تشرینی یەکەم 18, 2019

ئایا سەرمایەداریی دوژمنی هونەرە؟

سەرمایەداریی چۆن کار لە هونەر دەکات؟ ئایا سەرمایەداری پەرەی بە هونەر داوە و بەهای بۆ هونەر گەڕاندووەتەوە، یان هونەر و کاری هونەریی بێ بەها کردووە؟ کێ هاوکاریی سەرمادارییە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دژی ئەدەب و هونەر و بە کاڵاکردنییان؟ یان دەتوانین ڕوونتر بپرسین ئایا سەرمایەداریی دوژمنی هونەرە؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر لە دوتوێی کتێبێکی قەبارە مامناوەنددا وەڵامدراونەتەوە، کە ئەویش کتێبی "سەرمایەداریی و داهاتووی ئەدەب و هونەر"ی ئالان وودسە کە پێشڕەو محەمەد کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند لە دوتوێی 145 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردووەتەوە.

یەکێک لە نەریتە نوێکانی دونیای وەرگێڕانی کوردی ئەم چەند ساڵەی پێشوو ئەوەیە کە وەرگێڕکاران بە ئاگاداریی نووسەر یان خانەی بڵاوکردنەوە کتێب وەردەگێڕن، کە بەلای منەوە ئەمە هەوڵێکی گرنگ و جێگەی دەستخۆشییە و هەنگاوێکە بەرەو ئەوەی ئیدی زمانی کوردی ببیتە زمانێک کە لەنێو زمانانی دونیادا ناوی بهێنرێت و نووسەرانیش باسی وەرگێڕانی کتێبەکانیان بکەن بۆ ئەم زمانە، نەک وەکو پێشووتر (بە دزییەوە) یان بە شەرمەوە کتێبی گەورە نووسەران دەکرایە کوردی و بێئەوەی نە نووسەر و نە دەزگای بڵاوکردنەوە ئاگادار بێت. بۆ کتێبە نووسەر پێشەکییەکی بۆ چاپە کوردییە نووسیوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەوەی کتێب و توێژینەوەکانی بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕدرێن. لەوێدا ئاماژەی بۆ زۆرخاڵی دیکەی گرنگ کردووە کە ئەوانیش کارکردنی سەرمایەدارییە بۆ وێرانکردن و بە تاڵانبردنی کەلەپووری خۆرهەڵاتی و لەوێدا دەنووسێت:
"سەرمایەداریی خەریكی وێرانكردنی میراتی كولتووریی مرۆڤایەتییە. ئەم ماڵە گەنجینە فراوانەی شارستانێتیی مرۆڤایەتیی، كە دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەشێوەیەكی سیستەماتیك تاڵان كرا، لەناوبرا و وێرانكرا ئەویش وەك دەرەنجامی پەلاماردانی ئەنگلۆ-ئەمریكیی بۆسەر عێراق."
 هەر لە پیشەکییەکەدا نووسەر باس لەو ئایینە دەکات کە سەرمایەداری بۆ شەرعییەتدان بە کارەکانی پەیڕەوی دەکات کە ئەویش ئایینی پەرستی پارەیە و دەنووسێت:
"ئایینی ڕاستەقینەی سەرمایەداریی نە مەسیحییەتە، نە ئیسلام نە جولەكایەتیی، بەڵكو پەرستنی سامانە: خواوەندی سامان و سەروەت. سەرمایەداران حەزدەكەن هەر كەسێكی پیاوان، ژنان و منداڵان بۆ ئەم خوا بێ ڕەحمە بكەنە قوربانیی. ئەمە ئایینێكە دڵی نییە، دەروون و مێشكی نییە. ئەمە ئایینێكە بەتەواوی تەرخانكراوە بۆ كۆكردنەوە و خزمەتكردن بە دەوڵەمەندان لەم جیهانەدا. ئینجا دواتر بۆ پیاوێكی دەوڵەمەند دەگوترێت: چونك ئەم چاكەكارە و پەسندكراوەی ڕزگاركەری ئێمە، خودایە"
بەدەر لەم پێشەکییە درێژەی نووسەر بۆ چاپە کوردییەکە، کتێبەکە لە سێ بەش پێکهاتووە کە بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ سەرمایەداریی و هونەر و لەوێدا بە وردی نووسەر لەسەر کارکردنی سەرمایەداری هەڵوەستەی کردووە لەسەر هونەر و بێبەهاکردنی هونەر. نووسەر نموونەی شانۆ و مۆزیک و تابلۆ گرنگەکانی نێو مێژووی هونەری ئەوروپی دەهێنێتەوە و پاشان باس لە ڕوانینی سەرمایەداری دەکات بۆ ئەم کارە گرنگانە. لەوێدا ئاماژە بە خاڵێکی ترسناک دەکات، ئەویش ئەوەیە کە سەرمایەداری بە سەرمایە (پارە) هونەر دەپێوێت. هەر کارێکی هونەری لەڕێی سەرمایەوە بەهاکەی دیاری دەکرێت. واتە هونەر دەکرێتە کاڵایەک بۆ کڕین و فرۆشتن، ئەگەر بەرهەمێکی هونەریی لە بازاڕدا کڕیین و فرۆشتنی پێوە نەکرێت و بەهایەکی بەرزی نەبێت، ڕەنگە بە هونەر دانەنرێت.
ئالان وودس لە سەرەتای بەشی یەکەمدا زۆر ڕاشکاوانە دەنووسێت "سەرمایەداریی بەقووڵی دوژمنی هونەرە"، بێگومان وودس لە خۆوە ئەم قسەیە ناکات و لەنێو ئەم کتێبەدا بە دەیان بەڵگە ئەمە دەسەلمێنێت. یەکێک لە دیارترین بەڵگەکان ئەوەیە کە ئەم نووسەرە داعش بە بەرهەمی سەرمایەداری لە قەڵەم دەدات، بەتایبەت ئەوکاتەی دەکەونە بێ بەهاکردنی کەلەپوور و هونەر لە عێراق و سووریا، وودس نموونەی ئەوە دێنێتەوە کە ئەمەریکا لە ڕێی داعشەوە بە هەزاران پارچەی بەنرخی شوێنەواری مۆزەخانەکانی عێراق و سووریای بە نرخی کەم بۆ خۆی بردووە و داعش وەکو بازرگانێکی شوێنەوار ڕۆڵی بینیوە. ئەم نووسەرە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو پارچە ئاسەوارانەشی کە داعش بۆیان نەفرۆشراوە و لە ڕووی قەبارەوە گەورەبوون شکاندوویانە تا ئەو کەلەپوورە چوار هەزار ساڵییە بسڕدرێتەوە.
لە بەشی دووەم و سێیەمی ئەم کتێبەدا نووسەر بە وردی کاری لەسەر چەندین خاڵی دیکەی سەرمایەداری کردووە کە لە هەوڵی بێبەهاکردنی هونەر و ئەدەبدان. بەتایبەت ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هونەرێک برەوی هەیە کە جەماوەریی و ڕازیکەری دڵی بینەر بێت. هونەرێک نەبێت کە رۆحییەتی شۆڕشگێڕی لەنێو تاکدا زیندوو بکاتەوە. سەبارەت بە ئەدەبیش باس لەوە دەکات ئەو ڕۆمانانە برەویان هەیە کە بازاڕیین و دڵی خوێنەر ڕازی دەکەن، نەک خوێنەر بەرەو وشیاریی و شۆڕشگێڕی ئاراستە بکەن.
خاڵێک کە لە زۆرجێگەی ئەم کتیبەدا نووسەر پێداگریی لەسەر دەکات ئەوەیە کە بەهای هونەر بە پارە ناپێورێت، بەهای هونەر لە خودی هونەر خۆیدایە، لەو ئایدیایانەدایە کە هەڵگرییەتی نەک لەو بەهایەی کە چەندە فرۆشی زۆرە یان چەندە بینەری هەیە، یان سەرمایەدارێک چەندی پارە پێ دەدات. لە جێگەیەکدا زۆر بە ڕاشکاوی دەنووسێت:
"بێگومان هونەر دەبێت هەمیشە بۆ ئازادیی تێبكۆشێت. هونەری ڕەسەن و ڕاستەقینە دەبوو بەشێوەیەكی ئازادانە ئەو شتە دەببڕێت كە لەناوەوەدا بوونی هەبوو نەك ئەو شتەی لە دەرەوە لەلایەن هەر شت و هەر كەسێكەوە سەپێنرابێت، چونكە هونەرێكی وەها بەزەرووریی هونەرێكی خراپە. لەبەرئەوە هونەر كۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەت ڕەتدەكاتەوە، هەروەك چۆن لەهەمانكاتدا دیكتاتۆرییەتی ئایین و كڵێساش ڕەتدەكاتەوە. هەروەها ستەمكاریی بازاڕیش ڕەتدەكاتەوە، كە دوژمنێكی سەرسەختی هونەر و داهێنانە."
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها خستنەڕوویەکی کورتی ئەم کتێبە بوو، ئەم کتێبە، یەکێکە لە کتێبە گرنگەکان بۆ تێگەیشتن هەم لە سەرمایەداریی و هەم لەو دۆخە نەخوزراوەی ئێستا لە دونیای ئەدەب و هونەردا لە جیهاندا دەگوزەرێت. کتێبێکە شایستەی ئەوەیە نەک جارێک، پێویستە چەند جارێک بخوێنرێتەوە و ئەوانەی دەیانەوێت جیاکاری بکەن لەنێوان هونەری بازاڕیی و هونەری ڕاستەقینەدا ئەم کتێبە کۆمەکێکی باشیان دەکات. دەستخۆشی بۆ پێشڕەو محەمەد، کە هەڵبژاردنی ئەم کتێبە و وەرگێڕانی پێویستییەکی هەنووکەیی کتێبخانەی کوردی بوو.
 

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler