ئاب 23, 2019

وێــــــنــــەی ژن لــــە شیعرەکــــــانــــی کـــــەژاڵ ئیبـــــراهیـــــم خــــدردا


بەشی یەکەم

پێشەکی :
باسکردن لەسەر وێنە بە گشتی و وێنەی شیعریی بەتایبەتی، قسەکردنە لەسەر نەسیجێکی زۆر گرنگی نێو دەق، دیاریکردن و لێکدانەوەی ئەم نەسیجەش، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ماناو مەبەستی دەق هەیە، بەم پێیەش بێت وێنە بەشێوە فراوانەکەی بریتییە لە ڕەنگڕێژکردنی سیمای شتەکە، لەپێناو بەرجەستەکردنی شوناس و تایبەتمەندی وێنەی شتەکە، ژنیش یەکێکە لەبنەماسەرەکییەکانی دەقی ئەدەبی گشتی و دەقی شیعریی بەتایبەتی، چونکە ژن بۆخۆی جیهانێکی تایبەتەو پڕە لەنهێنی و ئاماژەو ڕەمزو نیشانە، هەموو ئەمانەش لەبنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ژن بەشێکە لەبوون و پێکهاتەیەکی سەرەکی ژیان و بەردەوامی ژیانەو خاوەن پێگەو بەهای تایبەتی خۆی هەیە، جگەلەمەش ژن و بوون و خودە لەژیان و دەقیشدا، نەک بابەت بێت بۆ دوان، واتە کەرەستەیەک بێت لەکەرەستەکانی نوسین، چونکە ژن پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەمرۆڤ و بەرامبەر کۆمەڵگە هەیە، چ لە ڕوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری...هتد

لە وێنەدا ئەوەی گرنگە دیاریكردنی ڕەگەزی ئەو رووداو و گرفتانەیە كە وێنەكەیان دروستكردوە، لەگەڵ ئەمەشدا خـودی ناونیشان وێنەی یەكـەم بۆ دەق دەستنیشان دەكات، یاخود وێنە هاوتەریب و یەكسانە لەگەڵ ناونیشان. لەگەڵ ئەمەشدا کاریگەری لەسەر تەواوی بزاوت و جوڵەو پرۆسەی ژیان هەبووەو هەیە بە درێژای مێژووی مرۆڤایەتی، ژن وەک هۆکاری خۆشی و خۆش بەختی، وەک هۆکاری ناخۆش و دڵەڕاوکێ و نائارامی دەرونی.
وشە کلیلییەکان: ژن، وێنە، شاعیر، مانا
چەمکی وێنەی شیعریی:
وێنەی شیعریی ڕەگەزێکە لەڕەگەزەکانی دەق، چونکە هەموو دەقێک پێویستی بەدروستکردن و داهێنانی وێنە هەیە، هەر لەبەر ئەمەش کارنامەی شیعری بریتییە لەداهێنان نەک گوزارشتکردن1، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت ئەوە بڵیین وێنەی شیعری شتێکی نوێ نییە، چونکە لەگەڵ بوونی شیعردا، وێنەش بەشێکە لە پێکهاتەی دەقەکە، بەڵام ئەوەندە هەیە لەبەکارهێنانی لە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی تر جیاوازە2، چونکە بەپێی وێناو روانینی شاعیرەکە، وێنەو پەیەم و ئامانجەکەی دەگۆڕێت.
وێنەی شیعریی، تەنیا ئەوە نییە، شاعیر وێنەكە بە شێوەی جوان بخاتە روو، بەڵكو بەدەر لەوەی خودی وێنەكە، كرۆكی هونەری شیعرە، كرۆكی ئەزموون و توانای داهێنانی شاعیرەكەشە، چونكە زۆر جار وێنەكان لە جیهانی هەستی و نەستی و عەقڵگەریی شاعیرەكەوە سەرچاوە دەگرێت، بەم پێیەش شیعر هەوڵدانێكە بۆ رزگاربوون لەو فشارە شیعریەی، كە وشەكان لە قەبارەی مێشك و دەروونی شاعیریان دروستكردوە.
وێنە بریتییە لە ناوەندێک ( وسیگ) ی بنچینەیی، کە شاعیر ئەزموونی لەڕێگەوە دەخاتەڕوو3، بەمەش وێنە دەبێتە هۆکارێک لەوهۆکارانەی کە شاعیر لەڕێگەیەوە وێنەو ڕوانینێکی خۆی دەخاتەڕوو، یاخود وێنە بریتییە لە گوزارشتێکی دەرەکی بۆ حاڵەتێکی ناوخۆیی 4، یاخود وێنە ڕەگەزێکە لەڕەگەزەکانی داهێنانی شیعریی و بەهۆیەوە تواناو کارامەیی شاعیر دەردەکەوێت و توانستی داهێنانی لەپرۆسەی هونەریدا دەچەسپێنێت5، یان وێنە ئەو چوارچیوەیەیە، کە وشەکان دروستیدەکەن6بەوەی دەتوانێت تابلۆیەکی جوان لەبیری خوێنەردا دروستبکات و مانایەکی بەرجەستەی پێببەخشێت لەڕێگەی وشەو دەستەواژەو ڕستەکەناوە7.
جاحڤ دەڵێت" شعر داڕشتنێکە (صیاغە) و لێکدانێکە لەوێنەکان"8 عبدالقادر جرجانی دەڵێت "دوو وێنە نواندن و پێوانەیە و بەپێی وتەکانمان فێری دەبین و بەچاوەکانمان دەیبینین"9
راج بوحوش دەڵێت " وێنە لەشیعردا شێوەیەکی هونەرییە کە وشەو دەستەواژەکان دەروستیدەکەن، دوای ئەوەی شاعیر دەیخاتە کۆنتێکستێکی تایبەتەوە، تاوەکو گوزارشت لە لایەنێک لەلایەنێکی ئەزمونی شعریی بکات10 باوەند دەڵێ" وێنەی ئەدەبی ئەو ڕاستیانەن کە پێکهاتەیەکن لەعەقڵ و سۆز لە ساتێک لەساتەکانی زەمەندا"11
لەگەڵ ئەمەشدا وێنە پێکهاتەیەک لە ئەزموون و جهانبینی نوسەر، لەپێناو گوزارشتکردن لەو شتەی کە مەبەستێتی.

