حوزەیران 17, 2019

له‌لایه‌ن نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس (به‌ختیار شاخی) كتێبی (كوردستان په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رمان) بڵاوكرایه‌وه‌

پێرێ شه‌و ده‌سته‌ی ڕیكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی وپیشه‌ییه‌كانی پارتی دێموكراتی كوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا كتێبی كوردستان په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رمانی بڵاوكرده‌وه‌.

كتێبی كوردستان په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رمان له‌ لایه‌ن نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس (به‌ختیار شاخی)ـیه‌وه‌ نووسراوه‌. ئه‌م كتیبه‌ یەکسەر بە سێ زمان، واتە سێ کۆپی جیا چاپ بووە (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی)، ئەمەش دەرفەتێکی باش دەدات بە توێژەرانی بیانی بۆ گه‌یشتن به‌ زانیاریی و بڵاوبوونه‌وه‌ی واقعی مێژووی باشووری كوردستان.
رێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی و محمود محمد ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ساسان عه‌ونی به‌رپرسی ده‌سته‌ی ڕیكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كان و ژمارەیەك لە سیاسەتمەدار و نووسەر و رۆشنبیران بەڕێوەچوو، له‌سه‌ره‌تادا ده‌قیقه‌یه‌ك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ زیندوو ده‌ستی پێكرد. دواتر (كوردستان پەڕینەوە بەرەو ھەرمان) بڵاوكرایەوە كە لە 17 بەش پێكھاتووە، تێیدا نووسەر باس لە سەرەتای ھاتنی داعش بۆ ناوچەكە و كوردستان دەكات، ئاماژە بۆ بەرگری ھێزی پێشمەرگە و پلانی سەرۆك بارزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەكات. ھەروەھا نووسەر باس لە دۆسیەی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات.
رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی (كوردستان پەڕینەوە بەرەو ھەرمان) لەلایەن دەستەی رێكخراوە جەماوەر و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان رێكخرابوو، لە بەشێكی رێورەسمەكەدا كورتەیەك لە ناوەڕۆكی كتێبەكە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو. ساسان عه‌ونی به‌رپرسی ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كان له‌ وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌ سه‌ر گرینگی ئه‌م كتێبه‌ و نووسینه‌وه‌ی مێژوو و به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ گرینگه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ گرینگی به‌نووسینه‌وه‌ی مێژوو و تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان به‌ ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی بدرێت.
ئازاد جندیانی، نووسەر و سیاسەتمەتدار کە پێشەکی کتێبەکەی نووسیوە، کورتە باسێکی لەسەر ناوەڕۆک و گرنگی کتێبەکە پێشکەش کرد. ھەر لەو مەراسیمەدا پەیامی ڤیدیۆیی نووسەر و رۆژنامەنووس بۆتان تەحسین بڵاوكرایەوە، كە ئەركی سەرپەرشتی چاپكردنی كتێبەكەی لە ئیستانبوڵ لە ئەستۆ گرتبوو، لە پەیامەكەیدا بۆتان تەحسین ئەوەی خستبووەڕوو "چاپكردنی كتێبێكی لەم جۆرە كە باس لە بەرگری پێشمەرگە و گەلی كوردستان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی كوردستان دەكات، گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە، چونكە سەردەمانێك زمانی كوردی لە توركیا قەدەغە بوو، بەڵام ئێستە كتێبێك لەسەر خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان لەو وڵاتە چاپ دەكرێت".

© 2017 Hawler