حوزەیران 17, 2019

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "کچەکانی کۆبانێ"ی شــــــــــــــــــەهید کەوڵۆسی

بەشی دووەم و کۆتایی

(3)
نووسەر لە ڕۆمانی "کچەکانی کۆبانێ"دا سوود لە ڕووداوێکی واقیعی وەردەگرێت بۆ بنیادنانی ڕۆمانەکەی، بەڵام ئایا ئەوەی لە کۆبانێدا ڕوویدا واقیع بوو، یان میتاواقیع بوو، وەکو پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد، ئەوەی لە کۆبانێ ڕوویدا جۆرێک خەیاڵ بوو، کە کچەکان توانیان لەنێو واقیدا بەرجەستەی بکەن، بۆیە نووسەریش جارێکی دیکە هەوڵی ئەوەیداوە، کە لە فۆڕمێکی ئەدەبیدا تێکستێک بەرهەم بهێنێت، کە میتاواقیعە و نووسینەوەی واقیعی ڕووت نییە.
ئەم ڕۆمانە چیرۆکی خەبات و بەرخودانی ئەو کچانە دەگێڕێتەوە، کە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و ئازادی و سەروەری خاک، گیانی خۆیان دەکردە قوربانی و ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ و بەربەریەت بوونەوە و نەیانهێشت شارێکی کوردنشینی وەکو کۆبانێ بکەوێت. نووسەر دەیەوێت لە رۆمانەکەدا ئەوە بخاتەڕوو کە لەو شوێنەی پیاوەکان لە خاک هەڵدێن و دوای خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەت و خودپەرستی دەکەون، کچەکان دەمێننەوە و بە عەشقەوە پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن و ڕادەستی دوژمنانی ناکەن وەک پارێزەر و عاشق و گیانباز، وەک سمبولی بەرخودان و ئاشتی و ئازادی و یەکسانی دەجەنگن، لە پێناو بە پێوە هێشتنەوەی ژیاندا و ڕزگارکردنی ژیان لە چنگی وێرانبوون و مەرگ. ڕۆمانەکە هێمایەکە بۆ بە پێوە مردن، نەک چۆکدادان، لەم ڕۆمانەدا ژن بوونەوەرێکی دەستەمۆکراو و کەوی نییە، بەڵکو کەسێکە وادەکات مرۆڤ ڕیگایەک بۆ مرۆڤبوونی خۆی بکاتەوە.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا بە خوڵقاندنی فەزایەکی تایبەت لە گێڕانەوە، هەوڵدەدات ئێمە بباتەوە سەر ڕیشەی فیکری کچەکانی کۆبانێ و بۆ ئازادی و بەرخودان و هەروەها سەرچاوەی سەرەکی فیکری دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بۆ داگیرکاری و پەلاماردان، ئەم دوو بیرکردنەوە لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتاییەکەی درێژ دەبنەوە بە جۆرێک خوێنەر دەخەنە بەردەم دادگایەکی مۆراڵی و فیکرییەوە، کە ناکرێت بێ لایەنی هەڵبژێرێت .
ئەوەی (جینان شالیار)پاڵەوانی رۆمانەکە و سەردەستەی کچەکانی کۆبانێ لەنێو چیرۆکی ئەم ڕۆمانەدا دەیکات، پیشاندانی ئەو وزە ژیاندۆستییەیە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و تێڕوانینی کەسێکی وەکو (مەهدی سامەرایی) فەرماندەی سوپای داعش دابنێت و تا شوێنێکدا و لە دوا بەشەکانی ڕۆمانەکەدا لە دواهەمین نامەیدا بۆ خەلیفەی داعش دەنووسێت: من ئیدی لە دوای تۆوە ناجەنگێم، قۆڵ بۆ داگیرکردنی خاک و ئاوی ئەوانی تر هەڵ ناکەم، واتا بەو جۆرە نایەم بۆ جیهاد کە تۆ دەتەوێت، وەک پێشتر پێمگوتیت، من جیهادی خۆم لە دڵی خۆمدا دەست پێدەکەم.
یەکێک لە ڕستە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی نێو ئەم ڕۆمانە ئەو ڕستەیەی مەهدی سامەڕاییە کە دەڵێت"من لە مردن ناتسرم، ئەوەی لێی دەترسم شکستە و بەس." ل16 لێرەوە دەتوانین ئەوە بخوێنینەوە کە چەکدارانی داعش ئەوەندەش هێزێکی مەرگدۆستن ئەوەندە هێزێکی ژیاندۆست نین، بەڵکو پەیام و بەرنامەی ئەوان خاڵییە لە ژیاندۆستی ئەوان دەجەنگن لەپێناو ئەوەی مردن بەدەست بهێنن و زۆرترین تۆوی کوشتار بچێنن. بۆیە ئەوان لە مردن ناترسن، بەڵکو ئەوەی لێی دەترسن شکستە، ئەویش شکست لە دەستی ڕەگەزی مێینە. لە جەوهەردا ئەوەی بۆ ئەوان سەختە شکست نییە، چونکە ئەوان هێزی سەرکەوتن و ژیانەوە و ژیاندۆستی نین، بەڵکو ئەوان هێزی شکست و وێرانەیی و مەرگدۆستین. بۆیە شکست لای ئەوان مانای نییە ئەگەر بەدەستی کچەکانی کۆبانێ نەبێت. لە جێگەیەکی ڕۆمانەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە "ئەوە سووکایەتی بوو بۆ موجاهیدەکانی داعش کە بە فیشەکی کچێک بمرن" ل40
هێزی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە دەیەوێت کار لەسەر ئەو شتە وردانە بکات کە داعش لە سەردەمی خەلافەتیدا باوەڕی پێی بوو و بۆی دەژیا. یەکێکیش لەو شتانە مردنی چەکدارێکی داعش بوو بە فیشەکی کچێک. ئەگەر بەشێکی نەکەوتنی کۆبانێ لە بڕوای پتەوی خاکپارێزە کچەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت. بەشێکی دیکەی لە تێکشکاندنی دەروونیانەی چەکدارانی داعشەوە سەرچاوەی گرتبوو، چونکە هزری داعشییەکان سیخناخ بوو بە جۆرێک لە بیرکردنەوەی دژە مێینە کە ڕیشەی لە کولتووری عەرەبی و ئایینەوە وەرگرتووە. بەڵام لای کچانی کۆبانێ، هێزی خەبات و بەرخۆدانیان لە ژیاندۆستییەوە وەرگرتووە، یان دۆستییەکی ڕاستەقینە، کە جەنگینە لەپێناو ژیان خۆیدا بە مانا فراوان و گشتییەکەی نەک جەنگین لە پێناو ژیاندا بە مانا تایبەتی و کەسییەکەی.

(4)
بەشێک لە توێژەران لایانوایە کە هیچ تێکستێک نییە کە دابڕاوبێت لە واقیع، بەڵام تێکستی ڕاستەقینە واقیعی خۆی دادەهێنێت. "واقیع، خوانێکی ئاسمانی نەگۆڕ نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە بەهۆی کاریگەری ڕووداوانی ناکۆکەوە لە گۆڕانی بەردەوامدایە". لەم ڕۆمانەدا هەر لەسەرەتاوە و لە ناونیشانی ڕۆمانەوە بەر واقیع دەکەوین، بەڵام ئەو واقیعەی لێرەدا بەرهەم هاتووە، جۆرێک نییە لە کۆپیکردنی واقیع، بەڵکو ئەو جۆرەی واقیعە کە دەخولقێنرێتەوە نەک کۆپی بکرێت. کاتێک ڕۆمانووسێک دەیەوێت واقیع وەک کۆی کۆپی بکات، ئەوکات ئەو ڕۆمانووسە لە وەزیفەی رۆمانووسین دادەماڵرێت و بەرگی مێژوونووس لەبەر دەکات. هیچ ڕۆمانووسێکی ڕاستەقینە نییە دەستی لە خولقاندنی واقیعێکی نوێدا نەبێت. کۆپیکردنی واقیع وەکو خۆی یەکەم هەنگاوی کوشتنی رۆمانە. ڕەنگە هەر بەهۆی ئەمەشەوە بێت کە "ریالیزم لەگەڵ وێنەگرتنی فۆتۆگرافیانەی دنیای دیار و بەرچاو یەک نییە".
ئەگەر هەر بەپێی خودی ئەم ڕستانەی سەرەوە سەیری ڕەنگدانەوەی واقیع بکەین لەنێو ئەدەبدا دەبینین کە کۆپیکردنی تەواوەتی ڕووداوەکان هێمان نییە بۆ بەرجەستەکردنی تێکستی سەرکەوتوو، بەڵکو دەکرێت واقیع بئەفرێنرێتەوە و دووبارە لە فۆڕم و شێوازی دیکەدا دروست بکرێتەوە. کچەکانی کۆبانێ لەو چەشنەی رۆمانە کە واقیعێک دەخولقێنێت کە هەم بۆ نێو ئەدەبی ئێمە تازەیە و هەم دووریشە لە کۆپییەکی کوێرانەی ئەو واقیعەی لە خەیاڵی خوێنەردایە.
پێگەی مێینە لە کچەکانی کۆبانێدا ئەو پێکە پەراوێزی و فەرامۆشکرداوەی نییە کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرجەستەیە، بەڵکو پێگەیەکە زیاتر وەکو جۆرێک لە دەستکاریکردنی ڕوانینی باو دێتە بەرچاو. ڕوانینێک کە دژی هەموو نەریتە پاشکەوتووەکان دەوەستێتەوە و مێینە لە سووچی ماڵەکان و لە بوونەوەرێکی ترساو و خزمەتکارەوە دەکاتە بوونەوەرێک کە بەرگری لە ژیان و جوانی بکات. ئەم ڕۆمانە هەنگاونانە بەرەو ئەوەی ئەدەبی کوردی لە قۆناغی کۆپیکردنی واقیعەوە بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی خولقاندنی واقیعی نوێ و هەر لێرەشەوەیە مژدەی ئەدەبێکی یاخیگەر لە دایک دەبێت، کە یاخییە لە نۆرم و بەها باوەکانی کۆمەڵگەی کوردی.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler