ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سەحەر دلیجانی ئەو نووسەرەی کە لە زیندان لەدایک بوو

سەحەر دلیجانی نووسەری ڕۆمانی "منداڵی داری جاکاراندا" دەڵێت نووسین بۆ ئەو دەرمان بوو و پاش چاپی کتێبەکەی تێگەیشت کە ئەمە تەنیا چیرۆکی خی نەبوو. ئەو ئێستا خەریکی نووسینی دووەم کتێبیەتی کە لەسەر کۆچبەران و ڕاستگەراکانە لە ئەوروپا و ئەمریکا.


ـ تۆ لە زیندان لەدایک بووی و دایک و باوکت هەردووکیان زیندانی سیاسی بوون. چ جیاوازییەک لە نێوان خۆت و ئەوانی دیکە هەیە کە لە زۆرینەی ڕەهان و بەلانی کەمەوە لە زیندان لەدایک نەبوونە. خۆت چەندە هەست بەو جیاوازییە دەکەیت؟
سەحەر: پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە. کاتێک کە بیر لە چیرۆکی لەدایکبوونی خۆم دەکەمەوە، پرسەکە زیاتر ڕەهەندی سیاسی هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە. من کارێم نەکردووە، بەڵام لەدایکبوونەکەم ڕەهەندێکی سیاسی بە خۆیەوە دەگرێت و پەیوەستە بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران. بە دڵنیاییەوە ئەمە جیاوازییەکە دروست دەکات. ئەو ساڵانە، قورس و ناخۆش بوون. دایکم زۆر دەترسا. نازانم ئەمە چەندە کاریگەری لەسەر من هەبووە. لەگەڵ هاوڕێیەکم کە ئەویش هەمان کات لە زیندان لەدایک بوو، زۆر لەبارەی ئەم جۆرە کاریگەرییانەوە قسە دەکەین.

ـ چ کاریگەرییەک؟
سەحەر: لەگەڵ ئەوەی کە دایک و باوکم لە تەنیشتمەوە نەبوون، لە باوەشی گەرمی بنەماڵە گەورە بووم. دوو ساڵە بووم کە دایکم ئازاد بوو و چوار ساڵەش بووم کە باوکمم بینی. پووورەکانم، باپیر و داپیرم هێندە دلۆڤان بوون کە تەنانەت زۆریشیان دا بە دەممەوە. لە بواری میهرەبانی و خۆشەویشتی کەمیان بۆم نەکرد. هەڵبەت موحیبەت و گەرموگۆڕییەکی زۆر بوو، بەڵام بە ترسێکی گەورەشەوە گەورە بووین.

ـ هەرچۆنێک بێت، نەوەی شەستەکانی ئێران (هەشتاکانی زایینی) هەمیشە گلەیی دەکەن کە منداڵییان بە دەنگ و زرینگانەوەی هۆشیارکەرەوەکانی مەترسی، درووشمەکانی شەڕ و ئایدۆلۆژیا خراپ بووە. ئێوە لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دایک و باوکت هەردووکیان زیندانی بوون. بۆ نمونە پێیان نەوتبووی کە ئاگاداری ئەوە بیت لەم بارەوە لەگەڵ کەس قسە نەکەیت؟
سەحەر: ڕاستە، ئێمە ترسی زیاترمان لە چاو خەڵکی دیکە هەبوو. دەمانزانی کە نابێت بڵەین دایک و باوکمان لە کوێن. من تەنانەت لەگەڵ خۆشەویستترین هاوڕێکانم لە قوتابخانە لەو بارەوە قسەم نەدەکرد. دونیای دەرەوە، دونیایەکی مەترسیدار بوو، بەڵام مە منداڵ بیت، زۆر تێناگەیت و ناتوانی دەوروبەری خۆت شڕۆڤە بکەیت. کۆمەڵە ترسێکیش خۆم لای خۆم دروستم کردبوون. دەترسام ئەم نهێنییە لە زارمەوە ئاشکرا بێت و بڵێم دایک و باوکم هەردووکیان چەپن و زیندانی بوونە و سبەی دووبارە بیانگرنەوە.
من وەک منداڵێک بیرم لەم شتانە دەکردەوە و هەستم بە بەرپرسیاریەتی دەکرد تا پارێزگاری لە دایک و باوکم بکەم. ئەو کاتەم بیر دێت کە مامم لەسێدارە درا. مامم کە مێردی پووریشم بوو. ماتەمگێڕییەکەیم بیرە. کاتێک هەواڵەکەیان دایە کوڕە مامەکەم، هیچ کات ئەو چرکەساتەم بیر ناچێتەوە. ئەو هاوتەمەنی من بوو و ئێمە پێکەوە لە زیندان لەدایک بووین. بیرمە کە هەواڵی مەرگی باوکیان دایە ئامۆزاکەم. سپیبوونی ڕەنگی ڕووخساری و بێدەنگییەکەی، هەروەک بڵەی دونیا لەو ساتەدا وەستاوە. چرکەساتێکی ترسناک بوو کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە.
ـ من منداڵێک دەناسم کە چەند ساڵ دایکی هەر لە پشت میلەکانی زیندان و بە عەباوە بینیبوو، بۆیە وێناکردنی بۆ دایک، ژنێک لە پشتی شیشە و میلەکانەوە بوو.
سەحەر: من لە چاوپێکەوتنەکان شتێکی وام بیر نییە. ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە کاتێک دایکم ئازاد بوو نزیکەی ساڵێکی کێشا تا توانیم لێی نزیک کەومەوە. غەریب بوو بۆم و نەمدەناسی.

