تشرینی دووەم 15, 2019

شیعری من شیعرێکی کۆمەڵایەتییە

سوهەیلا میهەمی ژنە شاعیری کورد و خەڵکی شاری قوروەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم ماوەیە کتێبێکی بە ناوی "باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، چاپ و بڵاو کردەوە. هەمشەهری لەم بارەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵ کردووە کە سەرنجتان بۆی ڕادەکێشین:

ـ ئەگەر بکرێت لەبارەی کتێبی "ناوی باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، قسە بکەن.
میهەمی:"باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، کۆمەڵە شیعرێکی منە بە زمانی کوردی. ئەم کۆمەڵەیە لە ٦ ساڵی هۆنینەوە و ژیان لەگەڵ شیعر کۆ کراوەتەوە و لە کۆمەڵەیەکدا چاپ و بڵاو کراون. "باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، هەڵێنجراو و ئەزموونی ساڵیانێکە لەگەڵ دەوروبەر و کەرەستە و خەیاڵ و حەسرەت و سەرجەم ئەو ژنانەی کە توانایان بە من بەخشی و پاڵنەرم بوون بۆ نووسین. شیعری من، ئاوێنەی کۆمەڵگەی ژنانە و بێ هیچ سنوورێکی ڕەگەزی بۆ پرس و کێشە و دڵتەنگییەکان کارم لەسەرە خەمی کۆمەڵگەی ژنان کردووە. هەروەها پرسی ئەوەی ژنانی ئێمە لە بنەماڵە و کۆمەڵگە چ کێشەیەکیان هەیە، کردووەتە هەویر و بنەمای شیعری خۆم. لە ڕاستیدا شیعری من شیعرێکی کۆمەڵایەتییە.

ـ چۆن لەگەڵ ئەدەبیات و شیعر ئاشنا بوون؟
میهەمی:ئەگەر بتانەوێت وەڵامێکی سەرپێی و کلاسیکتان بدەمەوە، ئەوا پێتان دەڵێم مناڵبووم کە شیعر لە مندا چەکەرەی کرد و لە ناخمدا وەجۆش و خرۆش کەوت و منیش خستمە سەر کاغەز و .. لە ڕاستیدا کاتێک کە لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە و بەتایبەت ژناندا بووم و لە نایەکسانییەکان تێگەیشتم، ڕێگەیەک بۆ من نەمایەوە جگە لەوەی ببمە دەنگی ئەم ئازارە کپکراوە و لە نێو ئامرازەکانی دەربڕینیشدا وەک ئەدەبیات و سینەما و فۆتۆگرافی و . بواری هونەر و شیعرم هەڵبژارد. لە درێژەدا کاتێک کە فێر بووم چۆن بهۆنمەوە و فێر بووم دەبێت سوود لە وشەکان و پێویستییە تەنکیکییەکان وەربگرم، هەوڵم دا خۆم پەروەردە بکەم و فێر بکەم تا بتوانم بە وشەکانم دۆخی ژنان وەسف و وێنا بکەم، دۆخێک کە جگە لە وشە و وێنە، بواری تێگەیشتن و بینینی نییە.

ـ لە بنەماڵەکەی ئێوە کەسانێک هەن کە لە پانتایی ئەدەبیاتدا کار بکەن؟
میهەمی:من لە فەزایەکی ئەدەبی و هونەریی تایبەت گەورە نەبوومە، بەڵام لە بنەماڵەکەمدا باوکم حەزێکی زۆری بۆ شیعر هەبوو و لە زمانی ئەوەوە ئاشنای شیعرەکانی شاعیرگەلێکی وەک مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا قانیع بووم.

ـ ئێوە سەرەتا بە زمانی فارسی شیعرتان دەنووسی، بەڵام دواتر ڕووتان لە زمانی کوردی کرد؟
میهەمی:ڕاستە من سەرەتا بە زمانی فارسی شیعرم دەنووسی، بەڵام ئەم سەردەمە شیعرییەم لە هیچ شوێنێک چاپ نەکرد و جاری واشە لە نێو کۆڕی دۆستان و ئاشناکانم دەیانخوێنمەوە. هۆنینەوە و شیعرنووسینی ناچاری بە زمانی فارسی بۆ هەر شاعیرێکی کوردی ئێرانی دێتە پێشەوە. لەو جێگەیەی کە ئیتر پرسی زمانی ئاخاوتن و زمانی ئەندێشە و زمانی دایکی دێتە پێشەوە، وەک شاعیرێک ناتوانیت ڕوو نەکەیتە زمانی دایکیت.
زمانی دایکی، زمانی وێنا و خەیاڵ و ئیحساس و هەموو ئەو شتانەیە کە بۆ شیعر پێویستت پێیانە. ئەگەر من چەندین ساڵیش بە زمانی فارسی شیعرم نووسیبایە و شیعرەکانیشم سەرکوتوو بوونایە، دواجار من شاعیرێکی پلە دەی شیعری ئەوڕۆی فارسی دەبووم، بەڵام لە زمانی کوردی و زمانی دایکیدا، کە وێستگەی هەموو خەیاڵ و وێناکانی منە، شیعرنووسین وەک ئاوێک، بارانبارینێک و خواردنەوەی پەرداخە ئاوێکی سازگار و بێگەردە.هەر بە هەمان ئاسانای، قسە لەبارەی دونیای خۆم و ژنانی دەوروبەرمەوە دەکەم.

ـ چاپی بەرهەم و کتێبێک، چ ئیحساسێکی هەیە؟
میهەمی:وەک شاعیرێک کاتێک کە کتێبەکەم چاپ دەبێت، نیشانەی ئەوەیە ڕامگەیاندووە کە هەم و قسەیەکم بۆ گوتن پێیە. هەوڵ دەدەم جددی بم، باشتر بهۆنمەوە و تێڕوانینیشم بۆ کۆمەڵگە قووڵتر بکەم. من پێویستم بەم تێڕوانینە هەیە و هیوام ئەوەیە کە لەم ئاستەدا بتوانم بمێنمەوە و جدییتر و شێلگیرانەتر لە ڕابردوو، ئاسۆ و قەڵەمڕەوێکی نوێ لە ژیانی مرۆڤەکان و بەتایبەت ژنان وێنا بکەم.

ـ چۆن دەتوانن فەزای شیعریتان بە خوێنەران بناسێنن؟
میهەمی:شیعری من هەوڵێکە کە لە زمانی ژنێکەوە قسە لە هەموو ئاراستە و ڕەهەندەکانی ژیان و کۆمەڵگە و ڕووداوەکان دەکات و سەیریان دەکات. شاعیر (من) لە شوێنێکدا جێی گرتووە کە دەبێت لەو شوێنەدا بێت و بە تیڕوانینێکی شاعیرانە و کونجکۆڵ و هەوڵدەر دەیهەوێت هەموو ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی ژنان هەر لە ئازار و ئەزیەتییەکانیانەوە بگرە تا کار و زەحمەت و ڕۆڵیان لە ژیان و بنەماڵە، وێنا بکات. پێویستە ئەوەش ڕوون بکەمەو کە لەم باسە و لە وەڵامی پرسیارەکان، بە هیچ شێوەیەک ئەدەبیاتم بۆ سەر ئەدەبیاتی ژن و پیاو دابەش نەکردووە و من هەروەک "ناتالی ساروت" بروام وایە کە هەرگیز نابێت ئەم دابەشکارییە هەبێت، چونکە ڕەنج و ئازاری مرۆڤەکان، ژن و پیاو ناناسێت و هونەرمەند و شاعیر چ ژن بێت یا پیاو، نابێت بەم دابەشکارییە ڕازی بێت. بۆ من گرنگە کە ڕەنج و ئازاری مرۆڤەکان وێنا بکەم و بنووسمەوە.

ـ چ بەرهەم و کتێبێکی دیکەتان لەدەستە بۆ چاپ؟
میهەمی:شیعری زۆرم نووسین کە لەسەر دەستم ماونەتەوە. لە کاتی چاپی ئەم کتێبە شیعرییەشم کێشەی زۆرم بۆ هاتە پێشەوە کە نەدەبوو ڕووبدەن. شاعیر شیعر دەهۆنێتەوە و چیرۆکنووسیش چیرۆکەکەی دەنووسێت، ئیتر بڕیار نییە خۆشی وێنەگر و هەڵەبڕ و دیزاینەر و چاپەر و بڵاوکەرەوەی کتێبەکەشی بێت. لەکوێی دونیا وەهایە؟ ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک جێگەی دڵخوازی نووسەران نییە.
چاپەران لە ساڵانی ڕابردوو، بە باوەشی کراوە و حەزێکی زۆرەوە بەرهەمی شاعیران و چیرۆکنووسەکانیان چاپ دەکرد، کەچی ئەوڕۆ هیچ دەزگایەکی چاپ سەرمایەگوزارییان لەسەر ناکات. بەدەر لەوەی کە نووسەرەکە تازەکار یا پسپۆڕ و کۆنەکار بێت، چاپەرەکە ئامادە نییە سەرمایەگوزاری بکات و چاپی بکات و ئەم پرسەش زۆر کارەساتبارتە بۆ کۆمەڵگەی کتێبخوێنان و کۆمەڵگەیەک کە دەیهەوێت بەرهەمێکی نوێ لە شاعیر و چیرۆکنووسەکانی بخوێنێتەوە. بۆ کارەکانی ئایندەم، خوا دەزانێت کە بە چ تایبەتمەندی و چڵۆنایەتییەتیک چاپی بکەم.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler