تەمموز 18, 2019


ئەوە درەختەكان چییانە شەبقەكانیان
لەسەر شۆستە دادەكەنن و
شۆستەیش پشتێنی ڕێگە دەبەستێتەوەو
ڕێگەیش دەنكە شقارتەیەكە
بە دەستی ئەكرۆباتیكەوە‌
ڕێبوارەكان سێبەری خۆیان دەرخواردی
تارماییەكان دەدەن
سێبەریش خەون پچڕێنەرە
تەنیا هەتاو دەردەكەوێت و
ئاوا دەبێت
وەك بڵێیت چاوشاركێ لەگەڵ هەوردا بكات
چوون درەختێك لە زستاندا
لەگەڵم دانیشە
شەو چوون پارچە یاری لە یەكدی بكەینەوەو
پەند لە شەوبێداری وەربگرین
چوون فێرخوازانی پۆلی یەك
فێرخوازان شانەگەلی نووستوون
لەناو قوتوودا
قوتووەكانیش كتێبگەلن
سووراوو سپیاویان بەرگگەلن...
ئێمەیش گیرمان خواردووە
لەناو تابلۆیەكدا گیرمان خواردووە
هەموو ڕۆژێك تەسكتر دەبێتەوەو
چوارچێوەكەی بەرینتر دەبێتەوە
چۆن دەقەكە پێكبهێنین
لەكاتێكدا زمان باهۆزە
چۆن كەلێنی نێوان بگێڕەوەو بینەر پڕبكەینەوە
شانۆ برسییەتی و
كارەكتەرەكان نانن...
ئێمەیش زۆر بێ پارەین
ئەی بۆكۆڤسكی زۆر بێ پارەیەن
تەنانەت بارانیشمان نییە
ئێمە ئەو گۆزەكارەین كە قوڕ خیانەتی لێ كرد
ئەویش خەیاڵی خۆی دەرخواردی شیعر دا
تا نەبێت بە بەرد...
سەیری ساكسفۆن دەكەم
چاوم لێ دادەگرێت
پەرداخەكەم بڵند دەكەمەوە
"چین چین
Chin chin"
ئەو كات جۆن لینۆن
لە ژێرەوە دێتە دەرەوەو
بۆڵەبۆڵیەتی
Wait me
بەڵێ هاوڕێم چاوەڕێت دەكەم
لەو مردنەوە
كە بەوپەڕی هێزەوە لە ئامێزی دەگرم
لەكاتێكدا بە چواردەوری خۆمدا دەسووڕێمەوەو
هاواردەكەم
دەسووڕێمەوەو
گۆرانی دەچڕم و
بیر لە كوشتنی چامبان دەكەمەوە
لەسەر شێوازی هندییە سوورەكان
گۆرانی دەچڕم و سەمادەكەم و
كورسییەكە
دەرگەكان
گارسۆنەكە
بوتڵە بیرەكان
بێ دەنگی
سەرشۆڕی
دەلەرزێنەوە
...
چوون كۆرالێك پاش من
Tell me why
Tell me why
دەڵێنەوە
ئەی گوللـە
قالۆنچەكان كوڕی خۆڵن
مردن بنمیچ نییە
بنمیچ گۆڕ نییە
كاتێك ڕاستی لە بیر نەیەتە دەرەوە
دەبێت بە بۆق..
جیهان یاری far cryیەو
ئێمەیش نێچیرین
بە خۆیشمان نیشانشكێن
خوێنەكەم بەسەر جەستەمدا دادەچۆڕێت
جەستە دیوارەو
پەنجەرەكانی باڵندەن
باڵندەكانیش پۆستەچین
دەبن بە (كامیكاز)
هەركە ئەویندارێك بمرێت بەر لەوەی دەستی یاری پێ بگات
ئەو كاتە بەستەكان دەبن بە گەردو تۆز
تۆز چاوەزاری بایە
بایش داهۆڵە
داهۆڵ دەستی جووتیارە
بەڵام ئەی كێڵگە پاش دروێنە
چ سوودێكی هەیە؟
ئەی شوپنهاوەر ئەوە میتافیزیك نییە هەڵماندەدڕێت
كێ تەرمی ئێمە هەڵدەدڕێت بت...
من ئەو تابلۆیە‌م بە كای مێژووەوە هەڵپەسێرا
فانتازیای جوگرافیا سڕییەوە
لەناو تیشكدا ئاوارەو دەربەدەر دەبم
لەناو بیرچوونەوەدا گەورەدەبم
دوای بالۆنگەلی خوازە دەكەوم
بۆ ئەوەی كشانەوەی ئاو ڕامنەكێشێت
من سەر بە ئاوم
كشانەوەی ئاو پیاوچاكەو
موریدەكەی هەڵكشانی ئاوە
ئەم لمەیش كووتاڵە
كووتاڵ
پەردەو دڕكە...
ئاو بە ئاگر دەڵێت:
ئەم خوێنەم هەندێكی خوێنی تۆیە
پەیینی تۆ لە كوێیە
ئەمە كراسەكەی منە هەندێك لە كراسی تۆیە
ئەی چاكەی تۆ لە كوێیە‌
ئەمە مەیەكەی منە پەرداخەكەی تۆ لە كوێیە
من (مەی)ی نزیكم
شەكرم تێدا نییە لەگەڵ خۆم نەبێت
تا لەگەڵ خۆمبە خۆم بێدار ببمەوە
من قەنەفەی ژانم
ڕۆبچە ناو وردیلە دەمارەكانمەوە
هیچ پڕم ناكاتەوە
ئەم سروە هەڵكردنە نەبێت
هیچ كەنارێكم نییە
ئەم گڕە نەبێت
باسی داوەكانمبۆ مەكە
مۆرفۆلۆژیای گژوگیا
لەسەر زاری قسان
باران دەیزانێت نەك داس
ئەی ئاسمان
ئەوەی سرووش فێری نەكردووین
چڕیەتی فێرمان دەكات
ئەوەی وڕینە فێری نەكردووین
ڕەتكردنەوە فێرمان دەكات
ئەوەی ڕێژنە فێری نەكردووین
تینوویەتی فێرمان دەكات
ئەی خوازەكان ئاگەدارم بكەنەوە
چۆن دارستان لەناو منداڵدانمدا بشارمەوە
بێ ئەوەی ئاگركەوتنەوەكان
خەبەرم لێ بدەن
من ئەو درەختەم لە پەراسووی تۆوە ڕواوم
تا سەرلەنوێ بتخوڵقێنێتەوە
ئایە لە بەیەك گەیشتنت دركت بە واتاكەم كرد؟
من خەسڵەتگەلی خواوەندم هەیە
سەرەتا
سەرەتایش ئۆرگازمە
لەسەر ناوكی ڕووبار
دەستم ئاماژە بە تۆ دەكات
ئەی سڕینەوە
ئایە تۆ خوێندەواریت؟
سەرچاوە:
لە ئەكاوەنتی تایبەتی شاعیرەوە لە فەیس بووك.

 

زەكییە مەرمووق  

© 2017 Hawler