ئاخۆ ئەو ترسەی کە باسی دەکەی، لە وجوودتدا ماوەتەوە و کاریگەری لەسەر کەسایەتی شەخسی و کۆمەڵایەتیت هەبووە؟
سەحەر: بە دڵنیاییەوە. کاتێک کە کتێبی "منداڵانی داری جاکاراندا"م نووسی، ئەم چیرۆکانە هاتنە دەرەوە و دەرکەوتن. کاتێک چیرۆکەکەم دەنووسی بە هیچ شێوەیەک نەمدەزانی کە ڕۆژێک دێت و چاپ دەبێت. تەنیا دەستم کرد بە قسەکردن لەبارەی لەدایکبوونم و ڕووداوەکانی ئەکاتی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵیم. پاشان کە دەستم بە گەشتی ناساندنی کتێبەکەم کرد و لە وڵاتانی جیاواز کتێبەکەم دەناساند، تێگەیشتم کە جۆرە تراپییەکە بێ ئەوەی خۆشم هەستم پێ کردبێت.

ئاشکراکردن (لەقاودان)؟
سەحەر: لەبەر کتێبەکە بەردەوام لێم دەپرسرا و منیش بەردەوام شتێکم دووبارە دەکردەوە کە پێشتر نهێنی بوو لە ژیانمدا. بەر لە کتێبەکە، ڕەنگە دوو سێ جار لەبارەیەوە لەگەڵ کەسە نێزیکەکانم قسەم لەبارەوە کردبوو، بەڵام یەکهۆ خەریک بوو لەگەڵ دونیا قسەم دەکرد و ئەم نهێنییەم ئاشکرا دەکرد و ئەمەش هەنگاو و بازێکی گەورە بوو.

ـ ئەم پرسیار و قسانە بە دڵنیاییەوە وزەیەکی زۆری ویستووە. ئاخۆ سەرفکردنی ئەم وزەیە خۆبەخشانە بوو؟
سەحەر: زۆر، زۆر.. دەبێت ئەم چیرۆکانە بگێڕدرێنەوە و هەرچەندیش وزە سەرف بکرێت کێشە نییە. ئەم چیرۆکانە دەبێت باس بکرێت تا بزانین چی ڕووی داوە، چونکە ئێمە هێشتا دەرەنجامەکانی ئەوکاتی لە ژیانماندا هەست پێ دەکەین و هێشتا شوێن برینەکانی ماونەتەوە. لە هەمان کاتیشدا ئەم چیرۆکانە بۆ من، باڵاتر بوو لە ئیحساسات و سەرفکردنی وزە. کاتێک چیرۆکەکانم دەنووسی و خەڵکی دەیانخوێندنەوە، تێگەیشتم کە ئەمە تەنیا چیرۆکی من نەبووە، بەڵکۆ چیرۆکی زۆر کەسی دیکەیشە. ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی خستە بەر دەمم. تێگەیشتم کە خەریکی نووسینی چیرۆکی هەزاران کەسی دیکەمە کە ئەم چەندین ساڵە بە کپکراوی ماوەتەوە.

ـ ئەم ئەنجامەت لە فرۆش و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەت بەدەست کەوتووەتەوە؟
سەحەر: بەڵێ. نە تەنیا لای ئێرانییەکان، بەڵکو لای کەسانێکی ڕۆمانی و ئەرژەنتینی و ئەڵمانی و وڵاتانی تریش و گوتوویانە کە ئەم چیرۆکەت ئێمەیان خستەوە بیری هاوڕێیەکم، خستمیەوە بیری داپیرەم.. و منیش تێگەیشتم کە پرسی ئینسانی و ڕەهەندەکانی سەرکوت لە هەموو دونیا وەک یەک و هاوبەشە. پەیامێکی زۆری دەستخۆشیم بۆ هات. زۆرێک گوتیان سوپاس کە ئەم چیرۆکەت نووسی و ئێمەت لە بێدەنگی ڕزگار کرد. ئەم دیاریەکی زۆر گەورە بوو بۆ من.

