ئاب 26, 2019

هاوشێوەبوونی بروسكەی شیعر و نووری خودا لە شیعری

لە وێنەیەكی جواندا شاعیر داوا لەو كەسێتە دەكات كە دیسان وەكو گوتمان كەسێتی قسەكەر یان شاعیر خۆیەتی كە لە شەوانی بەفرباریندا مەستە، سەوڵ لێبدات و بەو بایەی كە سەوڵ لێدانەكەی درووستی دەكات، رێگری لە سەركێشی شەپۆلەكان بكات و هێمنیان بكاتەوە. هەرچۆن كاتێ دەریا شەپۆل لێدەدات ئەگەر با بە پێچەوانەی ئاراستەی شەپۆلەكانەوە هەڵبكات ئەوا هێزی با خێرایی شەپۆلەكان هێواش دەكاتەوە تا ئەندازەی ئەوەی شەپۆلەكان بوەستێنێت. ئەم وێنە تێهەڵكێشە جوانە دەبێتە دال بۆ هەڵگرتنی مەدولێك كە پەیوەندی بە سرووشتی ئەو كەسێتەو ئەو بارودۆخەوە هەیە كە تیایدایە. ئەویش ئەوەیە كاتێك شەپۆلی هێرشی ئەملاو ئەولا دەكرێتە سەر ئەم كەسێتە كە لە ئاستێكی فراوانتردا كەسێتی نەتەوە یان ئەو كۆمەڵگەیە دەگەیەنێت كە دەقەكەی تێدا بەرهەمهاتووە، ئەوی قسەكەری شیعرەكە داوای كاردانەوە یان بەرگری دەكات بێگومان لە گوێگر یان ئەوی بەرامبەر، كە ئەو بەرگریكردنەش لە شێوەی سەوڵ لێداندا بەرجەستە دەكات و بەرهەمی سەوڵ لێدانەكەش درووستبوونی ئەو بایەیە كە شەپۆلەكان هێمن یان خاو دەكاتەوە. شەپۆلەكان هێرشی هێزی ئەوانە، واتە ئەوانی نەیاری ئێمە. ئەو بایەی بەرهەم دێت، هێزی بەرگریەو لە رووی شەپۆلەكاندا دەوەستێت كە بەرهەمی گوێگر یان لە ئاستێكی تردا جەماوەرە. كەواتە قسەكەری شیعرەكە داوای لە رووداوەستان و بەرگری لە گوێگرەكەی دەكات. لێرەوە دەردەكەوێت كە ئەو كەسێتەی كە بە سەرخۆشەكەی شەوی بەفربارین ناو دەبرێت لە پێگەی گوێگردایە بەڵام لەسەر بنەمای ئەو لێكدانەوەی بۆ ئەو كەسێتەو پەیوەندی بە قسەكەری شیعرەكەوە كردمان هەر هەمان كەسن. بۆیە دەشێ ئەو گوێگرە هەم قسەكەری شیعرەكە یان كەسێتی شاعیر خۆی باس بكرێت و هەردووكیشیان وەكو پێشتر گوتمان یەك كەسێتی بن، دیسان دەشێ مەبەست هەموو كەسێتی نەتەوە بێت و دانانی خاسێتی سەرخۆشیش لەپاڵ ئەو كەسێتیەدا كە پێ دەچێت كەسێتێكی خاوەن بەرنامەو پرۆژە بێت، مەبەست سەرخۆشی نەبێت بەو مانا سادەو رووكەشەی كە لە ئاستی سەیركردنی یەكەمی زماندا ئێمە دەیبینین، بەڵكو دەشێ مەبەست لە مەستی یان سەرخۆشی ئەو كەسێتە، لێرەدا هەڵگرتنی پەیامێك بێت لەلایەن ئەو كەسێتیەوە یان بارگاوی بوونی كۆمەڵگە بێت بە رەگەزەكانی تێڕامان و بیركردنەوەو تەنانەت بەدەستهێنانی بوێری و گیانی لە رووداوەستان، هەرچۆن كەسی مەست ئاسۆی بینینی دەكرێتەوەو روانینی قوڵتر دەبێت و توانای پڕكێشی بەهێزتر دەبێت، چونكە لە بارێكی وەهادا كۆت و پێوەندەكان كاریگەرییان كەم دەبێتەوەو رووبەری ترس و نیگەرانی و خۆپارێزی تەسك دەبێتەوە. واتە لێرەدا دەشێ وای لێكبدەینەوە كە مەستبوون دەلالەتی جۆرێك لە هوشیاربوونەوە هەڵدەگرێت.
جارێكی تر قسەكەری شیعرەكە بە زمانێكی تێكەڵاو لە پرسیار و سەرسووڕمان كەسی بەرامبەر دەدوێنێت. دیارە كاتێك پرسیار دەكرێت، جۆرێك لە چاوەڕوانی هەیە بۆ وەڵامدانەوە كە ئەویش یان دڵنیایە لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارەی كە كراوەو زانیاری زیادەی ناوێت بەڵكو تەنیا وەڵامەكەی لە بەڵێ یان نەخێردا بەرجەستە دەكرێت كە ئەوەش جۆرێك لە هەڵوێست دیاری دەكات لە نێوان گریان و نەگریاندا. گریان دەلالەتی جۆرێك لە لاوازی یان هەست بە شكست كردن هەڵدەگرێت، ئەگەرچی لە هەندێ باردا گریان دەلالەتی پاكژبوونەوە هەڵدەگرێت. بەڵام لەم بارەی كە ئەم كەسێتەی تێدایە ئەگەری ئەوە نیە كە گریان دەلالەتی پاكژبوونەوە هەڵبگرێت. كەواتە دەشێ ترس و نیگەرانی و گومان لە ئێستاو ئایندە هۆكاری گریان بن. هەروەك وەڵامی نەرێی پرسیارەكەش سیمایەكی تری ئەو كەسێتە دەخاتە ڕوو كە دووركەوتنەوەیە لە ترس و نیگەرانی، بە تایبەتی كاتێ كە ئەو دەپرسێت: بۆ لەم كەنارە راوەستاویت؟ پێشتریش پرسیاری كرد: دیسان گریاویت؟ واتە پاشخانێك هەیە بۆ گریانی بەردەوام، یان چەند بارەبووەوە. ئەمجارەیان دەپرسێت بۆ لەم كەنارە راوەستاویت. بەڵام بەدوای ئەوەدا دەڵێت ئەوە چیتە! دیسان گریاویت! هەرچەندە لە دەقەكەدا ئەم دوو دەربڕینە لە شێوەی سەرسوڕماندا نووسراون، بەڵام لە راستیدا مانای سەرسوڕمانیان نیەو سەرسوڕمانیش ناگەیەنن، بەڵكو زیاتر خاسێتی پرسیاریان هەیەو لە رووی ئەركناسیەوە رۆڵی پرسیار دەبینن. ئەوی قسەكەر ئاگاداری پاشخان و رابردووی ئەوی گوێگرو كارو رەفتارو هەڵوێستەكانی رابردوویەتی. هەربۆیە كاتێ دەیبینێت لەسەر كەنار راوەستاوە، دەیەوێت لەوە دڵنیابێت، ئایا هەمان شێوەی رابردوو گریاوە؟ ئەگەر گریاوە هۆكارەكەی چیە؟ ئەگەر نەگریاوە بۆچی ئەمی قسەكەر وەها لێی دەڕوانێت كە ئەو گریا بێت؟ ئێمە دەزانین لە ئاستی قوڵدا هۆكاری گریانی ئەو كەسێتە چیە، ئەگەر لە ئاستی تاكەكەسەوە بیگوازینەوە بۆ سەر ئاستی كۆمەڵ، تێدەگەین كە گریانی ئەو لەژێر كاریگەری ئەو مێژووە شكست و نائامادەیەدایە كە بەشێكە لە بوونی پارچە پارچەبووی ئەو.
