تشرینی دووەم 15, 2019

نــــــامەکانی خۆشەویستیی

نامەیەک بۆ خۆشەویستەکەم
ھەست ئەکەم ئەمرۆ
پێویستم بەوەیە ناوت بێنم..
ھەست ئەکەم ئەمرۆ
ئەمەوێ وەک چۆن منداڵێ
ھۆگری پارچەیێ شیرینی ئەبێ
ئاوا ھۆگری پییتەکانی ناوتبم..
دەمێکە ناوتم لە دەسپێکی
نامەکانا نەنوسیووە.
دەمێکە ناوتم وەك خۆر
لە دەسپێکی کاغەزدا نەڕواندووە.
دەمێکە بە ناوت گەرم
نەبوومەتەوە..
ئەمڕۆ سەرماوەرزە هێرشم
بۆ دێنێ و
گەمارۆی پەنجەرەکانم ئەدا..
ئەمڕۆ پێویستم بەوەیە ناوت
بێنم ..
پێویستم بەوەیە ئاگرێکی بچووک
داگیرسێنم..
پێویستم بە تۆ و بەرگ و پاڵتۆیە
ئەی بەرگی چنراوم
لە گوڵی پرتەقاڵ و
ڕەگی ھەزبێلەی شاخیی..
چیتر ناتوانم
ناوت لە گەروومدا
دەسبەسەر بکەم.
چیتر ناتوانم
ماوەیەکی درێژتر
لە ناخمدا زیندانیت بکەم .
گوڵ چی لە عەترەکەی ئەکا؟
گێڵگە گوڵەگەنمەکانی
بۆ کوێ ئەبا؟
فتیلەی چرا
چی بە ڕۆنەکەیی و
تاووس چی بە کلکی ئەکا؟
بۆ کوێت بەرم؟
لە کوێ بتشارمەوە؟
کە خەڵک لە جووڵەکانی دەستم
لە لەرەکانی دەنگم
لە ریتمی ھەنگاوەکانم بتبینن..
کە خەڵک وەك دڵۆپێ باران
لە سەر پاڵتۆکەم بتبینن
وەك قۆپچەی زێڕین لە سەر
کراسەکەم
وەك کتێبێکی پیرۆزی ھەڵواسڕاو بە سویچی ئۆتۆمبیلەکەم
وەك برینێکی لەبیرکراو لە لێواری دەمم .
ئێستا دوای ئەم ھەموو شتانە
ھەست ئەکەی کە تۆ کەسێکی
نەناسراو و نەبینراویت؟
لە بۆنی جلەکانمەوە ئەزانن
تۆ خۆشەویستی منیت
بە بۆنی پێستمەوە ئەزانن
تۆ لە گەڵ من بوویت..
بە سڕبوونی باسکەکانمەوە ئەزانن
تۆ لە سەریاندا خەوتبوویت..
لەمڕۆ بە دواوە چیتر ناتوانم بتشارمەوە
خەڵک لە جوانی دەستەخەتم ئەزانن
بۆ تۆ ئەنووسم..
لە خۆشیی ھەڵەکانمەوەیە ئەزانن
بەرەو ژوانی تۆ دێم..
لە چڕیی گیای سەر دەممەوە ئەزانن
ماچم کردووی..
چیتر ناتوانین
چیتر ناتوانین
بەردوامبین لە پۆشینی جلی نەخواستراو.
ئەو ڕێگایانەی کە بەسەریاندا ڕۆیشتین
چیتر ناتوانن بێدەنگبن و
چۆلەکە تەڕەکانی سەر شانمان
هەواڵ ئەگەیننەچۆلەکەکانیتر
ئیتر چۆن ئەتەوێ ھەواڵەکانمان
لە یادگەی چۆلەکەکاندا بسڕمەوە ؟
چۆن ئەتوانم باوەڕ بە چۆلەکەکان بێنم
بیرەوەرییەکانیان بڵاونەکەنەوە؟

 

وەرگێڕانی: رۆزا حەمە ساڵح

© 2017 Hawler