 وێنەش لەسەربنەمای دووشت پێکدێت:
ا-واقیع، کە سود لەکەرەستەکانی وەردەگرێت.
ب-خەیاڵ کەسەر لەنوێ ئەو کەرەستانە بنیاددەنێتەوە.12
ج-کارایی وێنەش لەکاری هونەریدا نایەتە دی، ئەگەر پەیوەندیەکی بەهێزی بەسۆزو دەرونی مرۆڤەوە نەبێت، چونکە ئەم هەڵچونانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەرونی خوێنەر دروستدەکەن13
بەگشتی لەڕەخنەی نوێدا چەندین وێنەی جیاواز هاتونەتە ئاراوە، وەک وێنەی هونەری، وێنەی شیعری، وێنەی ڕەوانبێژی، وێنەی هێڵکاری،....هتد
 وێنەش سیستمێكی دەلالییەو خاوەن دوو ئاستە (ئاستی گوزارشتی، ئاستی پێكهاتەیی) ئاستی گوزارشتی ئەو گەیاندنە بیریە دەگرێتەوە، كە شاعیر مەبەستیەتی لەڕێگەی وێنەو كۆدەكانییەوە بە وەرگری بگەیەنێت، ئاستی پێكهاتەیی یەكەكانی دەقەكەی بەرهەمهێناوەو دەتوانێت لە ڕێگەی كۆدەكانییەوە گوزارشتەكان بەهێزو هەمە جۆر.14
 لە راستیدا وێنەی شیعریی، یەكێكە لەو رەگەزە سەرەكییانەی،كە دەبێتە چەقی پێكهاتەی شیعریی، پێكهاتەیەك كە تەواوی سیما شیعرییەكە، بۆ خۆی كۆنترۆڵ دەكات، بە شێوەیەك زۆرجار لە رێگای كۆ دەلالەتەكانی وێنەوە، دەتوانرێت شتە نهێنی و داهێنانەكانی شیعرەكە بخەینە روو.15

ژنێکی کاراو شاعیرێکی بوێر
خاتوو کەژاڵ لەساڵی ١٩٨٧ دەستی بەنووسین کردووە، تا ساڵی مردنیشی (٣١) ساڵی تەمەنی بۆ شیعرو ئەدەب تەرخانکردووە، و لە کۆی ئەم ماوەیەش خاوەنی (٢٤) دیوانی چاپکراوە و لە دوای خۆشی (٥) دەستنوسی بەجێهێشتووە، واتە لەماوە (٣١) ساڵی تەمەنی شیعرییدا، (٢٩)دیوانی نوسیوەو (٢٤٠) خەڵاتی جۆراو جۆری وەرگرتوە، ئەمانەش گەواهیدەری قەڵەم بڕشتی و چالاکی و دڵسۆزی شاعیرمان پێدەڵێت.
لەسۆنگەی ئەو مێژووە پڕسەروەریەی کە لەدوای خۆی جێیهێشتووە، توانیویەتی ببێتە یەکێک لەئەستێرە دیارەکانی شاعیرانی ژن لەکوردستاندا، لەگەڵ ئەمەشدا شاعیرێکە لەلایەک لەگەڵ موعاناتی گەلەکەی ژیاوەو قەڵەمەکەی لەگەڵ هەست و نەستی گەلەکەیدا بووە، لەلایەکی ترەوە خودی خۆشی ئەم هەنگاوەی، یەکێک بووە لەئامانجەکانی، بۆیە ئەو مەعاناتەی کە لە شیعرەکانیدا خستونیەتە ڕوو، ئەگەرچی هەندێک جار موعاناتی تاکێکن و بۆ خودی کەژاڵ نوسراون، بەڵام هەڵقوڵاوی ئازارەکانی کۆمەڵگەن و باس لەگرفتە سەرەکییەکانی ژیان دەکەن، بۆیە ئەم موعاناتانە لەسەرچاوەی هەست و نەستی ڕاستگۆیانەی کەژاڵ خانەوە هەڵقوڵاون، لەپێناو خستنەڕووی ئەم پەیامەش، زۆر جار شێوازی ڕەمزی ئاشکراو نائاشکراشی بەکارهێناوە.
شیعری دیوانەکانی شاعیر لەڕووی بابەتی بیری و نوێکردنەوەو نوێگەرییەوە، خاوەن ئاستێکی باشن و لەناو ئەمەشدا، ژن چەقی زۆر لەڕوداوەکانی ناو دیوانەکانیەتی و لەڕێگەی وێنەو زمانی شیعریی و خەیاڵی فراوان و شێوازێکی بەهێزەوە، چەند پەیامی مەبەستداری خۆی گەیاندووەو ویستویەتی لەڕێگەی ئەم پەیامانەوە، زۆر لەگرفت و کێشەکان هەم بناسێنێت، هەم چارەسەر بکات، هەر بۆیە لەناو تێکستەکانیدا گەشبینی و پۆزەتیڤ و ڕوانین بەشێوەیەکی تایبەت و دیاری هەیە، چونکە شاعیر مەبەستی بووە، ببێتە کارئەکتەرێکی گۆڕانکاری نێو کۆمەڵگە.
شاعیر لەدەقەکانیدا هەوڵیداوە لەزۆر پرس بدوێ و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، بە پلەی یەکەم پرسی ژن و نادادپەروەری و یەکسانی، دواتر لەمەسەلەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و سیاسی و ویژدانییەکان دواوە، لەمەش گرنگتر لەسەرچاوەیەکی ڕاستگۆییەوە دەینوسێ، بۆیە هەستێکی سۆزداری زۆر لەشیعرەکانیدا پەنگی خواردۆتەوە، ئەمەش بەخوێندنەوەی شیعرەکانی زۆر بەڕوونی هەستیپێدەکرێت، واتە هەست بەڕاستگۆیی شاعیر لەدەربڕینی هەست و گوزارشتەکانی دەکرێت، لەگەڵ ئەمەشدا لەقووڵایی ئەزموون و موعاناتی کەسی و گەلیەوە سەرچاوەی گرتووە، لەڕێگەی ئاستی ڕۆشنبیری و بەردەوام خوێنەری، ئەوەندەی تر ئەزموونی شیعر نوسینی دەوڵەمەند کردووە.
کەژاڵی شاعیر مەبەستی بووە لەڕێگەی دەقەکانییەوە، تەواوی جوانییەکانی ژیان بەخوێنەرەکانی بناسێنێت، بۆیە بەردەوام دەقەکانی بریتین لەخستنە ڕووی زۆر لەهەستە جوانەکان، لەپێناو گەیاندنی ئەم پەیامەش، خۆی بۆتە پاڵاوانی دەقەکانی و لەڕێگەی بەکارئەکتەرکردنی خۆیەوە، ئەم مەبەستەی دەخاتە ڕوو، بۆیە زۆر جار بە جێناوی (من) دەدوێت، تاوەکو لەڕێگەی خۆیەوە تۆ بناسێنێت و لەو سۆنگەوە کاریگەری لەسەر خوێنەر دروستبکات.
شاعیر لەدەقەکانیدا ئەوەمان پێدەڵێت، کە شیعری بریتی بوو لە بڵند گۆو سۆشیال میدیاو وێستگەی ڕاگەیاندنی ئازارو خەمی گەلەکەی بەشێوەی جیاواز، بۆیە هەندێ کات نائومێد و هەندێ کات خەمبار و هەندێ کات دواون لەگەڵ ڕۆح و هەندێ جاریش پێچەوانەی ئەمەیە، دەیەوێت بڵێت ئەمە واقیعی حاڵی تاکی کوردە و پێویستە لەم ڕوانگەیەوە کار بۆ چارەسەرکردن و ناسینی گرفتەکانی بکەین، واتە شاعیر چاوی شاعیری زۆر وردو وردبین بووەو توانیویەتی، دیوی دوەمی رووداوەکان ببینێت و بە ئێمەی بناسێنێت، هەر بۆیە لە دەقەكانیدا یەكگرتنێكی سەرنجڕاكێش لە نێوان خودی كەسی شاعیر و دەورووبەردا بەدیدەكرێت، تا دەگاتە ئاستی چڕبوونەوە لە نێوان خودی شاعیر و دەورووبەر.
 هەربۆیە شاعیر باسکردن لە کایە جیاوازەکان، یەکێک بووە لە ئامانجەکانی شیعیر نوسین، بۆیە لەناودەقەکەدا خۆشەویستی بووەتە هێزێکی بەهێزی هەژاندنی ناخەکان و نزیککردنەوەی تاکەکان، ئەمەش کاتێک دەردەکەوێت، خوێنەری شیعرەکانی کەژاڵ خان، شیعرەکانی بە مانای شیعریی بخوێنێتەوە، هەستدەكات لەناو دەقەکانیدا فەزایەکی جوانی و خۆشەویستی هەیە، بۆیە وا هەستدەکات لەبەردەم جوانترین باخەكانی عیشقدایە، ئەم عەشقەش فەنتازیایەکی ستاتیکی بەخشیوەتە دەقەکانی، هەموو ئەمانەش بە رەگەزە جیاوازەکانی دەقی شیعرییەوە بووە، واتە خاتوو كەژاڵ بەهۆی ئەو وێنەو خەیاڵ و...تاد کە لە شیعرەكانیدا هەن وایکردوە، خوێنەرانی نوقمی جوانی شیعریی بکات، بە شێوەیەك كەلەگەڵ جیهانی پڕ لە سادەیی و مرۆیی و هەست و نەستەکانیدا خۆی بگونجێنێت، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەردەوام لەگەڵ دەروونی خەڵکیدا ژیاوەو ئامانجی سەرەکی ناسینی ناخی خەڵکی بووە، نەک هی خۆی، بەمانایەکی تر شیعر ئاوێننمای ناخی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بووەو بووەتە سەکۆیەک بۆ ناسینی ئازارەکان و بەرەنگاەی کێشەکان، هەربۆیە لەرێگەی وێنەو خەیاڵەوە گوزارشت لە دەروونی مرۆڤەکان دەکات، چونکە توانیویەتی بەشێوەیەكی ورد ئەو شتانەی كەهەستی پێكردوون وێنەی بکێشن، هەر بۆیە لەگەڵ خوێندنەوەی شیعرەكانی راستەوخۆ هەست بە بوون و هێزی شوێن و كاتەكان دەكەیت، بەمانایەکی تر شیعرەكانی رەنگدانەوەی كۆمەڵگەن، لەگەڵ ئەمەشدا وەک شاعیرو ژن دڵ و دەرونی جیاوازترە، چونكە ناخی پڕیەتی لە خۆشەویستی بۆ مرۆڤ و ژیان و دەوروبەر....تاد.
کەژاڵ خان لەشیعرەكانی روانینی تایبەتی بۆ ژن و ژنبوون هەیەو مەبەستییەتی ژن وەک و کارئەکتەری سەرەکی ژیان بناسێنیت، هەر بۆیە کە شیعرەکانی دەیخوێنینەوە ویست و خواستی خۆیت بۆ دەردەکەوێت، كە ئەو مێینەیەو وێڵە بە دوای کێشەکانی کۆمەڵگەدا، هەر بۆیە ئامانجی نوسین لای کەژاڵ خان، ئامانجێکە بۆ ئامانجێکی گەورەتر، واتە كەژاڵ شاعیرێكە توانای ژنێتی تێدایە کەخەمەكانی بگۆڕیت بۆ تابلۆیەكی شیعریی، لەم سۆنگەشەوە كەژاڵی شاعیر لە شیعرەكانی مێژووی وڵاتێك، چیرۆکی ملیۆنان دەنوسێتەوە، مەبەستییەتی خۆی وەک هەمووان و وەک خۆی بناسێت، دواتر لەرێگەی ناسینی شوناسەوە، چارەسەری بنبڕ بۆ کێشەکان بخاتەروو.
 لە کۆی ئەم روانین و ناسینەوە، دەتونم بڵیم كەژاڵی شاعیر زۆر بە پەرۆش بووە بۆ ژیان و خۆشەویستی و شیعر، بۆیە مەبەستییەتی دڵەكان پاككاتەوە و تییدا هاوکاری و خۆشەویستی بچێنیت، بۆیە كە شیعرەكانی كەژاڵ دەخوێنیتەوە، هەست بە شاعیرێكی عاشق دەكەیت، كە شەیدای ژیان و جوانی و عشقە.

