ئاب 23, 2019

ڕانـانێـکی کـورت بـۆ کـتێبی "پـوخـته‌ی لــۆژیـك"

تێگەیشتن لە لۆژیک و چۆنێتی فێربوونی یەکێکە لە قورستترین ئەو بابەتانەی کە زۆر سەختە مرۆڤ بەبێ مامۆستا و فێرخوازێکی کارامە فێری ببێت. ئەمەش بۆ وردی بابەتەکە و هاوکات بۆ هەموو لقانەی لێی دەبێتەوە. بێگومان تێگەیشتن لە هیچ شتێکیش مەحاڵ نییە و بۆیە تێگەیشتن لە لۆژیکیش ناچێتە خانەی مەحاڵەوە، بەڵام دەشێت سەخت بێت و ماندووبوونی زۆر و وردبوونەوە و خوێندنەوە و بەدواداگەڕانی زۆری بوێت.

زانایانی ئەم بوارە و شارەزایان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەم زانستە بە شێوەیەکی سادە و ئاسانکراو بگاتە فێرخوازانی ئەم بوارە و تا ئەوانیش لێی سوودمەند بن. ئەوەی جێگەی تێڕامانە زۆرجار وا هەست دەکرێت کە ئەم زانستە دوورە لە ژیانی ڕۆژانەوە و مرۆڤ ناتوانێت سوودی لێوەر بگرێت. بەڵام کە دەچیتە نێویەوە و بە وردی سەرنجی دەدەیت، ئەوسا بۆت دەردەکەوێت ئەگەر یەکێک لە نزیکترین بابەتەکان نەبێت لە ژیانی هەر یەکێکمانەوە ئەوا یەکێکە لە بابەتە نزیکەکان.
ئەم چەند رۆژەی ڕابردوو یەکێک لە کتیبە ئاسانکراو و گرنگ و پڕ زانیارییەکانم سەبارەت بە "لۆژیک" خوێندنەوە، کە کتیبی "پوختەی لۆژیک" بوو، کە وەک لە ناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت پوختەیەکە سەبارەت بە لۆژیک و ئەو لقانەی لەم زانستەدا بوونیان هەیە. ئەم کتێبە لە نووسینی عەبدولهادی فەزڵییە و وەرگێڕای بەتوانا مەریوان عەبدول کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 154 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردووەتەوە. وەک وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت: ئه‌گه‌رچی كتێبێكی زۆر سه‌ره‌تایی و ئاسانه‌ له‌ باره‌ی لۆژیكه‌وه‌، زیاتر ئه‌و جۆره‌ی لۆژیكه‌، كه‌ له‌ جیهانی ئیسلامیدا باو بووه‌ و ڕه‌گه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌رستۆ، واته‌ لۆژیكی دێرینه‌، نه‌ك نوێ، به‌ڵام له‌شێوه‌یه‌كی زۆر سانا و ئاسانكراودایه‌ و به‌ شێوازێكی نوێ نووسراوه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ سانایی و ئاسانیشی سوودبه‌خش ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك ده‌ست بكه‌ن به‌ خوێندنی لۆژیك و تێگەیشتن لێی، كه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ هه‌ر بوارێكدا بخوێنێت و كار بكات پێویستی به‌ خوێندن و زانین ده‌بێت له‌باره‌ی لۆژیكه‌وه‌، بۆیە ئەم کتێبە گرنگی بۆ هەموو خوێنەرێک هەیە، چونکە لۆژیک پەیوەستە بە ژیانی هەموومانەوە.
وەک وەرگێڕیش ئاماژەی پێ دەدات لۆژیک بابەتێکە پەیوەستە بە ژیانی هەموومانەوە و لە هەموو کایەکانی ژیاندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام بەهۆی نەزانین و بێئاگاییمان لەم زانستە بۆیە نازانین کە بەکاری دەهێنین و زۆرجاریش بە هەڵە یان بە نەزانییەوە بەکاری دەهێنین. بیگومان ئەگەر شارەزایی تەواوەتی یان کەمێکمان لەسەر ئەم زانستە هەبێت ئەوسا دەتوانین بە وردتر لە ژیانی رۆژانەدا هەنگاو بنێن و پلان دابنێین و ئەرگۆمێنت بۆ بیروبۆچوونەکانمان بخەینەڕوو.
ئەم کتێبە بە پێناسەی زانستی لۆژیک دەست پێدەکات کە تێیدا خراوەتەڕوو "زانستی لۆژیک، بریتییە لەو زانستەی کە دەکۆڵێتەوە لە ڕێسا گشتییەکانی دروست بیرکردنەوە". هەر لەم پێناسە سادە و چڕەوە تێدەگەین کە شارەزابوون لە زانستی لۆژیک ڕێگەیەکە بۆ دروست بیرکردنەوە و دروست بڕیاردان و لەوێشەوە بۆ دروست ژیان. هەر ئەم زانستەیە کە ڕێساکانی پێناسە و ڕێساکانی بەڵگەهێنانەوە و ڕێسا میتۆدییەکان، یان ڕێبازی توێژینەوەی زانستیمان بۆ فەراهەم دەکات. هەر لێرەوە تێدەگەین کە چۆن پێناسەی شتەکان بکەین و چۆن بەڵگە بۆ بیرکردنەوە و دروستی هزرمان بهێنینەوە، ئەمە بێجگە لەوەی فێرمان دەکات لە زانیارییەکانمان بکۆڵینەوە.
ئەوەی ماوەتەوە لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگ و دەگمەنە سەبارەت بە زانستی لۆژیک و ئاشنابوونێکی سەرەتایی، هاوکات تەواوەتیش بەم زانستە گرنگە کە نووسەر توانیویەتی بە شێوەیەکی تەواو ئاسانکراو، پەیامی خۆی بخاتەڕوو و هاوکات وەرگێڕیش بە شێوەیەکی دروست چەمک و ئایدیاکانی گەیاندووەتە خوێنەر. من لەم کتێبەوە ئاشنابوونێکی تەواوەتی بەم زانستەم دەست کەوت، کە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە بۆ وەرگێڕ و هەڵبژاردنە دروستەکەی بۆ ئەم کتێبە.

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی

© 2017 Hawler