حوزەیران 25, 2019

کـــــــــــــــــتێـــــب و تـــــــــــــــــــــــــەنهایی

زۆرجار پرسیار له‌باره‌ی ته‌نیاییه‌وه‌ ده‌خرێته‌ڕوو، كه‌ ئایا ده‌كرێت مرۆڤ به‌ ته‌نیا بێت و درێژه‌ به‌ ژیانیش بدات؟ یان ده‌كرێت ته‌نیایی ڕه‌تبكرێته‌وه‌؟ یان ده‌كرێت ڕێگه‌ی سێیه‌م هه‌ڵبژێردرێت، كه‌ مرۆڤ هه‌ر جێگه‌یه‌كدا بوو و به‌ وشیارییه‌وه‌ له‌و جێگه‌یه‌ بێت و ئه‌گه‌ر ته‌نیاش بوو ده‌كرێت به‌ وشیارییه‌وه‌ ته‌نیا بێت و ئه‌گه‌ر له‌نێو كۆمه‌ڵیشدا بوو ده‌كرێت هه‌ر به‌ وشیارییه‌وه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵدا بێت. واته‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا گرنگه‌ مرۆڤ خۆی وه‌كو بكه‌رێكی چالاك ون نه‌كات و نه‌بێته‌ مرۆیه‌كی ڕۆبۆتئاسا و دوای شه‌پۆلی زۆرینه‌ بكه‌وێت. هه‌موو ساته‌كانی ژیان بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ش بۆ مرۆڤ گرنگه‌، به‌ڵام نه‌بوونی وشیاری ئه‌و گرنگیه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی به‌فیڕۆچوونی ساته‌كان.
ئۆكتاڤیۆپاز، لە گوتاری "دیالێكتیكی ته‌نیایی"، سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ر ته‌نیایی و لێكه‌وته‌كانی ده‌خاته‌ڕوو و به‌م ڕسته‌یه‌ ده‌ست پێده‌كات: ته‌نیایی، یانی ئه‌و هه‌ست و ئاگادارییه‌ی كه‌ مرۆڤ ته‌نیایه‌، له‌ خۆی و له‌ جیهان جیایه‌. دواتریش ده‌ڵێت"هه‌موو كه‌سێك له‌ هه‌ندێ چركه‌ساتی ژیانیدا هه‌ست به‌ ته‌نیایی ده‌كات و تێده‌گات به‌ ڕاستی ته‌نیاشه‌".
هه‌ستكردن به‌ ته‌نیایی یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌نیدییه‌كانی مرۆڤه‌ كه‌ پاز ‌ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات هیچ كام له‌ بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه‌ ئه‌و هه‌ستكردنه‌یان بۆ ته‌نیایی نییه‌ و بیری لێناكه‌نه‌وه‌. زۆرجار مرۆڤ له‌ ته‌نیایدا هه‌وڵی تاقیكاری و گه‌ڕان و وردبوونه‌وه‌ له‌ شته‌كان و گه‌ردوون ده‌دات. به‌شێك مرۆڤه‌ ته‌نیاكان ده‌رفه‌ته‌كانی ته‌نیایی ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ ڕامان و پاشانیش ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌ پڕۆژه‌. به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌ له‌ مرۆڤه‌ ته‌نیاكان ته‌نیایی ده‌یانهاڕێت و بچووكیان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ وشیارنین هه‌م به‌رامبه‌ر به‌ كات و هه‌م به‌رامبه‌ر به‌و چێژه‌ی له‌ ساته‌كانی ته‌نیایدا هه‌یه‌. مرۆڤ له‌ساته‌كانی ته‌نیاییدا ده‌توانێت بیر له‌ خۆی و ده‌وروبه‌ر بكاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دایه،‌ یان ده‌توانێت گوزارشت له‌ هه‌سته‌كانی بكات، یان له‌نێو ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌توێته‌وه‌ و ده‌بێت گوێگری ئه‌وانی دیكه‌ بێت. بۆیه‌ مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستی بیر له‌ خۆی و ژیان و ده‌وروبه‌ر و پرۆژه‌كانی بكاته‌وه‌ پێویستی به‌ ساتی ته‌نیا هه‌یه‌.
پاز له‌ شوێنێكی دیكه‌ گوتاره‌كه‌دا دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ ناچار و مه‌حكومه‌ به‌وه‌ی به‌ ته‌نیا بژی، به‌ڵام ناچاریشه‌ له‌ ته‌نیایی خۆی تێپه‌ڕێت. ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ڕایه‌ی مرۆڤ چه‌ند هه‌وڵ بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نیا بێت، به‌ڵام ناتوانێت بۆ هه‌میشه‌یی ته‌نیا بێت. بۆیه‌ ته‌نیایی چه‌نده‌ گرنگ بێت ڕاكردن له‌ ته‌نیایش هێنده‌ گرنگه‌. مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا و به‌ بوونی ئه‌وانی دیكه‌وه‌ ده‌توانێ ماناكانی بوونی ته‌واوتر بكات.



سوڕی ژیان به‌هۆی ئه‌وانی دیكه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێت.
پاز له‌م گوتاره‌ كورته‌دا زۆر پرسیاری گرنگ و جه‌وهه‌ری ده‌وروژێنێت و له‌ جێگه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: ئاخۆ مردن راستیترین بیچمی ژیانه‌؟ ئاخۆ له‌ دایكبوون مردنه‌ و مردنیش له‌ دایكبوونه‌؟ ئه‌م پرسیارانه‌ چه‌ند گرنگ بن، به‌ڵام هێشتا به‌ بێ وه‌ڵامی ده‌مێننه‌وه، یان دروستتره‌ بڵێن وه‌ڵامگه‌لێكی زۆر به‌ ڕووی ئه‌م پرسیارانه‌دا كراوه‌یه‌.
بەڵام جیا لە گوتارەکەی پاز، من ئەم ڕۆژانە بیرم لە پەیوەندی کتێب و تەنهایی دەکردەوە. زۆر مرۆڤ هەن کتێب تەنیایان دەکات و بەسەر خۆیان و دەوروبەردا دادەخرێن. زۆر مرۆڤی دیکەش هەن کتێب دەیانکاتە مرۆڤێک کە باشتر بژین و هونەری مامەڵەکردن و هاوڕێیەتی و بەتەنگەوەهاتنیان تێدا دەچێنێت. زۆری دیکەش لەگەڵ پەڕجووی خۆی کێش دەکات و دونیایەکی دیکەی بۆ دەخولقێنێت، کە لە ڕووکەشدا تەنهایە. بەڵام قەرەباڵغترە لە ژیانی واقیع.
من هەرگیز بیرم نایەت هاوڕێی زۆرم هەبووبێت، هەمیشە هەستم بە تەنهایی کردووە. هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە کە بیرمە بە تەنها دەچوومە قوتابخانە تا خوێندنگەشم بە جێهێشت زۆرترین ڕۆژەکانی ژیانم هەر تەنها بووم، بەڵام هەرگیز گلەییم لە تەنهایی نەکردووە و زۆرجاریش چێژێکی بێپایانم لە تەنهایی وەرگرتووە. کاتێک بە تەنهام خۆمم، واتە بڕیاردەری هەمووشت خۆمم. بەڵام ئەگەر هاوڕێیەک، یان هەر کەسێکی دیکەم لەگەڵدا بێت ئەوا هەمیشە ئازادیم سنووردارتر دەبێت، بۆیە زۆرجار حەزم بە تەنهایی بووە. ڕەنگە لەو سی و پێنج ساڵەی تەمەنمدا چەند ساتێکی کەم هەبوو بێت کە لە تەنهایی بێزار بووبم، بەڵام ئەو ساتانە نە دۆخی دەروونیم ئارام بووە و نەتوانیومە هیچی دیکە بکەم. بەڵام زۆرجاری دیکە، کە دەسەڵاتم بەسەر خۆمدا هەبووە ئەو تەنهاییانە بوونەتە کاتی زێڕین بۆم و لە دڵەوە تێیاندا ژیاوم.
بەر لەوەی کتێب بناسم من هەر تەنها بووم، بەڵام کە کتێبمناسی خوشک و برا و بەشێک لە هاوڕێکانم پێیان دەگوتم تۆ ئیتر هەر سڵاویش لە ئێمە ناکەیت. بە ڕوانینی ئەوان من هەر تەنهام و کتێب بەرەو داخرانی زیاتری بردووم، بەڵام بێئاگابوون لەوەی من ژیانێک دەژیم کە پڕە لە فیگۆری جۆراوجۆر، ئەم تەنهاییەی من زۆر قەرەباڵغترە لەو کاتانەی لەگەڵ ئەواندام. ئەوان نەیاندەزانی لەگەڵ "زۆربا"دا سەما دەکەم و لەگەڵ "ڕاسکۆنیکۆف"ی نێو ڕۆمانی "تاوان و سزا" لە چ گێژەنێکدام و لەگەڵ "مامۆستا عوسمان"ی کاراکتەری ڕۆمانی "من ناوم سوورە"دا وەختە منیش خۆم کوێر بکەم و لەگەڵ "جەلادەتر کۆتر"ی نێو ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان لە ئەنفال گەڕاومەتەوە و لەگەڵ "سەریاسی سوبحەدەم"ی نێو دواهەمین هەناری دونیادا لەبەر مزگەوتی گەورەدا شەهید کراوم و هاونشینی دەیان کاراکتەری دیکەم.
من تەنهابووم، بەڵام هەمیشە هاوڕێم هەبووە و ساڵانێک کە سەریاسی سوبحەدەمم ناسی هێندە عاشقی بووم، ئەوکاتەی لە رۆژنامەیەکی هەفتانە کارم دەکرد دەستبەرداری ناوی خۆم بووم بەناوی سەریاسەوە نووسینەکانم بڵاو دەکردەوە. ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵانە من هەر لەنێو کتێبەکاندا دەژیم و تەنهایی من کتێبەکان ئاوەدانی دەکەنەوە.
تا کتێبەم نەناسی بوو هیچ ترسێکم لە تەنهایی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کتێبمناسی ئیدی ترسم لە تەنهایی دەستی پێکرد و لەو کاتەوە بۆ هەر جێگەیەک چووبم کتێبێکم پێ بووە، وەکو ئەوەی هەمیشە هاوەڵێکم لەگەڵ خۆم بردبێت. تەنها بۆ ئەو جێگەیانە کتێبم نەبردووە کە دڵنیابووم زوو دەگەم بە کەسێک و هیچ کاتی بەتاڵم نییە، ئەگەر گومانی ئەوەم کردبێت کاتێکی بەتاڵم هەیە ئەوا کتێبێکم لەگەڵ خۆم بردووە، تا لەگەڵ وشەکانیدا بژیم و بێهاوەڵ نەبم.
گۆتە لە جێگەیەکدا سەبارەت بە خوێندنەوەی نووسینەکانی ئیمانوێل کانت دەڵێت: "خوێندنەوەی یەک لاپەڕە لە نووسینەکان کانت هێندەی چوونە نێو شوێنێکی پرشنگدارەوە کاریگەریی هەیە." من قسەکەی گۆتە بە شێوەیەکی دیکە دەڵێمەوە، خوێندنەوەی هەر لاپەڕەیەک سوودبەخش و نوێ، هێندەی گەشتێکێکی چەند رۆژە سوودمەند و کارگەریی لەسەر فراوانبوونی دونیابینی مرۆڤ دەبێت.
بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی کە پێیانوایە خوێنەرەکان تەنهان، خوێنەرەکان تەنها نین، ئەوان لەگەڵ خۆشییەکانی نێو کتێبەکاندا پێدەکەنن و لەگەڵ ئازار و نەهامەتییەکاندا دەگرین. ئەوان لەنێو ژیانی واقیعیدا تەنهان، بەڵام لەنێو ژیانێکی دیکەدا دەژین، کە ژیانی نێو دێڕ و پەرەگراف و لاپەڕەی نێو کتێبەکانە. بۆیە خوێنەرەکان هەرگیز تەنها نین.

 

ئارام سدیق

© 2017 Hawler