ئەیلول 20, 2019

رۆمانی "ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە " بڵاوكرایه‌وه‌

رۆمانی " ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە " له‌ نووسینی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا بڵاوكرایه‌وه‌. "ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە" لە دوو توێی 206 لاپەڕە پێكدێت، نووسەریش لە رۆمانەكەیدا ئازار و مەینەتیەكانی ئەو كچە شۆخ و شەنگە ئێزیدیانە باس دەكات كە چەكدارانی داعش و ئەمیرەكانیان دوای دەست بەسەرداگرتنی شنگال مامەلە و بازرگانیان پێوە دەكردن وەك دەستكەوتی جەنگ.

ناوم ئیناسە، بەڵام باوكم پێی دەگوتم ئیناس شەنگالی، ئاخر باوكم ئیناسی زۆر خۆشدەویست، بۆیە بەو ناوە بانگی دەكردم. دەی ئیناس شەنگالی خۆت ئامادە بكە و لەگەڵ مندا وەرە، بۆ ئەوەی جەستەی خۆت پاك بكەیتەوە، ئەبوو سەحراش كاری گرنگ و زۆری هەیە، دەڵێت:" دەرۆم بۆ بەرەی جەنگ".
دەی خۆت و منیش ماندوو مەكە، سوودی نیە، تۆ ئێستا هی ئەبوو سەحرای، پێویستە ئەوە بزانیت، هەتا تووڕە نەبووە، ئەو كات چی خراپە لەگەڵتدا دەیكات و كەسیش ناتوانێت فریات بكەوێـت، ئیشی من ئەوەیە ئاگادارت بكەمەوە كە پێویستە بەبێ ململانی خۆت ڕادەستی ئەبوو سەحرا بكەیت، ئێمە لە جیهادكردنداین و ئێوەش دەستكەوتی ئەو جەنگەن كە بەلای ئێمەوە جیهادە.
لە نیوەشەوێكدا، ئەبوو سەحرا و چەند ئۆتۆمبێلێكی پر چەكدار، خۆیان بە ماڵدا دەكەن، دوای ئەوەی چەكدارەكان سەیری ئیناس دەكەن و گفتوگۆیەكی ئاسان دەكەن، ئیدی ئەبوو سەحرا بانگی ئیناس دەكات و پێی دەڵێت: پێویستە تۆ لەگەڵ ئەو چەكدارانە بڕۆیت، من تۆم وەكو دیاری داەوەتە ئەمیرێكی هاوڕێم، لەو دیوی سنووری وڵات جیهاد دەكات، لە دژی بێباوەڕەكان.
ئەم قسەیە بۆ ئیناس هەم خۆش و هەم ناخۆش بوو، خۆشییەكەی لەوەوە سەرچاوەی دەگرت، ڕەنگە لەوێ نەختێك ژیانی خۆشتربێت! ناخۆشیەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە لەبەر خۆی بیری كردەوە، ڕەنگە ئەو ئەمیرەی چەكدارەكان زۆر لە ئەبوو سەحراش توندووتیژتربێت! بەڵام لە هەردوو دۆخەكەدا دەبوو قسە و فەرمانی ئەو جێبەجێ بكات، چونكە چەكدارەكان خاوەنی جەستەی ئەون، نەك خۆی، بەناچاری سەری ڕەزامەندی جوولاند.

© 2017 Hawler