ئەم پەڕەیە چاپ بکە

دنیای چیرۆک کۆمەڵێک دەقی نەمر و هەڵسەنگاندنی بەپێز

دنیای گێڕانەوە، دنیایەکی هێندە بەرینە هەتا زیاتر لێیەوە نزیک بیت و لێی ڕابمێنیت هێشتا شتی نوێت بۆ دەردەکەوێت و بە شتی نوێ دەگەیت. هەر ئەمەشە چێژی گێڕانەوەی زیاتر و زیاتر کردووە. چیرۆکە ڕاستەقینەکان تەنها یەک چیرۆک نین، ئەگەرچی یەک دەقن، بەڵام کۆمەڵێک ڕوو و سیمای شاراوەیان هەیە کە خوێنەر هەر جارێک بیانخوێنێتەوە بە یەکێک لەو سیمایانە ئاشنا دەبێت. زۆر چیرۆک و ڕۆمان هەن کە دەخوازم جاری دیکە دەرفەتی خوێندنەوەیانم هەبێت. بەڵام هەمیشە کونجکۆڵیم بۆ خوێندنەوەی دەقی نوێ ئەوانە دوا دەخات. ئەگەرچی ناوە ناوە لێشیان دووبارە و چەندبارەش دەکەمەوە. بەڵام هێشتا تینوێتیم لە زۆر دەق نەشکاوە.

هەر لێرەوە دەمەوێت سەرنجێکی کورت سەبارەت بە دەقی نەمر بکەم، ئایا دەقێک هەیە نەمر بێت؟ دەقی نەمر کام دەقەیە؟ ڕەنگە زۆر پێناسە هەبێت بۆ دەقی نەمر، بەڵام لای من گرنگترین پێناسە و یان یەکێک لەو شتانەی کە دەقی نەمری پێ بناسمەوە ئەوەیە، کە توانای ئەوەی هەبێت زیاد لە جارێک خوێنەر بیخوێنێتەوە. هەر دەقێک خوێنەر (بێگومان مەبەستمان لە خوێنەری ڕاستەقینە و کەشفکار و بیرکەرەوەیە) توانای ئەوەی هەبوو زیاد لە جارێک بیخوێنێتەوە، یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی دەقی نەمری تێدایە و دەشێ دەقێکی نەمر بێت. بەڵام بێگومان ئەمە پێناسەیەکی کۆتایی نییە، بەڵکو وەکو گوتم یەکێکە لەو خاڵانەی دەقی نەمری پێ دەناسرێتەوە.
لە چەند رۆژەی ڕابردوودا کۆمەڵە چیرۆکێکی وەرگێڕدراوی مامۆستا حەمە کەریم عارف-م بەناوی "دنیای چیرۆک" خوێندەوە، کە ناوەندی ڕەهەند لە دوتوێی "326" لاپەڕەدا بە چاپیان گەیاندووە. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لەو دەقە نەمر و دەگمەنانەن کە خوێنەر دەتوانێت زیاد لە جارێک هەر دەقێکیان بخوێنێتەوە. بە جۆرێک هەر جارێک خوێنەر بیانخوێنێتەوە بەر پەنهانی نوێ دەکەوێت.
دنیای چیرۆک کۆمەڵێک چیرۆکی جیهانی و کۆمەڵێک دەقی هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکانە، کە سەرجەمیان نووسەری بە ئەزموون هەم نووسەری چیرۆکەکانن و هەم هەڵسەنگێنەری چیرۆکەکانن. ئەم کتێبە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک چیرۆکی جیهانی گەورە نووسەرانی وەکو "ئەلبێر کامۆ، ئێرنسیت هەمێنگوای، جیمز تریبر، ولیەم فۆکنەر، ئەنتوان چیخۆف، لویجی پیراندیلۆ" لەخۆگرتووە، کە چیرۆکەکان لە چیرۆکە هەرە دیار و گرنگەکانی ئەم نووسەرانەن. هاوکات لە هەڵسەندگاندنی چیرۆکەکاندا ڕاڤەی زۆر لایەنی پەنهانی چیرۆکەکان کراوە، کە ئەم ڕاڤەکردنیانە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بۆ خوێنەر و بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە دەخوزان زیاتر شارەزای جیهانی گێڕانەوە بن.
زیادەڕەوی نابێت کە بڵێین ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی دەگمەنە بۆ هەموو ئەو نووسەر و چیرۆکنووسانەی دەخوزان زیاتر لە دنیا ئەفسووناوییەکەی چیرۆک و دنیای گێڕانەوە تێبگەن. لەم چیرۆکانەوە خوێنەر بەر چێژی دەقی نەمر و چیرۆکی ڕاستەقینە و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و ڕەخنەی جیدی دەکەوێت، کە لە هەڵسەنگاندنی هەر دەقێکدا نووسەر نەیویستووە چیرۆکەکە بگێڕێتەوە، بەڵکو هەوڵی کەشفکردنی لایە پەنهانەکانی چیرۆکەکەی داوە و ویستوویەتی چاوێک بێت ئەو جێگایانە ببینێت کە خوێنەر هەستی پێ ناکات، یان نابنە جێگەی سەرنجی خوێنەر.
ئەوەی لە دواجاردا پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە کە ئەم هەوڵە گرنگییەکی زۆری هەیە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی دەخوازن زیاتر لە پەنهانەکانی دنیای گێڕانەوە بە گشتی و دنیای چیرۆک بەتایبەتی ئاشنا بن. دەستخۆشی بۆ مامۆستا حەمە کەریم عارف و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی.