کانونی یەکەم 13, 2019

ئەگەر دواکەوتوویمان
بەو شێوەیە بەردەوامبێ
گەشتیاران دێن
سەیری ئێمە دەکەن
لە جیاتی شوێنەوارەکانمان.


ھیچ شتێ وەک عەزابی ھاوبەش
خەڵک لە یەکتر نزیک ناکاتەوە.


نەخۆشی راستەقینە
ترسە لە ژیان
نەک لە مەرگ.


نامەوێ بمرم، بەر لەوەی بمرم.


لە روانگەی مردوودا
ژیان ھەر جۆرێکبێ
خۆشترە لە مردن.


تاکە پێوەرێک
لە ھونەردا ئەوەیە:
کامیان جوانترە و
لە فکریشدا ئەوەیە:
کامیان باشترە.


ئەوان درۆزنن و
دەزانن کە درۆزنن و
دەزانن ئێمەش دەزانین
کە ئەوان درۆزنن و
لەگەڵ ئەوەشدا
بەوپەڕیی دەنگ بەرزییەوە
درۆ دەکەن.


چ جوان دەبوو
ئەگەر کێشە ترسناکەکانمان
بە حەبێکی دوای خوارن
یا کەوچێک شرووبی بەر لە خەوتن
چارەسەر ببا.


عەقڵ چ سوودێکی ھەیە
لە جیھانێکی نامەعقول.


ترۆپکی دەبەنگییە
مرۆڤ بە غەمگینی بژی
لە پێناو کەسێکدا
کە لەوپەڕی شادییدا دەژی.


ھەموو خەڵک ھێز دەپەرستێ
ھەتا قوربانییەکانی ھێزیش
ھێز دەپەرستن.


ئەگەر تەرازووی دادپەروەریی
لەو وڵاتە دابنێرێ
زیندانەکان پڕ دەبن و
کۆشکەکانیش چۆل.


مەترسە لەوەی
خەڵک لە دەستبدەی
بەڵکو لەوە بترسە
لە کاتی ھەوڵدانت
بۆ بەختەوەرکردنی ھەمووان
خۆت لە دەستبدەی.


ئەوەی یەکێکی خۆشدەوێ
سەرباری عەیبەکانیشی خۆشیدەوێ
عەیبەکانیشی خۆشدەوێ.


ھەندێ کەس
بەبێ ئەوەی ھیچ شتێکیان
پێببەخشیت
خۆشەویستیت
پێدەبەخشن و
ھەندێکیش
دوای ئەوەی کە تۆ
ھەموو شتێکیان پێدەبەخشی
ئازارت پێدەبەخشن.


لەسەر شێوە حوکم مەدە
لەوانەیە دڵێکی دەوڵەمەند
لەژێر پاڵتۆیەکی ھەژارانەدا ھەبێ.


پێویستە جۆرێ لە فەوزا ھەبێ
تا بێئاگا لە بێئاگاییدا بە ئاگابێتەوە.


ھیچ لەوە بە ئازارتر نییە
کەسێک بە ئاشکرا زوڵمت لێبکا و
بە دزییەوە داوای لێبووردنت لێبکا.
جەنگ زۆر کەسی نزم، بەرز دەکا.


ئەوە سەیر نەبوو کە مصرییەکان
فیرعەونیان دەپەرست
بەڵام سەیر لەوەدابوو
فیرعەون بەڕاستی
باوەڕی کردبوو کە خودایە.


بە کوێری بڕۆ ماڵی خەڵک و
بە لاڵی لێی وەرە دەرەوە.


مێ لە پەیوەندیدا
ناوەندی ناوێ،
یا ھەموو یا ھیچ.


کاتێ ژن تووڕە دەبێ
چارێگێ جوانیی و
نیوەی ژنایەتی و
ھەموو خۆشەویستیی
لە دەستدەدا.


کۆی وشەی (رجل)، (رجال)ە،
(إمرأە) کۆ ناکرێ،
ژن ھەتا لە زمانی عەرەبیشدا
گەورەیی خۆی ھەیە
نە دەھێڵێ لەگەڵ کەسێکی دیکەدا کۆ بکرێتەوە و
نە رێگەش دەدا
بە ھیچ کەسێک بەراورد بکرێ.


شەیتان بە بێ رووخسەتی ئێمە
نایەتە ناومان.


کێ لەو خەڵکەی دەوروبەرمان
یەک شەخسیەتی ھەیە؟
ئێمە لە شانۆیەکی گەورەداین
ھەموو ئەکتەرن.


ئەو گەردوونە بارگرانە،
بە دەبەنگیی.


ژیانی مرۆڤ سەیرە
دەکرێ لە دوو وشەدا چڕی بکەینەوە:
خوێن و ھەلھەلە.


سڵاولەوانەی ژیان
بە بەرائەتی منداڵ و
ئاواتی فریشتە بەڕێوە دەبەن.


سڵاو لەوەی دیواری رۆحی
رووخا و داوای لە کەس نەکرد
بۆی چاکبکاتەوە.
سڵاو لەوەی بزەی کرد
تا ماندووبوونی خۆی
لێیان بشارێتەوە.



————————


 

و: زانا خەلیل

© 2017 Hawler