وێنەی ژن لەشیعری شاعیردا:
لەڕاستیدا دیاریکردنی وێنەی ژن لەشیعری کەژاڵ ئیبراهیم خدر دا، پێویستی بەخوێندنەوەیەکی ورد هەیە بۆ کۆی شعرەکانی شاعیر، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کەتایبەتن بەژن، یان باس لەژن دەکەن، ئەم کارەش یەکەم هەنگاو نییە، چونکە هەرلەسەرەتای شیعری کلاسیکیەوە پێگەو وێنەی ژن بەشێکی دانەبڕوابوون لەدەقەکان.
بەگشتی ژن لە هیچ دەقێکدا ون نییە، یاخود نائامادەیی نییە، ئیتر دەقەکە دەقی پیرۆز بێت، یان ئەدەبی و یاسایی،.....هتد، ئەم ئامادەبوونەش بەڵگەی ڕۆڵ و پێگەی ئەکتیڤی ژنە لەژیاندا، یاخود کاریگەری و کارلێکی و کارایی ژن لە بیر و هەستیاری مرۆڤ بەدرێژایی ژیان، بۆیە وەک ا- پەیوەندی بیۆلۆژی / لەش: ب-پەیوەندی واتایی، گیانی، واتە بەپێی ئەم دوو پەیوەندییە ڕادەی پەیوەندی و کاریگەری و کارلێکراوی ژن و پیاو پیشاندەدرێت، بەهۆی پەیوەندی ڕۆحی و جوانییەوە و لێرەوە وێنەی ژن ئاماژەو نیشانەو مەدلولی خۆی وەردەگرێت.
ئەو وێنانەی کە کەژاڵ بەکاریهێناون، یاخود شاعیر مەبەستیەتی وێنەی ژیانی بخاتەڕوو، وێنەی ژیانی هاوچەرخی خۆیەتی، بەڵام بە سیماو تایبەتمەندی کۆنەوە، بەمانایەکی تر ئەگەر چی باسی ژنی تێدا دەکات، بەڵام باس لەلایەنە نێگەتیڤەکانی کۆمەڵگەو ئەو مافخواردنانەی ژن دەکات، بەهۆی ئەمەشەوە هەستدەکەیت باس لەژنی قۆناغی ڕابردوو دەکات، چونکە نابێت ژن لەم سەردەمەو لە پێشکەوتنە زانستی و ڕۆشنبیرییەدا بەوشێوازە بژێت، چونکە ژن بەسروشتی حاڵ بوونەوەرێکی جوانەو بەهێنانە ناو دەقیش، ئەوەندەی تر هەم خۆی و هەم دەقەکەش جوان دەکات، هەربۆیە ئەوکاتەی وێنەی ژن و خۆشەویست، یان وێنەی ژن و دایک، واتە وێنەی ژنی ڕاستی لەگەڵ وێنەی وێنەی هیماییدا تێکەڵ دەبێت و وەسفێکی نوێی و وێنەیەکی دەرەکی نوێ نیشاندەدات.
شاعیر پێیوایە بە ئازادکردنی جەستە و هەست، ژیانێکی مۆدێرن و شارستانیەتی دێتەدی، بۆیە دەیەوێت ئەو هۆگرەی جەستە لە ڕەگەزەوە بگوازێتەوە بۆمان و ئازادی تاک، بەوەی جیهانی ناوەوەی ژن دەهێنێتە ناو ڕوداوەکان و دەیکاتە سیماو ڕوخسارو بنەمای ژنیەتی ژن وەک مرۆڤ، نەک جەستە بریتیی بێت لەسیمای ناساندن.
بۆیە شاعیر دەیەوێت دیواری جیاوازی و ململانێی نێوان ژن و پیاو نەهێڵێت و بیکاتە ناوجیهانێکی تەواوکەری یەکتری، لەگەڵ ئەمەشدا ژن لە شیعری شاعیردا ئامادەبوونێکی زۆری هەیە بە تەواوی ئاستەکانەوە، بۆیە شاعیر بەشێوەی جیاواز وێنەی کێشاوە، وێنە ئەو شتەیە کە لەزەینی خوێنەردا بە وشە دروستدەکرێت، ئیدی لەسیمای بیرەکان بێت، یان شتەکان، یان هەستەکان.