ئەمی قسەكەر چاوەڕوانی وەڵامی ئەو ناكات تا بزانێت ئایا گریاوە یان نا، بەڵكو لەبری ئەوەی بە دوای وەڵامدا بگەڕێت، باسی ئەوە دەكات هۆكاری ئەو گریانە یادكەوتنەوەی بیرەوەرییەكانی رابردووە، كە بێگومان بیرەوەری تفت و تاڵن بە پێی مێژووی ئەوی گوێرگرو ئەمی قسەكەرو ئەوی دڵداری نەهاتوو، تەنانەت بە گوێرەی ئێمەی دەرەوەی دەقەكەش. شتێكی ئاساییە كاتێك بیرەوەرییە تاڵەكانی رابردوومان یادبكەوێتەوە، بگرین، بە تایبەتی كە تاكو ئێستاش ئێمە نەمانتوانیووە لە قۆناغی ژێر كاریگەری دەرئەنجامی بیرەوەرییە تفت و تاڵەكانەوە بگوازینەوە بۆ قۆناغێكی تر. لە كاتێكدا كە ئاشكرایە مەبەست لە بیرەوەرییە تاڵەكانی رابردوو، كۆی ئەو قۆناغە یەك بەدوای یەكانەیە كە كەسێتی منی قسەكەرو تۆی گوێگر و ئەوی دڵداری نەهاتوو، هەروەها كەسێتی ئێمەی دەرەوەی دەقەكەش بەگشتی لەو بارودۆخەدا تێكشكاوەو فڕێدراوەتە پەراوێزەوەو تاكو ئێستاش نەتوانراوە پرۆژەی بنیادنان و درووستكردنەوەی دابنرێت.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەو مژدەیە كە ئەمی قسەكەر رایدەگەیەنێت و پێمان دەڵێت راستە تاكو ئێستا ئەوی گوێگر نەگەیشتووەتە ئاستی بە بكەربوون و بتوانێت رووداو درووست بكات و بیرەوەریە تاڵەكان كۆتایی پێبهێنێت و دابڕانێك لەگەڵ رابردووی گریان و بیرەوەری تاڵ و پاشكۆبوون و ناكاراییبوونەدا بكات و وەكو بكەرێكی كارا لە رووی رووداو درووستكردنەوە خۆی نمایش بكات و خۆی بسەلمێنێت و بارودۆخەكە بگۆڕێت. ئەویش لە هەنگاوی یەكەمدا لە خاوكردنەوەی شەپۆلەكانەوە دەست پێ دەكات. دواتریش ئەمی قسەكەر رایدەگەیەنێت ئێستا ئەم گەیشتووەتە قۆناغێك دەتوانێت ئازار و ناڵەناڵی هەمووان كە ئەو وەكو ئەوان باسی دەكات وەكو سیمفۆنیایەك لێ بكات و چەتری ئاواتی پەمەیی بەسەر شووشە ژاژەكانی نائومێدیا هەڵداتەوە. واتە ئەمی قسەكەر باسی جۆرێك لە پرۆژەمان بۆ دەكات پرۆژەی گۆڕینی یادەوەرییە تاڵەكان و گریان و چاوەڕوانی بۆ سیمفۆنیاو ئاواتی پەمەیی. كەواتە لێرەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت كە لە هەناوی ئەو بارودۆخە ناهەموارەدا كۆرپەلەی دەسپێكی ژیانێكی نوێ چاوەڕوانی لە دایكبوون دەكات و بەو لە دایكبوونەش گریان و فرمێسك و كۆی تراژدیاكان كۆتاییان دێت و ئەو كەسێتە پارچە پارچە بووە یەك دەگرێتەوەو دەبێتە بوویەكی پتەو و لەسەر پێی خۆی رادەوەستێت. واتە بوویەكی خاوەن شوناسی یەكگرتوو، كە ئەمەش دەبێتە قۆناغی كۆتاییهاتنی ئەو دابەشبوونەی لە بنیادی كەسێتی ئامادەی دەقەكەدا هەیە. دیارە ئەو دابەشبوونەی لە كەسێتی ئامادەی دەقەكەدا هەیە، لە دەرەوەی دەقەكەشدا هاوشێوەیەكی ئاشكرای هەیە. ئەویش دابەشبوونی كەسێتی ئێمەیە لەسەر زەمینەی دەرەوەی دەقەكەو لەو واقیعەدا كە دەقەكەی تێدا بەرهەمهاتووە. ئێستا لە دنیای دەقەكەوە بە ئاراستەی دەرەوە گۆڕانكاری هەیە. لە ئاستی یەكەمدا كەسێتی دابەشبووی سەر جوگرافیای دەقەكە بەرەو یەكگرتن و یەكبوون دەچێت. ئایا هاوكات كەسێتی دنیای دەرەوەی دەقەكە كە كەسێتی ئێمەیە لە قۆناغی پارچە پارچەبوونەوە دەگوازرێنەوە بۆ قۆناغی یەكگرتنەوەو یەكبوون و خۆدرووستكردنەوە؟
قسەكەری شیعرەكە باسی ئەوە دەكات چۆن ئاواتی پەمەیی باڵی بەسەر نائومێدییەكاندا كێشاوە، دیسان باسی بازووی خۆی دەكات كە چۆن هاوشانی ئاواتە پەمەییەكانە. ئایا مەبەست لە بازوو چیە؟ دیارە مەبەست لە بازوو تەنیا بەشێك نیە لە جەستەی مرۆڤ، بەڵكو بازو هێمایە بۆ بوونی هێز. ئەمەش بەئاشكرا بریتیە لەباسكردنی سەرهەڵدان و دەركەوتنی ئومێدو هیوا بۆ رزگاربوون لەو بارودۆخەی كە پێشتر باسكراو لەو بیرەوەرییە تاڵانەی كە ئەم كەسێتەی تێدایە. هاوكات ئەوە ئاشكرا دەبێت كە ئەم كەسێتە بۆ دەربازبوون لەو بارە ناهەموارە پێویستی بەهێز هەیە. لێرەدا ( بازووی منیش ) ئاماژەیە بۆ بوونی ئەو هێزە. كەواتە لە ئاستێكی تردا دەتوانین بڵێن ئەگەر هوشیاریش نەبووبێتە بنەمای داڕشتنی نەخشە رێگایەك بۆ گواستنەوە لەو قۆناغە ناهەموارەوە بۆ قۆناغێكی باشتر، ئەوا ئەم كەسێتە كە لە ئاستێكی تردا كەسێتی كۆمەڵایەتی یان جەماوەرییە، گەیشتووەتە ئاستێك كە ئومێدی ئەو گۆڕانكارییەی لادرووست بووەو هاوكاتیش ئێستا هەست دەكات هێزی پێویستیشی هەیە بۆ گواستنەوە لەو قۆناغەوە بۆ قۆناغێكی باشتر. ئەوەتا شاعیر دەڵێت:
بیرەوەریی خۆڵەمێشە
ئەگەر نەڕۆی، جێ ئەمێنی و
تۆزی شوێن پێ ئەتخنكێنیئەوان هاتن
لە دوورەوە ئەیانبینم
رەخت و زینی ئەسپەكانیان
گۆشتی ویژدانی هەزاران دەربەدەرە
 رامەوەستە.. بڕۆ بڕۆ كام ئەستێرە
نزیكترە لەو مەدارەی
پەڵە هەوری سەرگەردانیتی پێوەیە
هەلوور بەلووری بۆ بڵێ كام پاساری
جریوەكەی ئەگاتە گوێت، بۆ هەڵدەوە
سەوڵ لێدەو بەسەر لاشەی شاخ و دەریاو دارستان و
دوورگەو لادێی وێران و كاولا بڕۆ
رامەوەستە تا لەسەر لووتكەی قەندیلا
 برووسكەی شیعرو نووری خوا بەیەك ئەگەن.
قسەكەری دەقەكە داوا لەوی گوێگر دەكات بڕوات و پاساویشی بەوە بۆ دەهێنێـتەوە ئەگەر نەڕوات ئەوا جێ دەمێنێت و ئەوەش رووبەڕووی كارەساتی دەكاتەوەو تۆزی شوێن پێ دەیخنكێنێت. سەرەتا ئایا قسەكەر داوا لەوی گوێگر دەكات بۆ كوێ بڕوات؟ ئەو تۆزی شوێن پێیەی كە گوایە ئەم دەخنكێنێت، تۆزی شوێن پێی كێیە؟ یان ئەوانە كێن كە گوایە دێن و ئەم لە دوورەوە دەیان بینێت؟ بەڵام ئەوی قسەكەر، ئێمە لەبەردەم چاوەڕوانیدا راناگرێت و راستەوخۆ وەسفی ئەوانەمان بۆ دەكات كە دێن و گوایە سەرچاوەی مەترسین بۆ ئەو. ئەوانەی كە دێن لە وەسفی قسەكەردا وەكو كۆمەڵێ دڕندەو خوێنڕێژ دەناسێنرێن كە رەخت و زینی ئەسپەكانیان گۆشت و خوێن و ژیانی خەڵكی ترە. كەواتە لێرەوە ئەوە ئاشكرا دەبێت كە بۆچی قسەكەری شیعرەكە داوای رۆیشتن و چۆڵكردنی ئێرە لە كەسی گوێگر دەكات. ئەم داوای لێ دەكات كە هیچ رانەوەستێت و تا دەتوانێت دوور بڕوات تا ئەو شوێنەی كە ئەو وەكو لوتكەی قەندیل ناوی دەبات و لەوێڕا بروسكەی شیعر و نووری خودا بەیەك دەگەن. ئایا لەوێ ئەگەر بروسكەی شیعرو نووری خودا بەیەك گەیشتن چی روودەدات؟ ئایا مەبەست لە بروسكەی شیعر چیە؟ رەنگە لێرەدا ئاماژەیەك بۆ ئەوە هەبێت كە لەوێڕا رۆحی ئەمی شاعیر بگات بە رۆحی باڵاو تیایدا بتوێتەوە كە ئەوەش بەرزترین پلەی تەسەوفەو لە ئەنجامی ئەو بەیەكگەیشتنەدا هێزی گەورە بەرهەم بێت بۆ كردنەوەی رێگاكان كە ئەویش بەرزبوونەوەی مرۆڤە لە ئاستی خوارەوە بۆ بەرزترین ئاست كە پێگەی خودایە. لەوێدا ئەمی مرۆڤ دەگات بە نوورو پرتەوی خوداو تێیدا دەتوێتەوەو سەرئەنجام ئەمی مرۆڤــ سەرباری بەجێهێشتنی پێگەی مرۆیی، بەڵام بۆ ئاستێك بەرز دەبێتەوە كە پێگەی خوداییە. دیارە لەو پێگەیەشدا ئەمی مرۆڤــ بەلایەنی كەمەوە لە رووی مەعنەویەوە دەبێتە خاوەنی هێز و دەشێ سوود لەو هێزەش وەربگرێت بۆ گۆڕانكاری.
وەكو پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد سەرباری درووستكردنی چەند كەسێتیەك لە چوارچێوەی جوگرافیای دەقەكەدا، بەڵام كۆی كەسەكان لە یەك كەسێتیدا كۆدەبنەوە كە ئەویش كەسێتی شاعیر یان كەسێتی كۆمەڵایەتی دەرەوەی دەقەكەیە، كە بە دەربڕینێكی تر دەتوانین بڵێن كۆمەڵگە یان نەتەوەكەی شاعیرەو ئەو تراژیدیاو كارەساتەی دەقەكەش بەرجەستەی دەكات و لێی دەدوێت مێژووی پڕ كارەساتی ئەو كەسێتەیە. كە دەمێك دەكشێتەوە لەبەردەم هێرشی ئەوانی روخێنەرو لەناوبەریدا، دەمێكی تر بەرگری دەكات، دەمێكیش بە پاسای جۆراوجۆر دەكشێتەوەو دەمێكی تر دەردەكەوێتەوەو بە ئومێدەوە خۆی نمایش دەكات و بەجۆرێك دەجوڵێت، بەڵام مەرج نیە بگاتە ئامانج و ئەو بارە ناهەموارە بگۆڕێت كە تیادایە. ئەم كەسێتە لە جوڵەی بەردەوامدایەو خاڵی گرنگ بە گوێرەی ئەو ناڕازیبوونێتی بەو بارودۆخەی تیایدایە. لەوێشەوە دەكەوێتە جوڵەو بەرگریكردن و هیواو ئاواتی گەیشتنی بە ئامانجەكانی سەباری گرفتەكان بەردەوام لە بەهێزبووندایە. سەرئەنجام پێشنیار بۆ خۆی دەكات كە هەنگاو بەسەر هەموو كۆسپ و بەربەستەكاندا بنێت تا دەگاتە بەرزترین لوتكەی قەندیل كە ئەوەش ئاماژەی لوتكەی هیواو ئومێدی تێدایە و لەوێش لەگەڵ رۆحی باڵا یەكدەگرێت و تیایدا دەتوێـتەوە. گەیشتن بە رۆحی باڵا دوو دەلالەتی هەیە، یەكەمیان لە پێناوی ئەو ئامانجەی كە كۆششی بۆ دەكات وەكو خۆنەویست و زاهیدێك یان سۆفیەكی عیشقی رۆحی خودایی ئەمیش لە پێناوی گۆڕینی ئەو رەوتە نالەبارەی ژیانی خۆی یان پێكهاتەی دەرەوەی دەقەكەو ئەو واقیعەدا كە دەقەكەی تێدا بەرهەمهاتووە زاهیدانە كۆشش دەكات و بەرزدەبێـتەوە بۆ بڵندترین پلە كە ئەمەش لە ئاستێكی قوڵتردا دەلالەتی گەیشتن بە ئامانجەكەی هەڵدەگرێت. دووم لەگەڵ رۆحی باڵادا تێكەڵاو دەبێت و دەبێتە خاوەنی گەورەترین هێزو ئیرادە بۆ گۆڕینی ئاراستە جوڵەی پێشتر و ئاراستەكردنی رووداوەكان بە شێوەیەكی تر. لەم گەیشتن و توانەوەیەشدا لە نووری خودادا، یان لە رۆحی باڵادا، وێنەی زاهید یان سۆفیەك بۆ ئەم كەسێـتە بەرجەستە دەكرێت. ئەمەش لە لایەكەوە خاوێنی و خۆتەرخانكردنی ئەم كەسێـتە بۆ ئامانجەكەی نیشان دەدرێت، لەلایەكی ترەوە رەوایەتی ئامانجەكە دەردەكەوێت كە هێندە ڕەوایە بە ئەندازەی تواندنەوەی رۆحی سۆفی لە نێو رۆحی باڵادا. كەواتە ئەم دەقە شیعریە ئەو جیهانبینیە بەرجەستە دەكات كە بۆ گۆڕینی مێژووی شكستی ئەم كەسێتیەو بۆ كۆتاییهێنان بە تراژیدیاو كارەساتەكان دەبێ ئەم كەسێتە خۆنەویست و دڵسۆزانە هەمان شێوەی سۆفی بۆ گەیشتن بە رۆحی باڵای خوداو تواناندنەوە لەو پێناوەدا یان تیایدا كاربكات چونكە ئامانجی ئەم كەسێـتیە هاوشێوەی ئامانجی سۆفیە، هەرچۆن سۆفی كە چاو دەدەخات لە سرووتەكانی تەسەوفدا، هەنگاو بەرەو گەیشتن بە رۆحی خودا دەنێت، ئەم كەسێتەش هاوشێوە كۆشش دەكات و خۆی رێكدەخات بۆ گەیشتن بە ئازادی، واتە بۆ ئەم كەسێـتە ئازادی هەمان مانای گەیشتنی سۆفی هەیە بە رۆحی باڵای خودا.
10-3-2018

 

عەتا قەرەداغی

© 2017 Hawler