده‌نێم
‎له‌ سپی ناو ڕه‌شایی ڕاده‌مێنم
كه‌ ده‌مرم له‌ نێو دڵی ژنێك ده‌مدۆزنه‌وه‌
***************
ئێواران لە بەرانبەر دیوارەکە
دادەنیشم و گارسۆنەکە بانگ دەکەم
قاپێ شەرابی سپی
لە پەرداخێکی باریک
چەند جارێک جێگۆڕکێی پێدەکەم
چپسێکی فەرەنسی و پەنیریی یۆنانی
مەزەی شەوانی بێ تۆییە
پێکێک بێ دەنگیم پەرت دەکات
گۆرانییەکی خەمگینی بەیتۆ جان
خەیاڵم دوور دوور دەمبا
دووکەڵی جگەرەی دەستی سەرخۆشێک
تابلۆیەک لە شێوەی ژنێکی رووت
دروست دەکات
_با_یێک نەرم نەرم
وێنەی قژی کورت و نەرمی تۆم بیردەخاتەوە
لە مەستیدا
ژیان جوانترە و
تۆ دڵتەنگی بە دڵتەنگی دەسپێری
من چاوم لەسەر شاشەی مۆبیلەکەمە
نە وێنەی تۆ
نە زەنگی تۆی بۆ نایە
من ھەر چەند زیاتر
بیر لە تۆ دەکەمەوە
تۆ بزرتر دەبی
ئێوارەیەکی دی نا
سپێدەیەکی دی نا
شەوەکان
و
رۆژەکان
و
مانگەکان
و
ساڵەکانی تەمەنمان و رابووردومان
دەکەینە بیرەوەری و چیدی نا
گرینگ سپێدە دەکەینە
رۆژێکیدی و مانگێکیدی و سالێکیدی
جوانی دەکەینە
ژیان و سەفەر و خۆشەویستی
پێکێکی سپی لە روحی ترێی سپی
چ مەستی و جوانی
لەم ئێوارەیە جوانترمان دەکاتەوە
شەرابێکی سپی
لە پەرداخێکی روون
لە نێوان ھەردوو دەستم
جێگۆڕکێی پێ دەکەم.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 12 ئەیلول 2019 07:11
© 2017 Hawler