1.ژن وەک شاعیر:
لێرەدا شاعیر مەبەستێتی ژن وەک ژنێکی شاعیر بخاتە ڕوو، بەڵام خستنە ڕووەکە بریتیە لە ناساندنی ناخ و ئەو موعاناتەی کەهەیەتی، بە مانایەکی تر دەیەوێت بڵێت ژن لەجیهانێکدایە، هەر هەنگاوێک بنێت، یان ڕوو لە هەرشتێک بکات، پێچەوانەکەی یان بەرامبەرەکەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات، بەمانایەکی تر هەرکارێک بکات کارەکەی بەهەڵە دادەنرێت، یاخود بەردەوام بەرامبەر دژەکان بۆ کارە جوانەکانیش ناشرینت دەکەن، وەک دەڵیت:
شیعرێکم بۆ ئاسمان نوسی       
زەوی خۆی لێرە توڕەکردم
شیعرێکم بۆ هەتاو نوسی        
 هەور خۆری لێ ون کردم
شیعرێکم بۆ باران نوسی        
 تەرزە بەردبارانی کردم
شیعرێکم بۆ نێرگز نوسی        
 دەمی دڕکێک پەنجەی گەستم
شیعرێک بۆ خۆشەویستەکەم     
هاتن گۆڕیان بۆهەڵکەندم ........بەرگی یەکەم، ل١١٥
کەواتە دەیەوێت بڵێت، بەردەوام ژن چ وەک ژن، چ وەک شاعیر مافخوراوەو بەردەوام بەرامبەر ڕوبەروی دەبێتەوەو ڕێگری کارەکانی، یاخود هەر کارێک دەکات، ڕێگرێکی وەک ڕەقیب بۆ دروست دەبێت، لەلایەک وەک فێرکردن، چونکە ئەم دەتوانێت بیکات و تێدەگات بەرامبەری ناتوانێت بیکات، چ وەک پرۆسەی ململانیێی دوو ڕەگەز، یاخود دەڵێت:
من و شاعیرێکی پیاو             
دوو پارچە شیعرمان نوسی
ئەو شیعرێکی تەڕ بۆ کچێک        
منیش کۆپلێیەک بۆ کوڕێک
کوڕەکە هۆنراوەکەی برد          
 بە هاوڕێکانی نیشاندا
هەموو کردیان بە گۆرانی          
کچە خستیە کەنتۆرەکەی
توند کلیلی دا؟!....... بەرگی یەکەم ل١١٦
شاعیر دەیەوێت بڵێت ئەگەرچی پرۆسەی نوسین یەک کردارە، بەڵام بۆ نوسین جیاوازە و ئەوەی بۆ نێر لواوە، بۆچی بۆ مێ نەلواوە، بۆیە مێ ناتوانێ تەنانەت خواست و حەزەکانیشی ئاشکرابکات، بۆیە بەردەوام بەنهێنی دەیهێڵێتەوەو لەلاپەڕەی یادگاریدا هەڵیدەگرێ، ئەگەرچی کوڕەکە دەشێ وەک ئارایەتی و خۆهەڵکێشانیش ئەم کارەبکات بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا بۆ ئەو ئازایەتییە و بۆ مێ ئابڕوو چونە.
یاخود دەڵێت:
لێوەکانت سور سور بکە
 بەوێنەی کەو
قژت زەردبکە وەکو تاڵەکانی هەتاو
پەرداخێکی شەراب لەسەر مێزەکەمان بنۆشە
 ئەوسا دەڵێن
تۆ ئەو کیژۆڵە شاعیرەی
 سەدان ساڵە بۆ شیعرو وشە دەسوتێ ....بەرگی یەکەم ل١١٨

