ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پێکەنین قەدەغەیە

‏‎مامۆستا ئەسوەد ئەو ڕۆژە زۆر بێزاربوو، بەرامبەر قوتابیەکان وەستا و پێش ئەوەی بڵێ: ڕۆژباش، گوتی: کوڕینە ئەم وڵاتە جێگەی پیاوی ژیر و دڵسۆز و باشی تێدا نابێتەوە..
بەو قسەیە موچڕکەیەک بە لەشمداهات و هەستمکرد منیش یەکێکم لەوانەی لێرە جێم نابێتەوە.
ماوەیەکی زۆر بیرمکردەوە، تا بە یەکجاری گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە بەڕاستی ئێرە جێگەی منی تێدا نابێتەوە و دەبێ بڕۆم.
ئیتر لەگەڵ چەند کەسێک ڕێککەوتین و ڕێگەمان گرتەبەر، بە ئوتومبێل و ئەسپ و پاس و لۆری و شەمەندەفەرو کەشتی، بەنێو شاخ و دۆڵ و دارستان و ڕووبار و شار و شارۆچکە و گوند و زێ و دەریا، تا گەیشتین.
گرینگ نەبوو چ وڵاتێک، گرینگ ئەوەبوو ئەوروپا بێت، مانگی یەکەم لە کەمپ زۆر خۆشبوو، پاشان ئازاد بووین برۆین بۆ ھەر شوێنێک، ئیتر رۆیشتم بۆ لای برادەرێک لە شار دەمێکبوو هاتبووە دەرەوە، لەدەوری نیوەڕۆ گەیشتمە ناوشار، تەلەفۆنێکم بۆی کرد و گوتی: لەسەر کارم چاوەڕێکە کاتژمێر چوار دەستهەڵدەگرم و دێمە دوات، چوار کاتژمێر وەکو پشیلەیەکی کێوی بە نێو سەنتەرەکەدا دەسوڕامەوە، کەس سەیری نەدەکردم، بەڵام کەسیش بەردی تێنەدەگرتم.
سەرم بەهەموو شوێنکدا دەگرت، دەچوومە هەر دوکانێک یەکێک بەرامبەرم دەهات بەپێکەنین قسەی لەگەڵ دەکردم، منیش هیچی لێ تێنەدەگەیشتم پێدەکەنیم و دەچوومە دەرەوە، لەسەر دوکانێک وێنەی پیاوێکی کابۆیی هەڵواسرابوو شەپقەیێکی لەسەر و قامچێکی بە دەستەوەبوو، بەڵام پانتۆڵەکەی لای دواوەی پێوە نەبوو، هەستمکرد ئەوە دونیای منە، دونیای کلاسیک و ئازایەتی و ململانێ.
کاتژمێر چواری تەواو برادەرەکەم هات و ڕۆیشتینە وێستگەی ژێر زەوی _میترۆ_، ویستم جگەرەیەک داگیرسێنم، برادەرەکەم گوتی: نەکەی قەدەغەیە.
ناو دەمم زۆر تاڵبوو، تفێکم فڕێدا برادەرەکەم گوتی: ئەوە چتکرد تف فڕێدان قەدەغەیە.
زۆرهیلاکبووم حەزمدەکرد دانیشم کورسیەکانیش هەمووی گیرابوو، بۆڕییەک بە بن دیوارەکە ڕاکێشرابوو، نزمبوومەوە دانیشم برادەرەکەم گوتی: دامەنیشە قەدەغەیە ئەوە بۆڕی ساردوگەرمە.
میتڕۆکە دوو دەقە لەژێر زەوی و دوو دەقە لەسەر زەوی رۆیشت، گەیشتین، ماوەیەک بە پێ ڕۆیشتین تا گەیشتینە بەر دەرگای ماڵیان، پێش ئەوەی دەرگاکە بکاتەوە گوتی: لە نێو مەمەڕەکە قسە ناکەین با پیرەژنی خاوەن خانوەکە نەزانێت میوانم هێناوەتەوە.
بەبێ دەنگی سەرکەوتین و نەمانهێشت دەنگی پێکانیشمان بێت، تا چووینە قاتی سێیەم، دوای تۆزێ حەسانەوە و نان خواردن و قسەکردن، برادەرەکەم چووە حەمام، منیش تەلەفزیۆنەکم داگیرساند، کەناڵێک ژنێکی لەسەر بوو جادوی بە وەرەقەی قومار دەکرد، لە ناکاو برادەرەکەم بە خێرایی لە حەمامەکە هاتە دەرەوە، زۆر ترسام شتێکی بەسەر هاتبێت گوتی: کورە ئەوە بۆ قوڕم بەسەری دەکەی، ئەوە کاتژمێر هەشتە، ئێستا جیرانەکان دێن.
منیش گوتم: ئەوجا بۆ قوڕت بەسەری دەبێت؟ کە هاتن چایەک یا قاوەیەکیان بدێ خۆ نامریت، کەس لە میوان ترساوە؟
برادەرەکە لەسەری خۆیدا و گوتی: کورە دەنگی تەلەفزیۆنەکە کزکە، ئەوان لەڕقی ئەوە دێن، چونکە دوای کاتژمێر هەشت دەنگە دەنگ و پێکەنین بە دەنگی بەرز قەدەغەیە.
بەیانی زوو برادەرەکە بانگی کردم، چاوەکانم لە خەوان نەدەکرانەوە گوتم: چی بووە؟
گوتی: درەنگە کاتژمێر شەش دەبێت لەسەر کاربم، تۆش دەگەیەنمە وێستگەکە..
منیش گوتم: نا وەڵڵا بمگەیەنە لای پۆلیس، من دەگەڕێمەوە وڵاتی خۆم، ئەو سەگبابییە بە من ناکرێ.

 

  باھۆز مستەفا