ئەیلول 20, 2019

تێۆردۆر هرتزل "دەوڵەت بۆ ئێمە مەسەلەی ژیان و مردنە"
هەروەها دەڵێت: ئەو جووانەی ئاواتیان دەوڵەتە، پێی دەگەن! دواجار بە ئازادی لەسەر زەوی خۆمان دەژین و بە ئارامی لە ئاشتیدا دەمرین. جیهان بە ئازاد بوونی ئێمە ئازاد دەبێت، بە سامانەکانی ئێمەش دەوڵەمەند دەبێت.
کەسایەتیە گشتییەکە «دەوڵەت»، هەمیشە تەعبیری لە ویژدانی جەماعی گرووپە مرۆییەکان و کۆمەڵگاکان کردووە.
وەرگێری کتێبی (دەوڵەتی یەهوود) مەشخەڵ کەوڵۆسی دەڵێت: لە سۆنگەی بڕوایەکی قوڵەوەیە بەوەی گەلی کوردیش، پێویستە نیگا وەربگرێت لە ئەزموونی هەستانەوەی نەتەوەکان). وە دەشڵێت: (ئەگەر گەلێک بڕیار بدات هەستێتەوە پێویستە قەدەر مل بۆ ئەو بڕیارە بدات).
پێشەکی کتێبی (دەوڵەتی یەهوود) بە پێنووسی عارف قوربانی: (زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم جولەکە بە هۆی ئەم کتێبەوە لە ئازار و مەینەتی بێدەوڵەتی ڕزگاریان بووە). هەروەها قوربانی دەشڵێت: (ئەم کتێبە ڕۆح دەکاتەوە بە بەر هەر گەلێکی بێ گیاندا ئەگەر نەیەوێ بمرێت).
منیش وەک خوێنەرێکی ئەم کتێبە باوەڕم وایە ئامۆژگارییەکانی کتێبی (دەوڵەتی یەهوود) کتێبێکی بەکەڵکە بۆ گەلێکی بێ دەوڵەت. خوێندنەوە و تێفکرین لە ئەزموونی مەزڵومیەتی گەلانی زوڵملێکراو بە تایبەت گەلی جوو، کۆمەکمان دەکات بۆ گەشەپێدانی خەونی ڕزگار بوون و ڕژدبوونمان لە گەیشتن بە سەربەخۆیی.
ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی "تێۆردۆر هرتزل" بە نامیلکە ناوی دەهێنێت، کتێبێکی ناوەڕۆک دەوڵەمەندی پڕ لە ڕۆحی بەرەنگاری و هەستانەوەیە، نامیلکەیەکە بۆ بوژاندنەوە و زیندوکردنەوەی خەونی دەوڵەتی یەهوود، سەوزکردنەوەی خەونەکان، هەربۆیە "تێۆردۆر هرتزل "دەڵێت: (ئایا دەتوانین خەون ببینین بە ڕۆژگارێکی باشترەوە؟. بێشکەکانمان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین، چونکە ئەو لانکانە پشتیوانی ئایندەمان دەکەن- تاکو ئایندەمان خەندەوەر و گوڵئاسا بێت، هەر لەسەرەتاوە منداڵەکانمان فێردەکەین ئێمە چیمان دەوێت). دوای ئەوەی گەلی جوو بە ئامانجە باڵاکانیان گەیشتن بۆیە "هرتزل" ڕوو بەگەلی جو دەڵێت: (بە هۆی نەهامەتییەکانمان لە مێژوودا، دووچاری شکانی ناخ و بێئومێدی بووین، تەنانەت خودی خۆشمان دەستمان کردووە بە دووبارەکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکە هەڵانە). ئالێرەدا وەک هاوڵاتیەکی کورد بە قوڵی بەر ئەم دەردە کوشندەیە دەکەوم، تەواوی خەیاڵ و فەنتازییای مرۆڤی کورد شکێنراوە، ئێمەش گەلێکین بە هۆی نەهامەتییەکانمان لە مێژوودا، دووچاری شکانی ناخ و بێئومێدی بووین، لەم سەردەمە تازەیەدا دوژمنانی کورد بە پیلانێکی زەبەلاح هەوڵی قوڵکردنەوەی زامی بێئومێدیمان دەدەن، تەنانەت خودی خۆشمان دەستمان کردووە بە دووبارەکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکە هەڵانە، بەداخەوە ئێمە ڕۆژگارێک دەگوزەرێنین کە بەشێک لە خۆمان کار بۆ نائومێدکردن و لە هیواخستنی هەر هیواییەک دەکات. لەسەردەمی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئەو بەشەی لە خۆمان! ڕوونتر خۆی بەیانکرد و بە ئاشکرا دژی هیوای سەربەخۆیی کوردستان هاتنە مەیدان، لەبەرگی پەڕۆشی و دڵسۆزیدا بە دەنگێکی غەمگین و پڕشکات و بۆڵەبۆڵەوە، بە سایکۆلۆژیایەکی تێکشاوە وە ئاویان بەئاشی دوژمنا دەکرد!
شکاندنی سوبێکتی مرۆڤی کورد و داخستنی دەرگاکانی بیرکردنەوە لە کوردبوون، لە مرۆڤ خستن و سەرکوتی سایکۆلۆژی و دروستکردنی هەست بەبچووکی و هەست بەلاوازی و لەرزۆکی لە دەروونی مرۆڤی کورد دا، پێویستی بەم ئامۆژگاریەیی هرتزلە کە ڕوو بەگەلی جوودا دەڵێت: (تەنانەت ئەو خەڵکانەشمان، کە لە ناوماندا زیرەکیان کەمترە، دەبێت خەیاڵێکی وایان بۆ دروستبکەین، کە هەبوونی ئەوان لە سودی جیهانە!).
ئەم نامیلکەیە هەزار پەند و ئامۆژگاری بۆ گەلێکی بێدەوڵەتی وەک کورد لە خۆگرتوە، کاتێک سەرەنجمان ڕادەکێشێت و دەڵێت: (دەوڵەت بە ژمارەیەک پارچە زەوی دروستنابێت، بەڵکو بە ژمارەیەک پیاوی یەکگرتوو لە ژێر دەسەڵاتی سەروەریییەکی فەرمانڕەوادا دروستدەبێت). دروست پرسی یەکنەگرتن و پەرتەوازەیی شاباڵی کێشەکانی نێوماڵی کوردە، یەکنەگرتن و یەکنەبوون ئەو درز و کەلێن و شەبەقە گەورەییەیە کە دوژمنانی کورد وەک خاڵێکی بەهێز بە نیازپیسی و پیلانگێڕییەکانایان قۆستویانەتەوە.
(چیدی وشەی "ئەستەم" لە فەرهەنگی زانستی تەکنیکیدا جێگەی نەماوە) خوێندنەوەی ئەم کتێبە و هاوشیوەکانی پێویستیمانە، بەوەی ئێمە گەلێکین پێویستمان بە وێنەی ئیجابی و بزوێن هەیە، پێویستمان بە ئەزموونی سەرکەوتنی گەلان هەیە، لە دروستکردنی گیانی هەستانەوە و ڕۆحی سەرچڵی، لە پێداگری و سوربوون لە بەدیهێنانی خەونەکانمان.

© 2017 Hawler