ئاب 19, 2019

کــــۆتایی ڕۆشنبیـــــــری ئــاڤـانـگارد

پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکانی مەسەلەی ڕۆشنبیر، بە تایبەتیش لە ساڵانی حەفتاکان بەدواوە تەمومژێکی زۆر دەوری گرتووە. بە گوێرەی تێزی ئێدوار سەعید ''ڕۆشنبیر دەبێت حەقیقەت بە دەسەڵات بڵێت''. لە ڕاستیدا لەمڕۆدا هەر سێ وشە سەرەکییەکەی نێو ئەم تێزە "ڕۆشنبیر، حەقیقەت، دەسەڵات" خۆیان ناڕوونن و خوێندنەوە نوێیەکان بۆ هەریەکێکیان، ئەم تێزەی ئێدوارد سەعیدیان ئێجگار لاواز کردووە، ئەگەر پووچەڵیشیان نەکردبێتەوە. کێشەکە ئەمەیە: ڕۆشنبیر خۆی مەرج نییە خاوەنی حەقیقەت بێت تا بە سەدەڵاتی بڵێت، مەرجیش نییە خۆیشی دەسەڵات بەرجەستە نەکاتەوە، مەرجیش نییە دەسەڵات دیار بێت تاوەکو ڕۆشنبیر حەقیقەتی پێ بڵێت.

تێزێکی دیکە: ڕۆشنبیران ئاڤانگاردی کۆمەڵگەن. ئەم تێزە زیاتر لینینییە و هەتا سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم بە دروستی مایەوە، لەدوای ئەوەیش تا شۆڕشی ئایاری 68، بە تایبەت لە ڕێگەی تێگەی "ڕۆشنبیری مولتەزیم"ـی سارتەرەوە درێژکرایەوە. لەوە بەدوا ئەم تێزە کەوتە بەر هێرش، پێشتریش فرانکفۆرتییەکان ڕەخنەیان لێگرتبوو. هێشتا تا ئەمڕۆش ئەم دروشمە لەسەر زاری چەپی ئەرسۆدۆکس هەر ماوەتەوە، چونکە بۆ ئەوان هێشتایش "هۆشیاری" مەسەلەی بنەڕەتییە. چینی کرێکار دەبێت هۆشیار بکرێتەوە!
بەهەرحاڵ، وێڕای هەموو ئەو زەبرانەی دیکە کە بەر ئەم تێزە کەوتووە، ڕەنگە هیچ یەکێکیان هێندەی فەزای مەجازی بەشدار نەبووبێت لە تێکشکاندنی پێگەی ڕۆشنبیری ئاڤانگارددا، هەر بەو جۆرەی ئەم فەزایە پێگەی ڕۆشنبیری ئەرستۆکراتیشی تێکشکاند. بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا، بە یەکجار چەمکەکانی وەکو بلیمەتی، کاریزما، ڕەسەن، پاکژی، حەقیقەت، بەرپرسیارێتی، شاعیربوون، نووسەری مەزن، ئەدەبی باڵا و هیتر سەنگ و قورسایی جارانیان نەما؛ لەبری ئەمە، ئەستێرەکان و کاریزمای میدیایی و ڕێژەی فانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمی پڕفرۆش و زانستی گەشەپێدانی مرۆیی گەشەیان کرد و جێگایان گرتنەوە. پێشتر ئاڤانگارد، بەهۆی ئەو خاسیەتە تیۆری و پراکتیکییانەی سەرەوە، خەرمانەیەکی مەعریفی و سیاسیبەدەورەوە بوو، عەبای ڕاستی و ڕابەرایەتی و ئیلتیزامی بەسەر شانەوەبوو. ڕۆشنبیری ئاڤانگارد هۆشیاریی بە کۆمەڵگەی نا-هۆشیار و چینی چەوساوە دەدا و لە بەرامبەر چینی سەرەوەدا نوێنەری دۆزی ڕەوا و حەقیقەت بوو، دەبوو ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و گروپەکان بەرز بکاتەوە و بەرەو زانین و بڕوا و ئامانج ئاراستەیان بکات: ئەو لە هەمووان زیاتری دەزانی. بەم جۆرە پێگەیەکی هەبوو کە بەرامبەر تیۆر و پراکتیک بەرپرسیاری دەکرد. لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای زانیاریدا ئەم شەبەنگە دەڕەوێتەوە؛ زانیاریی دەبێتە شتێک لە بەردەستی هەموواندا، کەرەستەکانی خوێندنەوە و نووسینیش دەبنە کەرەستەی هەمووان. چاپخانەکانیش چیتر ناتوانن ڕێ لە بڵاوبوونەوەی "بەرهەمە خراپەکان" بگرن. کتێبخانەکان دەبنە ئەلیکترۆنی و هەموو کەسێکیش مافی ئەوەی هەیە لەسەر هەموو شتێک قسە بکات. بە مانایەک هەمووان دەتوانن ڕای خۆیان بڵێن. سۆشیال میدیا بە ڕادەیەکی زۆر جێگای ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ دەگرێتەوە، یان هیچ نەبێ هەژموونیان تێکدەشێکێت، لە هەموویشیان کاریگەرتر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکە. فەیسبووک دەبێتە پێگەیەک لەبەردەستی هەموواندا کە پێگە سەنتراڵییەکانی ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن، واتە پانتایی ڕۆشنبیران، لاواز دەکات. لەم پێگەیەوە چیتر فیلتەری بڵاوکراوەکان نووسین و گوتەکان ناپاڵێوێت، خەڵکییش بۆ نووسین پێویستیان بە خوێندنەوە و شەونوخونی زۆر نابێت، بە مانایەکی تر فەیسبووک پتر دەبێتە شوێنی قسەکردن، یان نووسینەوەی قسە نەک نووسینەوەی نووسین، بەڵام ئەمە نووسینیش خۆی بەرە بەرە لەو فۆڕمە خوداییەی خۆی دوور دەکەوێتەوە. کەوایە هەنگاوێکیش زیاتر لە لاوازکردنی پێگەی ڕۆشنبیر دەڕوات و دەگاتە لاوازکردنی پێگەی خودی نووسینیش، لەبری ئەوە "وێنە" دادەبارێت. پۆستی فیسبووک هەروەک چۆن دەیەوێت جێگای بڵاوکردنەوە بگرێتەوە، هەر بەو جۆرە دەیەوێت سیحری وتاریش بەتاڵ بکاتەوە. لە فیسبووکدا هەر کەسێک دەتوانێت "نووسەربێت لە خۆیدا" و بیشبێتە "نووسەر بۆ خۆی". لایک و کۆمێنت و چاتیش جێگای نامەی کاغەز دەگرنەوە، کە بەشێک بوو لە ئەدەبی ڕۆشنبیران.


© 2017 Hawler