حوزەیران 17, 2019

ئەمڕۆ کتێبی "چێژی خوێندنەوە" بڵاودەکرێتەوە

کتێبی "چێژی خوێندنەوە" لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر و ڕۆژنامەنووس "شاخەوان سدیق" بڕیارە ئەمڕۆ 11/3 کاتژمێر پێنجی ئێوارە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکدا بڵاوبکرێتەوە.

ئەم کتێبە کارێکی ڕۆژنامەوانی شاخەوان سدیق-ە، کە پێکهاتووە لە ڕاو سەرنجی نووسەران و شاعیران و رۆشنبیران دەربارەی پرسێکی گرنگ لە دونیای ڕۆشنبیرییدا، کە ئەویش پرسی خوێندنەوە و گرنگی کتێب و چێژی خوێندنەوەیە. کتێبەکە هەوڵدەدات وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بداتەوە:
کتێب چییە. مرۆڤ بۆ دەبێت بخوێنێتەوە؟ ئەگەر بخوێنێتەوە چی ڕوودەدات و ئەگەر نەخوێنێتەوە چی بەسەر ژیانیدا دێت؟ ئایا کتێبەکان لە بری ئێمە بیر دەکەنەوە؟ یان هۆکار و هاوکارن تا ڕوونترو قووڵتر دونیا لەوەی هەیە ببینین.
هاوکات هەر لە کتێبەکەدا ڕاوبۆچوونی هەریەک لە "کەریم دەشتی، ئارام کاکەی فەلاح، کەریم پەڕەنگ، ئەحمەدی مەلا، ڕێبوار سیوەیلی، ئازاد بەرزنجی..." چەند نووسەر و شاعیری دیکە وەرگیراوە. ئامادەکاری کتێبەکە "شاخەوان سدیق" سەبارەت بە مەراسیمی بڵاوکردنەوەکەی ئەوەی خستەڕوو کە لە مەراسیمی بڵاوکردنەوەکەیدا سیمینارێکی تێروتەسەل سەبارەت بە خوێندنەوە و گرنگی و بایەخی خوێندنەوە بە بەشداری چەند نووسەر و وەرگێڕێک پێشکەش دەکرێت. گوتیشی: بڵاوکردنەوەی کتێبەکە دەکەینە بۆنەیەک بۆ ئەوەی لە شاری هەولێر و چەند شاروشارۆچکەیەکی دیکەش مەراسیمی جۆراوجۆری بۆ ساز بکەین و تا خوێنەر لەگەڵ کتێب ئاشت بکەینەوە و هەوڵێک بدەین بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە.

© 2017 Hawler