ئاب 26, 2019

وێژەخەڵاتی ئەڵمانیا بۆ کونجکۆڵێکی ژیانی مۆدێڕن

وێژەخەڵاتی بۆشنێر، کە یەکێکە لە گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا، ئەمساڵ دەبەخشرێتە لۆکاس برۆفۆس. ئەم درامنووسە سویسراییە، چەندین جار بە هۆی نووسینی بەرهەمگەلی پابەند، ستایش کراوە.

ئەکادیمیای زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئەمساڵ وێژەخەڵاتی گئۆرگ بۆشنێر، دەبەخشرێتە لۆکاس برۆفۆسی نووسەر و شانۆنامەنووسی سویسرایی. ئەکادیمیاکە لە بەیاننامەکەیاندا کە لەم بارەوە بڵاویان کردووتەوە، هاتووە لۆکاس برۆفۆس گرنگترین پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم ڕۆژگارە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و گەرموگوڕانە و بە زمانێکی سادە و ساکار لە بەرهەمەکانی خۆیدا باس کردووە.
لۆکاس برۆفۆس لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی و لە شاری تونی سویسرا لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی شانۆنامەکانی خۆی و بە خێرایی بووە یەکێک لە دیارترین شانۆنامەنووسەکان بە زمانی ئەڵمانی. "دژەنۆرمییە سێکسییەکانی دایک و باوکمان" کە لە سالی ٢٠٠٣ی زایینی بڵاوی کردەوە یەکێکە لە شانۆنامە سەرکەوتووەکانی ئەو کە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمانی دونیا. دواهەمین بەرهەمیشی "ڕۆحی فیل"ـە کە لە سپتەمبەری ٢٠١٨ی زایینی و لە مانعایم برایە سەر سەکۆی شانۆ و سەرنجێکی گەورەی بۆ خۆی ڕاکێشا.
لە برۆفۆس، ڕۆمانێگەلێکی وەک "پیاوانی مردوو" لە ساڵی ٢٠٠٢ و "١٠٠ ڕۆژ" لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی بڵاو بووەتەوە. ئەو لە دواهەمین ڕۆمانی خۆیدا باسی کارەساتی مەرگاوی ڕواندا دەکات. ئەو لە چیرۆکگەلێکی بێهەژماری، ڕەخنەییانە دەکەوێتە شەن و کەوتی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە.
خەڵاتی گئۆرگ بوشنێر، بڕەکەی ٥٠ هەزار یۆرۆیە و بە گرنگترین وێژەخەڵاتی ئەڵمانیا ناسراوە. بۆشنێر، درامنووسێکی ئینقیلابی ئەڵمانیا بوو کە شانۆنامەی "ویستک"ـی نێوبانگێکی گەورە هەبوو، بەڵام خۆی ژیانێکی کورتی هەبوو. لە ساڵی ١٨١٣ لە نزیکی دارمشتات لەدایک بوو و لە ساڵی ١٨٧٣ لە زوریخ کۆچی دوایی کرد.
دەستەی تاوتوێکەران و داوەرانی خەڵاتەکە لە شڕۆڤەی دەنگەکانی خۆیان نووسییان:
"برۆفۆس بە ستایلێکی قورس و قایم و ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەند، فۆڕمە گرێدراوەکان بە دۆخی ژیانی مۆدێڕن و بە شێوەیەکەی نوێگەرایانە و داهێنەرانە، لە ڕۆمان و شانۆنامەکانی شەن و کەو دەکات. ئەو لە کونجکۆڵییەکانیدا دونیای ئەمڕۆ دەداتە بەر ڕەخنەی بوێرانە و تاوتوێی دەکات و تێڕوانینێکی لێوڕێژ لە موشتاقی و سەرسووڕمانی هەیە".
ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٥١ی زایینییەوە دەبەخشرێتە نووسەرانێک کە خزمەتێکی گەورەیان بە زمانی ئەڵمانی کردووە و ڕۆڵێکی دیاریان لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی ئەڵمانی هەبووە. بەر لەم نووسەرەش، ئەم وێژەخەڵاتە بەخشرایە نووسەرانێکی وەک ئەریش کستنێر (١٩٥٧) و ماکس فریش (١٩٥٨) و گۆنتەرگراس (١٩٦٥) و سارا کیرش (١٩٩٦) و فۆلکێر براوان (٢٠٠٠). پارەکەش، ئەم خەڵاتە بەخشرایە ترێزا مورا.

© 2017 Hawler