ـ ئەو هاوڕێیەت کە باست کرد و گوتی وەک خۆت بووە و دایک و باوکی زیندانی بوونە، لەبارەی خۆیەوە نانووسێت؟
سەحەر: ئەو هاوڕیەم خەریکی دروستکردنی بەڵگەفیلمێکە و لە فیلمەکەشیدا گفتوگۆی لەگەڵ من کردووە. هاوتەمەنین و هەردووکمان بە وردی و بە قووڵی دەچینە نێو ئەو پرسەوە.

ـ تۆ و کەسانی وەک تۆ شتێکیان ئەزموون کردووە کە تا کۆتایی تەمەن لەگەڵ مرۆڤ دەمێنێتەوە و هەنگاوێک لەوانی دیکەی جیا دەکاتەوە. دونیای زەینی مرۆڤ لەگەڵ ئەوانی دیکە جیاوازە. هەست ناکەن لە شوێنێک بە تەنیا دەمێننەوە؟
سەحەر: بە دڵنیاییەوە چرکەساتی وەها هەیە، بەڵام مرۆڤ زۆر ئاڵۆزترە لەم قسانە. مرۆڤ دەتوانێت لە کەسانێک نێزیک کەوێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەزموونەیان نییە، بەڵام لێیان نێزیکن و لێک تێدەگەن. من هەست دەکەم بەردەوام خەریکم لە مرۆڤەکان نێزیک دەکەومەوە کە هەر ئەم ڕابردووەیان هەبووە. چەندین ساڵ لە دەرەوەی ئێران بوومە و بیرم کردووەتەوە دەتوانم لە هەر شوێنێک بم و دوور لەم چیرۆکانە بژیم، بەڵام بە تێپەڕینی زەمەن هەست دەکەم ئەو شوێنەی کە لە هەموو جێگاکانی دیکە تیایدا هەست بە ئارامی و ئاسایش دەکەم، لە نێو هەمان دایک و باوکم و پوورەکانم و مامەکانمە..
ئەو ئاسایشە کە لای ئەوان هەستی پێ دەکەم زۆر قووڵە. هیچ جیاوازییەک لە نێوان من و منداڵەکانی ئەوان نەبوو. هەموو شتێک ڕێگەپێدراو بوو و دەمانتوانی لەبارەی هەر شتێکەوە حەزمان لێ بێت قسە بکەن، لە هیچ شوێنێکی دیکە ئەو هەستەم نەبوو. ئێستا بوومەتە ژنێکی گەورە، بەڵام لە نێو ئەو مرۆڤانەدا هەستم بە ئاسایشی تەواو و کامڵ کردووە، ئیتر نازانم ژیان بەرەو کوێم دەبات...

ـ ئەمە بەو مانایەیە کە بارێک و بەرپرسیاریەتییەک لەسەر کۆڵی تۆ و کەسانی وەک تۆیە؟
سەحەر: باشە ئەگەر ئێمە قسە نەکەین، ئەی کەوایە کێ بیکات؟ گرنگییەکەی لەوەدایە کە حەقیقەت ئیحساسێکە و خەریکین دەری دەبڕین. هەڵبەتە کارساتی شەخسی نییە، بەڵکو کارەساتێکی سیاسی و نیشتمانییە و زۆر لە من و بنەماڵەکەم گەورەترە و نەوەی من.. لەگەڵ ئەوەی کە حیکایەت و چیرۆکەکەی زۆر ناخۆشە، بەڵام وادەزانم لەبەر ئەوەی کە لەوێوە دێم و ئیحساسات و ژیانم پێوەی گرێی خواردووە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر بتوانم لەبارەیەوە قسە بکەم، شتێکە زۆر باش و ئەرێنییە. هەڵبەت واتای قسەکردن ئەمە نییە کە هەمووان دەبێت ئەم کارە بکەن و ئامادەبن بۆی. ئەگەر حەزی لێ بکەی و ئارەزووت بێت ئەوە باشترە.

ـ کەوایە گلەییت نییە لەو چارەنووسەی کە خۆت تیایدا دەخیل نەبوویە و تەنانەت پێشوازیشت لێ کردووە؟
سەحەر: ئاخر ڕێگەیەکی ئەرێنی لەبەردەمم نەبووە و خۆم چیرۆکێکی ئەرێنیم نییە، بەڵام بۆم گرنگە کە لە ڕێگەی چیرۆکەوە سوودی لێ وەرگرم بۆ خەباتێکی گەورەتر و تێڕوانینی دونیا. ئەو کاریگەرییەی کەلەسەر منی داناوە بتوانم بە هاوکاری ئەدەبیان بەیانی بکەم وئاشکرای بکەم. هەموو ئەم چیرۆکانە بەشێکی ئینسانی و شەخسییان هەیە کە زۆرێک نایزانن. ڕەنگە خەڵکی نەزانن کەسێک کە خەبات دەکات ژیانی شەخسی چۆنە. هەموو بنەماڵەیان هەیە، منداڵیان هەیە، کار و کێشەیان هەیە. بەیانی دەردەچن و شەوان دەگەڕێنەوە، بەڵام لە شوێنێک بڕیار دەدەن کە خەبات بکەن. من دەمەوێت چیرۆکی ئەم مرۆڤانە بگێڕمەوە و بنووسمەوە.

ـ کتێبی منداڵانی داری جاکاراندا لە وڵاتەکەی خۆشت پێشوازی لێ کراوە؟
سەحەر: بەداخەوە من زۆر کەم ئاگام لە کاردانەوەکان هەیە. هەڵبەت لە نێو ئێران چاپ نەبووە، بەڵام چەند پەیامێکی دەستخۆشیم پێ گەیشتووە، بەڵام هێندەم نەبیستووەتەوە کە دڵم پێی خۆش بێت.
ـ ڕەنگە ئەم ساڵانە هێندە زریاناوی و کارەساتبار بووبن، کە خەڵکی پێیان باشە کەمتر خۆیان بەم پرسە ناخۆشانەوە سەرقاڵ بکەن؟
سەحەر: وابزانم ڕاست دەکەی. هەر دە ساڵ جارێک شەپۆلێکی توندوتیژاوی دێت و دونیایەک خەڵک دەکاتە قوربانی و ڕەنگە خەڵکی نەتوانن چیتر ئەم شتانە هەرس بکەن یا ڕووداوە نوێیەکان هێندە زۆرن کە چیتر کاتی ئەوەیان نییە و نایانهەوێت بیر لە ڕابردوو بکەنەوە، بەڵام هەموو ئەم شتانە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە. ئەو فکرەی کە شۆڕشی لە ئێران دروست کرد، هەر ئەم فکرەیە کە ئەم ڕووداوانەی ئێستا فۆرموولە دەکات. بەداخەوە مێژوو خەریکە خۆی دووبارە دەکاتەوە.

ـ ئێستا خەریکی نووسینی ڕۆمانێکی نوێیت؟
سەحەر: بەڵێ، لە سەرەتاکەیدام. بابەتی سەرکوت و فاشیزم و بەرگری کۆمەڵایەتی، هشتا لام سەرنجڕاکێشە و نێوەرۆکی ئەم کتێبە نوێیەم هەر ئەمەیە. ئەم جارەیان بابەتەکە پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕووداوە هاوچەرخەکانی ئەوروپا و ئەمریکاوە هەیە. بەهێزبوونی ڕاستگەراکان ئیلهامی من بووە بۆ ئەم ڕۆمانە. ئێستا چەند پارێکم لێی نووسیوە. زیاتر لەبارەی کۆچ و بزووتنەوە تووندڕەوە ڕاستگەراکانەوەیە و پەیوەندییان بە یەکترەوە.

ـ کەوایە سەحەر دلیجانی، پیشە سەرەکییەکەی نووسینە؟
سەحەر: بەڵێ. لە سەرەتاوە ویستوومە ببمە نووسەر. چیرۆکە شەخسییەکانم دواتر بە زەینمدا هاتن. ڕاستییەکەی من لە پانزەساڵییەوە شیعرم دەنووسی و دەمەویست ببمە شاعیر، بەڵام لە ٢٢ ساڵی تێگەیشتم کە شیعر لە دروستکردنی پەیوەندی مرۆڤەکان هاوکارێکی باش نییە، تا ئەوە بوو لە ٢٨ سالی یەکەم ڕۆمانی خۆم نووسی.
تێبینی:
دایک و باوکی ئەم ڕۆماننووسە لە ساڵانی هەشتاکان لە ئێران زیندانی سیاسی بوون. دایکی کە خرایە زیندان، دوو گیان بوو. مامی لە ئیعدامکراوانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانی بوو. سەحەر نووسەری رۆمانی "منداڵانی داری جاکاراندا"یە بە زمانی ئینگلیزی. گێڕانەوەیەک لە ژیان و دونیای ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان زیندانی بووە. کتێبەکە بە دەیان زمان وەرگێڕدراوە.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر