ئەیلول 21, 2019

عەبدوڵڵا سەڕاج

 

پاداشت
سەرەتا دیمەن: پیرێکی پشت کۆماوی کوێر، بە ناوەندی شەقامەکەدا تێدەپەڕێت.
ناوندە دیمەن: ئۆتۆمبێلێک بەلا تەکیا دەکێشێت. شوفێرە گەنجەکە ئاوڕی لێدەداتەوە و دەوەستێت. بە هەڵەداوان و گورج دەست بۆ گۆچانەکەی دەبات و دەیباتە سەر شۆستەکە.
کۆتا دیمەن: زۆر بە پەلە ڕادەکات بۆ لای ئۆتۆمبێلەکەی و بە پڕتاو ئۆتۆمبێلێکی تیژڕەو ڕووەو ئاسمان هەڵیدەدات.

لە ڕۆخی گۆلێکدا
ئافرەتێکی نەشمیل پەکینیەکەی دادەماڵێت و دەبینێت زەلامێک لە نزیکەوە زەق زەق چاوی تێبڕیوە. بە پڕتاو دێتە گیانی و دەشیڕێنێ: شەرم ناکەیت هەی بێ ئابڕو دەڕوانیتە ڕووتایەتیی خەڵک، زللەیەکی تێدەسرەوێنێ. کابراش دێتهگۆ: سەرنجدانی چی؟ من نابینام.
ژنە دەداتە پڕمەی گریان و مستێک لمی ڕۆخەکە بەسەر خۆیدا دەکات.

لە سینەمادا
وەکو هەمیشە هەفتانەی خۆی بلیتێکی سینەمای بڕی بۆ ئەوەی تەنیا گوێ لە ناوەخن و گفتوگۆی فیلمەکان بگرێ. زۆری خایاند و هیچی نەبیست بۆڵە بۆڵی لێ بەرزبووەوە. ئەمە چ فیلمێکە؟
لاوێکی لای دەستی چەپی بە خەندەوە وەڵامی دایەوە: مەگەر نازانی هەفتەی نیشاندانی فیلمی بێدەنگی چارلی چاپڵنە.

02/08/2019 سوید
تێبینی: ئەم سێ كورتیلەچیرۆكەم بەدەم گوتووه، كاك فەرهادی زاوام بۆی خستوومەتەسەر كاغەز.

© 2017 Hawler