2.ژن وەک دایک:
واتە ژن لەم جۆرەدا دەبێتە سەرچاوەی ئەم خۆشی و سۆزو هیواو....هتد، چونکە بەردەوام دایک بوەتە هێزی بەڕەنگاری و بەردەوامی ژیان، لەپێناو ڕۆڵەکانیدا وەک دەلێت:
دایکم ڕۆحی جۆگەیەکی تینووە
 پولەکەی دەسماڵەکەی
بەئاوازێکی کۆترێکی ڕەنگی سپی دەخوێنێ
چریکەی هێشووە ترێی دڵی
 لەنگەری جوانی ڕادەگرێ و
دەبێتە گوڵە ئەستێرەو جارجارەش بەنەغمەی
دڵێکی شێواو پێدەکەنێ.... بەرگی یەکەم ل ١٢١
یاخود دەلێ:
دایکم خۆی بروسکەی بەهارێکی گەشەو
سەری پڕە لەباڵندەی کێوی و
چاوەکانی بۆ دنیای دوور دەڕوانن.... بەرگی یەکەم ل١٢٢
کەواتە دایک لانکەی ئارامی خۆشیە، لەگەڵ ئەمەشدا ئامادەیە بەردەوام قوربانی بدات و خۆی بکاتە قوربانی خواستی ڕۆڵەکانی، بۆیە دایک ژیان و نیشتیمانە، هێزی ئارامی و خۆشبەختییە، جگەلەمەش دایک لەئایندەو ئاسۆی ڕۆڵەکانی دەڕوانێت، نەک لە ئێستای مناڵەکانی، بۆیە بەردەوام ئێستای خۆی دەکاتە قوربانی ئایندەی منداڵەکانی،ئیدی ئەم قوربانیدانەی چەندێک قورس بێت گرفتی نییەو ئامادەیە.

3.ژن وەک ژن :
لەشیعری ( بۆ دواهەناسەکانی ژنە سەر سپییەکە ) کە بۆ خوشکی کۆچکردوی نوسیوە، دەیەوێت لەڕێگەی سپی و وێنەی ژنێکی بەتەمەن و سەرسپی خاسیەتی دایکێک، یان ژنێک بخاتەڕوو، وەک دەڵێت:
وەک بەفر کاکۆڵی سپیت باراندە    
نیو دنیا بچکۆلەکەی تابوتەوە
گۆڕێکت پڕکرد لەنوری سپی لەمیهری سپی .......بەرگی سێیەم ل١٧٠
کەواتە دەیەوێت لەڕێگەی کۆمەڵێک خاسیەتی خوشکەکەی وەک ژن بخاتەڕوو، کە بریتییە لە ئارامی و خۆشەویستی و میهرەبانی، ئەم خاسیتانەش لەڕاستیدا بریتین لە بوونی ژن و خودی ژن لەمانە پێکهاتووە، بۆیە لەڕێگەی ئەم خاسیەتانەوە هانا بۆ دەقئاوێزانی ئاینی دەبات، تاوەکو لەڕێگەی ئاینەوە ئەم ڕۆڵ و گرنگیەی ژن پیشانبدات، وەک دەڵێت:
بەهەشتێکی بچوکی خستە ژێر پێت ....بەرگی سێیەم ل١٧٠
یاخود دەڵێت :
ئەی ژنە سەرسپییەکە
وەک بەفر
قژە سپییەکانت کۆبکەرەوە و
وەک نور
بەسەر شەقامە جەنجاڵەکان
ببەخشیەوە
وەک کۆتر بەدەنووک هەناسەکانی
ژیان هەڵگرەو
 بیخە بەردەم کاردانی ژینەوە.....ل١٧٠
کەواتە ژن ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی هەندێ تایبەتمەندی و قوربانیدانی خودی خۆی بۆ بەرامبەرەکانی مێژوو ژیانی خۆی دەنوسێتەوە و دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانیەتی، ژیان جوانتر بکات و نەوەیەک و ژیانێکی جیاوازتر لەڕابردوو بهێنێتەوە ئاراوە.

4.ژن وەک عاشق:
مەبەست لەوەیە کە ژن وەک کەسێکی عاشق دەردەکەوێت و عەشق دەبێتە ناسنامەو هێمای دیاری ژن، وەک دەڵێت:
منی عاشق دەمەوێت تامی باران و
گژوگیا سەوزی بەهارو
دڵداری تارمای شەو بکەم
منی عاشق دەمەوێت
بۆنی ئازارو مەستی شەو
گیانەڵای وەرزی پایز بکەم ....بەرگی دووەم ل٦٥
عاشق بوون ئەو پەیوەستبونە رۆحیەیە، کە لەگەڵ بەرامبەر یان ئەوشتەی خۆش دەوێ و ئاواتەخوازێتی دروستببێت، بۆیە عاشق بەردەوام لەگەڵ باران و سەوزەگیاو ئەوساتە خۆشانەیە، کە لەگەڵ بوون دەژێت.

