ئەم پەڕەیە چاپ بکە

چۆن لە دەرگای نووسەربوون بدەین؟

ئۆرهان پامووک لە وتاری "باوڵەکەی باوکم"، کە لە ساڵی 2007 بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیاتەوە وەریگرت. باس لەوە دەکات لە تەمەنی 22 ساڵیدا دەستی لە هەموو شتێک هەڵگرت و بڕیاریداوە ببێت بە ڕۆماننووس. ئەم نووسەرە نێودارە، پێش ئەوەی بڕیاری ئەوە بدات ببێت بە ڕۆماننووس سەرقاڵی نیگارکێشان بووە، بەڵام ڕۆژێک درک بەوە دەکات، کە ئیدی ئەو ناتوانێت نیگارێکی سەرنجڕاکێش و داهێنەرانە بکێشێت، بۆیە واز لە نیگارکێشان دەهێنێت و بڕیار دەدات ببێتە ڕۆماننووس.

پرۆسەی نووسین و بە نووسەربوون بەرلەوەی حەز و خولیابێت، دەبێت دەستبەرداربوون و وازهێنان بێت لە هەموو شتێک لەپێناو ئەوەی لە ڕێی نووسینەوە هەموو شتێک ببەیتەوە. کە دەڵێم لە ڕێی نووسینەوە هەموو شتێک ببەیتەوە، مەبەست لەوەیە کە دونیای نووسیندا نووسەر دەتوانێ توانا و دەسەڵاتی خۆی تاقی بکاتەوە و دەق لە نەبوونەوە بخولقێنێت و کاراکتەر لە نەبوونەوە بئەفرێنێت و گەشت بە دەیان سەرزەمیندا بکات. بۆیە ئەو توانا و هێزەی نووسین و کاری هونەری بە گشتی بە مرۆڤی دەبەخشێت کەم نییە، بۆیە پێویستی بە خۆتەرخانکردن و دابڕان لە زۆر بۆنە و رۆتینی ڕۆژانە هەیە.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نووسین و هەر کارێکی دیکەی هونەریی ئەوەیە، کە چەندە کات بە نووسین و ئەو کارە هونەرییە بدەیت، یان تەرخان بکەیت هەر ئەوەندە لە بەرهەمەکەی دەچنیتەوە. واتە هەر بایی ئەوەندە دەتوانی وزەی نووسین و ئەفرێنەرانە بخەیتەگەڕ. مەحاڵە نووسەرێک کەم بخوێنێتەوە، یان نووسین بە کارێکی لاوەکی بگرێت و دەقێکی داهێنەران بنووسێت، بێگومان ئەمە بۆ هونەرمەندین ڕاستە کە مەحاڵە کارێکی هونەریی سەرسامکەر و نەمر بئەفرێنێت. (بێگومان لێرەدا قسەمان لەسەر حاڵەتی شاز نییە)، کە ئەوەش لەنێو هەموو گەل و نەتەوەیەکدا تاک و تەرا دەبینرێن.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاوڕێیەک نامەیەکی بۆ ناردم پرسیاری ئەوەی کردبوو، کە خولیای ئەوەی هەیە ببێتە نووسەر و حەزێکی زۆری بۆ نووسین هەیە و نازانێت لە کوێوە دەست پێ بکات؟ هاوکات چەند پرسیارێکی دیکەیشی سەبارەت بە پرۆسەی نووسین و بوون بە نووسەریی کردبوو.
بێگومان ئەم پرسیارانە چەند جارێکی دیکەش ڕووبەڕووم کراونەتەوە و زۆرجاریش هەوڵمداوە خۆی لێ بدزمەوە، چونکە ئەوەی من بڕوای تەواوم پێیەتی ئەوەیە، کە نووسەربوون شتێکە مرۆڤ لەگەڵ بوونیدا دەیهێنێتە نێو جیهانەوە و تیۆرەیەک نییە بۆ فێربوونی نووسین، یان بۆ نیگارکێشان. بەڵام ئەوەی کە دەشێت هێزی نووسەریی و تۆوی نووسەربوون لە هزر و ڕۆحی مرۆڤێکدا گەشە پێ بدەن، بەردەوامی خوێندنەوەیە، بەڵام چ جۆرە خوێندنەوەیەک؟
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەبێت بڵێم بەبێ بوونی پرسیار و گومان و کەڵکەڵە، مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت بنووسێت، یان بیرۆکەی نوێی هەبێت بۆ نووسین، بۆیە بەر لە هەر شتێک نووسەربوون پەیوەستە بە پرسیارەکانی خودی مرۆڤەوە لە ژیان و بوون. ئایا ئەو چ پرسیارێک بۆتە جێگەی سەرنجی و بەدوای وەڵامی چ جۆرە پرسیارێکەوەیە. هەر لێرەوەیە ئیدی مرۆڤ بەرەو دونیای خوێندنەوە دەچێت و ئاشنای کتێب دەبێت و لەنێو کتێبەکاندا بەدوای وەڵامی پرسیارەکانییەوەیە. هەر لێرەوەیە کە دەرگای نووسەربوون دەکرێتەوە. خوێندنەوە دەرگای نووسەربوون دەکاتەوە.
پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم، کە بەبێ خوێندنەوە نووسەربوونی ڕاستەقینە بەرهەم نایەت. مرۆڤ دەتوانێ بەبێ خوێندنەوە بنووسێت، بەڵام نووسینێک بەبێ قووڵایی، نووسینێک زیاتر لە هەڵچوونی چرکەساتی و هەڵڕشتنی دەردەدڵ دەچێت. نەک نووسینێک کە بەرهەمی ڕامانی قووڵ و پرسیارە وجودییەکانی مرۆڤ خۆی بێت.
ئەوەی ئۆرهان پامووکی گەیاندە خەڵاتی نۆبڵ خۆتەرخانکردنی تەواوەتی ئەم مرۆڤەیە بۆ نووسین و بڕیاریی یەکلایکەرەوەی ئەوە، کە ئیدی ئەو هیچ شتێک ناکات و هەموو تەمەنی بۆ نووسین و خوێندنەوە تەرخان دەکات. بەبێ ئەو خۆتەرخانکردنە نە پامووک ئەو خەڵاتەی وەردەگرت و نە دەشبووە خاوەنی ڕۆمانگەلی وەکو "ژیانی نوێ، بەفر، من ناوم سوورە، ژنە قژسوورەکە، ماڵی بێدەنگ و سەمەرەیەک لە سەرمدا"، چونکە ئەوەی لەم کتێبانەدایە بەرهەمی بیرکردنەوەی دەیان ساڵ و ڕامانە بە دیار دێڕ و وشەوە بە هەزاران کاتژمێر نووسین و ئەفراندن و سڕینەوەی وشەن.
مرۆڤ بۆ ئەوەی خەونەکانی بەدەست بهێنێت، دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە و کات بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی تەرخان بکات. نەک خەونی هەبێت بەبێ ئەوەی کاری بۆ بکات. بەشی هەرە زۆری نووسەرە لاوەکانی ئێستا خەونی نووسەربوونیان هەیە، کە ئەمە ڕەوایە و جێگەی دەستخۆشیی و دەستگیرۆییە، بەڵام بەبێ ئەوەی کاتی بۆ تەرخان بکەن. بەبێ ئەوەی هەفتانە لانی کەم کتێبێک، یان دوان بخوێننەوە، بەبێ ئەوەی ئامادەی کۆڕێکی ئەدەبی بن و بەشدارییەکی ئەدەبیان لەنێو دونیای ئەدەبیاتدا هەبێت. نووسەربوون بە بینینی خەونی گەورە و ئاڵ و واڵا بەدی نایەت، بە کات تەرخانکردن و دەستهەڵگرتن دێت لە هەموو شتێک و کاتبەخشینە بەو خەونە بۆ ئەوەی بەدیبهێنرێت.
لێرەدا دەمەوێت دیسان پێداگریی لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ناتوانین لە دەرگای نووسەربوون بدەین، بەبێ ئەوەی لە دەرگای خوێنەربوونمان دابێت. نووسەرێکی داهێنەر، خوێنەرێکی کەشفکار و بوونەوەرێکی گەڕیدەیە بەناو کتێب و دەق و نیگار و فیلمە سینەماییەکاندا. هەموو هونەرەکان لە هەناوی یەکترەوە سەوز دەبن و هەموانیش کۆمەک بە یەکتریی دەکەن بۆ ئەوەی پێش بکەون. بۆیە نووسەری ڕاستەقینە و داهێنەر خوێنەر و بینەر و گوێگریی هەموو کارێکی ئەدەبی و هونەری و میوزیکییە. هەر ئەمەش دەبنە هۆی فروانبوونی دونیابینی و سەوزکردنی تۆوی داهێنان لە هزری ئەم مرۆڤەدا کە خەونی نووسەربوونی هەیە.