تشرینی یەکەم 18, 2019

ئەوەی لە ژیان پیرۆزترە كوردستانە

بارزانی نەمر، ناونیشانی كتێبێكی "رێزان ساڵح بارزانی"یە لە دووتوێی 88 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی لە بەرگێكی قەشەنگ و جواندا چاپ كراوە.

كتێبەكە لە شێوەی ئەلبومێك دایە، كۆكراوەی سی و پێنج وتەی بارزانی نەمرە بە پێنج زمان (كوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، توركی و فارسی) هاوكات لەگەڵ هەر وتەیەك وێنەیەكی بارزانی نەمری لەگەڵ بڵاو كراوەتەوە كە هەریەكەیان دونیایەك ئیلهام و زانیاریی و ئامۆژگاری تێدایە.

بەشێك لە وتەكانی بارزانی نەمر:
*ئەگەر خۆشەویستی خاك تاوان بێت، ئەوا من تاوانبارترین كەسم. *با لاوان ئازاد بن لە كار و بیركردنەوەیاندا.* ڕەنگە من ئازادی كوردستان نەبینم، بەڵام ئێوە دەیبینن.
* مێژووی بێ شەهید لاپەڕەیەكی ڕەشە. * ئەوەی لە ژیان پیرۆزترە كوردستانە.* ئەگەر كوردایەتی گرانە، خیانەت نەكردن ئاسانە.
بارزانی نەمر دوازدە ساڵ لە دوورە وڵاتی "یەكێتی سوڤیەتی جاران" مایەوە، لەماوەیەدا، نەك تەنیا لە باشور بەڵكوو لە هەموو پارچەكانی كوردستان بزووتنەوەی شۆڕشگێری كوردستان مات و بێ دەنگ بوو، كەس جورئەتی ئەوەی نەكرد سەركردایەتی بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێرانە بكات.
دوای گەڕانەوەشی، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی ئەیلوول هەستی نەتەوایەتی لای هەموو كوردێك و لە هەموو پارچەكاندا زیندووكردەوە، ئەگەر شۆڕشی ئەیلوول نەبوایە، ئەوە گومانی تێدا نییە كە هەستی نەتەوایەتی كال دەبوویەوە، بە كورتی و بە كوردی ئەگەر بارزانی نەمر لە مێژووی كورد دا نەبوایە كەسی دیكە جەسارەتی نەبوو لە دژی دوژمنان و بەم شێوەیە خەبات و شۆڕش بكات.
ئەم سەركردەیە نەك لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە و لای سەركردە و مێژوونووس و ئازادیخوازانی دونیا جێگەی ڕێزێكی زۆرە، بارزانی ناچار كرا دەست بداتە چەك، ئەمە گەورەترین و ژیرانەترین هەڵوێستە كە بارزانی نواندوویەتی، دڵۆپە خوێنێكیش بە دەستپێشخەریی بارزانی نەڕژاوە، بارزانی تەنیا بەرگریی لە گەلەكەی كردووە. بارزانی توانی ئایندەی كورد لە نەمان رزگار بكات، هەر بۆیە لە دیرۆكدا، ئەو جۆرە ڕێبەرایەتییەی بارزانی زۆر بە جوانی و بە باشی دەنووسرێتەوە، بەندە، بارزانی نەمر بە یەكێك لە گەورەترین جەنەڕاڵە هەرە بەتواناكان و كەم وێنەكانی سەدەی بیستەم، نە تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكوو لە هەموو جیهان دەزانم.

 

© 2017 Hawler