5. ژن وەک مەزڵوم:
مەبەست لەوەیە کە وەک زوڵمێکی زۆر لەسەر ژن کراوە و ژنیان بەکەم زانییوە، یان مافیان پێشێلکردووە، واتە بەهۆی ئەو زوڵمەو مافخواردنەی بووەتە کەسێکی مەزڵوم و لەم ڕێگەوە وێنەکەیان پێدەناسێنیت، وەک دەڵێت:
ئازادییان کردە تفەنگ    
چی باڵندەی ڕوناکی بوو
هەموویان کوشت        
ژنیان کردە بووکە شوشەو
لەسەر خوانی مێزەکاندا سەمایان کرد ..... بەرگی دووەم ل ١٢٦
یاخود دەڵێت:
هەشتی مارس   
تەمێکی ناوەختی نیگەرانیەو
بۆ من یەک ڕۆژ و ساڵ نییە
یەک وشەو یەک کتێب و
یەک فەرهەنگیش نییە..... بەرگی دووەم ل ١٨٠
یان:
مێیەکی ئازاو بەجەرگ
لەناو زیندانی دڵڕەقی
دەپاڕایەوە فێری یەک و دووی بکەن
کە فێربوو
بە حونجە دینوسی
لەیەکەم و دوا رستەی خۆیدا
رۆژێک دێت خواش ئاوڕیک لە ئێمەش بداتەوە..... بەرگی دووەم ل ٢٥٠

هەشتی مارس یادی ژنە، خودی یادەکەش ئاماژەیە بۆ ئەو زوڵمەو ستەمەی کە لە ڕبردوودا بەرامبەر ژنان کراوەو مافیان خواردوون، بۆیە ژن تەنها بریتی نییە لە مرۆڤێکی ئاسایی، بەڵکو کارەکتەرێکی سەرەکی و پێکهاتەیەکی گرنگی ژیانەو دەبێت لەم سۆنگەوە لێی بڕوانین، بۆیە خودی ژنان خۆیان سووربون لەسەر ئەوەی، ئەو کارانەی پیاوان دەیکەن، نەک ژنیش دەتوانێت بیکات، بەڵکو کردویەتی.

6.ژن وەک هیوا:
مەبەست لەوەیە ژن دەبێتە هۆکارێك بۆ ئارامی و ئاشتی و گەشانەوەی هیواو ئومێدەکان، بۆیە لێرەوە ژن هێزێکی کاریگەری ژیانە، وەک دەڵێت:
من نازانم فریشتە بووی           
یاگوڵێکی باخچەی ئاشتی
بووی بە پۆلی ئەستێرەی گەش     
بوویتە پەڵەی هەوری سپی و
لەسەر خونچەی گوڵی لێوم        
 بەئەسپایی دادەنیشتی ... بەرگی دووەم ل١٤٢

7.ژن وەک ژن :
ئەو وێنانەن کەوەک ژن وەک ژن و ڕۆڵێکی وەک کارئەکتەری ژن پیشاندەدات، وەک دەڵێت:
ئەی شۆڕە ژنە شۆخەکە    
ئەو ساتانەی وەکو حەوا
بەدەم خواردنی سێوێکەوە     
ڕووت و قوتی
چاوم ئەبێتە وەرزی باران و
دوو باڵندەی سپی دەبینیم لەناو سنگتا.....بەرگی دووەم ل١٨٤
یان دەڵێ:
ژنێ بەوهەموو جوانیەوە
بەو هەموو ناسکی و عەشقەوە
چرای پەنجەکانی دائەگیرسێ...ل١٨٥
ژن وەک ژن بریتییە لە جوانی و ناسکی و ئارامی و ئەو حەوانەوە دەرونیەی، کەبەردەوام مرۆڤ پێویستی پییەتی و لەڕێگەی ئەم جیهانە ناسک و جوانەوە، حەوانەوە و ئارامی وەردەگیرێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەی زوڵمی بەرامبەر دەکرێت، بەڵام لەڕێگەی ئەم خاسیەتانەوە، ڕاگری باڵانسی ژیانە.

 

د. لوقمان رەئوف

© 2017 Hawler